Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 13-17

سروشێک سەبارەت بە بابل

13 سروشێک[a] سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:

لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،
    دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،
دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە
    بۆ ناو دەرگای میران.
من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،
    هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،
    ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.

گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،
    وەک دەنگی خەڵکی ئێجگار زۆر!
گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،
    وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!
یەزدانی سوپاسالار
    سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
لە خاکێکی دوورەوە دێن،
    لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،
یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،
    بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.

واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیک بووەتەوە،
    وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.
لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،
    هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
ڕادەچڵەکێن،
    ئازار و ژان دەیانگرێت،
    وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.
پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،
    ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.

ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،
    سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،
بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و
    گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
10 چونکە ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی
    ڕووناکییان دەرناخەن،
خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،
    مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
11 سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،
    بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،
کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و
    سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
12 مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و
    ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
13 لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و
    زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،
لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و
    لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.

14 وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و
    وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،
هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و
    هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
15 ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و
    ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
16 منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و
    ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.

17 ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،
    ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و
    کەیفیان بە زێڕ نایەت.
18 کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،
    بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،
    دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
19 بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و
    جوانی شانازی کلدانییەکان
وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،
    کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
20 هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و
    نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،
عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،
    شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
21 بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،
    چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛
کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،
    تەگە لەوێ سەما دەکەن.
22 کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،
    چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.
کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،
    ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.

14 چونکە یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و
    دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە،
    لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە،
نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و
    دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
گەلان دەیانگرن و
    دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان،
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و
    دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان،
دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و
    دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.

ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە، ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت:

زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات!
    خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند،
    داردەستی فەرمانڕەواکان،
ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا،
    لێدانێکی بێ بڕانەوە،
بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد،
    بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو
    بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش
    شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن:
«لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت
    داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»

جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت
    بۆ پێشوازی لە هاتنت،
ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت،
    هەموو سەرکردەکانی جیهان،
لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت،
    هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
10 هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن:
    «هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت،
    وەک ئێمەت لێ هات.»
11 مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان
    بەدەم ئاوازی سازەکانت،
لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و
    کرمیش دەبێتە لێفەت.

12 چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە،
    ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار،[c] کوڕی بەرەبەیان!
بەرەو زەوی بڕایتەوە،
    ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
13 تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت:
    «سەردەکەوم بۆ ئاسمان،
لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە
    تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە،
لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم،
    لەسەر لووتکەی چافۆن.
14 سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور،
    خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
15 بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە،
    بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.

16 ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن،
    لێت ورد دەبنەوە:
«ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند،
    شانشینەکانی هەژاند،
17 ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی،
    شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد،
    ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»

18 هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان،
    هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
19 بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت
    وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە.
دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان
    کە بە شمشێر لێیان دراوە،
    شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن.
وەک لاشەی پێشێلکراو،
20     لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت،
چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد،
    گەلەکەی خۆتت کوشت.

توخمی خراپەکاران
    هەتاهەتایە ناویان نایەت.
21 سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن
    لەسەر تاوانی باوکانیان،
با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و
    ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.

22 «هەڵدەستمە سەریان،»
    یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
«لە بابل ناو و پاشماوە و
    نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
23 «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و
    گۆمی ئاو،
بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،»
    یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.

پلان لە دژی ئاشور

24 یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی:
«بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت،
    وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
25 ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم،
    لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم،
جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و
    بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»

26 ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و
    ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
27 چونکە یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟
    دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟

سروشێک سەبارەت بە فەلەستییەکان

28 لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
29 ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن،
    کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا،
چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و
    بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
30 هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و
    نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە،
ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و
    پاشماوەکەشت دەکوژرێت.

31 ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە!
    ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە!
چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و
    ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
32 چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟
    «کە یەزدان سییۆنی دامەزراند،
    لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»

سروشێک سەبارەت بە مۆئاب

15 سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:

عار لە مۆئاب وێران بوو،
    لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
    لە یەک شەودا کاول بوو!
دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی[d] سەرکەوت،
    بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
    مۆئاب بەسەر نەبۆ و مێدەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
    هەموو ڕیشێک تاشراون.
لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش[e] دەپۆشن،
    لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
    بەخوڕ دەگریێن.
حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
    دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
    گیانیان دەلەرزێت.

دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
    هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
    هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
    لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
    هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
    گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
    سەوزایی نەما.
لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
    هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
    واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
    واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
    بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
    بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.

16 بەرخ وەک سەرانە بنێرن
    بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،
لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا
    بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
وەک باڵندەی هەڵاتوون
    وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،
کچانی مۆئاب
    لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.

«ڕاوێژ بکە،
    دادوەری ئەنجام بدە،
لە قرچەی نیوەڕۆدا
    سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.
دەرکراوەکان بشارەوە،
    هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،
    لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»

کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،
    کاولبوون نامێنێت،
    پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،
    یەکێک لە بنەماڵەی داود
    دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،
دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی
    بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.

لووتبەرزی مۆئابمان بیست،
    لووتبەرزییەکی زۆر،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،
    بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،
    سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.
ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،
    بۆ نانی کشمیشی[f] قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
چونکە کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،
    هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.
گەورەکانی نەتەوەکان
    شا مێوەکانییان شکاند،
کە گەیشتبووە یەعزێر و
    پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.
لقەکانی درێژ ببوونەوە و
    لە دەریا پەڕیبوونەوە.
لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم
    بۆ ڕەزەکەی سیڤما،
بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم
    ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!
چونکە لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت
    هەراوزەنای جەنگ هات.
10 خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،
    لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،
شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،
    هوتاف کپ بوو.
11 لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
    ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
12 جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،
    ماندوو دەبێت.
کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،
    قبوڵ نابێت.

13 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو. 14 ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»

سروشێک سەبارەت بە دیمەشق

17 سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:

«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و
    دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.
شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و
    بۆ مێگەلەکان دەبن،
تێدا ڕادەکشێن،
    کەس نییە بیانترسێنێت.
قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و
    پاشایەتیش لە دیمەشق.
پاشماوەی ئارام وەک
    شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

«لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،
    قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.
وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،
    بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.
وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت
    لە دۆڵی ڕفایم.
وەک تەکاندنی دار زەیتوون
    کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،
دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،
    چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.

لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و
    چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە
    کە دروستکراوی دەستی خۆین،
ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،
    ستوونە ئەشێراکان[g] و قوربانگاکانی بخوور.

لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.

10 خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،
    تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.
لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن
    بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.
11 ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات
    بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،
بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری
    بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.

12 ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،
    وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!
خوڕەی نەتەوەکان
    وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!
13 نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،
    بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،
وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و
    وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.
14 دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!
    بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!
ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،
    بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.