Chronological
1 ئەمە ئەو پەیامەی یەزدانە کە لە سەردەمەکانی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ هۆشەعی کوڕی بئێری هات، کە هاوسەردەمی یارۆڤعامی کوڕی یەهۆئاشی پاشای ئیسرائیل بوو.
ژن و منداڵی هۆشەع
2 سەرەتا یەزدان لە ڕێگەی هۆشەعەوە پەیامی خۆی ڕاگەیاند، ئینجا بە هۆشەعی فەرموو: «بڕۆ ژنێکی سۆزانی بهێنە و با منداڵی زۆڵت[a] ببێت، چونکە خەڵکی خاکەکە وەک ژنێکی داوێنپیس ناپاکی بەرامبەر بە یەزدان کردووە.» 3 ئەویش گۆمەری کچی دیڤلایمی هێنا، سکی پڕ بوو، کوڕێکی لێ بوو.
4 یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی بنێ یەزرەعیل، چونکە پاش کەمێکی دیکە بنەماڵەی یێهو سزا دەدەم، لەسەر ئەو خوێنەی کە لە یەزرەعیل ڕشتیان، پاشایەتی ئیسرائیلیش لەناودەبەم. 5 لەو ڕۆژەدا کەوانی ئیسرائیل لە دۆڵی یەزرەعیلدا دەشکێنم.»
6 دیسان گۆمەر سکی پڕ بوو، کچێکی بوو. یەزدان بە هۆشەعی فەرموو: «ناوی لێ بنێ لۆڕوحامە[b]، چونکە چیتر بەزەییم بە بنەماڵەی ئیسرائیلدا نایەتەوە، لێیان خۆشنابم. 7 بەڵام بەزەییم بە بنەماڵەی یەهودا دێتەوە، بە کەوان، شمشێر یان جەنگ، ئەسپ و سوار ڕزگاریان ناکەم، بەڵکو بە یەزدانی پەروەردگاریان ڕزگاریان دەکەم.»
8 لەدوای ئەوەی گۆمەر لۆڕوحامەی لە شیر بڕییەوە، دیسان سکی پڕ بوو و کوڕێکی بوو. 9 یەزدان فەرمووی: «ناوی لێ بنێ لۆعامی[c]، چونکە ئێوە گەلی من نین و منیش بۆ ئێوە نابم.
10 «بەڵام لە داهاتوودا ژمارەی نەوەکانی ئیسرائیل وەک لمی دەریا دەبێت کە ناپێورێن و ناژمێردرێن، لەو شوێنەی پێیان گوترا، ”ئێوە گەلی من نین،“ بە ”ڕۆڵەکانی خودای زیندوو“ ناودەبردرێن. 11 لەو کاتەدا نەوەی یەهودا و نەوەی ئیسرائیل یەکدەگرنەوە و یەک سەرۆک بۆ خۆیان دادەنێن، لە خاکەکە سەردەکەون و دێنە دەرەوە، چونکە ڕۆژی یەزرەعیل گەورە دەبێت.»
2 «بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“
سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل
2 «سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،
چونکە ئەو ژنی من نییە و
منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
3 ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
بە تینووێتی دەیمرێنم.
4 بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
چونکە زۆڵن.
5 بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
ئەوانەی نان و ئاو،
خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
6 لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
7 دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
8 ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.
9 «لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
جەژن و سەرەمانگەکانی،
شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
دوای خۆشەویستانی کەوت،
بەڵام منی لەیاد کرد.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
دەیبەمە چۆڵەوانی و
بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
دۆڵی عاخۆر[d] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»
16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
بە ڕاستودروستی و دادوەری،
بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
دان بە یەزداندا دەنێیت.
21 «یەزدان دەفەرموێت:
لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[e] دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»
ئاشتبوونەوەی هۆشەع لەگەڵ ژنەکەی
3 یەزدان پێی فەرمووم: «دیسان بڕۆ ژنەکەت خۆشبوێتەوە، هەرچەندە خاوەنی دۆستە و داوێنپیسە، وەک خۆشەویستی یەزدان بۆ نەوەی ئیسرائیل، ئەوانیش ڕوویان لە خوداکانی دیکە کردووە و نانی کشمیشیان[f] خۆشدەوێت.»
2 منیش دیسان بە پازدە شاقل زیو و بارێک و دوو قەزناخ[g] جۆ کڕیمەوە، 3 پێم گوت: «ماوەیەکی درێژ لەگەڵ من دەژیت، بێ ئەوەی داوێنپیسی بکەیت و بۆ هیچ پیاوێک بیت، هەروەها منیش بە هەمان شێوە دەبم بۆت.»
4 ئەمەش لەبەر ئەوەی ماوەیەکی درێژ نەوەی ئیسرائیل بەبێ پاشا یان میر، بەبێ قوربانی و بەردە تەرخانکراوەکان[h]، بەبێ ئێفۆد و تەرافیم[i] دەمێننەوە. 5 پاش ئەوە نەوەی ئیسرائیل دەگەڕێنەوە و ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاریان و داودی پاشایان دەکەن، لە ڕۆژانی کۆتاییدا بە لەرزەوە ڕوو لە یەزدان و چاکەکەی دەکەن.
سکاڵا لە دژی ئیسرائیل
4 ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
چونکە یەزدان سکاڵای هەیە
لە دانیشتووانی خاکەکە:
«نە وەفاداری، نە خۆشەویستی نەگۆڕ،
نە خواناسی لە خاکەکەدا هەیە.
2 نەفرەتکردن و درۆ و کوشتن،
دزی و داوێنپیسی،
پەرەی سەندووە و
خوێنڕشتن، خوێن ڕشتنی بەدوادا دێت.
3 لەبەر ئەوە خاکەکە شین دەگێڕێت و
ئەوەی تێیدا نیشتەجێیە بەرەو نەمان دەچێت،
بە ئاژەڵی کێوی و باڵندەی ئاسمانیشەوە،
تەنانەت ماسی دەریاش لەناودەچێت.
4 «بەڵام با کەس سکاڵا نەکات و
کەسیش تاوانبار نەکرێت،
چونکە گەلەکەی تۆ وەک ئەوانەن کە
سکاڵا لە کاهین دەکەن.
5 تۆش بە ڕۆژ تێکدەشکێیت و
بە شەویش پێغەمبەر لەگەڵت تێکدەشکێت،
منیش دایکت لەناودەبەم.
6 گەلەکەم لە نەزانین لەناودەچێت.
«لەبەر ئەوەی تۆ زانینت ڕەتکردەوە،
منیش ڕەتت دەکەمەوە لەوەی کاهینیێتیم بۆ بکەیت.
لەبەر ئەوەی فێرکردنەکانی خودای خۆتت لەیاد کرد،
منیش نەوەکانت لەیاد دەکەم.
7 ئەوەندەی کاهینەکان زیاد بوون،
ئەوەندەش گوناهیان لە دژی من کرد،
منیش شکۆیان دەگۆڕم بۆ شەرمەزاری.
8 قوربانی گوناهی گەلەکەم دەخۆن و
ئاواتەخوازن کە تاوان بکات.
9 جا کاهین وەک گەل دەبێت،
بەپێی ڕەفتارەکەی سزای دەدەم،
کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەدەمەوە.
10 «دەخۆن و تێر نابن،
لەشفرۆشی دەکەن و زیاد نابن،
چونکە وازیان لە یەزدان هێنا
بۆ ئەوەی خۆیان تەرخان بکەن 11 بۆ لەشفرۆشی و
بۆ شەرابی کۆن و شەرابی نوێ
کە هزر و هۆشی گەلەکەی منی بردووە.
12 گەلەکەم پرس بە بتە دارینەکەیان دەکەن،
وەڵام لە گۆچانەکەی دەستی وەردەگرن،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی گومڕای کردوون و
دڵسۆزی خودای خۆیان نین.
13 لەسەر لووتکەی چیاکان قوربانی سەردەبڕن و
لەسەر گردەکان بخوور دەسووتێنن،
لەژێر دار بەڕوو و ئەسپیندار و دارەبەن،
چونکە سێبەری باشە!
لەبەر ئەوە کچەکانتان لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان داوێنپیسی.
14 «کچەکانتان سزا نادەم
کە لەشفرۆشی دەکەن و
بووکەکانیشتان
کە داوێنپیسی دەکەن،
چونکە پیاوەکان خۆیان دەچنە پاڵ لەشفرۆشەکان و
لەگەڵ لەشفرۆشەکان دەچنە نزرگەکان و قوربانی سەردەبڕن.
گەلێک تێگەیشتنی نەبێت لەناودەچێت!
15 «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر تۆش داوێنپیسیت،
بەڵام با یەهودا تاوان نەکات.
«مەچن بۆ گلگال و
سەرمەکەون بۆ بێتئاڤن[j] و
سوێند مەخۆن: ”بە یەزدانی زیندوو!“
16 وەک نوێنگینێکی[k] کەللەڕەق
ئیسرائیلیش کەللەڕەق بووە،
ئیتر یەزدان چۆن بیانلەوەڕێنێت
وەک بەرخ لە شوێنێکی پانوبەریندا؟
17 ئەفرایم بە بتەکانەوە بەستراوەتەوە،
وازی لێ بهێنن!
18 تەنانەت خواردنەوەشیان تەواوبێت،
هەر نوقومی لەشفرۆشییەکەیان دەبن،
گەورەکانیان بە تەواوی حەزیان لە شەرمەزارییە نەک لە ڕێز.
19 با لەژێر باڵەکانی خۆیدا دەیپێچێتەوە،
بە قوربانییەکانیان شەرمەزار دەبن.
حوکمی سەر ئیسرائیل
5 «ئەی کاهینەکان، گوێتان لەمە بێت!
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، سەرنج بدەن!
ئەی ماڵی پاشا گوێ بگرن!
حوکمەکە لە دژی ئێوەیە،
چونکە ئێوە لە میچپا بوونە تەڵە،
هەروەها تۆڕێکی ڕاخراویش بوون بەسەر تاڤۆر.
2 یاخیبووان لە کوشتن قووڵبوونەوە،
منیش هەموویان تەمبێ دەکەم.
3 من ئەفرایم دەناسم و
ئیسرائیلیش لە من شاردراوە نییە.
ئەی ئەفرایم، ئێستا ڕێگای لەشفرۆشیت گرتووەتەبەر،
ئیسرائیل گڵاو بووە.
4 «کارەکانیان ڕێیان نادات
بۆ لای خودای خۆیان بگەڕێنەوە،
چونکە ڕۆحی لەشفرۆشی لە ناخیاندایە و
ئەوان دان بە یەزداندا نانێن.
5 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات و
ئیسرائیل و ئەفرایم بە تاوانەکانیان تێکدەشکێن،
یەهوداش لەگەڵیاندا تێکدەشکێت.
6 بە مەڕ و مانگاکانیانەوە دەڕۆن
بۆ ئەوەی ڕوو لە یەزدان بکەن،
بەڵام بۆیان دەرناکەوێت،
چونکە لێیان دوورکەوتووەتەوە.
7 ناپاکییان لە یەزدان کرد
چونکە منداڵی زۆڵیان[l] بوو.
ئێستا جەژنی سەرەمانگەکانیان
خۆیان و کێڵگەکانیشیان دەخوات.
8 «لە گیڤعادا کەڕەنا لێ بدەن و
لە ڕامەش زوڕنا.
لە بێتئاڤن[m] نەعرەتەی جەنگ بکێشن؛
”ئەی بنیامین، ئێمە لەدوای تۆین.“
9 ئەفرایم وێران دەبێت
لە ڕۆژی تەمبێکردندا.
لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا
ڕاستی ڕادەگەیەنم.
10 میرانی یەهودا وەک ئەوانەن
کە سنوور دەگوازنەوە،
منیش تووڕەیی خۆم وەک باران
بەسەریاندا هەڵدەڕێژم.
11 ئەفرایم زۆرلێکراوە،
بە حوکم تێکشکێنراوە،
چونکە بڕیاری دا دوای بت بکەوێت.
12 من بۆ ئەفرایم وەک مۆرانەم و
وەک کلۆربوونیش بۆ بنەماڵەی یەهودا.
13 «کاتێک ئەفرایم نەخۆشییەکەی خۆی بینی و
یەهوداش ناسۆرەکەی خۆی،
ئینجا ئەفرایم چووە لای ئاشور و
بەدوای پاشا گەورەکەدا[n] ناردی.
بەڵام ناتوانێت چارەسەرتان بکات و
برینەکەتان لەسەر لاببات.
14 چونکە من بۆ ئەفرایم وەک شێرم و
بۆ بنەماڵەی یەهوداش وەک بەچکە شێر،
چونکە من پارچەپارچەیان دەکەم و دەڕۆم،
دەبەم و فریادڕەسیش نییە،
15 دەڕۆم و دەگەڕێمەوە بۆ شوێنەکەی خۆم
هەتا دان بە تاوانەکەیان دەنێن و
ڕوویان لە من دەکەن،
لە تەنگانەیاندا بە پەرۆشەوە ڕوویان لە من دەکەن.»
تۆبەنەکردنی ئیسرائیل
6 «وەرن، با بگەڕێینەوە لای یەزدان،
چونکە ئەو پارچەپارچەی کردووین و
هەر ئەویش چارەسەرمان دەکات.
ئەو برینداری کردووین و
هەر ئەویش برینەکانمان ساڕێژ دەکات.
2 دوای دوو ڕۆژ دەمانژیێنێتەوە،
لە ڕۆژی سێیەمدا هەڵماندەستێنێتەوە
بۆ ئەوەی ئێمە لەبەردەمیدا بژین.
3 با دان بە یەزداندا بنێین،
با تێبکۆشین بۆ ئەوەی دانی پێدا بنێین.
بێگومان وەک چۆن ڕۆژ هەڵدێت
ئاواش یەزدان دەردەکەوێت،
وەک بارانی زستان دێتە لامان،
وەک بەهارە باران کە زەوی ئاو دەدات.»
4 «ئەی ئەفرایم، چیت لێ بکەم؟
ئەی یەهودا، چیت لێ بکەم؟
خۆشویستنی ئێوە وەک هەوری بەیانییان وایە،
وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات.
5 لەبەر ئەوە بە پێغەمبەران پارچەپارچەم کردن،
بە وشەکانی دەمم ئێوەم کوشت،
حوکمەکەشم وەک ڕووناکی دەرکەوت.
6 چونکە میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،
لەلای من خواناسی لە قوربانی سووتاندن گرنگترە.
7 بەڵام ئەوان وەک ئادەم سەرپێچی پەیمانیان کرد،
لەوێدا ناپاکییان لە من کرد.
8 گلعاد شاری خراپەکارانە و
بە خوێن پێپەستە.
9 وەک چۆن جەردە بۆسە بۆ کەسێک دەنێنەوە،
ئاواش دەستەی کاهینەکان،
لە ڕێگادا ڕووەو شەخەم خەڵک دەکوژن.
بەدڕەوشتی ئەنجام دەدەن.
10 لە بنەماڵەی ئیسرائیلدا کارێکی تۆقێنەر دەبینم،
لەوێدا ئەفرایم لەشفرۆشی دەکات،
ئیسرائیل گڵاوە.
11 «تۆش ئەی یەهودا،
ڕۆژی لێپێچینەوەت بۆ دیاریکراوە.
«هەر کاتێک بمەوێت ڕاپێچکراوانی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە[o]،
7 کاتێک ئیسرائیلم چارەسەر دەکرد،
تاوانی ئەفرایم ئاشکرا بوون،
هەروەها خراپەی سامیرە.
فێڵیان کرد،
دز چووە ژوورەوە و
جەردەکانیش لە دەرەوە تاڵانیان کرد،
2 بەڵام لە دڵی خۆیاندا بیر لەوە ناکەنەوە
کە من هەموو خراپەکەی ئەوانم لەبیرە.
ئێستا کردەوەکانیان دەوریان دەدات،
لە بەرچاومدان.
3 «بە خراپەکەیان پاشا دڵخۆش دەکەن و
بە درۆکانیشیان میر.
4 هەموو داوێنپیسن
وەک تەنوورێکی گەرمکراون
کە نانەواکە ئاگرەکەی گڕ نادات،
لە کاتی هەویر شێلانەوە تاوەکو کاتی هەڵهاتنی.
5 لە ڕۆژی جەژنی پاشاماندا،
میر نەخۆش دەکەون، لەبەر شەراب تایان لێ دێت،
پاشا لەگەڵ گاڵتەجاڕان دەست تێکەڵ دەکات.
6 چونکە دڵیان وەک ناخی تەنوورە،
بە فرتوفێڵ لە پاشا نزیک دەبنەوە.
قینیان بە درێژایی شەو کپ دەبێت و
بۆ بەیانی وەک ئاگرێکی گڕ گرتوو گەرمە.
7 هەموویان وەک تەنوور گەرمن،
دادوەرەکانی خۆیان دەخۆن،
هەموو پاشاکانیان دەکەون،
کەسیان تێدا نییە نزا بۆ من بکات.
8 «ئەفرایم تێکەڵ بە گەلان دەبێت.
ئەفرایم بووە بە کولێرەیەکی هەڵنەگەڕاوە.
9 بێگانەکان هێزەکەی دەخۆن و
ئەویش پێی نازانێت.
قژی ماشوبرنج بووە و
ئەویش پێی نازانێت.
10 لووتبەرزی ئیسرائیل بەرەوڕوو شایەتی لەسەر دەدات،
لەگەڵ هەموو ئەوەشدا
ناگەڕێنەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆیان و
بەدوایدا ناگەڕێن.
11 «ئەفرایم وەک کۆترێکی لێهاتووە،
گێل و بێ مێشک،
بانگی میسر دەکەن و
بۆ لای ئاشور دەچن.
12 کاتێک دەڕۆن، تۆڕەکەم بەسەریاندا هەڵدەدەم،
وەک باڵندەی ئاسمان دایاندەگرم.
کاتێک کۆدەبنەوە تەمبێیان دەکەم
بەگوێرەی ئەوەی دەیبیستم.
13 قوڕبەسەریان، چونکە لە من هەڵاتن!
ماڵوێرانی بۆیان، چونکە لێم یاخی بوون!
من دەیانکڕمەوە،
بەڵام ئەوان درۆم بۆ هەڵدەبەستن.
14 کاتێک لەسەر جێگاکانیان دەناڵێنن
لە دڵەوە هاوارم بۆ ناکەن.
بۆ دانەوێڵە و شەراب کۆدەبنەوە،
لە من هەڵدەگەڕێنەوە.
15 من فێرم کردن و بازووی ئەوانم بەهێز کرد،
بەڵام ئەوان لە دژی من بیر لە خراپە دەکەنەوە.
16 دەگەڕێنەوە، بەڵام نەک بۆ لای خودای هەرەبەرز،
وەک کەوانێکی ناڕێکیان لێدێت.
لەبەر قینی زمانیان ڕابەرانیان بە شمشێر دەکوژرێن.
لەبەر ئەمە لە میسر دەبنە گاڵتەجاڕ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.