Chronological
بینینەکەی عۆبەدیا
1 بینینەکەی عۆبەدیا.
یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت،
هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست،
نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت:
«هەستن! هەستن بۆ جەنگ.»
2 «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە،
تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت.
3 فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی،
ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد[a]،
ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە،
ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت:
”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“
4 ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و
ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت،
لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5 «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت،
ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟
ئەگەر ڕەزبڕت[b] بۆ بێت
ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟
ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە!
6 ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت!
گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن!
7 هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای،
هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون،
ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە،
بەڵام تۆ تێناگەیت.»
8 یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەو ڕۆژەدا،
دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم،
تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟
9 ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن،
هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن
بە کوشتن لەناودەچن.
10 لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات،
ڕیسوایی داتدەپۆشێت،
بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت.
11 ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد
کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و
نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و
لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد،
هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان.
12 بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت،
یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت،
یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت.
13 نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم
لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت
لە ڕۆژی کارەساتیان،
یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت
لە ڕۆژی کارەساتیان.
14 نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت
بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان،
نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت
لە ڕۆژی تەنگانەیاندا.
15 «ڕۆژی یەزدان[c] بۆ هەموو گەلان نزیکە.
هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،
کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
16 هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،
هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛
دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و
وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
17 بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،
پیرۆز دەبێت،
بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
18 بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و
بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛
بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،
جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.
بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
19 خەڵکی نەقەب
چیای عیسۆ داگیر دەکەن،
خەڵکی زوورگەکانیش
خاکی فەلەستییەکان.
دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،
بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
20 ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن
هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛
ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن
دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
21 ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن
بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.
پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
زەبوورێکی ئاساف.
82 خودا لە کۆڕی خوداوەندەکان ڕاوەستاوە،
لەنێو خوداوەندەکان[a] دادوەری دەکات.
2 «هەتا کەی بە ناڕەوایی دادوەری دەکەن،
لایەنگری بەدکاران دەکەن؟ [b]
3 بەرگری لە لاواز و هەتیوان بکەن،
دادی هەژار و کڵۆڵان بدەن.
4 فریای لاواز و نەداران بکەون،
لە دەست بەدکاران دەربازیان بکەن.
5 «نازانن و تێناگەن، لە تاریکیدا دەڕۆن،
هەموو بنچینەکانی زەوی دەشڵەژێن.
6 «من گوتم: ”ئێوە ’خوداوەندەکان‘ن،
هەمووتان کوڕی خودای هەرەبەرزن.“
7 بەڵام وەک ئادەمیزاد دەمرن،
وەک یەکێک لە میرەکان دەکەون.»
8 خودایە، هەستە! دادوەری زەوی بکە،
چونکە هەموو نەتەوەکان میراتی تۆن.
گۆرانییەک، زەبوورێکی ئاساف.
83 ئەی خودایە، بێدەنگ مەبە،
کپ مەبە، خودایە، هێدی مەبە.
2 ئەوەتا دوژمنانت هەرایانە،
ناحەزانت لە دژت ڕاپەڕیون.
3 ڕاوێژ دەکەن لە دژی گەلەکەت،
پیلان دەگێڕن لە دژی ئەوانەی تۆ پەنات داون.
4 دەڵێن: «با لەناو نەتەوەکان بیانسڕینەوە،
لەمەودوا ناوی ئیسرائیل باس نەکرێت.»
5 چونکە بە هاوبیری پێکەوە پیلان دەگێڕن،
لە دژی تۆ پەیمانیان بەستووە.
6 خێوەتەکانی ئەدۆم و ئیسماعیلییەکان[c]،
مۆئاب و هاجەرییەکان،
7 جوبەیل[d] و عەمۆن و عەمالێق[e]،
فەلەستیە لەگەڵ دانیشتووی سور.
8 هەروەها ئاشوریش[f] چووەتە پاڵیان،
بوونە بازووی بەهێزی نەوەی ڵوت[g].[h]
9 هەروەک چیت لە میدیان[i] کرد ئاوایان لێ بکە،
هەروەک چیت لە سیسرا[j] و یاڤین[k]کرد لە ڕووباری قیشۆن[l]،
10 کە لە کانی دۆر[m] فەوتان،
بوون بە زبڵ بۆ زەوی.
11 گەورەکانیان وەک عۆرێڤ و زئێڤ[n] لێ بکە،
هەموو میرەکانیان وەک زەڤەح و چەلموناع[o]،
12 ئەوانەی گوتیان: «لەوەڕگاکانی خودا
دەکەینە موڵکی خۆمان.»
13 ئەی خودای من، بیانکە بە تەپوتۆز،
وەک کای دەم بایان لێ بکە.
14 وەک چۆن ئاگر دارستان دەسووتێنێت،
وەک گڕ چیا دەسووتێنێت،
15 ئاوا بە ڕەشەبای خۆت ڕاویان بنێ،
بە گەردەلوولی خۆت هوڕیان بکە.
16 ئەی یەزدان، ڕوویان بە ڕیسوایی داپۆشە،
تاکو بەدوای ناوتدا بگەڕێن.
17 هەتاهەتایە شەرمەزار و پەرێشانم،
ڕیسوا دەبن و دەفەوتێن.
18 با بزانن کە تۆ، ئەوەی ناوت یەزدانە،
لەسەر هەموو زەوی تەنها تۆ هەرەبەرزیت!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.