Chronological
قوڕبەسەر لەخۆڕازییەکان
6 ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن،
ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین،
ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان
کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان!
2 بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن،
لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و
پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن.
ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟
یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟
3 ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و
تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە،
4 لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و
لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون.
ئێوە بەرخی ناو ڕان و
جوانەگای قەڵەو دەخۆن.
5 لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە
وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن.
6 بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و
بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن،
بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن.
7 لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و
چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت.
قێزی یەزدان لە شانازی ئیسرائیل
8 یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
«من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و
ڕقم لە قەڵاکانییەتی،
ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.»
9 وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. 10 ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک تاوەکو بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.»
11 چونکە یەزدان فەرمان دەدات،
لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات،
ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات.
12 ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟
یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟
بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و
بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت.
13 ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن،
دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟»
14 چونکە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت:
«ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە،
لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا
تەنگتان پێهەڵچنن.»
شێوەی کوللە و ئاگر و شاووڵێک
7 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گژوگیا شێوەی کوللەی دەکێشا، گژوگیاکە پاش دروێنەی بەشەکەی پاشایە. 2 پاش ئەوەی لە خواردنی گژوگیای خاکەکە بووەوە، گوتم: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە ببەخشە! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
3 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە و فەرمووی: «ئەمە ڕوونادات.»
4 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام: ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بۆ دادگاییکردن بە ئاگر بانگەشەی کرد، ئاگرەکە دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] لووشدا، خاکەکەشی خوارد. 5 ئینجا گوتم: «یەزدانی باڵادەست، تکایە با بەس بێت! یاقوب چۆن هەستێتەوە، چونکە بچووکە!»
6 یەزدان لەمە پاشگەز بووەوە.
یەزدانی باڵادەست فەرمووی: «هەروەها ئەمەش ڕوونادات.»
7 ئاوای پیشان دام: پەروەردگار لەسەر دیوارێکی دروستکراو ڕاوەستاوە و شاووڵێکی لەدەست بوو. 8 یەزدان پێی فەرمووم: «ئامۆس تۆ چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «شاووڵ.»
ئینجا پەروەردگار فەرمووی: «ئەوەتا من شاووڵێک لەناوەڕاستی ئیسرائیلی گەلمدا دادەنێم، پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
9 «نزرگەکانی ئیسحاق لەسەر بەرزاییەکان چۆڵ دەبن و
پیرۆزگاکانی ئیسرائیل وێران دەبن،
بە شمشێرەوە هەڵدەکوتمە سەر ماڵی یارۆڤعام.»
ئامۆس و ئەمەسیا
10 جا ئەمەسیای کاهینی بێتئێل پەیامی بۆ یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل نارد و گوتی: «ئامۆس لەناوەڕاستی ماڵی ئیسرائیلدا پیلانی لە دژت گێڕاوە، خاکەکە ناتوانێت بەرگەی هەموو قسەکانی بگرێت.» 11 چونکە ئامۆس وای گوتووە:
«”یارۆڤعام بە شمشێر دەکوژرێت،
ئیسرائیل لە خاکەکەی خۆی
بێگومان ڕاپێچ دەکرێت.“»
12 ئینجا ئەمەسیا بە ئامۆسی گوت: «ئەی پێشبینیکەر، بڕۆ ڕابکە بۆ خاکی یەهودا، لەوێ نان بخۆ و لەوێ پێشبینی بکە. 13 بەڵام چیتر لە بێتئێل پێشبینی مەکە، چونکە پیرۆزگای پاشایە و پەرستگای پاشایەتییە.»
14 ئامۆسیش وەڵامی دایەوە و بە ئەمەسیای گوت: «من پێغەمبەر نەبووم و کوڕی پێغەمبەریش نیم، بەڵکو من گاوانم و باخەوانی دار هەنجیری کێویم. 15 بەڵام یەزدان لەسەر مێگەلەکەوە هەڵیگرتم، یەزدان پێی فەرمووم: ”بڕۆ پێشبینی بۆ ئیسرائیلی گەلی من بکە.“ 16 ئێستاش گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە، تۆ دەڵێیت:
«”پێشبینی لەسەر ئیسرائیل مەکە،
لێدووان لە دژی بنەماڵەی ئیسحاق مەدە.“
17 «لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ژنەکەت لە شاردا لەشفرۆشی دەکات،
کوڕ و کچەکانت بە شمشێر دەکوژرێن،
زەوییەکەت بە گوریس دابەش دەکرێت،
خۆشت لەسەر خاکێکی گڵاودا دەمریت،
ئیسرائیلیش لە خاکەکەی خۆی
بە دیلی ڕاپێچ دەکرێت.“»
سەبەتەیەک میوەی گەییو
8 یەزدانی باڵادەست ئاوای پیشان دام، سەبەتەیەک میوەی گەییو. 2 جا فەرمووی: «ئەی ئامۆس، چی دەبینیت؟»
منیش گوتم: «سەبەتەیەک میوەی گەییو.»
ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی گەلی من گەیشتە کۆتایی. پاش ئەمە چیتر دەستی لێ ناپارێزم!
3 «لەو ڕۆژەدا گۆرانییەکانی پەرستگا دەبن بە ناڵین، تەرمەکان زۆرن و لە هەموو شوێنێکدا فڕێدراون، سەراپا کپە!» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
4 ئەی ئەوانەی هەناسەبڕکێتانە بەدوای نەدارانەوە،
هەتا کۆتایی بە هەژارانی زەوی بهێنن،
گوێتان لەمە بێت:
5 ئێوە دەڵێن،
«کەی جەژنی سەرەمانگ بەسەردەچێت
تاکو ئێمە دانەوێڵە بفرۆشین،
کەی ڕۆژی شەممە تەواو دەبێت،
تاکو گەنم بخەینە بازاڕەوە؟»
بۆ ئەوەی پێوانە کەم بکەنەوە و
نرخ زیاد بکەن و
فێڵ لە تەرازوو بکەن،
6 بۆ ئەوەی هەژاران بە زیو بکڕن و
نەداران بە جووتێک پێڵاو و
بن بێژنگی گەنم بفرۆشن.
7 یەزدان سوێندی بە شانازی یاقوب خوارد: «هەتاهەتایە کردەوەکانیان لەیاد ناکەم.»
8 «ئایا لەبەر ئەمە زەوی نالەرزێت و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن ناگێڕن؟
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر هەڵدەکشێت و دادەکشێتەوە.»
9 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت:
«جا لە نیوەڕۆدا ئەو ڕۆژەدا خۆر ئاوا دەکەم و
لە ڕۆژی ڕووناکدا زەوی تاریک دەکەم.
10 جەژنەکانتان دەگۆڕم بە شیوەن و
هەموو گۆرانییەکانتان بە لاوانەوە.
جلوبەرگی گوش[b] دەکەمە بەر هەمووتان و
قژ بەسەرتانەوە ناهێڵم.
دەیکەم بە شیوەنی تاقانە و
کۆتاییەکەشی وەک ڕۆژێکی تاڵ.»
11 یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: «سەردەمێک دێت،
قاتوقڕی دەنێرمە سەر خاکەکە،
نەک قاتوقڕی بۆ نان و تینووێتی بۆ ئاو،
بەڵکو بۆ گوێگرتن لە وشەکانی یەزدان.
12 جا لە دەریایەکەوە بۆ دەریایەک و
لە باکوورەوە بۆ ڕۆژهەڵات وێڵ دەبن،
بەدوای پەیامی یەزداندا دەگەڕێن،
بەڵام نایدۆزنەوە.
13 لەو ڕۆژەدا پاکیزە جوانەکان و کوڕە لاوەکان
لە تینووێتیدا دەبوورێنەوە.
14 ئەوانەی سوێند بە تاوانی سامیرە دەخۆن و
دەڵێن: ”ئەی دان، بە خوداوەندەکەت کە زیندووە…“ و
”بەو ڕێگایەی بیری شابەع کە زیندووە…“
جا دەکەون و
ئیتر هەڵناستنەوە.»
ڕووخاندنی ئیسرائیل
9 پەروەردگارم بینی لەلای قوربانگاکەوە ڕاوەستابوو و فەرمووی:
«لە سەری کۆڵەکەکان بدە
هەتا بەردەرگاکان بلەرنەوە،
بیانشکێنە بەسەر سەری هەموویاندا و
ئەوانەی لێیان ماونەتەوە بە شمشێر دەیانکوژم.
کەسیان لێ هەڵنایەت و
کەسیشیان لێ دەرباز نابێت.
2 ئەگەر بەرەو جیهانی مردووان هەڵبکۆڵن،
لەوێوە دەستم دەیانگرێت؛
ئەگەر بۆ ئاسمانیش سەربکەون،
لەوێوە دایاندەگرمە خوارەوە؛
3 ئەگەر لە لووتکەی کارمەل خۆیان بشارنەوە،
لەوێ بە شوێنیاندا دەگەڕێم و دەیانگرم؛
ئەگەر لە بنی دەریا خۆیان لەبەرچاوم بشارنەوە،
لەوێ فەرمان بە مار دەدەم و پێیانەوە دەدات.
4 ئەگەر لەپێش دوژمنەکانیانەوە ڕاپێچ کران،
لەوێ فەرمان بە شمشێر دەدەم و دەیانکوژێت.
«چاوەکانم دەبڕمە سەریان
بۆ خراپە نەک بۆ چاکە.»
5 یەزدانیش، پەروەردگاری سوپاسالار،
ئەوەی دەست لە زەوی دەدات، زەوی دەتوێتەوە و
هەموو دانیشتووانەکەی شیوەن دەگێڕن،
هەموو خاکەکە وەک ڕووباری نیل هەڵدەکشێت،
وەک ڕووباری میسر دادەکشێت.
6 ئەوەی لە ئاسمان کۆشکی خۆی بنیاد دەنێت و
لە زەویش بناغەی خۆی دادەمەزرێنێت،
ئەوەی بانگی ئاوی دەریا دەکات و
بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕژێنێت،
ناوی یەزدانە.
7 «ئەی نەوەی ئیسرائیل،
ئایا ئێوە بۆ من وەک نەوەی کوشییەکان[c] نین؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«ئایا ئیسرائیلم لە خاکی میسرەوە نەهێنایە دەرەوە و
فەلەستییەکان لە کریتەوە و
ئارامییەکان لە قییرەوە؟
8 «بە دڵنیاییەوە چاوەکانی یەزدانی باڵادەست
لەسەر پاشایەتییە گوناهبارەکەن.
لەناوی دەبەم لەسەر ڕووی زەوی،
بەڵام بنەماڵەی یاقوب بە تەواوی لەناو نابەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
9 «چونکە من فەرمان دەدەم و
لەنێو هەموو نەتەوەکان بنەماڵەی ئیسرائیل لە بێژنگ دەدەم،
وەک چۆن بە بێژنگ لە بێژنگ دەدرێت
بێ ئەوەی دەنکێک بکەوێتە سەر زەوی.
10 هەموو گوناهبارانی گەلەکەم
بە شمشێر دەکوژرێن،
هەموو ئەوانەی دەڵێن:
”بەڵا نزیک نابێتەوە و نایەتە ناومان.“
بنیادنانەوەی ئیسرائیل
11 «لەو ڕۆژەدا چادرە ڕووخاوەکەی داود
هەڵدەدەمەوە.
شوورابەندە شکێنراوەکانی بنیاد دەنێمەوە،
ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،
وەک ڕۆژانی ڕابردوو بنیادی دەنێمەوە،
12 تاکو ئەوەی دەبنە خاوەنی پاشماوەی نەتەوەی ئەدۆم و
هەموو ئەو نەتەوانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کردارانە ئەنجام دەدات.
13 یەزدان دەفەرموێت:
«سەردەمێک دێت جوتیار بە سەپان دەگاتەوە و
شێلەری ترێش بە چێنەری تۆو.
چیاکان خۆشاوی ترێیان لێ دەتکێت و
هەموو گردەکانیش لێیان دەچۆڕێتەوە.
14 ڕاپێچکراوانی ئیسرائیلی گەلەکەم دەگەڕێنمەوە.
«شارە کاولکراوەکان بنیاد دەنێنەوە و تێیدا نیشتەجێ دەبن.
ڕەزەمێو دەچێنن و شەرابەکەی دەخۆنەوە،
باخ دەچێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
15 لە خاکەکەیاندا دەیانچێنم،
هەرگیز لەو خاکەکەی کە پێم داون هەڵناکەنرێن.»
یەزدانی پەروەردگارت دەفەرموێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.