Chronological
1 خودا لە ماوەی پاشایەتی عوزیا و یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا، دەربارەی یەهودا و ئۆرشەلیم ئەم بینینانەی بۆ ئیشایای کوڕی ئامۆچ ئاشکرا کرد.
نەتەوەیەکی یاخی
2 ئەی ئاسمان گوێ بگرە و ئەی زەوی گوێ شل بکە،
چونکە یەزدان دەفەرموێت:
«چەند کوڕێکم گەورە کرد و پێم گەیاندن،
بەڵام ئەوان لێم یاخی بوون.
3 گا خاوەنەکەی خۆی دەناسێت و
گوێدرێژیش ئاخوڕی خاوەنی خۆی،
بەڵام ئیسرائیل من ناناسێت،
گەلی من تێناگات.»
4 قوڕبەسەر نەتەوەی گوناهبار،
بەسەر ئەو گەلەی تاوانی قورسە،
توخمی بەدکاران،
کوڕانی گەندەڵین!
وازیان لە یەزدان هێنا،
بە سووکییەوە تەماشای خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلیان کرد،
پشتیان لێی کرد.
5 بۆچی دووبارە لێتان بدرێتەوە؟
بۆچی بەردەوامن لە یاخیبوونتان؟
تەواوی سەر نەخۆشە و
هەموو دڵ بیمارە.
6 لە بنی پێ هەتا تەوقی سەر
کوا تەندروستی تێیدا؟
بەڵکو برین و شین و مۆر بوونەوەیە،
لێدانی تەڕ و تازە
کە نەگوشراوە و نەبەستراوە و
بە ڕۆن نەرم نەکراوە.
7 خاکەکەتان وێرانە،
شارەکانتان سووتاوە،
لەبەرچاوتان زەوییەکەتان
بێگانەکان دەیخۆن،
وێرانە وەک ئەوەی بێگانە هەڵاوگێڕی کردبێت.
8 سییۆنی کچ[a] ماوەتەوە،
وەک کەپر لەناو ڕەزەمێودا،
وەک خۆخ لەناو بێستانی خەیاردا،
وەک شارێکی ئابڵوقەدراو.
9 ئەگەر یەزدانی سوپاسالار
کەمێک دەربازبووی بۆ نەهێشتباینایەوە،
وەک سەدۆممان لێ دەهات،
لە عەمۆرا دەچووین.
10 گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
ئەی فەرمانڕەوایانی سەدۆم!
گوێ شل بکەن بۆ فێرکردنەکانی خودامان،
ئەی گەلی عەمۆرا!
11 یەزدان دەفەرموێت:
«بۆچیمە، زۆری قوربانییە سەربڕدراوەکانتان؟
تێربووم لە قوربانی سووتاندنی بەرانەکان و
لە چەوری دابەستەکان،
دڵخۆش نیم
بە خوێنی جوانەگا[b] و بەرخ و تەگەکان[c].
12 کە دێن بۆ بینینی ڕووم،
کێ داوای ئەمەی لێکردوون،
کە پێ بنێنە ناو حەوشەکانم؟
13 چیتر پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بێ کەڵک مەهێنن!
بخوور قێزەونە بۆ من.
سەرەمانگ و شەممە و بانگەوازی کۆبوونەوە،
تاوان و ئاهەنگگێڕان[d] پێکەوە، بەرگەی ئەمە ناگرم.
14 سەرەمانگ و جەژنەکانتان
گیانم ڕقی لێیانە.
بوون بە بارگرانی بۆم،
لێیان بێزار بووم.
15 کاتێک دەستتان پان دەکەنەوە،
چاوم لادەدەم لەسەرتان،
تەنانەت ئەگەر نوێژیش زۆر بکەن،
من گوێ ناگرم.
«دەستتان بە خوێن سوور بووە!
16 «خۆتان بشۆن، پاک ببنەوە.
خراپەی کردەوەکانتان
لەبەرچاوم لاببەن!
وازبهێنن لە خراپەکاری،
17 فێری چاکە بن!
بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن،
ستەملێکراوان هانبدەن.
دادوەری هەتیو بکەن،
پارێزەری بۆ بێوەژن بکەن.»
18 یەزدان دەفەرموێت:
«ئێستا وەرن یەکلایی بکەینەوە.
ئەگەر گوناهەکانتان سووری ئاڵ بێت،
وەک بەفر سپی دەبێتەوە؛
ئەگەر وەک قرمز سوور بێت،
وەک خوری لێدێت.
19 ئەگەر قایل بن و گوێ بگرن،
خێروبێری خاکەکە دەخۆن.
20 بەڵام ئەگەر قایل نەبن و یاخی بن،
بە شمشێر دەخورێن،»
چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.
21 «چۆن شارە دڵسۆزەکە
بوو بە لەشفرۆش!
پڕ دادوەری بوو،
ڕاستودروستی تێیدا دەمایەوە،
بەڵام ئێستا پیاوکوژان!
22 زیوت بوو بە خڵت و
شەرابت ئاوی تێکراوە.
23 میرەکانت یاخین و
دۆستی دزانن،
هەموو حەزیان لە بەرتیلە و
دوای پاداشت کەوتوون.
دادوەری بۆ هەتیو ناکەن،
سکاڵای بێوەژن ناگاتە لایان.»
24 لەبەر ئەوە یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
توانادارەکەی ئیسرائیل، دەفەرموێت:
«ئای، لە ناحەزانم دەحەسێمەوە و
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە.
25 دژ بە تۆ دەستم درێژ دەکەم،
بە تەواوەتی خڵتەکەت پاک دەکەمەوە،
هەموو خڵت و پیسییەکەت لێ دەکەمەوە.
26 ڕابەرانت دەگەڕێنمەوە وەک یەکەم جار و
ڕاوێژکارانت وەک لە سەرەتا.
پاش ئەمە پێت دەگوترێت
”شاری ڕاستودروستی“،
”شاری دڵسۆز“.»
27 بە دادپەروەری سییۆن دەکڕدرێتەوە،
تۆبەکارەکانیشی بە ڕاستودروستی.
28 بەڵام تێکشکانی یاخیبووان و گوناهباران پێکەوە دەبێت،
وازهێنەران لە یەزدانیش دەفەوتێن.
29 «شەرمەزار دەبن بەو دار بەڕووانەی
ئارەزووتان کرد،
تەریق دەبنەوە بەو باخچانەی
هەڵتانبژارد.
30 چونکە وەک دار بەڕووێکتان لێدێت کە گەڵاکانی وەریبێت و
وەک باخچەیەک ئاوی نەبێت.
31 مرۆڤی بەهێز دەبێت بە پەڕۆ و
ئیشوکارەکەشی بە پریشکی ئاگر،
جا هەردووکیان پێکەوە دەسووتێن و
کەس نابێت بیانکوژێنێتەوە.»
کێوی یەزدان
2 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
5 ئەی بنەماڵەی یاقوب وەرن،
با لەژێر ڕووناکی یەزداندا بڕۆین.
ڕۆژی یەزدان
6 چونکە وازت لە گەلەکەی خۆت هێنا،
لە بنەماڵەی یاقوب،
پڕ بوون لە بیروبۆچوونەکانی ڕۆژهەڵات و
وەک فەلەستییەکان بەخت دەخوێننەوە،
پابەند بوون بە نەریتی بتپەرستەکان.
7 خاکیان پڕبوو لە زێڕ و زیو،
گەنجینەکانی سنووریان نییە.
خاکیان پڕبوو لە ئەسپ و
گالیسکەکانی سنووریان نییە.
8 خاکیان پڕبوو لە بت،
کڕنۆشیان بۆ دەستکردی خۆیان برد،
کە بە پەنجەکانی خۆیان دروستیان کرد.
9 جا مرۆڤ دەچەمێتەوە و
ئادەمیزاد نزم دەبێتەوە،
لێیان خۆش مەبە.
10 لە ڕووی سامی یەزدان و
شکۆی مەزنییەکەی،
بڕۆ ناو کەلەبەرد و
لەناو خۆڵ خۆت بشارەوە!
11 چاوە بەفیزەکانی مرۆڤ نزم دەکات و
لووتبەرزی ئادەمیزاد دەچەمێنێتەوە،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت.
12 چونکە یەزدانی سوپاسالار ڕۆژێکی هەیە
لە دژی هەموو خۆبەزلزان و لووتبەرزێک،
لە دژی هەموو خۆهەڵکێشێک کە
نزم دەبنەوە،
13 لە دژی هەموو دار ئورزە بەرز و بڵندەکانی لوبنان،
لە دژی هەموو دار بەڕووەکانی باشان،
14 لە دژی هەموو چیا بەرزەکان و
لە دژی هەموو کێوە بڵندەکان،
15 لە دژی هەموو قوللەیەکی بەرز،
لە دژی هەموو شوورایەکی سەخت،
16 لە دژی هەموو کەشتییەکانی تەرشیش،
لە دژی هەموو دەستکردێکی دڵگیر.
17 جا فیزی مرۆڤ دەچەمێتەوە و
لووتبەرزی ئادەمیزاد نزم دەبێت،
لەو ڕۆژەدا تەنها یەزدان بە گەورە دەزانرێت و
18 هەموو بتەکان لەناودەچن.
19 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکان و
ناو چاڵەکانی خۆڵ.
20 لەو ڕۆژەدا مرۆڤ
ئەو بتە زیو و زێڕانەی
کە بۆ پەرستن دروستی کردوون،
بۆ مشکەکوێرە و بۆ شەمشەمەکوێرە فڕێدەدات.
21 کاتێک یەزدان بۆ هەژاندنی زەوی هەڵدەستێت،
مرۆڤ لە ڕووی سامی شکۆی مەزنییەکەی
دەچێتە ناو کەلێنی تاشەبەردەکانەوە و
بۆ کەلەبەرەکانی ناو تاوێرەکان.
22 دەست لە مرۆڤ بکێشنەوە!
ئەوەی تەنها هەناسەیەکی لە لووتدایە،
چونکە حیسابی چی بۆ دەکرێت؟
دادوەری لەگەڵ ئۆرشەلیم و یەهودا
3 چونکە ئەوەتا پەروەردگار،
یەزدانی سوپاسالار،
بەتەمایە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا دابماڵێت
پاڵپشتی و پشتگیری،
هەموو پاڵپشتییەکی نان و ئاو،
2 پاڵەوان و جەنگاوەر،
دادوەر و پێغەمبەر و
فاڵگرەوە و پیر و
3 سەرۆکی پەنجاکان و پیاوماقوڵان،
ڕاوێژکار و پیشەوەری دانا و نوشتەکەری تێگەیشتوو.
4 مێردمنداڵان دەکەم بە میریان،
منداڵان فەرمانڕواییان دەکەن.
5 گەل لەنێو خۆیان ستەم لە یەکتری دەکەن،
هەرکەسە و لە هاوڕێکەی.
مێردمنداڵ لە پیر ڕاست دەبێتەوە،
چروکیش لە سەنگین.
6 چونکە پیاو یەخەی برای خۆی دەگرێت
لە ماڵی باوکی و دەڵێت:
«تۆ کەوات هەیە، ببە بە سەرۆکمان و
ئەم کاولگەیەش لەژێر دەستتە!»
7 لەو ڕۆژەدا دەنگ بەرز دەکاتەوە و دەڵێت:
«نابم بە چارەساز،
نان و بەرگ لە ماڵەکەم نییە.
مەمکەن بە سەرۆکی گەل.»
8 ئۆرشەلیم شکست دەخوات و
یەهوداش دەکەوێت،
چونکە زمانیان و کردەوەکانیان لە دژی یەزدانە،
بۆ یاخیبوون لەبەرچاوی شکۆمەندییەکەی.
9 دیمەنی ڕوخساریان شایەتییان لەسەر دەدات،
وەک سەدۆم گوناهەکەیان ڕادەگەیەنن،
نایشارنەوە.
قوڕبەسەریان،
چونکە خراپە دەهێننە سەر خۆیان!
10 بڵێن، ڕاستودروستان خۆشحاڵن
چونکە بەری کردەوەکانی خۆیان دەخۆن.
11 قوڕبەسەر بەدکار! خراپەی بۆ دەبێت،
چونکە پاداشتی کردەوەکانی دەستی خۆی وەردەگرێت.
12 منداڵان ستەم لە گەلی من دەکەن و
ژنان فەرمانڕەوایەتی دەکەن.
گەلی من، ڕاستەڕێکارانت چەواشەکارن و
ڕێگای هاتوچۆی تۆیان تێکداوە.
13 یەزدان لە شوێنی دادوەر دانیشت،
هەستا بۆ حوکمدان بەسەر گەلان.
14 یەزدان دەست بە دادوەری دەکات،
لەگەڵ پیرانی گەلەکەی و میرەکانیان:
«ئێوە بوون ڕەزەمێوەکەتان لووشدا،
ڕووتانەوەی هەژاران لە ماڵەکانتانە.
15 ئەوە چیتانە، گەلەکەم وردوخاش دەکەن و
ڕووی هەژاران دەهاڕن؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، پەروەردگاری سوپاسالار.
16 یەزدان دەفەرموێت:
«کچانی سییۆن لەخۆبایی بوون،
گەردنیان دەرخستووە و
بە چاوبازییەوە دەڕۆن،
بە لارولەنجەوە دەڕۆن
بە زرنگەی لەرزانەی گۆزینگیان.
17 لەبەر ئەوە پەروەردگار تەپڵی سەری کچانی سییۆن کەچەڵ دەکات،
یەزدان ڕووتی ئەوان بەدەردەخات.»
18 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار جوانکاری دادەماڵێت: لەرزانە و لاسەرە و ملوانکە، 19 گوارە و بازن و پەچە، 20 سەرپێچ و قۆڵبەست و پشتێن و تەلیسم و چەناخە، 21 ئەنگوستیلە و خەزێم، 22 جلوبەرگی جەژن و پاڵتۆ و چارۆکە و جزدان و 23 ئاوێنە، کراسی کەتان و سەرپۆش و کۆڵوانەکان.
24 جا لە جێی بۆنوبەرام، بۆگەنی و
لە جێی کەمەربەند گوریس و
لە جێی پرچی بە ئەگریجە سەری ڕووتاوە و
لە جێی بەرگی گرانبەها گوش[e] لەبەر دەکەن،
نیشانەی داغیش لە جێی جوانی دەبێت.
25 پیاوەکانتان بە شمشێر و
پاڵەوانەکانتان لە جەنگدا دەکەون.
26 جا دەروازەکانی سییۆن شین دەگێڕن و دەگریێن،
بێکەس لەسەر زەوی دادەنیشن.
4 حەوت ژن یەک پیاو دەگرن
لەو ڕۆژەدا،
دەڵێن: «نانی خۆمان دەخۆین و
بەرگی خۆمان لەبەر دەکەین،
تەنها با بە ناوی تۆوە بانگ بکرێین.
ڕیسواییەکەمان ڕاماڵە!»
لقی یەزدان
2 لەو ڕۆژەدا لقی یەزدان[f] دەبێتە جوانی و شکۆ، بەروبوومی زەویش دەبێتە شانازی و قەشەنگی بۆ دەربازبووانی ئیسرائیل. 3 جا ئەوەی لە سییۆن ماوەتەوە و ئەوەی لە ئۆرشەلیم بەجێماوە، پێی دەگوترێت، پیرۆز، هەموو ئەوانەی لە ئۆرشەلیم بۆ ژیان تۆمارکراون. 4 کە پەروەردگار پیسی کچانی سییۆن بشوات و خوێنەکانی ئۆرشەلیم لەناوەڕاستی پاک بکاتەوە، بە ڕۆحی حوکمدان و بە ڕۆحی سووتان. 5 ئینجا یەزدان لەسەر هەموو شوێنێکی کێوی سییۆن و لەسەر ئەوانەی لەوێ کۆدەبوونەوە، بە ڕۆژ هەور و بە شەو دووکەڵ و پڕشنگی ئاگری بڵێسەدار بەدی دەهێنێت، لەسەر هەموو شکۆیەک کەپر دەبێت. 6 بە ڕۆژ لەبەر گەرما دەبێت بە چادر بۆ سێبەر و لە لافاو و بارانیش دەبێت بە داڵدە و پەناگا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.