Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پوختەی مێژوو 27

پاشایەتی یۆتام

27 یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، سەرباری ئەوەش نەچووە ناو پیرۆزگای یەزدان، بەڵام گەل هێشتا گەندەڵییان دەکرد. یۆتام دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد نایەوە و کاری زۆریشی لەسەر شووراکەی گردی عۆفەل کرد. چەند شارۆچکەیەکیشی لە چیای یەهودا بنیاد نا و لە دارستانەکانیشدا قەڵا و قوللەی بنیاد نا.

یۆتام لە دژی پاشای عەمۆنییەکان جەنگا و زاڵ بوو بەسەریاندا، عەمۆنییەکانیش لەو ساڵەدا سەد تالنت[a] زیو و دە هەزار کۆر[b] گەنم و دە هەزاریشیان[c] لە جۆ پێیدا. هەروەها عەمۆنییەکان لە ساڵی دووەم و سێیەمیشدا ئەمەیان پێیدا.

یۆتام بەهێز بووەوە، چونکە بەردەوام بوو لە گوێڕایەڵی بۆ یەزدان.

ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام، لەگەڵ هەموو جەنگەکانی و کردەوەکانی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.

یۆتام کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

ئیشایا 9-12

بەڵام ئەوانەی لەژێر گوشار بوون لە تاریکی تەنگانەدا نامێنن، وەک سەردەمی پێشوو خاکی زەبولون و خاکی نەفتالی زەلیل کردەوە، سەردەمی کۆتایی ڕێز لە جەلیلی نەتەوەکان دەگرێت، ئەوەی لە ڕێگای دەریایە، ئەوبەری ڕووباری ئوردون، جەلیلی نەتەوەکان.

ئەو گەلەی بە تاریکیدا دەڕۆیشت،
    ڕووناکییەکی گەورەی بینی،
دانیشتووان لە خاکی سێبەری مەرگ
    ڕووناکی بەسەریاندا هەڵات.
ئەو نەتەوەیەت زۆر کرد و
    خۆشییەکی گەورەت پێی بەخشی،
لەبەردەمت دڵخۆش بوو
    وەک خۆشی کاتی دروێنە،
وەک ئەوانەی شاد دەبن
    بە دابەشکردنی دەستکەوت.
چونکە نیری بارگرانی ئەو و
    داری پشتی ئەو و
کوتەکی بێگاری پێکردنی ئەوت
    وەک ڕۆژی میدیان شکاند.
چونکە هەموو پۆستاڵی جەنگاوەران لە گەرمەی شەڕدا و
    بەرگی لەناو خوێن گەوزاو
بۆ سووتان دەبێت،
    سووتەمەنییە بۆ ئاگر،
چونکە کوڕێکمان دەبێت،
    کوڕێکمان پێدەدرێت و
    سەرکردایەتی دەکەوێتە سەرشانی.
ناوی لێ دەنرێت
    سەرسوڕهێنەر و ڕاوێژکار، خودای بە توانا،
    باوکی هەتاهەتایی، میری ئاشتی.
گەشەسەندنی سەرۆکایەتی و ئاشتییەکەی
    بێ کۆتایی دەبێت.
لەسەر تەختی داود و بەسەر شانشینەکەی
    پاشایەتی دەکات
بۆ چەسپاندنی و بەهێزکردنی،
    بە دادپەروەری و بە ڕاستودروستی
    لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
دڵگەرمی یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەکات.

تووڕەیی یەزدان لە دژی ئیسرائیل

پەروەردگار وشەیەکی لە دژی یاقوب نارد و
    بەسەر ئیسرائیلدا کەوت.
گەل هەموو دەزانن،
    ئەفرایم و دانیشتووانی سامیرە،
بە لووتبەرزی و
    فیزی دڵەوە دەڵێن:
10 «خشت ڕووخا،
    بەڵام بە بەردی تاشراو بنیاد دەنێینەوە،
هەنجیرە کێوی بڕایەوە،
    بەڵام داری ئورز لە شوێنی دادەنێین.»
11 یەزدان دوژمنانی ڕەچینی پاشای لێ هەڵدەستێنێت،
    ناحەزانی جۆش دەدات.
12 ئارامییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و فەلەستییەکان لە ڕۆژئاواوە
    پڕ بە دەم ئیسرائیل هەڵدەلووشن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

13 گەل هێشتا نەگەڕایەوە لای لێدەرەکەی،
    ڕوویان لە یەزدانی سوپاسالار نەکرد.
14 یەزدان لە ئیسرائیل سەر و کلک دەبڕێت،
    دار خورما و قامیش لە یەک ڕۆژدا،
15 پیر و پیاوماقوڵ سەرە،
    پێغەمبەر کە بە درۆ فێر دەکات کلکە.
16 ڕابەرانی ئەم گەلە بوون بە چەواشەکار،
    ئەوانەی ڕابەرایەتی دەکرێن سەریان لێ شێواوە.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار دڵخۆش نابێت بە گەنجەکانیان،
    بەزەیی نایەتەوە بە هەتیو و بێوەژنەکانیان،
چونکە هەموو خوانەناس و خراپەکارن،
    هەموو دەمەکان بە گێلی دەدوێن.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

18 بێگومان بەدکاری وەک ئاگر دەسووتێت،
    دڕکوداڵ دەخوات،
گڕ لە دەوەنی دارستان بەردەدات،
    ستوونی دووکەڵ لوول دەخوات.
19 بە جۆشی تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار
    خاکەکە دەسووتێت،
گەلیش دەبێت بە سووتەمەنی ئاگر،
    پیاو دڵی بە برای خۆی ناسووتێ.
20 لای ڕاست لێ دەکاتەوە و
    هەر برسییە،
لای چەپ دەخوات و
    تێر نابێت.
پیاو گۆشتی قۆڵی خۆی دەخوات:
21 مەنەشە ئەفرایم دەخوات و ئەفرایمیش مەنەشە،
    هەردووکیان پێکەوە لە دژی یەهودا هەڵدەگەڕێنەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

10 قوڕبەسەر فەرزدانەرانی فەرزی بەدکاری و
    ئەو تۆمارکارانەی ستەم تۆمار دەکەن،
بۆ ئەوەی دەست بنێن بە ڕووی هەژارانەوە لە دادوەری و
    مافی نەدارانی گەلەکەم بخۆن،
بۆ ئەوەی بێوەژنان ببن بە دەستکەوتیان و
    هەتیوانیش تاڵان بکەن.
لە ڕۆژی سزا چی دەکەن،
    کاتێک ماڵوێرانی لە دوورەوە دێت؟
بۆ لای کێ هەڵدێن بۆ یارمەتی و
    گەنجینەتان لەکوێ بەجێدەهێڵن؟
بێجگە لە چۆکدادان لەژێر دیل و
    کەوتن لەژێر کوژراوەکان.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

حوکمی خودا بەسەر ئاشور

«قوڕبەسەر ئاشور، داردەستی تووڕەییم،
    هەڵچوونم گۆچانە بە دەستیەوە.
بۆ سەر نەتەوەیەکی خوانەناس دەینێرم،
    فەرمانی پێدەدەم بۆ سەر ئەو گەلەی تووڕەییم لێی دەجۆشێت،
تاکو دەستکەوتی دەست بکەوێت و تاڵان بکات،
    هەتا بیکات بە پێشێلکراو وەک قوڕی کۆڵانان.
بەڵام ئەو وا بیر ناکاتەوە،
    دڵی وا لێکیان ناداتەوە،
چونکە لە دڵیدایە وێران بکات،
    گەلانێک ببڕێتەوە کە کەم نین.
چونکە دەڵێت: ”ئایا هەموو میرەکانم پاشا نین؟
    ئایا کەلنۆ وەک کەرکەمیش نییە؟
یان حەمات وەک ئەرپاد؟
    یان سامیرە وەک دیمەشق؟
10 وەک چۆن دەستم بە شانشینی بتەکان گەیشت و
    وێنەی بتەکانیان زۆرترن لەوانەی ئۆرشەلیم و لەوانەی سامیرە.
11 ئایا وەک ئەوەی بە سامیرە و بە بتەکانی ئەوم کرد،
    وا بە ئۆرشەلیم و بە وێنەی بتەکانی ناکەم؟“»

12 دوای ئەوەی پەروەردگار هەموو ئیش و کارەکەی لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم تەواو دەکات، دەڵێت: «سزای بەروبوومی بەفیزی دڵی پاشای ئاشور و شانازی لووتبەرزییەکەی دەدەم، 13 چونکە دەڵێت:

«”بە توانای دەستی خۆم کردم و
    بە داناییەکەم، چونکە تێگەیشتووم،
سنووری گەلانم گواستەوە و
    گەنجینەکانی ئەوانم تاڵان کرد،
    وەک دلێرێک پاشاکانی ئەوانم ملکەچ کرد،
14 دەستم گەیشتە سامانی گەلان،
    وەک چۆن دەست دەگاتە هێلانە؛
وەک کۆکردنەوەی هێلکەی بەجێماو،
    هەموو زەویم کۆکردەوە،
کەسیش نەبوو باڵی لێک بدات
    یان دەمی بکاتەوە و ورتەیەکی لێ بێت.“»

15 تەور شانازی دەکات بەسەر ئەو کەسەی پێی دەبڕێتەوە،
    یان مشار خۆی بە زل دەزانێت بەسەر ئەو کەسەی دەیبات و دەیهێنێت؟
وەک ئەوەی داردەست هەڵگرەکەی ڕاوەشێنێت
    وەک ئەوەی گۆچان ئەو کەسە بەرز بکاتەوە کە دار نییە.
16 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
    لەڕی دەنێرێتە ناو پاڵەوانە بەهێزەکان،
لەژێر شکۆمەندییەکەشی پشکۆیەک دادەگیرسێنێت
    وەک داگیرسانی ئاگر.
17 ڕووناکی ئیسرائیل[a] دەبێت بە ئاگر و
    پیرۆزەکەشی بە گڕ،
دەیسووتێنێت و دەیخوات چقڵ و دڕکەکەی
    لە یەک ڕۆژدا.
18 چڕی دارستان و باخەکانی بە تەواوی لەناودەبات،
    گیان و لەش پێکەوە
    وەک توانەوەی نەخۆش دەبێت.
19 پاشماوەی داری دارستانەکانی ئەوەندە کەم دەبن
    منداڵێک دەتوانێت بیانژمێرێت.

پاشماوەی ئیسرائیل

20 لەو ڕۆژەدا، پاشماوەی ئیسرائیل و
    دەربازبووەکانی بنەماڵەی یاقوب،
چیتر پشت نابەستن
    بەوانەی لێیان دەدەن،
بەڵکو بەڕاستی بە یەزدان و
    بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل پشت دەبەستن.
21 پاشماوە دەگەڕێتەوە، پاشماوەی یاقوب
    بۆ لای خودای توانادار.
22 چونکە ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەلت بەقەد لمی دەریا بێت،
    تەنها پاشماوەی لێ دەگەڕێتەوە.
بڕیاری قڕبوون دراوە،
    لافاوی ڕاستودروستییە.
23 یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار
    بڕیاری وێرانکردنی هەموو خاکەکە جێبەجێ دەکات.

24 بەڵام یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:

«ئەی گەلی من کە لە سییۆن دانیشتووی،
    لە ئاشور مەترسە
کە بە داردەست لێت دەدات و
    گۆچانەکەی لێت بەرز دەکاتەوە لەسەر شێوازی میسرییەکان.
25 چونکە بەم زووانە هەڵچوونم لەسەر ئێوە نامێنێت و
    تووڕەییم بۆ لەناوچوونی ئەوان دەبێت.»

26 یەزدانی سوپاسالار بە قامچی لێی دەدات
    وەک لێدانەکەی میدیان لەلای تاشەبەردی عۆرێڤ و
گۆچانەکەی بەسەر دەریاوەیە
    لەسەر شێوازی میسرییەکان بەرزی دەکاتەوە.
27 جا لەو ڕۆژەدا،
    باری لەسەر شانت لادەچێت و
نیری[b] لەسەر ملت،
    لەبەر قەڵەوبوونت نیر دەتەقێت.

28 گەیشتە[c] عەییات،
    لە میگرۆن پەڕییەوە،
    لە میخماس کەلوپەلەکانی خۆی دانا.
29 ئەوان لە دەربەندەکە دەپەڕنەوە و دەڵێن:
    «گەڤەع شوێنی شەو مانەوەیە.»
ڕامە داچڵەکی،
    گیڤعای شاول هەڵات.
30 ئەی دانیشتووانی شاری گەلیم، بە دەنگی خۆت بحیلێنە!
    ئەی لەیشا، گوێ بگرە!
    داماوە عەناتۆت.
31 مەدمێنا ڕایکردووە،
    خەڵکی گێڤیم پەناگیر بوون.
32 ئەمڕۆ لە نۆڤ دەوەستن،
    بە ڕاوەشاندنی دەست هەڕەشە دەکەن
لە کێوەکەی شاری سییۆن،
    لە گردەکەی ئۆرشەلیم.

33 ئەوەتا یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار
    بە هێزێکی تۆقێنەر لق دەبڕێتەوە.
باڵا بەرزەکان دەبڕدرێنەوە،
    لووتبەرزەکان نزم دەکرێن.
34 چڕی دارستانەکان بە تەور دەبڕێتەوە،
    لوبنانیش بەرامبەر بە خودای توانادار دەکەوێت.

لقەکە لە بنەماڵەی یەسا

11 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
    لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
    ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
    ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
بە لەخواترسی شادمان دەبێت.

بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
    بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
    بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
    بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
    دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.

گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
    پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
    منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
    بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
    شێر وەکو گا کا دەخوات.
کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
    لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
    چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
    هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.

10 لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. 11 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش[d]، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.

12 ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
    دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
    لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13 بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
    هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
    یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14 پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
    خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
    عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15 یەزدان کەنداوی دەریای میسر
    تێکوپێک دەدات،
بە بایە سووتێنەرەکەی
    دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
    بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16 دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
    ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
    لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.

گۆرانی ستایش

12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
    «ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
    بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
    دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
    ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
    لە کانییەکانی ڕزگاری.

لەو ڕۆژەدا دەڵێن:

«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
    وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
    باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
    چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
    با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
    چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.