Chronological
پاشایەتی ناداب لە ئیسرائیل
25 نادابی کوڕی یارۆڤعامیش لە ساڵی دووەمی ئاسای پاشای یەهودا، بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 26 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای باوکی کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
27 ئینجا بەعشای کوڕی ئاحییای بنەماڵەی یەساخار پیلانی لە دژی گێڕا: کاتێک ناداب و هەموو ئیسرائیل گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو، بەعشا لە گیبەتۆنی فەلەستییەکان لە نادابی دا و کوشتی. 28 لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا کوشتی و لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
29 کە بەعشا بوو بە پاشا، هەموو بنەماڵەی یارۆڤعامی کوشت. هیچ هەناسەیەکی لە بنەماڵەی یارۆڤعام نەهێشت، هەمووی لەناو بردن، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی خزمەتکارەکەی ئاحییای شیلۆنی فەرمووبووی. 30 ئەمەش لەبەر ئەو گوناهانە بوو کە یارۆڤعام کردبوونی و بەهۆیانەوە وای لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن، هەروەها یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلیان پەست کرد.
31 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ناداب و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
32 بە درێژایی ماوەی پاشایەتییان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو.
پاشایەتی بەعشا
33 لە سێیەمین ساڵی ئاسای پاشای یەهودا بەعشای کوڕی ئاحییا لە تیرزە بوو بە پاشا، بیست و چوار ساڵ پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد. 34 لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
16 فەرمایشتی یەزدان بۆ یێهوی کوڕی حەنانی هات سەبارەت بە بەعشا: 2 «لەبەر ئەوەی لە خۆڵەوە تۆم بەرزکردەوە و تۆم کردە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەی خۆم، بەڵام تۆ ڕێچکەی یارۆڤعامت گرتەبەر و وات لە ئیسرائیلی گەلەکەی من کرد گوناه بکەن و بە گوناهەکانیان پەستم بکەن، 3 لەبەر ئەوە بەعشا و بنەماڵەکەی ڕیشەکێش دەکەم، بنەماڵەکەی تۆ وەک بنەماڵەکەی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی لێ دەکەم. 4 هەرکەسێکی بەعشا لە شار بمرێت سەگ دەیخوات، ئەوەشی لە کێڵگە بمرێت باڵندەی ئاسمان.»
5 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی بەعشا، ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
6 بەعشا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە تیرزە نێژرا. ئیتر ئێلەی کوڕیشی لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
7 هەروەها لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەری کوڕی حەنانیەوە فەرمایشتی یەزدان هات سەبارەت بە بەعشا و بنەماڵەکەی بەهۆی هەموو ئەو خراپانەی لەبەرچاوی یەزدان کردبووی، بەوەی کە بە کردەوەکانی پەستی کرد، وەک بنەماڵەی یارۆڤعامی لێهات، هەروەها بەهۆی ئەوەشەوە کە بنەماڵەی یارۆڤعامی لەناو برد.
پاشایەتی ئێلە لە ئیسرائیل
8 لە بیست و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، ئێلەی کوڕی بەعشا لە تیرزە بوو بە پاشای ئیسرائیل، دوو ساڵ پاشایەتی کرد.
9 زیمری کاربەدەستی کە فەرماندەی نیوەی گالیسکەکانی پاشا بوو، پیلانی لە دژی گێڕا. کاتێک ئێلە لە ماڵی ئەرچا بوو لە تیرزە، ئەوەی کە سەرپەرشتیاری کۆشکەکەی ئەو بوو لە تیرزە، دەیخواردەوە و سەرخۆش بوو، 10 زیمری هاتە ژوورەوە و لێیدا و کوشتی. لە بیست و حەوتەمین ساڵی ئاسا پاشای یەهودا لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
11 کاتێک بوو بە پاشا و لەسەر تەختەکەی ئەو دانیشت، هەموو بنەماڵەی بەعشای کوشت. بە جۆرێک کە هیچ نێرینەیەکی لە کەسوکار و نزیک و دۆستانی نەهێشتەوە. 12 زیمری هەموو بنەماڵەی بەعشای لەناوبرد، هەروەکو فەرمایشتەکەی یەزدان کە لە ڕێگەی یێهو پێغەمبەرەوە سەبارەت بە بەعشا فەرمووبووی. 13 لەبەر هەموو گوناهەکانی بەعشا و گوناهەکانی ئێلەی کوڕی کە کردیان و بەهۆیانەوە وایان لە ئیسرائیل کرد گوناه بکەن و بە بتە پووچەکانیان یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پەست بکەن.
14 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئێلە و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی زیمری
15 لە بیست و حەوتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا، زیمری حەوت ڕۆژ لە تیرزە بوو بە پاشا، سوپاش گەمارۆی گیبەتۆنی فەلەستییەکانیان دابوو. 16 کاتێک ئەو ئیسرائیلییانەی کە گەمارۆی گیبەتۆنیان دابوو بیستیان گوترا زیمری پیلانی گێڕاوە و پاشاشی کوشتووە، هەموویان هەر لەو ڕۆژەدا لەناو ئۆردوگاکە جاڕیان دا و عۆمریی فەرماندەی گشتی سوپایان کردە پاشای ئیسرائیل. 17 ئینجا عۆمری و هەموو ئیسرائیل لەگەڵی لە گیبەتۆنەوە کشانەوە و تیرزەیان گەمارۆ دا. 18 ئەوە بوو کە زیمری بینی شارەکە گیرا، چووە ناو قەڵای کۆشکی پاشا، کۆشکی پاشای بە ئاگر بەسەر خۆیدا سووتاند و مرد، 19 ئەمەش بەهۆی ئەو گوناهانەوە بوو کە کردی، بەوەی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، بەدوای ڕێگای یارۆڤعام کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات.
20 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی زیمری و ئەو پیلانەی کە گێڕای لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
پاشایەتی عۆمری
21 لەو کاتەدا گەلی ئیسرائیل بووە دوو بەش، نیوەی گەل بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون هەتا بیکەنە پاشا، نیوەکەی دیکەش بەدوای عۆمرییەوە بوون. 22 ئەو نیوەیەی گەل کە بەدوای عۆمرییەوە بوون زاڵبوون بەسەر ئەو نیوەیەی کە بەدوای تیڤنی کوڕی گینەتەوە بوون، جا تیڤنی کوژرا و عۆمری بوو بە پاشا.
23 لە سی و یەکەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا عۆمری بوو بە پاشای ئیسرائیل، بۆ ماوەی دوازدە ساڵ پاشایەتی کرد، شەش ساڵ لە تیرزە بوو. 24 ئینجا چیای سامیرەی لە شەمەر بە دوو تالنت زیو[a] کڕی و دەستی بە بنیادنان کرد لە چیاکە، ئەو شارەی کە بنیادی نا، ناوی لێنا سامیرە بە ناوی شەمەری خاوەنی چیای سامیرەوە.
25 عۆمریش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر خراپەی کرد. 26 بەدوای ڕێگای یارۆڤعامی کوڕی نەڤات کەوت و هەمان گوناهی ئەوی کرد کە بەهۆیەوە وای کردبوو ئیسرائیل گوناه بکات، بە پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بە بتە پووچەکانیان.
27 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی عۆمری و ئەوەی کردی و ئەو پاڵەوانییەتییەی کە نواندی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
28 عۆمری لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە سامیرە نێژرا. ئیتر ئەحاڤی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
دەستپێکی پاشایەتی ئەحاڤ
29 ئەحاڤی کوڕی عۆمری لە سی و هەشتەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا پاشای یەهودا بوو بە پاشای ئیسرائیل، بیست و دوو ساڵ لە سامیرە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد. 30 ئەحاڤی کوڕی عۆمریش لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی زیاتر لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. 31 نەک هەر تەنها گوناهەکانی یارۆڤعامی کوڕی نەڤاتی بەلاوە کەم بوو، بەڵکو ئیزابێلی کچی ئەسبەعلی پاشای سەیدائییەکانیشی هێنا و چوو بەعلی پەرست و کڕنۆشی بۆ برد. 32 لەناو پەرستگای بەعل قوربانگایەکیشی بۆ بەعل دروستکرد، کە لە سامیرە بنیادی نابوو. 33 هەروەها ئەحاڤ ستوونە ئەشێرایەکی دروستکرد، لە هەموو پاشاکانی ئیسرائیلیش کە لەپێش خۆیەوە بوون زیاتری کرد بۆ پەستکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
34 لە سەردەمی ئەحاڤ حیێلی بێتئێلی ئەریحای بنیاد نایەوە، بناغەکەی بە ئەبیرامی کوڕە نۆبەرەکەی دانا، دەرگاکانیشی بە سگوڤی کوڕە بچووکەکەی چەقاند، هەروەک چۆن فەرمایشتی یەزدان لەسەر زاری یەشوعی کوڕی نون فەرمووبووی.
پاشایەتی یەهۆشافات
17 یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا و خۆی لە بەرامبەر ئیسرائیل بەهێز کرد. 2 لە هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا لەشکری دانا، لەناو خاکی یەهودا و لەو شارۆچکانەی خاکی ئەفرایمیش کە ئاسای باوکی گرتبووی سەربازگەی تێدا دامەزراندن.
3 یەزدانیش لەگەڵ یەهۆشافات بوو، چونکە ڕێچکەی داودی باپیرە گەورەی گرتەبەر و ڕووی لە بتی بەعل نەکرد، 4 بەڵکو ڕووی لە خودای باوکی کرد و فەرمانەکانی ئەوی پەیڕەو کرد، نەک نەریتەکانی ئیسرائیل. 5 لەبەر ئەوە یەزدان جڵەوی پاشایەتییەکەی لە دەستیدا سەقامگیر کرد و هەموو یەهودا دیارییان پێشکەش بە یەهۆشافات کرد و دەوڵەمەندی و ڕێزی زۆری هەبوو. 6 بە هەموو دڵەوە ڕێگای یەزدانی پەیڕەو کرد و هەروەها نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و ستوونە ئەشێراکانی لە یەهودا تێکدا.
7 یەهۆشافات لە سێیەم ساڵی پاشایەتییەکەی بەنحەیل، عۆبەدیا، زەکەریا، نەتەنێل و میخایوی کاربەدەستەکانی خۆی ناردە شارۆچکەکانی یەهودا بۆ ئەوەی دانیشتووانەکانیان فێربکەن. 8 ژمارەیەک لێڤییان لەگەڵ بوون، شەمەعیا، نەتەنیاهۆ، زەڤەدیا، عەساهێل، شەمیرامۆت، یەهۆناتان، ئەدۆنیا، تۆڤییاهو و تۆڤ ئەدۆنیا، هەروەها ئەلیشاماع و یەهۆرام کە هەردووکیان کاهین بوون. 9 بەناو هەموو شارەکانی یەهودا دەگەڕان، پەڕتووکی تەوراتی یەزدانیان پێبوو و خەڵکیان فێردەکرد.
10 ترسی یەزدان باڵی بەسەر هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکانی دەوروبەری یەهودا کێشا، ئیتر لە دژی یەهۆشافات نەجەنگان. 11 هەندێک لە فەلەستییەکانیش دیاری و زیویان وەک سەرانە بۆ یەهۆشافات هێنا، هەروەها عەرەبەکانیش مەڕوماڵاتیان بۆ هێنا، حەوت هەزار و حەوت سەد بەران و حەوت هەزار و حەوت سەد تەگە.
12 هەتا دەهات یەهۆشافات مەزنتر دەبوو. لە یەهودا قەڵا و کۆگاکانی بنیاد نا، 13 لە شارۆچکەکانی یەهوداش ئازووقەی زۆری هەبوو، لە ئۆرشەلیم جەنگاوەری پاڵەوان و بەهێز هەبوو. 14 ئەمەش سەرژمێرییانە بەپێی بنەماڵەکان:
لە یەهودا، فەرماندەکانی یەکەی هەزاران:
عەدناح فەرماندە بوو و سێ سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو؛
15 لەپاش ئەو یەهۆحانان فەرماندە بوو کە دوو سەد و هەشتا یەکەی لەگەڵ بوو؛
16 لەپاش ئەویش عەمەسیای کوڕی زکری بوو، کە خۆی بەخشیبوو بە یەزدان، دوو سەد یەکەی پاڵەوانی بەهێزی لەگەڵ بوو.
17 لە بنیامین:
پاڵەوانی بەهێز، ئەلیاداع، دوو سەد یەکەی چەکداری بە کەوان و قەڵغانەوە لەگەڵدا بوو؛
18 لەپاش ئەویش، یەهۆزاڤاد سەد و هەشتا یەکەی پیاوی پڕچەککراوی بۆ جەنگ لەگەڵ بوو.
19 ئەمانە خزمەتکارەکانی پاشا بوون، جگە لەوانەی پاشا لەناو شارە قەڵابەندەکان لە هەموو یەهودا داینان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.