Chronological
پاشایەتی ئەبیا
15 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. 2 سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم[a] بوو.
3 بە هەموو گوناهەکانی باوکیدا ڕۆیشت کە لەپێش ئەوەوە کردبوونی، دڵی بە تەواوی لەگەڵ یەزدانی پەروەردگاری خۆی نەبوو، وەک دڵی داودی باپیرە گەورەی. 4 بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەبەر داود چرایەکی لە ئۆرشەلیم دایێ، بەوەی کە کوڕەکەی لەپاش خۆی پایەدار کرد و ئۆرشەلیمیشی ڕاگرت، 5 چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو داود کردبووی، لە هەموو ماوەی ژیانی لە هیچ لای نەدا لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێکرابوو، تەنها لە بابەتەکەی ئوریای حیتی نەبێت.
6 بە درێژایی ماوەی ژیانی ئەبیا جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو. 7 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعامیش هەبوو. 8 ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی ئاسا
9 لە بیستەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعامی پاشای ئیسرائیل، ئاسا بوو بە پاشای یەهودا. 10 چل و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، داپیری ناوی مەعکای کچی ئەڤیشالۆم بوو.
11 ئاسا بە هەمان شێوەی داودی باوکی ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاست بوو کردی، 12 پیاوە لەشفرۆشەکانی لە خاکەکە ڕاماڵی و هەموو ئەو بتانەشی لابرد کە باوباپیرانی دروستیان کردبوون. 13 ئاسا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 14 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 15 شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای یەزدان.
16 بە درێژایی ماوەی حوکمڕانیشیان جەنگ لەنێوان ئاسا و بەعشای پاشای ئیسرائیلدا هەبوو. 17 بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
18 ئاساش هەموو ئەو زێڕ و زیوەی کە لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا مابووەوە دەریهێنا و دایە دەست کاربەدەستەکانی. ئاسای پاشا ناردی بۆ بەنهەدەدی کوڕی تەڤڕیمۆنی کوڕی حەزیۆنی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی: 19 «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بە دیاری بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
20 بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێلی بێتمەعکا و هەموو کینەرەت و هەموو خاکی نەفتالی داگیر کرد. 21 کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کشایەوە تیرزە. 22 ئاسا پاشاش هەموو یەهودای بانگکرد، بێ ئەوەی کەسیانی لێ بەدەر بکات، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، ئینجا ئاسا پاشا بەوان گەڤەعی لە خاکی بنیامین و میچپای ئاوەدان کردەوە.
23 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئاسا، هەموو دەستکەوتەکانی و هەموو ئەوەی کردی و هەموو ئەو شارانەی بنیادی نا، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون، بەڵام لە سەردەمی پیری پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون. 24 پاشان ئاسا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لەگەڵ باوباپیرانی لە شاری داودی باپیرە گەورەی نێژرا. ئیتر یەهۆشافاتی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
پاشایەتی ئەبیا
13 لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا. 2 سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو.
ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا. 3 ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.
4 ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن! 5 ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک[a] بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟ 6 کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو، 7 جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.
8 «ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان. 9 بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک[b] و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.
10 «بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن. 11 هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە. 12 خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»
13 پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو. 14 کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و 15 پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند. 16 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە. 17 ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران. 18 لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.
19 پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێتئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان، 20 یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.
21 بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.
22 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.
14 ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. لە سەردەمی پاشایەتی ئەو خاکەکە ماوەی دە ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
پاشایەتی ئاسا
2 ئاساش ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی باش و ڕاست بوو کردی. 3 قوربانگا نامۆکان و نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی[c] شکاند، ستوونە ئەشێراکانی[d] بڕییەوە. 4 بە خەڵکی یەهودای گوت کە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانیان، کار بە فێرکردن و فەرمانەکانی بکەن. 5 لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و قوربانگاکانی بخووری تێکدا، پاشایەتییەکە لە سایەیدا حەسایەوە. 6 ئەو شارە قەڵابەندەکانی یەهودای ئاوەدان کردەوە، چونکە ئاشتی لە خاکەکەدا بەرقەرار بوو. لەو ساڵانە جەنگ ڕووی نەدا، چونکە یەزدان پاشای حەساندەوە.
7 بە یەهودای گوت: «با ئەم شارۆچکانە بنیاد بنێینەوە، با دەوریان بە شوورا و قوللە و دەروازە و شمشیرە[e] بگرین. خاکەکە هێشتا لەژێر دەستی ئێمەیە، چونکە ڕوومان لە یەزدانی پەروەردگارمان کردووە؛ ڕوومان لەو کرد و ئەویش لە هەموو لایەکەوە ئێمەی حەساندەوە.» ئیتر کاری بیناسازییان کرد و سەرکەوتوو بوون.
8 ئاسا سوپایەکی سێ سەد هەزار کەسی پڕ چەککراوی بە قەڵغانی گەورە و ڕم هەبوو لە یەهودا، سوپایەکی دوو سەد و هەشتا هەزار کەسیشی لە تیرهاوێژ و قەڵغان بە دەست هەبوو لە بنیامین، هەر هەموویان پاڵەوانی بەهێز بوون.
9 زەرەحی کوشی سوپایەکی بێشوماری بە سێ سەد گالیسکەوە لە دژیان جوڵاند و هەتا مارێشا هات. 10 ئاساش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و لە دۆڵی چەفیتا لەلای مارێشادا بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.
11 ئینجا ئاسا هاواری بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە یارمەتی لاوازەکان بدات لە دژی بە هێزەکان. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان یارمەتیمان بدە، چونکە ئێمە پشتمان بە تۆ بەستووە و بە ناوی تۆوە هاتووین بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم سوپا زەبەلاحە. ئەی یەزدان، تۆ خودامانیت، ڕێگا مەدە هیچ مرۆڤێک بەسەرتدا زاڵ بێت.»
12 یەزدان لەبەردەم ئاسا و یەهودا کوشییەکانی تێکشکاند، جا کوشییەکان هەڵاتن و 13 ئاسا و ئەو لەشکرەش کە لەگەڵی بوو هەتا گرار ڕاویان نان، کوشییەکان ئەوەندە کەسیان لێ کوژرا کە نەیانتوانی هەستنەوە، چونکە لەبەردەم یەزدان و سوپاکەی شکان. پیاوانی یەهودا تاڵانێکی زۆریان دەست کەوت. 14 پاشان هەموو گوندەکانی دەوروبەری گراریان وێران کرد، چونکە ترسی یەزدان باڵی بەسەریاندا کێشابوو. هەموو شارۆچکەکانیشیان تاڵان کرد، چونکە تاڵانێکی زۆریان تێدابوو. 15 هەروەها هێرشیان کردە سەر چادری شوان و وشترەوانەکان، مەڕ و بزن و وشتری زۆریان دایە پێش خۆیان و گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
چاکسازییەکانی ئاسا
15 عەزەریای کوڕی عۆدێد ڕۆحی خودا هاتە سەری و 2 ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت. 3 ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون. 4 بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت. 5 لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو. 6 ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون. 7 بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»
8 کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
9 ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
10 لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و 11 لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و 12 پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان، 13 هەموو ئەوانەی کە ڕوو لە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ناکەن، لە گەورە و بچووک و لە پیاو و لە ژن، دەکوژرێن. 14 ئەوانیش سوێندیان بۆ یەزدان خوارد، بە دەنگی بەرز و بە هوتاف و زوڕنا و کەڕەنا لێدان. 15 هەموو یەهودا بەو سوێندە دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە سوێندیان خوارد و بەوپەڕی ڕەزامەندییانەوە ڕوویان لە یەزدان کرد، ئەویش بۆیان دەرکەوت و یەزدان لە هەموو لایەکەوە ئەوانی حەواندەوە.
16 ئاسا پاشا تەنانەت مەعکای داپیریشی لە پلەی شاژنی دایک لابرد، لەبەر ئەوەی ستوونە ئەشێرایەکی قێزەونی دروستکردبوو. ستوونەکەی بڕییەوە و وردوخاشی کرد و لە دۆڵی قدرۆن سووتاندی. 17 هەرچەندە نزرگەکانی سەر بەرزایی لە ئیسرائیل تێکنەدران، بەڵام دڵی ئاسا بە درێژایی ژیانی بە تەواوی لەگەڵ یەزدان بوو. 18 هەروەها شتە تەرخانکراوەکانی خۆی و باوکی لە زێڕ و زیو و قاپوقاچاغ هێنایە ناو پەرستگای خودا.
19 هەتا ساڵی سی و پێنجەمی پاشایەتی ئاسا هیچ جەنگێکی دیکە هەڵنەگیرسا.
دواهەمین ساڵانی ئاسا
16 لە سی و شەشەمین ساڵی پاشایەتی ئاسا، بەعشای پاشای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر یەهودا و شارۆچکەی ڕامەی کردە شارێکی قەڵابەند، بۆ ئەوەی لە سنووری ئاسای پاشای یەهودا ڕێی هاتوچۆکردن بگرێت.
2 ئاساش زێڕ و زیوی لە گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشادا دەرهێنا و ناردی بۆ بەنهەدەدی پاشای ئارام کە لە دیمەشق دادەنیشت، گوتی: 3 «با پەیمانێک لەنێوان من و تۆدا هەبێت وەک ئەوەی لەنێوان باوکم و باوکتدا هەبوو. من وا زێڕ و زیوم بۆ ناردوویت، ئێستا وەرە پەیمانەکەت لەگەڵ بەعشای پاشای ئیسرائیل هەڵوەشێنەوە، هەتا لەلای من بکشێتەوە.»
4 بەنهەدەدیش بە قسەی ئاسا پاشای کرد، سەرکردەکانی سوپاکەی ناردە سەر شارۆچکەکانی ئیسرائیل، عییۆن و دان و ئابێل مایم[f] و هەموو کۆگاکانی نەفتالی گرت. 5 کاتێک بەعشا ئەمەی بیستەوە، دەستی لە بنیادنانی ڕامە هەڵگرت و کارەکەی بەجێهێشت. 6 ئاسا پاشاش هەموو پیاوانی یەهودای هێنا، ئەو بەرد و دارانەی هەڵگرت کە بەعشا لە شارۆچکەی ڕامە بەکاریهێنابوون، گەڤەع و میچپای پێ ئاوەدان کردەوە.
7 لەو کاتەدا حەنانی پێشبینیکەر هات بۆ لای ئاسای پاشای یەهودا و پێی گوت: «سوپای پاشای ئارام لە دەستت دەرباز بوو، لەبەر ئەوەی پشتت بە پاشای ئارام بەست و پشتت بە یەزدان خودات نەبەست. 8 ئایا کوشییەکان و لیبییەکان سوپایەکی زۆر نەبوون بە گالیسکە و ئەسپ سواری یەک جار زۆرەوە؟ بەڵام کاتێک کە پشتت بە یەزدان بەست ئەوانی دا بە دەستتەوە، 9 چونکە چاوەکانی یەزدان چاودێرن بەسەر هەموو زەویدا، بۆ ئەوەی ئەوانەی بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵیدان، بەهێزیان بکات. تۆ بە گێلی ڕەفتارت کرد، لە ئەمڕۆ بە دواوە هەمیشە لە جەنگدا دەبیت.»
10 ئاسا لەبەر ئەمە لە پێشبینیکەرەکە تووڕە بوو؛ بە جۆرێک لێی هەڵچوو کە خستییە زیندانەوە، هەروەها ئاسا لەو کاتەدا هەندێک کەسی لە گەلەکەی چەوساندەوە.
11 ڕووداوەکانی پاشایەتی ئاسا لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی پاشاکانی یەهودا و ئیسرائیل تۆمار کراون.
12 لە سی و نۆیەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا ئاسا پێیەکانی تووشی نەخۆشی بوون، هەتا نەخۆشییەکەی لێی پیس کرد، بەڵام لە نەخۆشییەکەشی داوای یەزدانی نەکرد، بەڵکو تەنها داوای یارمەتی لە پزیشکەکان کرد. 13 ئاسا لە چل و یەکەمین ساڵی پاشایەتییەکەی مرد و لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە. 14 لەسەر دارەمەیتێک[g] دایاننا کە پڕ بوو لە بۆنوبەرام و پێکهاتووی جۆراوجۆری بۆنخۆش بەپێی تێکەڵکردنەکەی. لەو گۆڕەی کە لە شاری داود بۆ خۆی هەڵکەندبوو ناشتیان و ئاگرێکی گەورەیان وەک ڕێزلێنان بۆ کردەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.