Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 15

پاشایەتی عەزەریا لە یەهودا

15 لە ساڵی بیست و حەوتەمی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، عەزەریای[a] کوڕی ئەمەسیا بوو بە پاشای یەهودا. گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران و گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند.

یەزدان پاشای تووشی گەڕوگولی[b] کرد و هەتا ئەو ڕۆژەی مرد چاکنەبووەوە، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، یۆتامی کوڕی پاشاش سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.

ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عەزەریا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

عەزەریا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە شاری داود ناشتیان. ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی زەکەریا لە ئیسرائیل

لە ساڵی سی و هەشتەمی پاشایەتی عەزەریای پاشای یەهودا، زەکەریای کوڕی یارۆڤعام شەش مانگ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد هەروەک چۆن باوباپیرانی کردیان و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

10 شەلومی کوڕی یاڤێش پیلانی لە دژی زەکەریا گێڕا، لەبەردەم گەل لێیدا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا. 11 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زەکەریاش، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

12 ئیتر فەرمایشتەکەی یەزدان کە بە یێهوی فەرموو هاتە دی، کە فەرمووی: «هەتا چوارەمین نەوەت لەسەر تەختی ئیسرائیل دادەنیشێت.»

پاشایەتی شەلوم

13 شەلومی کوڕی یاڤێش لە ساڵی سی و نۆیەمی عوزیای[c] پاشای یەهودا بوو بە پاشا و یەک مانگ لە سامیرە پاشایەتی کرد. 14 ئینجا مەنەحێمی کوڕی گادئی لە تیرزەیەوە سەرکەوت و هاتە سامیرە، لە سامیرە لە شەلومی کوڕی یاڤێشی دا و کوشتی، لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

15 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی شەلوم و ئەو پیلانەی کە گێڕای، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

16 لەو کاتەدا مەنەحێم لە تیرزەیەوە هێرشی کردە سەر تیفسەح و دەوروبەری و هەموو ئەوەی تێیدا بوو، چونکە دەروازەی شارەکەیان بۆی نەکردەوە. سکی هەموو ژنە سکپڕەکانیشی هەڵدڕی.

پاشایەتی مەنەحێم

17 لە ساڵی سی و نۆیەمی عەزەریای پاشای یەهودا، مەنەحێمی کوڕی گادئی دە ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 18 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بە درێژایی ماوەی حوکمڕانییەکەی لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

19 پاشان پولی[d] پاشای ئاشور هاتە سەر خاکەکە و مەنەحێمیش هەزار تالنت[e] زیوی دایە پول، هەتا پاڵپشتی بکات بۆ ئەوەی جڵەوی پاشایەتییەکەی بگرێتە دەست. 20 مەنەحێم ئەم بڕە زیوەی بەسەر ئیسرائیلدا سەپاند، بەسەر هەموو بە توانا و دەوڵەمەندەکان، هەتا بدرێتە پاشای ئاشور، پەنجا شاقل زیو[f] لەسەر هەر پیاوێک، جا پاشای ئاشور گەڕایەوە و لەوێ لە خاکەکە نەمایەوە.

21 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەحێم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

22 مەنەحێم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر پەقەحیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی پەقەحیا

23 لە ساڵی پەنجایەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحیای کوڕی مەنەحێم بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 24 پەقەحیا لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات. 25 یەکێک لە ئەفسەرەکانی، بە ناوی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو، پیلانی لە دژی گێڕا. پەنجا پیاوی گلعادی لەگەڵ خۆی برد، لە سامیرە لەناو قەڵای کۆشکی پاشا پەقەحیای کوشت، هەروەها ئەرگۆڤ و ئەریەشی لەگەڵی کوشت. ئیتر پەقەح پەقەحیای کوشت و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

26 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەحیا و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

پاشایەتی پەقەح

27 لە ساڵی پەنجا و دووەمی عەزەریای پاشای یەهودا، پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو بوو بە پاشا، بیست ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 28 ئەویش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد و لە گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات لای نەدا، کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.

29 لە سەردەمی پەقەحی پاشای ئیسرائیل، تگلەت پلئەسەری پاشای ئاشور هات، عییۆن، ئابێلی بێت‌مەعکا، یانۆوەح، قەدەش، حاچۆر، گلعاد، جەلیل و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد، خەڵکەکەی ڕاپێچی ئاشور کرد. 30 ئینجا هۆشێیەعی کوڕی ئێلە پیلانی لە دژی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو گێڕا. هێرشی کردە سەری و کوشتی، لە ساڵی بیستەمینی یۆتامی کوڕی عوزیا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی پەقەح و هەموو ئەوەی کردی، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

پاشایەتی یۆتام لە یەهودا

32 لە ساڵی دووەمی پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل، یۆتامی کوڕی عوزیا بوو بە پاشای یەهودا. 33 کاتێک بوو بە پاشا گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو، شازدە ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکیشی یەروشای کچی سادۆق بوو. 34 بە هەمان شێوەی عوزیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 35 تەنها ئەوە نەبێت نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، گەل هێشتا لەسەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی و بخووریان دەسووتاند. یۆتام بوو کە دەروازەی سەرەوەی پەرستگای یەزدانی بنیاد ناوە.

36 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆتام و ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.

37 لەو ڕۆژانەدا یەزدان دەستی بە ناردنی ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهو کرد بۆ سەر یەهودا.

38 ئیتر یۆتام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داودی باپیرە گەورەی لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا، ئاحازی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

دووەم پوختەی مێژوو 26

پاشایەتی عوزیا

26 ئینجا هەموو گەلی یەهودا عوزیای[a] گەنجی شازدە ساڵانیان برد و لە جێی ئەمەسیای باوکی کردیانە پاشا. ئەو ئێلەتی بنیاد نایەوە و بۆ یەهودای گەڕاندەوە، پاش ئەوەی ئەمەسیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە.

عوزیا گەنجێکی شازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی یەخۆلیاهو بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو. بە هەمان شێوەی ئەمەسیای باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی. عوزیا لە سەردەمی زەکەریای پێغەمبەر ڕووی لە خودا دەکرد کە فێری لەخواترسی دەکرد. هەموو ئەو ڕۆژانەی ڕووی لە یەزدان دەکرد، خودا سەرکەوتووی کرد.

لە دژی فەلەستییەکان جەنگی بەرپا کرد، شووراکانی گەت و یەڤنێ و ئەشدۆدی ڕووخاند. لە دەوروبەری ئەشدۆد و لە چەند شوێنێکی دیکە لەنێو فەلەستییەکان چەند شارۆچکەیەکی بنیاد ناوە. خوداش لە شەڕی لە دژی فەلەستییەکان و عەرەبەکانی گور بەعل و مەعونییەکان یارمەتی دا. عەمۆنییەکانیش سەرانەیان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هەتا دەروازەی میسر بڵاو بووەوە، چونکە زۆر بەهێز بوو.

عوزیا چەند قوللەیەکی لە ئۆرشەلیم لەسەر دەروازەی گۆشەکە و دەروازەی دۆڵەکە و لەلای گۆشەکەوە بنیاد نا و قاییمی کردن. 10 هەروەها چەند قوللەیەکی لە چۆڵەوانیدا بنیاد نا و ئەمباراوی زۆریشی لێدا، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری لە زوورگ و لە دەشت هەبوو، هەروەها جوتیار و ڕەزەوانی زۆریشی لە چیا و لە باخدا هەبوو، چونکە زۆر حەزی لە کشتوکاڵ بوو.

11 عوزیا سوپایەکی مەشقپێکراوی هەبوو، بەگوێرەی ژمارەیان بە تیپی ڕێکخراو بەڕێ دەکەوتن. ئەمەش بەگوێرەی سەرژمێرییان لەلایەن یەعیێلی خامەی نهێنی و مەعسێیاهوی فەرماندە، لەژێر سەرپەرشتی حەنەنیا بوو کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی پاشا. 12 کۆی ژمارەی گەورەی بنەماڵەکان، لە پاڵەوانە ئازاکان، دوو هەزار و شەش سەد کەس بوو، 13 سوپایەکی سێ سەد و حەوت هەزار و پێنج سەد سەربازی مەشقپێکراوی هەبوو کە زۆر بە قارەمانانە دەجەنگان بۆ یارمەتیدانی پاشا بەسەر دوژمنەکانیدا. 14 هەروەها عوزیا بۆ هەموو سەربازەکان قەڵغان، ڕم، کڵاوی ئاسنی، سپەر، کەوان و بەردی قۆچەقانی بۆ دابین کردن. 15 لە ئۆرشەلیم مەنجەنیقی دروستکرد کە داهێنانی پیشەوەرە شارەزاکان بوو، بۆ ئەوەی لەسەر قوللەکان و لەسەر گۆشەی شووراکان بن بۆ هاویشتنی تیر و بەردی گەورە. بەو شێوەیە ناوبانگی گەیشتە شوێنە دوورەکان، چونکە سەرنج ڕاکێشەرانە یارمەتی درا هەتا بەهێز بوو.

16 بەڵام عوزیا پاش ئەوەی بەهێز بوو، لەخۆبایی بوو هەتا بووە هۆی کەوتنی خۆی. ناپاکی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگار کرد و هاتە ناو پەرستگای یەزدان بۆ ئەوەی بخوور لەسەر قوربانگای بخوور بسووتێنێت. 17 عەزەریای کاهین لەگەڵ هەشتا کاهینی ئازای یەزدان لەدوای ئەو هاتنە ژوورەوە، 18 بەرەنگاری عوزیای پاشا بوونەوە و پێیان گوت: «ئەی عوزیا، بۆت نییە بخوور بۆ یەزدان بسووتێنیت، چونکە بخوور سووتاندن بۆ کاهینە تەرخانکراوەکانی نەوەی هارونە. لە پیرۆزگاکە بڕۆ دەرەوە، چونکە تۆ ناپاکیت کرد و هیچ ڕێزێکت لەلای یەزدانی پەروەردگار نییە.»

19 عوزیا پەست بوو. لە کاتی پەستبوونی لە کاهینەکان بخووردانەکەی بەدەستەوە بوو بۆ بخوور سووتاندن، لەبەردەم کاهینەکان لەناو پەرستگای یەزدان لەلای قوربانگاکەی بخوور سووتاندن نەخۆشی گەڕوگولی لە ناوچەوانی دەرکەوت. 20 کە عەزەریای سەرۆکی کاهین و کاهینەکانی دیکە ئاوڕیان لێی دایەوە و بینییان ناوچەوانی تووشی گەڕوگولی بووە، لەوێ دەریانکرد، هەروەها خۆشی بە پەلە بوو لە هاتنە دەرەوە، چونکە یەزدان تووشی کردبوو.

21 عوزیا پاشا هەتا ئەو ڕۆژەی مرد گەڕوگول بوو، ئیتر لە ماڵێکی جیاکراوە نیشتەجێ بوو، لەبەر گەڕوگولییەکەی لە پەرستگای یەزدانیش دەرکرا. یۆتامی کوڕیشی سەرپەرشتیاری کۆشکەکە بوو، فەرمانڕەوایەتی گەلی خاکەکەی دەکرد.

22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عوزیا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، ئیشایای پێغەمبەر کوڕی ئامۆچ تۆمار کرد. 23 عوزیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە نزیکی باوباپیرانی لە گۆڕستانێک ناشتیان کە هی پاشاکان بوو، بەڵام شاهانە نەبوو، چونکە گوتیان: «گەڕوگولە.» ئیتر یۆتامی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.