Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 5-8

گۆرانی ڕەزەمێوەکە

با گۆرانی بڵێم بۆ خۆشەویستەکەم،
    گۆرانی خۆشەویستەکەم بۆ ڕەزەمێوەکەی:
خۆشەویستەکەم ڕەزەمێوێکی هەبوو
    لەسەر گردێکی بەپیت.
بنکۆڵی کرد و بەردی لێ بژار کرد،
    شامێویشی لێ چاند.
قوللەیەکی چاودێری لەناوەڕاست بنیاد نا،
    هەروەها گوشەرێکی تێدا هەڵکۆڵی.
بە هیوا بوو ترێ بگرێت،
    بەڵام پەسیرەی[a] کێوی گرت.

«ئێستا ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ئەی پیاوانی یەهودا،
    تکایە لەنێوان من و ڕەزەمێوەکەم دادوەری بکەن.
چی دی هەیە بۆ ڕەزەمێوەکەم بکرێت کە
    من نەمکردبێت؟
کاتێک من هیوادار بووم ترێ بگرێت
    بۆچی پەسیرەی کێوی گرت؟
ئێستا پێتان دەڵێم
    چی لە ڕەزەمێوەکەم دەکەم:
پەرژینەکەی لێ دەکەمەوە و
    دەبێتە لەوەڕگا،
دیوارەکەی دەڕووخێنم،
    دەبێتە پێپەست.
دەیکەمە کەلاوە،
    نە پەرچ دەکرێت و نە ژێری هەڵدەدرێتەوە،
دڕکوداڵ سەرهەڵدەدات.
    فەرمان بە هەورەکان دەکەم
باران بەسەریدا نەبارێنن.»

ڕەزەمێوی یەزدانی سوپاسالار
    بنەماڵەی ئیسرائیلە و
پیاوانی یەهوداش
    نەمامی شادی ئەون.
بە هیوای دادوەری بوو، بەڵام ئەوەتا خوێنڕژانە؛
    بە هیوای ڕاستودروستی بوو، بەڵام ئەوەتا داد و بێدادە.

دادوەری یەزدانی سوپاسالار

قوڕبەسەر ئەوانەی خانوو بە خانووەوە دەلکێنن و
    کێڵگە لە کێڵگە نزیک دەکەنەوە
هەتا هیچ جێیەک نەما و
    بە تەنها خۆتان لە خاکەکە نیشتەجێ بوون.

بە ڕاستی گوێم لێ بوو کە یەزدانی سوپاسالار فەرمووی:

«بێگومان کۆشکی مەزن دەبێتە کەلاوە،
    خانووی گەورە و خۆشیش چوڵەوانی.
10 چونکە جێی دە دۆنم ڕەزەمێو، یەک بەت[b] شەراب بەرهەم دەهێنێت و
    حۆمەرێک[c] تۆویش ئێفەیەک[d] بەرهەم دەهێنێت.»

11 قوڕبەسەر ئەوانەی بەیانییان زوو هەڵدەستن
    بەدوای شەراب دەکەون،
لە زەردەپەڕی ئێواران دوا دەکەون
    مەی گڕی تێبەرداون.
12 قیسارە و ساز، دەف و شمشاڵ و
    شەراب بووە بە خەو و خۆراکیان،
بەڵام ئاوڕ لە کاری یەزدان نادەنەوە،
    دەستکردەکانی نابینن.
13 لەبەر ئەوە گەلەکەم لەبەر نەزانی ڕاپێچ دەکرێن،
    سەنگینەکانی لە برسان دەمرن،
    سادە و ساکارەکانی لە تینووان وشک دەبن.
14 لەبەر ئەوە جیهانی مردووان خۆی پانوپۆڕ کرد و
    بێ ئەندازە دەمی خۆی کردەوە،
تاکو بەگزادە و ڕەشۆکی و شەڕانگێزان،
    لەگەڵ هەموو ئەوانەش کە شانازی بە ئۆرشەلیم دەکەن، شۆڕ ببنەوە ناوی.
15 مرۆڤ دەچەمێتەوە و
    پیاو نزم دەبێت،
    چاوی بەفیزان نزم دەبێت،
16 بەڵام یەزدانی سوپاسالار بە دادوەری بە گەورە دەزانرێت،
    خودای پیرۆز بە ڕاستودروستییەکەی دەردەکەوێت کە پیرۆزە.
17 مەڕەکان دەلەوەڕێن وەک لە لەوەڕگای خۆیان،
    بەرخەکانیش لە کەلاوەی دەوڵەمەندەکان دەلەوەڕێن.

18 قوڕبەسەر ئەوانەی بە پەتی پووچی تاوان ڕادەکێشرێن،
    گوناهیش وەک گوریسی عەرەبانە،
19 ئەوانەی دەڵێن: «با خودا پەلە بکات،
    با خێرا بێت لە کارەکەی
    بۆ ئەوەی ببینین.
با نزیک بێتەوە و بێتە دی،
    هەتا بزانین پلانی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.»

20 قوڕبەسەر ئەوانەی بە خراپ دەڵێن چاک و
    بە چاکیش دەڵێن خراپ،
ئەوانەی تاریکی دەکەن بە ڕووناکی و
    ڕووناکیش دەکەن بە تاریکی،
ئەوانەی تاڵ دەکەن بە شیرین و
    شیرین دەکەن بە تاڵ.

21 قوڕبەسەر ئەوانەی لەبەرچاوی خۆیان دانان،
    لەلای خۆیان تێگەیشتوون.

22 قوڕبەسەر ئەوانەی لە شەراب خواردنەوە پاڵەوانن،
    پیاوی ئازان بۆ تێکەڵکردنی مەی،
23 بۆ بەرتیل خراپەکار بێتاوان دەکەن،
    ڕاستودروستانیش لە مافی خۆیان بێبەش دەکەن.
24 لەبەر ئەوە وەک کا بە زمانی ئاگر قووت بدرێت،
    وەک گژوگیای گڕگرتوو داکەوێت،
ڕەگیان وەک کەڕووی لێدێت،
    خونچەیان وەک تۆز بەرز دەبێتەوە؛
چونکە فێرکردنی یەزدانی سوپاسالاریان ڕەتکردەوە،
    سووکایەتییان بە وشەی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل کرد.
25 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لەسەر گەلەکەی جۆشا،
    دەستی بۆ درێژکرد و لێیدا.
چیاکان هەژان و
    جەستەکانیان وەک زبڵی سەر شەقامەکانی لێهات.

لەگەڵ هەموو ئەوەشدا تووڕەییەکەی دانەمرکایەوە،
    هێشتا دەستی درێژکردووە.

26 ئاڵا بۆ نەتەوە دوورەکان بەرز دەکاتەوە،
    فیکە بۆ ئەوانە دەکێشێت کە لەوپەڕی زەوین.
    ئەوەتا خێرا بە پەلە دێن!
27 نە ماندوو لەنێویاندایە و نە شەکەت،
    نە دەخەوێت و نە خەواڵو دەبێت،
نە پشتێنی ناوقەدی دەکرێتەوە و
    نە ئاوزەنگی[e] پێڵاوەکانی دەپچڕێت.
28 ئەوانەی تیرەکانیان تیژ و
    کەوانەکانیان توند کراوە،
سمی ئەسپەکانیان وەک بەردەئەستێن،
    چەرخەی گالیسکەکانیان وەک گەردەلوولە.
29 نەڕەیان وەک نەڕەی شێرە مێیە و
    وەک بەچکە شێر دەنەڕێنن،
دەمڕێنن و نێچیر دەگرن،
    دەیبەن و کەس ڕزگاریان ناکات.
30 لەو ڕۆژە بەسەریدا دەنەڕێنن،
    وەک هاژەی دەریا.
دەڕواننە خاکەکە و دەبینن
    وا تاریکییەکی تەنگە،
    ڕووناکیش بە هەورەکانی تاریک بووە.

دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک

لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. سەرافیمەکان[f] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:

«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
    شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»

چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.

گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»

ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»

ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»

منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»

ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:

«”هەمیشە ببیستن بەڵام تێمەگەن،
    هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام مەبینن.“
10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
    گوێی گران بکە و
    چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
    بە گوێی ببیستێت،
    بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»

11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»

ئەویش فەرمووی:

«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
    بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
    کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
12 با وای لێ بێت یەزدانیش مرۆڤ دووربخاتەوە و
    شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
    جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
    کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
    پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»

نیشانەی ئیمانوێل

لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.

هەروەها بە بنەماڵەی داود[g] ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.

یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن. لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان، ’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘ یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت:

«”سەرناگرێت و نابێت،
چونکە سەری ئارام دیمەشقە و
    سەری دیمەشقیش ڕەچینە،
لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا
    ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و
    سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە.
ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن،
    لە دڵنیاییدا نابن.“»

10 جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو: 11 «بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»

12 ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»

13 ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟ 14 لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل[h]. 15 دەڵەمە[i] و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، 16 چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی. 17 یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، لە ڕۆژی هەڵگەڕانەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. واتە پاشای ئاشور.»

یەزدان ئاشور بەکاردەهێنێت

18 لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن. 19 جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە. 20 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت. 21 لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو مەڕ بەخێو دەکات، 22 جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن. 23 لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل[j] زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ. 24 بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ. 25 هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.

ئیشایا و منداڵان وەک نیشانە و هێما

یەزدان پێی فەرمووم: «پارچە چەرمێکی گەورە بۆ خۆت ببە و بە پێنووسی قامیش لەسەری بنووسە: ”مەهێر شالال حاش بەز.[k]“» هەروەها دوو شایەتی سەرڕاست بۆ خۆم بکەم بە شایەت، ئوریای کاهین و زەکەریای کوڕی یەڤەرەخیا.

لە پێغەمبەرە ژن[l] نزیک بوومەوە و سکی بوو و کوڕێکی بوو. یەزدانیش پێی فەرمووم: «ناوی بنێ: مەهێر شالال حاش بەز، چونکە بەر لەوەی منداڵەکە بزانێت بڵێت ”بابە“ و ”دایە،“ سامانی دیمەشق و دەستکەوتی سامیرە دەهێنرێتە بەردەم پاشای ئاشور.»

ئینجا یەزدان دووبارە قسەی لەگەڵمدا کردەوە و فەرمووی:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە
    ئاوی هێمنی شیلۆوەحی[m] ڕەتکردەوە،
دڵخۆش بوو بە ڕەچین و
    کوڕەکەی ڕەمەلیاهو،
لەبەر ئەوە پەروەردگار خەریکە
    ئاوی ڕووبارە[n] بەهێز و زۆرەکە بەسەریاندا هەڵدەستێنێت،
    مەبەست لە پاشای ئاشور و هەموو شکۆمەندییەکەیەتی.
جا بەسەر هەموو جۆگەکانیدا سەردەکەوێت و
    بەسەر هەموو کەنارەکانیدا دەڕوات،
بەناو یەهودا ڕەت دەبێت، هەڵدەچێت و
    تێدەپەڕێت هەتا دەگاتە گەردن،
لێککشانی باڵەکانی پڕ بە پانتایی خاکەکەتە،
    ئەی ئیمانوێل!»

ئەی گەلینە، گەلەکۆمە بکەن و بشکێنەوە!
    ئەی هەموو خاکە دوورەکانی جیهان، گوێ بگرن:
خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
    خۆتان توند بکەن و بشکێنەوە!
10 ڕاوێژ بکەن، پووچ دەبێت،
    قسە بکەن، سەرناگرێت،
چونکە خودا لەگەڵمانە.[o]

11 یەزدان بەم جۆرەی پێ فەرمووم، کە دەستی گرتم و ئاگاداری کردمەوە بە ڕێگای ئەم گەلەدا نەڕۆم:

12 «مەڵێ ”پیلانگێڕییە!“
    بە هەموو ئەوەی ئەم گەلە پێی دەڵێت پیلانگێڕی،
مەترسە لەوەی کە ئەوان لێی دەترسن،
    مەتۆقە.
13 تەنها یەزدانی سوپاسالار بە پیرۆز دابنێ و
    دەبێ لەو بترسی،
    لەو بتۆقی.
14 ئەو دەبێتە پیرۆزگا،
    بەڵام بۆ هەردوو بنەماڵەکەی ئیسرائیل
دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.
بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم
    دەبێت بە تەڵە و داو.
15 زۆر کەس ساتمەی لێ دەکەن و دەکەون،
    دەکەون و تێکدەشکێن،
    بە داوەوە دەبن و دەگیرێن.»

16 ئەم شایەتییە بۆ ئاگادارکردنەوە بپێچەوە،
    فێرکردنەکە بە قوتابییەکانم مۆر بکە.
17 چاوەڕێی یەزدان دەکەم،
    ئەو کە ڕووی خۆی لە بنەماڵەی یاقوب شاردووەتەوە،
پشتبەستنم بەوە.

18 ئەوەتا خۆم و ئەو منداڵانەی یەزدان پێیداوم، وەک نیشانە و هێما لەناو ئیسرائیل، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە کە لە کێوی سییۆن نیشتەجێیە.

تاریکی دەبێتە ڕووناکی

19 کە پێتان دەڵێن: «”پرسیار لە نێوانگرەکان[p] و ڕۆح ئامادەکاران[q] بکەن کە ورتەورت و چپەچپیانە،“ پێیان بڵێ: ”ئەی گەل، لە خوداکەتان بپرسن. ئایا لە پێناو زیندووان پرسیار لە مردووان دەکەن؟“ 20 بەرەو فێرکردنەکە و بەرەو شایەتییەکە! ئەگەر وەک ئەم قسەیە نەکەن، گزنگی بەیانییان نابێت. 21 بە سەختی و برسیێتییەوە پێیدا تێدەپەڕن، کاتێک برسی دەبن و قینیان هەڵدەستێت نەفرەت لە پاشای خۆیان و خودای خۆیان دەکەن و سەر هەڵدەبڕن. 22 ئینجا تەماشای زەوی دەکەن، ناخۆشی و تاریکی و ڕەشی دەبینن، فڕێدەدرێنە ناو تەنگانە و سێبەری مەرگ.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.