Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم پاشایان 5-8

چاککردنەوەی نەعمان لە نەخۆشی گولی

نەعمانی سەرکردەی سوپای پاشای ئارام پیاوێکی مەزن بوو لەلای گەورەکەی و سەر بڵند بوو، لەبەر ئەوەی یەزدان لە ڕێگەی ئەوەوە ڕزگاریی بە ئارام بەخشی. ئەم پیاوە پاڵەوانێکی بەهێز بوو، بەڵام گەڕوگول[a] بوو.

چەند چەتەیەک لە ئارامییەکان بۆ تاڵان چووبوون و لە خاکی ئیسرائیلەوە کچێکی هەرزەکاریان لەگەڵ خۆیان هێنابووەوە، خزمەتی ژنەکەی نەعمانی دەکرد. کچە بە خانمەکەی گوت: «خۆزگە گەورەم پێغەمبەرەکەی سامیرەی دەبینی! چونکە ئەو لە گولییەکەی چاکی دەکردەوە.»

نەعمان چوو بۆ لای گەورەکەی و قسەکەی کچە ئیسرائیلییەکەی پێ ڕاگەیاند. پاشای ئارامیش گوتی: «کەواتە بڕۆ، منیش نامەیەک بۆ پاشای ئیسرائیل دەنێرم.» ئینجا نەعمان ڕۆیشت، لەگەڵ دەستی دە تالنت[b] زیو و شەش هەزار شاقل[c] زێڕ و دە قات جلی برد. نامەکەی بۆ پاشای ئیسرائیل هێنا، تێیدا نووسرابوو: «لەگەڵ ئەو نامەیە نەعمانی خزمەتکارم دەنێرمە لات، لە گولییەکەی چاکی بکەرەوە.»

هەر کە پاشای ئیسرائیل نامەکەی خوێندەوە، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و گوتی: «ئایا من خودام هەتا بمرێنم و زیندوو بکەمەوە؟ بۆچی ئەمە پیاوێکی بۆ ناردووم هەتا لە گولییەکەی چاکی بکەمەوە؟ بزانن و سەیر بکەن چۆن شەڕم پێ دەفرۆشێت!»

کاتێک ئەلیشەعی پیاوی خودا بیستییەوە پاشای ئیسرائیل جلەکانی لەبەر خۆیدا دادڕیوە، ناردی بۆ لای پاشا و گوتی: «بۆچی جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕیوە؟ با بێتە لای من و بزانێت کە پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل هەیە.» ئینجا نەعمان بە ئەسپ و گالیسکەکانییەوە هات و لە بەردەرگای ماڵی ئەلیشەع وەستا. 10 ئەلیشەعیش نێردراوێکی ناردە لای و گوتی: «بڕۆ لە ڕووباری ئوردون حەوت جار خۆت بشۆ، گۆشتەکەت چاک دەبێتەوە و پاک دەبیتەوە.»

11 بەڵام نەعمان بە تووڕەییەوە ڕۆیشت و گوتی: «وام دانا کە دێتە دەرەوە بۆ لام و ڕادەوەستێت، بە ناوی یەزدانی خوداکەیەوە دەپاڕێتەوە و دەستی بەسەر شوێنەکەدا دەهێنێت و گەڕوگولییەکە چاک دەبێتەوە. 12 ئایا ئەڤانا و پەڕپەڕ، دوو ڕووبارەکەی دیمەشق، لە هەموو ئاوەکانی ئیسرائیل چاکتر نین؟ ئایا نەمدەتوانی خۆمیان تێدا بشۆم و پاک ببمەوە؟» لەبەر ئەوە گەڕایەوە و بە تووڕەییەوە ڕۆیشت.

13 خزمەتکارەکانی نەعمان هاتنە پێشەوە و پێیان گوت: «ئەی باوکمان، ئایا ئەگەر پێغەمبەرەکە شتێکی گەورەی پێت بگوتایە، نەتدەکرد؟ بەڵام چەند ئاسانترە کە گوتی: ”خۆت بشۆ و پاک ببەوە!“» 14 ئیتر چووە خوارەوە و بەپێی قسەی پیاوەکەی خودا، حەوت جار خۆی لە ڕووباری ئوردون نوقوم کرد، گۆشتەکەی گەڕایەوە وەک گۆشتی کوڕێکی گەنج و پاک بووەوە.

15 ئینجا نەعمان لەگەڵ هەموو لەشکرەکەی گەڕایەوە بۆ لای پیاوەکەی خودا. لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «ئێستا دەزانم کە لە هەموو جیهان هیچ خودایەک نییە بێجگە لە خودای ئیسرائیل. ئێستاش ئەم دیارییە لە خزمەتکارەکەت وەربگرە.»

16 پێغەمبەرەکە وەڵامی دایەوە: «بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی دەیپەرستم، وەریناگرم.» ئینجا زۆری لێکرد هەتا وەریبگرێت، بەڵام ڕازی نەبوو.

17 نەعمان گوتی: «ئەگەر وەریناگریت، کەواتە ڕێم پێبدە باری دوو هێستر خۆڵ لەگەڵ خۆم ببەم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت جارێکی دیکە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو بۆ هیچ خودایەکی دیکە بێجگە لە یەزدان ناکات. 18 بەڵام با لە شتێک یەزدان لە خزمەتکارەکەت خۆشبێت: کاتێک گەورەکەم دەچێتە پەرستگای ڕیمۆن بۆ ئەوەی کڕنۆش ببات، پشت بە من دەبەستێت، دەبێ منیش لەگەڵ ئەو کڕنۆش ببەم، با یەزدان لەو شتەی خزمەتکارەکەت خۆشبێت.»

19 ئەلیشەعیش گوتی: «بەخێر بچیت.»

دوای ئەوەی نەعمان ڕۆیشت و کەمێک لێی دوورکەوتەوە، 20 گێحەزیی خزمەتکاری ئەلیشەعی پیاوی خودا گوتی: «گەورەم ڕازی نەبوو ئەو شتە لە نەعمانی ئارامی وەربگرێت کە هێنا بووی، بەڵام بە یەزدانی زیندوو من بەدوایدا ڕادەکەم و شتێکی لێ وەردەگرم.»

21 ئیتر گێحەزی دوای نەعمان کەوت، کاتێک نەعمان بینی بەدوایدا ڕادەکات، لە گالیسکەکە دابەزی بەرەوپیری چوو، گوتی: «ها خێرە؟»

22 گێحەزیش گوتی: «خێرە، گەورەم منی ناردووە بۆ ئەوەی پێت بڵێم: ”دوو گەنج لە کۆمەڵی پێغەمبەرانەوە هاتوونەتە لام، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە. تالنتێک[d] زیو و دوو دەستە جلیان پێبدە.“»

23 نەعمانیش گوتی: «فەرموو دوو تالنت زیو ببە.» زۆری لە گێحەزی کرد و دوو تالنت زیو لە دوو توورەکە لەگەڵ دوو قات جلی دایە دەست دوو خزمەتکاری خۆی، هەڵیانگرت و لەپێش گێحەزییەوە ڕۆیشتن. 24 کە گەیشتنە گردەکە، گێحەزی شتەکانی لێ وەرگرتن و خستییە ماڵەوە، خزمەتکارەکانی بەڕێکرد و گەڕانەوە.

25 کاتێک گێحەزی هات و لەبەردەم گەورەکەی ڕاوەستا، ئەلیشەعی لێی پرسی: «ئەی گێحەزی، لەکوێ بوویت؟»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «خزمەتکارەکەت بۆ هیچ جێگایەک نەچووە.»

26 بەڵام ئەلیشەع پێی گوت: «ئایا ڕۆحم لەگەڵتدا نەبوو کاتێک پیاوەکە لە گالیسکەکە دابەزی بۆ ئەوەی بەرەوپیرت بێت؟ ئێستا کاتی وەرگرتنی زیو و جلوبەرگە؟ یان وەرگرتنی باخی زەیتوون و ڕەز و مەڕ و مانگا و کۆیلە و کەنیزەیە؟ 27 گەڕوگولییەکەی نەعمان هەتاهەتایە بە خۆت و نەوەکانتەوە دەنووسێت و لە کۆڵتان نابێتەوە.» ئیتر گێحەزی بە گەڕوگولی لەبەردەم ئەلیشەع چووە دەرەوە، وەک بەفر سپی بوو.

سەرئاوخستنی تەورێک

ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەران بە ئەلیشەعیان گوت: «ببینە، ئەو شوێنەی تێیدا لەگەڵ تۆ کۆبووینەتەوە بۆ ئێمە تەنگە. ڕێبدە با بچینە ڕووباری ئوردون، با هەریەکە و کاریتەیەک بهێنین. هەروەها با شوێنێک دروستبکەین تێیدا کۆببینەوە.»

ئەویش گوتی: «بڕۆن.»

یەکێکیان گوتی: «ڕازی بە و لەگەڵ خزمەتکارەکانت وەرە.» ئەلیشەعیش گوتی: «دێم.» ئینجا لەگەڵیان ڕۆیشت.

گەیشتنە ڕووباری ئوردون دەستیان بە داربڕینەوە کرد. ئەوە بوو کاتێک یەکێکیان کاریتەی دەبڕییەوە، سەری تەورەکەی کەوتە ناو ئاوەکە، هاواری کرد: «ئای گەورەم، ئەوە ئەمانەتە!»

پیاوەکەی خوداش گوتی: «کەوتە کوێ؟» ئەویش شوێنەکەی پیشان دا، ئەلیشەع چڵە دارێکی لێکردەوە و فڕێیدایە ئەوێ، سەری تەورەکەی سەر ئاو خست. ئینجا گوتی: «هەڵیگرەوە.» ئەویش دەستی درێژکرد و هەڵیگرتەوە.

کوێرکردنی لەشکری پاشای ئارام

پاشای ئارام لە دژی ئیسرائیل دەجەنگا. دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەفسەرەکانی، شوێنی ئۆردوگاکەی دیاری کرد.

ئینجا پیاوەکەی خودا ناردی بۆ لای پاشای ئیسرائیل و گوتی: «ئاگات لە خۆت بێت و لەو شوێنەوە نەپەڕیتەوە، چونکە ئارامییەکان لەوێ دابەزیون.» 10 پاشای ئیسرائیلیش ناردی بۆ پشکنینی ئەو شوێنەی کە پیاوەکەی خودا لێی ئاگاداری کردەوە. هۆشدارییەکانی ئەلیشەع بۆ پاشا بەردەوام بوون، ئیتر پاشا لەو شوێنانە بە وریاییەوە دەجوڵایەوە.

11 پاشای ئارام لەمە هەڵچوو، ئەفسەرەکانی بانگکرد و لێی پرسین: «پێم بڵێن! کێ لە ئێمە لەگەڵ پاشای ئیسرائیلە؟»

12 یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەسمان پاشای گەورەم، بەڵکو ئەلیشەع، ئەو پێغەمبەرەی کە لە ئیسرائیلە، ئەوە کە تەنانەت ئەو قسانەش کە لە ژووری نوستنەکەشت دەیکەیت پاشای ئیسرائیلی لێ ئاگادار دەکاتەوە.»

13 ئەویش گوتی: «بڕۆن و بزانن لەکوێیە، هەتا بنێرم و بیگرن.» ئینجا هەواڵیان نارد: «ئەو لە دوسانە.» 14 پاشا ئەسپ و گالیسکە و لەشکرێکی گەورەی بۆ ئەوێ نارد. بە شەو هاتن و شارەکەیان گەمارۆ دا.

15 بەیانی زوو کاتێک خزمەتکاری پیاوەکەی خودا لە خەو هەستا و چووە دەرەوە، بینی سوپایەک بە ئەسپ و گالیسکەوە شارەکەیان گەمارۆ داوە. خزمەتکارەکەی لە ئەلیشەعی پرسی: «ئای گەورەم، چی بکەین؟» 16 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «مەترسە، چونکە ئەوانەی لەگەڵ ئێمەن زۆرترن لەوانەی لەگەڵ ئەوانن.»

17 ئینجا ئەلیشەع نزای کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی بکەرەوە با ببینێت.» یەزدانیش چاوی خزمەتکارەکەی کردەوە و بینی وا چیاکە پڕە لە ئەسپ و گالیسکەی ئاگرین لە چواردەوری ئەلیشەع.

18 کاتێک دوژمن بەرەو لای هاتنە پێش، ئەلیشەع لە یەزدان پاڕایەوە و گوتی: «لەو گەلانە بدە و کوێریان بکە.» هەروەک چۆن ئەلیشەع پاڕایەوە، ئەویش لێیدان و کوێری کردن.

19 ئەلیشەع پێی گوتن: «نە ئەمە ڕێگاکەیە و نە ئەمەش شارەکەیە. بەدوام بکەون، دەتانبەمە لای ئەو پیاوەی بەدوایدا دەگەڕێن.» ئیتر هەموویانی بردە سامیرە.

20 لەدوای ئەوەی چوونە ناو سامیرە، ئەلیشەع گوتی: «ئەی یەزدان، چاوی ئەمانە بکەرەوە با ببینن.» یەزدانیش چاوی کردنەوە و بینییان وا لەناو سامیرەن.

21 کاتێک پاشای ئیسرائیل ئەوانی بینی، بە ئەلیشەعی گوت: «باوکە، ئایا بیانکوژم؟ ئایا بیانکوژم؟»

22 ئەویش گوتی: «مەیانکوژە. ئەگەر تۆ ئەوانە ناکوژیت کە بە شمشێر و کەوانەکەت بە دیلت گرتوون، ئیتر چۆن ئەمانە دەکوژیت؟ نان و ئاویان لەپێش دابنێ، با بخۆن و بخۆنەوە، ئینجا بچنەوە لای گەورەکەیان.» 23 ئەویش خوانێکی گەورەی بۆ ئامادەکردن، خواردیان و خواردیانەوە، بەڕێی کردن و گەڕانەوە لای گەورەکەیان. ئیتر چەتەکانی ئارام وازیان لە هێرشکردنە سەر خاکی ئیسرائیل هێنا.

برسیێتی لە کاتی گەمارۆی سامیرە

24 پاش ماوەیەک، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام هەموو سوپاکەی کۆکردەوە و جوڵاندی و سامیرەی گەمارۆ دا. 25 لە شارەکە بووە هۆی قاتوقڕییەکی گەورە، گەمارۆکە درێژەی کێشا هەتا وای لێهات سەری کەرێک بە هەشتا شاقل زیو[e] و چارەکە قاپێکی[f] ڕیقنەی[g] کۆتریش بە پێنج شاقل زیو[h] دەفرۆشرا.

26 کاتێک پاشای ئیسرائیل لەسەر شووراکە تێدەپەڕی، ژنێک هاواری لێکرد و گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، یارمەتیم بدە!»

27 ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر یەزدان یارمەتیت نەدات، من بە چی یارمەتیت بدەم؟ بە جۆخینەکە[i] یان بە مەی گوشەرەکە؟» 28 ئینجا پاشا لێی پرسی: «چیتە؟»

ئەویش گوتی: «ئەم ژنە پێی گوتم: ”کوڕەکەت بهێنە با ئەمڕۆ بیخۆین و سبەینێش کوڕەکەی من دەخۆین.“ 29 ئیتر کوڕەکەی منمان لێنا و خواردمان، بۆ ڕۆژی دواتر کە پێم گوت: ”کوڕەکەت بهێنە با بیخۆین،“ بەڵام کوڕەکەی خۆی شاردەوە.»

30 کاتێک پاشا گوێی لە قسەکانی ئەم ژنە بوو، جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی. کە بەسەر شووراکە تێدەپەڕی، خەڵک بینییان وا لە ژێرەوە بەرگی لە گوش[j] دروستکراوی لەبەرە. 31 پاشا گوتی: «با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر ئەمڕۆ سەری ئەلیشەعی کوڕی شافات نەپەڕێنم!»

32 لەو کاتەدا ئەلیشەع لە ماڵەکەی خۆی دانیشتبوو، ڕیش سپییەکانیش لەلای دانیشتبوون. پاشا نێردراوێکی پێش خۆی ناردە لای، بەڵام بەر لەوەی نێردراوەکە بگاتە لای، ئەلیشەع بە پیرەکانی گوت: «بینیتان چۆن ئەو پیاوکوژە کەسێکی ناردووە هەتا سەرم بپەڕێنێت؟ ببینن، کاتێک پیاوەکە گەیشت، دەرگاکە دابخەن و نەهێڵن دەرگاکە بکاتەوە. من دڵنیام پاشا خۆی لەدوای ئەوەوە دێت.»

33 هێشتا قسەی لەگەڵ دەکردن نێردراوەکە گەیشتە لای، لەدوای ئەویش پاشا گەیشت. پێی گوتن: «ئەو بەڵایە لەلایەن یەزدانەوەیە. ئیتر بۆچی زیاتر چاوەڕێی یەزدان بکەم؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: سبەینێ لەم کاتە، لە دەروازەی سامیرە پێوانەیەک[k] لە باشترین ئارد بە شاقلێک و دوو پێوانە[l] جۆ بە شاقلێک دەبێت.»

ئەفسەرێک کە گەورە یاوەری پاشا بوو، بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»

هەڵگرتنی گەمارۆی سامیرە

چوار پیاوی گەڕوگول[m] لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟ ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.»

لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغ ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو، چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورەی ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!» لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن.

ئەو گەڕوگولانە هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە.

ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.»

10 ئیتر هاتن و دەرگاوانی شارەکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ئێمە چووینە ناو ئۆردوگای ئارامییەکان، کەس لەوێ نەبوو، دەنگی کەسیش نەدەبیسترا، تەنها ئەسپ و گوێدرێژ بەستراونەتەوە، چادرەکانیش هەروەک خۆیان لەوێن.» 11 دەرگاوانەکان جاڕیان دا، هەواڵەکەشیان بە کۆشکی پاشا ڕاگەیاند.

12 پاشا شەو هەستا و بە ئەفسەرەکانی گوت: «من پێتان دەڵێم ئارامییەکان چییان لێکردووین. دەزانن ئێمە برسیمانە، لە ئۆردوگاکە چوونەتە دەرەوە و لە دەشتاییەکان خۆیان مەڵاس داوە، وا بیریان کردووەتەوە: ”بێگومان لە شارەکە دێنە دەرەوە، بە زیندوویی دەیانگرین و دەچینە ناو شارەکە.“»

13 یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەواتە، با هەندێک پیاو پێنج ئەسپ ببەن لەوانەی کە لە شارەکە ماوەتەوە. چارەنووسیان لە نەوەی ئیسرائیل خراپتر نابێت کە خەریکە لەناو شار دەمرن. با بیاننێرین تاکو بزانین چی ڕوویداوە.»

14 ئیتر دوو گالیسکەیان بە ئەسپەوە دەستنیشان کرد، پاشا ئەوانی نارد بۆ ئەوەی شوێنی سوپای ئارام بکەون، گوتی: «بڕۆن و بزانن چی ڕوویداوە.» 15 ئەوانیش بەدوایاندا بەرەو ڕووباری ئوردون چوون، بینییان هەموو ڕێگاکە پڕە لە جلوبەرگ و قاپوقاچاغ، ئەوەی ئارامییەکان لە پەلەپەلیان فڕێیان داوە. نێردراوەکان گەڕانەوە و بە پاشایان ڕاگەیاند. 16 پاشان گەل چوونە دەرەوە و ئۆردوگای ئارامییەکانیان تاڵان کرد، پێوانەیەک لە باشترین ئارد بووە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بووە شاقلێک، هەروەک یەزدان فەرمووی.

17 ئەو ئەفسەرەی کە گەورە یاوەری پاشا بوو، پاشا لەسەر دەروازەکەی دانا، گەلیش لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد، هەروەک پیاوەکەی خودا پێی گوت کاتێک پاشا چووە ماڵی. 18 ئەوە ڕوویدا کە پیاوەکەی خودا بە پاشای گوت: «سبەینێ ئەم کاتە لە دەروازەی سامیرە دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک و پێوانەیەک باشترین ئاردیش بە شاقلێک دەبێت.»

19 ئەفسەرەکەش بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» پیاوی خوداش گوتبووی: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.» 20 ئیتر ڕێک وای بەسەرهات، گەل لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد.

گەڕاندنەوەی کێڵگەکەی شونەمییەکە

ئەلیشەع بەو ژنەی گوتبوو کە کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە: «لەگەڵ خێزانەکەتان بڕۆن و لە هەرکوێیەک دەتوانن ماوەیەک بمێننەوە، چونکە یەزدان ڕایگەیاندووە قاتوقڕی بێتە سەر ئەم خاکە، حەوت ساڵ درێژە دەکێشێت.» ژنەکەش گوێڕایەڵی قسەی پیاوەکەی خودا بوو. خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتن و حەوت ساڵ لە خاکی فەلەستییەکان مانەوە.

لە کۆتایی حەوت ساڵەکە ژنەکە لە خاکی فەلەستییەکان گەڕایەوە، هانای بۆ پاشا برد بۆ بەدەستهێنانەوەی ماڵ و کێڵگەکەی. پاشاش قسەی لەگەڵ گێحەزی خزمەتکاری پیاوەکەی خودا دەکرد، پێی دەگوت: «باسی هەموو ئەو کارە گەورانەم بۆ بکە کە ئەلیشەع ئەنجامی دا.» لەو کاتەی گێحەزی باسی ئەوەی بۆ پاشا دەکرد کە چۆن ئەلیشەع مردووی زیندوو کردووەتەوە، ئەو ژنەی کە ئەلیشەع کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە لەبەر ماڵەکەی و کێڵگەکەی هاواری بۆ پاشا هێنا.

گێحەزیش گوتی: «پاشای گەورەم، ئەوە ژنەکەیە، ئەوەش کوڕەکەیەتی کە ئەلیشەع زیندووی کردەوە.» پاشاش دەربارەی ئەوە لە ژنەکەی پرسی، ئەویش ئەوەی بۆ گێڕایەوە.

ئینجا پاشا کاربەدەستێکی لەگەڵ نارد و گوتی: «هەموو ئەوەی هی ئەوە بۆی بگەڕێنەوە، لەگەڵ داهاتی کێڵگەکەی لەو ڕۆژەوەی کە زەوییەکەی بەجێهێشتووە هەتا ئێستا.»

کوشتنی حەزائێل لەلایەن بەن‌هەدەدەوە

ئەلیشەع هاتە دیمەشق، بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش نەخۆش بوو، کاتێک پێی ڕاگەیەنرا «پیاوەکەی خودا هاتووەتە ئێرە.» پاشا بە حەزائێلی گوت: «دیارییەک لەگەڵ دەستت ببە و بەرەوپیری پیاوەکەی خودا بڕۆ، لە ڕێگەی ئەوەوە پرسیار لە یەزدان بکە، بزانە ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟»

حەزائێلیش لەگەڵ خۆی باری چل وشتری لە هەموو بەروبوومە باشەکانی دیمەشق بە دیاری برد و چووە پێشوازی ئەلیشەع. چوو لەبەردەمی ڕاوەستا، گوتی: «کوڕەکەت، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام، منی بۆ لای تۆ ناردووە و دەڵێت: ”ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟“»

10 ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بڕۆ و پێی بڵێ: ”بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.“ بەڵام یەزدان پیشانی داوم کە دەمرێت!» 11 چاوی تێبڕی هەتا حەزائێل شەرم دایگرت، ئینجا پیاوەکەی خودا دەستی بە گریان کرد.

12 حەزائێل پرسیاری کرد: «گەورەم بۆچی دەگریێت؟»

ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چونکە زانیم چ خراپەیەک بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دەهێنیت. ئاگر لە قەڵاکانیان بەردەدەیت، گەنجەکانیان بە شمشێر دەکوژیت، منداڵەکانیان وردوخاش دەکەیت، ورگی سکپڕەکانشیان دەدڕێنیت.»

13 حەزائێلیش گوتی: «گەورەم، سەگێکی وەک من چۆن دەتوانێ کاری وا گەورە بکات؟»

ئەلیشەعیش وەڵامی دایەوە: «یەزدان پیشانی دام کە تۆ دەبیتە پاشای ئارام.»

14 پاشان حەزائێل لەلای ئەلیشەع ڕۆیشت و گەڕایەوە لای گەورەکەی. کاتێک بەن‌هەدەد لێی پرسی: «ئەلیشەع چی پێ گوتی؟» حەزائێل وەڵامی دایەوە: «پێی گوتم، بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.» 15 بەڵام لە ڕۆژی پاشتر، جاجمەکەی برد و لە ئاوی هەڵکێشا، بەسەر دەموچاوی پاشای دادا، پاشا مرد. ئیتر حەزائێل لە جێی ئەو بوو بە پاشا.

پاشایەتی یەهۆرام لە یەهودا

16 لە ساڵی پێنجەمی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات بوو بە پاشای یەهودا. 17 تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 18 هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 19 لەگەڵ ئەوەش، یەزدان نەیدەویست یەهودا لەناوببات، لەبەر داودی بەندەی خۆی. لەبەر ئەوەی بەڵێنی بە داود دابوو کە بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.

20 لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا. 21 ئیتر یەهۆرام بە هەموو گالیسکەکانییەوە پەڕییەوە چاعیر. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون، لەشکرەکەش هەڵاتن و گەڕانەوە چادرەکانیان. 22 هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو.

23 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆرام و هەموو کارەکانی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.

24 یەهۆرام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئەحەزیا

25 لە ساڵی دوازدەیەمینی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەحەزیای کوڕی یەهۆرام بوو بە پاشای یەهودا. 26 ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری پاشای ئیسرائیل بوو. 27 هەمان ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە زاوای ماڵی ئەحاڤ بوو.

28 ئەحەزیا لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد، ئارامییەکان یۆرامیان پێکا. 29 ئیتر یۆرام پاشا گەڕایەوە هەتا لە یەزرەعیل لەو برینانەی چاک بێتەوە کە ئارامییەکان لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکابوویان.

لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.