Chronological
دورینەوەی گەردەلوول
8 «کەڕەنا ببە بۆ دەمت!
هەڵۆیەک هاتە سەر ماڵی یەزدان،
لەبەر ئەوەی پەیمانەکەی منیان شکاند و
لە فێرکردنەکانم یاخی بوون.
2 هاوار بۆ من دەکەن:
”ئەی خودای ئێمە، ئێمەی ئیسرائیل دانت پێدا دەنێین!“
3 بەڵام ئیسرائیل بێزی لە چاکە بووەوە،
لەبەر ئەوە دوژمن ڕاوی دەنێت.
4 ئەوان پاشایان دانا، بەڵام لە منەوە نەبوو،
میریان دانا، کە من نایانناسم.
لە زێڕ و زیوەکانیان بتیان بۆ خۆیان دروستکرد،
بۆ لەناوچوونیان.
5 ئەی سامیرە، بتە گوێرەکەکەت بەلاوە بنێ!
تووڕەییم بەسەریاندا دەجۆشێت.
هەتا کەی ناتوانن خۆیان بێگەرد ڕابگرن؟
6 هەروەها ئەوانیش هەر لە ئیسرائیلن!
وەستایەک ئەم بتەی دروستکردووە، نابێتە خودا.
گوێرەکەکەی سامیرە پارچەپارچە دەبێت.
7 «ئەوان با دەچێنن و
گەردەلوول دەدورنەوە.
چێنراوێک کە بەروبوومی نییە و
ئاردی لێ دروستناکرێت و
ئەگەر دروستیش کرا
بێگانەکان هەڵیدەلووشن.
8 ئیسرائیل هەڵلووشرا!
ئێستا لەنێو نەتەوەکاندا
وەک قاپێکیان لێ هاتووە کە هیچ سوودی نییە.
9 چونکە وەک کەرەکێوییەکی تاک و تەنها
چوونە ئاشور.
ئەفرایم خۆی بە چەند دۆستێک فرۆشتووە.
10 هەرچەندە ئەوان لەنێو نەتەوەکان خۆیان فرۆشتووە،
بەڵام ئێستا من کۆیان دەکەمەوە،
ئینجا ئەوان لەژێر باری پاشای توانادار[a] دەفەوتێن.
11 «هەرچەندە ئەفرایم قوربانگاکانی قوربانی گوناهی زۆر کرد،
بۆی بوونە قوربانگای گوناهکردن.
12 شتی زۆری بۆ دەنووسم کە پەیوەستە بە فێرکردنەکانم،
بەڵام ئەو بە نامۆیان دادەنێت.
13 قوربانیم پێشکەش دەکەن و
خۆیان گۆشتەکەی دەخۆن،
بەڵام یەزدان پێیان ڕازی نییە.
ئێستا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە یاد و
سزای گوناهەکانیان دەدات:
ئەوان دەگەڕێنەوە میسر.
14 ئیسرائیل دروستکەری خۆی لە یاد کرد و
چەندین کۆشکی بنیاد نا،
یەهوداش شارە قەڵابەندەکان.
بەڵام من ئاگر دەنێرمە سەر شارەکانی
ئینجا قەڵاکانی دەخوات.»
سزای ئیسرائیل
9 ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان
دڵخۆش و شاد مەبە،
چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،
حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد
لەسەر هەموو جۆخینەکان[b].
2 جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،
شەرابی نوێش بەشیان ناکات.
3 لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،
بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و
لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.
4 شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و
قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.
ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و
هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.
نانەکەیان بۆ خۆیانە و
ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.
5 لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،
لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟
6 چونکە ئەوەتا ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،
میسر کۆیان دەکاتەوە و
مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.
دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و
وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.
7 ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،
ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.
با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.
لەبەر زۆری تاوانەکەت و
زۆری کێشمەکێشت،
پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و
مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.
8 پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،
بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،
کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.
9 ئەوان نوقوم بوون،
وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،
خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و
لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.
10 «ئیسرائیلم دۆزییەوە
وەک ترێ لە چۆڵەوانی،
لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی
وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.
بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعلپەعۆر و
خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،
ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.
11 ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،
نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.
12 تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،
جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.
قوڕبەسەریان
کاتێک پشتیان تێدەکەم.
13 ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە
لە لەوەڕگا ڕواوە،
بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی
بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»
14 ئەی یەزدان، بیاندەرێ،
چییان پێدەدەیت؟
منداڵدانێکی لەباربردە و
دوو مەمکی وشک.
15 «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال
من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.
لەبەر کردەوە خراپەکانیان
لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.
ئیتر خۆشم ناوێن،
هەموو میرەکانیان یاخین.
16 ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،
ڕەگیان وشک بوو،
بەر ناگرن.
ئەگەر منداڵیشیان ببێت،
منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»
17 خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،
چونکە گوێیان لێی نەگرت،
لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.
10 ئیسرائیل دار مێوێکی پەل بڵاو بوو،
بۆ خۆی بەری دەگرت.
بەپێی زۆری بەروبوومەکەی،
قوربانگای زۆر کرد.
بەپێی باشی خاکەکەی،
بەردە تەرخانکراوەکانی جوانتر کرد.
2 دڵیان فریودەر بوو،
ئێستا سزا دەدرێن.
یەزدان قوربانگاکانیان تێکدەشکێنێت،
بەردە تەرخانکراوەکانیان تێکدەدات.
3 لەو کاتەدا دەڵێن: «ئێمە پاشامان نییە،
چونکە لە یەزدان نەترساین،
ئەگەر پاشاشمان هەبێت،
چیمان بۆ دەکات؟»
4 بە سوێندی درۆ قسە دەکەن،
پەیمان دەبەستن،
ئینجا سکاڵا زیاد دەبێت
وەک گیایەکی ژەهراوی نێو زەوییەکی کێڵدراو دەڕوێت.
5 خەڵکی سامیرە ترسیان هەیە
لەسەر ئەو بتە گوێرەکەیەی کە لە شاری بێتئاڤنە[c]،
چونکە گەلەکەی شینی بۆ دەگێڕن و
کاهینە بتپەرستەکانیشی لەبەر ئەو دەگریێن،
لەبەر شکۆمەندییەکەی،
چونکە لێیان ستێنراوە.
6 ئەویش بۆ ئاشور دەبردرێت،
وەک سەرانە بۆ پاشای شەڕانگێز.
ئەفرایم سەرشۆڕی وەردەگرێت و
ئیسرائیلیش لەسەر بتە دارینەکانی شەرمەزار دەبێت.
7 سامیرە و پاشاکەی وەک چیلکە دارن
بەسەر ڕووی ئاوەوە لەناودەچن.
8 نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانی بەدکاری[d] وێران دەبن،
کە گوناهی ئیسرائیلن،
دڕکوداڵ لەسەر قوربانگاکانیان دەڕوێن.
ئەو کاتە بە چیاکان دەڵێن، «دامانپۆشن!» و
بە گردەکانیش دەڵێن، «بەسەرماندا بڕووخێن!»
9 «ئەی ئیسرائیل، لە سەردەمی گیڤعاوە گوناهت کرد،
لەوێدا وەستان،
لە گیڤعادا شەڕ نەوەی بەدکارانی نەگرتەوە؟
10 کەی بمەوێت تەمبێیان دەکەم،
گەلان گەلەکۆمەیان لێ دەکەن،
کاتێک بە دوو تاوانەکەیانەوە بەندن.
11 ئەفرایم گوێرەکەیەکی[e] ڕاهێنراوە
حەز لە گێرەکردن دەکات.
لەبەر ئەوە من نیر دەخەمە سەر ملە جوانەکەی،
سوار دەخەمە سەر ئەفرایم،
یەهودا دەیکێڵێت،
یاقوبیش خەرتەی دەکات.
12 ڕاستودروستی بۆ خۆتان بچێنن و
بەروبوومی خۆشەویستی نەگۆڕ بدوورنەوە.
بۆ خۆتان بەیارێک بکێڵن،
چونکە کاتی ئەوەیە ڕوو لە یەزدان بکەن،
هەتا بێت و ڕاستودروستیتان بەسەردا ببارێنێت.
13 بەڵام ئێوە خراپەتان چاند و
بەدڕەفتاریتان دوورییەوە،
بەروبوومی درۆتان خوارد،
چونکە پشتت بە هێزی خۆت و
بە زۆری پاڵەوانەکانت بەست،
14 چەخماخەی جەنگ لە دژی گەلەکەت بەرز دەبێتەوە.
هەموو قەڵاکانت تێکدەدرێن،
وەک چۆن شەلمەن لە ڕۆژی جەنگدا بێتئەربێلی[f] تێکدا،
دایک لەگەڵ منداڵەکانیدا بەزەویدا کێشران.
15 ئەی بێتئێل، ئاواتان پێ دەکرێت،
لەبەر ئەوەی خراپەکەتان گەورەیە.
لە بەرەبەیاندا،
پاشای ئیسرائیل بە تەواوی لەناودەچێت.
خۆشەویستی خودا بۆ ئیسرائیل
11 «کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و
لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.
2 بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،
ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،
قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و
بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.
3 من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،
دەستم بە باڵیانەوە گرت،
بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.
4 بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،
بە بەستنی خۆشەویستی،
من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،
چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.
5 «ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر؟
بێگومان ئاشور دەبێتە پاشایان،
چونکە ڕەتیان کردەوە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە لام؟
6 شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و
شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،
کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.
7 گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.
تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،
ئەو پایەبەرزیان ناکات.
8 «ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟
ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟
چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟
چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟
دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و
هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.
9 گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و
ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،
چونکە من خودام نەک مرۆڤ،
من خودا پیرۆزەکەم، لەناوەڕاستی ئێوەدام،
بە قینەوە نایەم.
10 لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،
وەک شێرێک دەنەڕێنێت.
کاتێک دەنەڕێنێت،
منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.
11 وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،
وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.
ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
گوناهی ئیسرائیل
12 ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و
بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،
یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،
لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.
12 ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
2 یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
3 لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
4 لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
لە بێتئێل تووشی بوو،
لەوێ قسەی لەگەڵی کرد[g].
5 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
ناوبانگی یەزدانە!
6 تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.
7 بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
حەز دەکات ستەم بکات.
8 ئەفرایم گوتی:
«من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
کە گوناه بێت.»
9 «من یەزدانی خودای ئێوەم،
ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
وەک ڕۆژانی جەژن.
10 قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»
11 ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
12 یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام[h] هەڵات و
ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
لە پێناوی ژنێکدا شوانەتی کرد.
13 یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
14 بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل
13 کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،
ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،
بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
2 ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،
لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،
بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،
هەمووی دەستکردی وەستایە.
دەربارەیان دەڵێن:
«ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،
بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
3 لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،
وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،
وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە[i].
4 «بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،
ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.
جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،
جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
5 من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،
لە زەوی تینووێتی.
6 کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،
کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،
لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
7 جا وەک شێر دەبم بۆیان،
وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
8 وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و
پەردەی دڵیان دەدڕێنم.
وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،
ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.
9 «ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،
چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
10 ئێستا کوا پاشاکەت؟
تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،
کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:
”پاشا و میرم بدەرێ“؟
11 لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و
لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
12 تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،
گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
13 ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،
بەڵام منداڵێکی نەفامە،
چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و
لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.
14 «لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،
لە مردن دەیانکڕمەوە.
ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟
ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟
«میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
15 هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.
بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،
بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،
ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و
سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.
گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی
تاڵان دەکرێت.
16 خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،
چونکە لە خودای خۆی یاخی بوون،
بە شمشێر دەکوژرێن و
منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،
سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»
تۆبەکردن بۆ وەرگرتنی بەرەکەت
14 ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
2 ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
بگەڕێنەوە لای یەزدان،
پێی بڵێن:
«لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.[j]
3 ئاشور ڕزگارمان ناکات.
سواری ئەسپ نابین،
جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
”خوداوەندەکانمان،“
چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
4 «من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
5 بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
6 چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
7 نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
وەک مێو دەگەشێتەوە.
ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
8 ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
9 کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.