Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 22-23

دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات

22 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی یەدیدای کچی عەدایای خەڵکی بۆچقەت بوو. یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، بە تەواوی ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.

لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتییەکەی، پاشا شافانی خامەی نهێنی کوڕی ئەچەلیاهوی کوڕی مەشولامی ناردە پەرستگای یەزدان، گوتی: «بڕۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین، با ئەو زیوە بژمێرێت کە خراوەتە ناو پەرستگای یەزدانەوە، ئەوەی دەرگەوانەکان لەنێو گەل کۆیان کردووەتەوە. با بدرێتە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش بیدەنە ئەو کرێکارانەی داڕووخاوییەکانی پەرستگای یەزدان چاک دەکەنەوە، دارتاش و وەستا و نەقاڕەکان. با دار و بەردی تاشراو بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە بکڕن. بەڵام هیچ لێپێچینەوەیەکیان لەگەڵ نەکرێت سەبارەت بەو زیوەی خرایە دەستیان، چونکە بە دەستپاکییەوە کار دەکەن.»

ئینجا حیلقیای سەرۆک کاهین بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.» حیلقیا پەڕتووکەکەی دایە شافان و ئەویش خوێندییەوە. پاشان شافانی خامەی نهێنی پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «کاربەدەستەکانت زیوی ناو پەرستگاکەیان بەتاڵ کرد و دایانە دەست ئەوانەی کارەکە دەکەن، سەرپەرشتیارانی پەرستگای یەزدان.» 10 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای ڕاگەیاند و گوتی: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی دامێ.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشا خوێندییەوە.

11 کاتێک پاشا گوێی لە وشەکانی پەڕتووکی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی. 12 ئینجا پاشا فەرمانی بە حیلقیای کاهین و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەکبۆری کوڕی میخایو و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری پاشا کرد و گوتی: 13 «بڕۆن و لە جیاتی من و ئەم گەلە و لە جیاتی هەموو یەهودا پرسیار لە یەزدان بکەن، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا گڕی گرتووە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان گوێیان لە وشەکانی ئەم پەڕتووکە نەگرت هەتا هەموو ئەوەی لەسەرمان نووسراوە پەیڕەوی بکەن.»

14 ئینجا حیلقیای کاهین و ئەحیقام و عەکبۆر و شافان و عەسایا چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تیقڤای کوڕی حەرحەسی لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.

15 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 16 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەوەی لەو پەڕتووکە نووسراوە کە پاشای یەهودا خوێندییەوە. 17 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند، هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.“ 18 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 19 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەم بوو لە دژی ئێوە کە ئەم شوێنە وێران دەکەم و دانیشتووانەکەی دەبنە مایەی نەفرەت، لەبەردەم یەزدان دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەمم گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 20 لەبەر ئەوە من وا دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە بە چاوی خۆت نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنەی دەهێنم.“»

ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.

پەیمان نوێکردنەوەی یۆشیا

23 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و پێغەمبەرەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[a] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت، هەموو گەلیش پابەندی پەیمانەکە بوون.

ئینجا پاشا فەرمانی دا بە حیلقیای سەرۆک کاهین و کاهینەکانی کۆمەڵی دووەم و دەرگاوانەکان کە هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی بۆ بەعل و ئەشێرا و هەموو هێزەکانی ئاسمان دروستکراون، لە پەرستگای یەزدان ببەنە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆرشەلیم لە کێڵگەکانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵەمێشەکەشی ببەنە بێت‌ئێل. خزمەتکارانی بتەکانیشی نەهێشت کە پاشاکانی یەهودا دایاننابوون هەتا لە نزرگەکانی سەر بەرزایی و لە شارۆچکەکانی یەهودا و دەوروبەری ئۆرشەلیم بخوور بسووتێنن، ئەوانەی بۆ بەعل و خۆر و مانگ و کەلووەکان و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان بخووریان دەسووتاند. ئەو ستوونە ئەشێرایەشی لە پەرستگای یەزدانەوە بردە دۆڵی قدرۆن لە دەرەوەی ئۆرشەلیم و لەوێ سووتاندی، کوتای هەتا بووە خۆڵ، خۆڵەکەشی بەسەر گۆڕی مردووانی خەڵکەکە بە با کرد. ماڵی پیاوە لەشفرۆشەکانیشی ڕووخاند کە لەناو پەرستگای یەزدان بوون، ئەوەی کە ژنان لەوێ پەردەیان بۆ بتە ئەشێراکە دەچنی.

یۆشیا هەموو کاهینەکانی لە شارۆچکەکانی یەهوداوە هێنا و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی گڵاوکرد کە کاهینەکان لەوێ بخووریان دەسووتاند، لە گەڤەعەوە هەتا بیری شابەع. نزرگەکانی دەروازەکانیشی ڕووخاند، ئەوەی لە دەروازەی دەرگای یەشوعی فەرمانڕەوای شارەکە کە دەکەوتە لای چەپی دەروازەی شارەکە بوو. هەرچەندە کاهینی نزرگەکانی سەر بەرزایی بۆیان نەبوو بچنە قوربانگای یەزدان لە ئۆرشەلیم، بەڵام لەگەڵ براکانیان نانی فەتیرەیان خوارد.

10 ئینجا تۆفەتی دۆڵی بەن‌هینۆمی گڵاوکرد بۆ ئەوەی کەس کوڕەکەی یان کچەکەی بۆ مۆلەخ[b] وەک قوربانی نەسووتێنێت. 11 ئەو پەیکەری ئەسپانەش کە پاشاکانی پێشووی یەهودا بۆ خۆر تەرخانیان کردبوو، لە دەروازەی پەرستگای یەزدان ڕایماڵین. لە حەوشەکەی نزیک ژوورەکەی ناتان‌مەلەخی کاربەدەست بوون. پاشان یۆشیا گالیسکە تەرخانکراوەکانیشی بە ئاگر سووتاند، کە بۆ پەرستنی خۆر بەکاردەهێنران.

12 ئەو قوربانگایانەشی تێکدا کە پاشاکانی یەهودا لە سەربانی ژووری سەرەوەی ئاحاز دروستیان کردبوو، هەروەها ئەو قوربانگایانەی کە مەنەشە لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان بنیادی نابوون. پاشا لەوێش دووری خستنەوە، وردوخاشی کردن و دار و بەردەکەیان لە دۆڵی قدرۆن بە با کرد. 13 ئەو نزرگانەی سەر بەرزاییش کە لە ڕۆژهەڵاتی ئۆرشەلیمن لەلای باشووری گردی گەندەڵین، ئەوانەی کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عەشتۆرەتی خواژنە قێزەونی سەیدائییەکان و کەمۆشی خوداوەندی قێزەونی مۆئابییەکان و مۆلەخی خوداوەندی قێزەونی عەمۆنییەکان، پاشا هەموویانی گڵاوکرد. 14 یۆشیا بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند و ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە، شوێنەکانی بە ئێسکی خەڵک پڕکردەوە.

15 هەروەها ئەو قوربانگایەی لە بێت‌ئێلە، ئەو نزرگەیەی سەر بەرزایی کە یارۆڤعامی کوڕی نەڤات دروستی کرد، ئەوەی بەهۆیەوە ئیسرائیلی تووشی گوناه کرد، یۆشیا ئەو قوربانگایە و ئەو نزرگەیەی سەر بەرزاییشی ڕووخاند، نزرگەکەی سووتاند و کوتای هەتا بووە خۆڵ، ستوونە ئەشێراکەشی سووتاند. 16 ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایەوە و ئەو گۆڕانەی بینی کە لەوێ لە چیاکە بوون، ناردی و ئێسکەکانی لە گۆڕەکانەوە برد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندنی و گڵاوی کرد، بەپێی ئەو فەرمایشتەی یەزدان کە پیاوەکەی خودا بانگەوازی پێی کرد، ئەوەی بانگەوازی بەم فەرمایشتە کرد.

17 ئینجا پاشا پرسیاری کرد: «ئەو کێلە قەبرە چییە لەوێ دەیبینم؟»

پیاوانی شارەکەش گوتیان: «ئەوە گۆڕی ئەو پیاوەی خودایە کە لە یەهوداوە هات و هەموو ئەو شتانەی ڕاگەیاند کە تۆ لە دژی قوربانگاکەی بێت‌ئێل کردت.»

18 پاشا گوتی: «لێیگەڕێن، کەس ئێسکەکانی نەجوڵێنێت.» جا وازیان لە ئێسکەکانی ئەو هێنا لەگەڵ ئێسکەکانی ئەو پێغەمبەرەی کە لە سامیرەوە هاتبوو.

19 هەروەها یۆشیا هەموو نزرگەکانی سەر بەرزایی کە شارۆچکەکانی سامیرە بوون، ئەوانەی پاشاکانی ئیسرائیل بۆ پەستکردنی یەزدان دروستیان کردبوو، تێکی دان و هەموو ئەوەی پێکردن کە لە بێت‌ئێل کردبووی. 20 هەموو کاهینەکانی نزرگەکانی سەر بەرزاییش کە لەوێ بوون لەسەر قوربانگاکان سەری بڕین، ئێسکی مرۆڤی لەسەر قوربانگاکان سووتاندن، پاشان گەڕایەوە ئۆرشەلیم.

21 پاشا فەرمانی بە هەموو گەل دا و گوتی: «جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، وەک ئەوەی لەم پەڕتووکی پەیماندا نووسراوە.» 22 جەژنی پەسخەی ئاوا نەکراوە، نە لە سەردەمی ڕابەران کە دادوەریێتی ئیسرائیلیان کردووە و نە لە هەموو سەردەمەکانی پاشاکانی ئیسرائیل و پاشاکانی یەهودا. 23 بەڵام لە ساڵی هەژدەیەمینی یۆشیای پاشا ئەم جەژنەی پەسخە لە ئۆرشەلیم بۆ یەزدان گێڕدرا.

24 هەروەها یۆشیا هەموو نێوانگر و ڕۆح ئامادەکار و پەیکەر و بت و هەموو پەیکەرە قێزەونەکان کە لە خاکی یەهودا و لە ئۆرشەلیم دەبینران لەناوی بردن، بۆ ئەوەی دەقی ئەو فێرکردنانە پەیڕەو بکات کە لەناو ئەو پەڕتووکە نووسراون کە حیلقیای کاهین لە پەرستگای یەزدان دۆزییەوە. 25 هیچ پاشایەک لەپێش خۆی وەکو یۆشیا نەبوو، کە بە هەموو دڵ و گیان و هێزییەوە بگەڕێتەوە لای یەزدان، بەپێی هەموو تەوراتی موسا، لەپاش ئەویش کەسی وەک خۆی نەبوو.

26 بەڵام گڕی تووڕەییە مەزنەکەی یەزدان دانەمرکایەوە، چونکە تووڕەییەکەی بەسەر یەهوداوە گڕی گرتبوو بەهۆی هەموو ئەو کارانەی کە مەنەشە یەزدانی پێ پەست کردبوو. 27 ئیتر یەزدان فەرمووی: «هەروەها یەهوداش لەبەردەمم لادەبەم، هەروەک چۆن ئیسرائیلم لابرد، ئەم شارەش کە هەڵمبژارد، ئۆرشەلیم، لەگەڵ ئەو پەرستگایەی کە گوتم: ”ناوی من لەوێ دەبێت،“[c] ڕەتیان دەکەمەوە.»

28 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

29 لە ماوەی پاشایەتی یۆشیا، نەخوی فیرعەونی میسر چوو لەلای ڕووباری فورات یارمەتی پاشای ئاشور بدات. یۆشیا پاشا چوو بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام نەخو لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی بووەوە و کوشتی. 30 خزمەتکارەکانی بە مردوویی لە مەگیدۆوە خستیانە ناو گالیسکەوە و هێنایانە ئۆرشەلیم، لە گۆڕەکەی خۆیدا ناشتیان. ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و دەستنیشانیان کرد، لە جێی باوکی کردیانە پاشا.

پاشایەتی یەهۆئاحاز

31 یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی حەموتەلی کچی یەرمیا بوو، خەڵکی لیڤنا بوو. 32 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان. 33 جا نەخوی فیرعەون لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات بەندی کرد، هەتا لە ئۆرشەلیم پاشایەتی نەکات. هەروەها سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو[d] و تالنتێک زێڕ[e]. 34 هەروەها نەخوی فیرعەون ئەلیاقیمی کوڕی یۆشیای لە جێی یۆشیای باوکی کردە پاشا و ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، یەهۆئاحازیشی بردە میسر و لەوێ مرد. 35 یەهۆیاقیم بۆ ئەوەی زێڕ و زیوەکە بداتە فیرعەون کە داوای لێی کردبوو باجی خستە سەر خاکەکە بۆ کۆکردنەوەی زێڕ و زیو لە خەڵکەکە بەگوێرەی توانایان، ئەو زێڕ و زیوە بدەنە نەخوی فیرعەون.

پاشایەتی یەهۆیاقیم

36 یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی زەڤیدای کچی پەدایا بوو، خەڵکی ڕومە بوو. 37 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.

دووەم پوختەی مێژوو 34-35

چاکسازییەکانی یۆشیا

34 یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.

لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان. لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین. ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە. لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم.

هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی.

ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 10 ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە. 11 هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون.

12 پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون 13 سەرپەرشتیار بوون بەسەر بارهەڵگرەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو.

دۆزینەوەی پەڕتووکی تەورات

14 کاتێک خەریکی دەرهێنانی ئەو زیوە بوون کە هاتبووە ناو پەرستگای یەزدان، حیلقیای کاهین پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی دۆزییەوە کە لە ڕێگەی موساوە درابوو. 15 جا حیلقیا بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.»

16 ئینجا شافان پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «هەموو ئەوەی بە دەست خزمەتکارەکانت سپێردراوە دەیکەن. 17 ئەو زیوەی لەناو پەرستگای یەزداندا هەبوو بەتاڵیان کردووە و داویانەتە دەست سەرپەرشتیارەکان و ئەوانەی بە کارەکە هەڵدەستن.» 18 هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای گوت: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی پێداوم.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشادا لە پەڕتووکەکەی خوێندەوە.

19 کە پاشا گوێی لە وشەکانی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی و 20 پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەڤدۆنی کوڕی میخا[a] و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن: 21 «بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.»

22 ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی[b] کوڕی حەسرای[c] لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد. 23 ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە، 24 ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە. 25 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“ 26 بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت: 27 لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 28 ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“»

ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.

29 ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە. 30 لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە. 31 پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا[d] کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت.

32 پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.

33 یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان.

یۆشیا لە جەژنی پەسخە

35 یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی. کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.

«لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن. ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»

یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەمە لە سامانی پاشا بوو بۆ ئەوانە لە گەل کە ئامادە بوون.

هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی[e] پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی. کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.

10 بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا. 11 بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد. 12 ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە. 13 بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد. 14 پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.

15 گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.

16 بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا. 17 هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا. 18 لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو؛ هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون. 19 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.

مردنی یۆشیا

20 پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نەخوی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی. 21 بەڵام نەخو نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»

22 بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نەخو نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.

23 تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.» 24 ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.

25 یەرمیاش بۆ یۆشیای لاواندەوە و هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت لە لاواندنەوەکانیان شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن و کردیان بە فەرز بەسەر ئیسرائیلەوە و لە پەڕتووکی لاواندنەوە نووسراوە.

26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و 27 کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.