Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ژیرمەندی 7-12

دانایی

ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و
    ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.
چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە
    لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،
چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،
    زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.
وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،
    چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.
دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و
    دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.
گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە
    لە گوێگرتن لە گۆرانی گێلەکان.
چونکە وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵە،
    بەم شێوەیە پێکەنینی پیاوی گێل.
    ئەمەش هەر بێ واتایە.

زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و
    بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.

کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،
    پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.
لە ناخەوە زوو پەست مەبە،
    چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

10 مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»
    چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.

11 دانایی باشە وەک میرات و
    بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.
12 دانایی پەناگایە
    وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،
سوودی زانینیش، داناییە
    ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.

13 تەماشای کاری خودا بکە:

کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە
    ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟
14 لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە و
    لە ڕۆژی خراپدا ببینە:
خودا هەردووکیانی دروستکردووە.
ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک
    سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

15 لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:

کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،
    خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.
16 زۆر ڕاستودروست مەبە و
    زیاد دانا مەبە.
    بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟
17 زۆر بەدکار مەبە و
    مەبە بە گێل.
    بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟
18 باشترە دەست بە ئەمیانەوە بگریت،
    هەروەها لەمەش دەست شل نەکەیت،
    چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕەوی ناکات.

19 دانایی دانا بەهێزتر دەکات
    لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.

20 بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،
    کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.

21 هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،
    نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،
22 چونکە دڵت دەزانێت
    کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.

23 هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردووەتەوە.

گوتم: «دانا دەبم،»
    کەچی لێم دوور بوو.
24 ئەو داناییە کە هەیە دوورە و
    هێندە قووڵە کێ دەیدۆزێتەوە؟
25 هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و
    گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،
لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و
    گێلایەتیش شێتییە.

26 من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە
    ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،
دەستەکانیشی کۆتن.
    ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،
    بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.

27 وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:

«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،
28     لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و
    جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،
پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:
    ”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،
بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“
29 تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:
    خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،
    بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»

کێ وەک مرۆڤی دانایە؟
    کێ ڕوونکردنەوەی شت دەزانێت؟
دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناک دەکاتەوە و
    تاڵی ڕوخساری دەگۆڕێت.

فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە

من دەڵێم: فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە، لە پێناوی ئەو سوێندەی کە بۆ خودات خوارد. پەلە مەکە لە ڕۆیشتن لەبەردەمی پاشا. داکۆکی لە خراپە مەکە، چونکە پاشا هەرچی پێی خۆش بێت دەیکات. فەرمایشتی پاشا فەرموودەی دەسەڵاتدارە، کێ دەتوانێت پێی بڵێت: «تۆ چی دەکەیت؟»

ئەوەی فەرمانەکەی بەجێبگەیەنێت تووشی خراپە نابێت،
    دڵی داناش دەیزانێت کات و حوکمدان هەیە.
چونکە هەر شتێک کات و حوکمی خۆی هەیە،
    هەرچەندە مرۆڤ دەردەسەری زۆر بێت.

کەس نازانێت لە داهاتوودا چی دەبێت،
    ئەوەی ڕوودەدات کێ پێی ڕادەگەیەنێت؟
وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت،
    مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە.
وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە،
    خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.

هەموو ئەمانەم بینی، کە سەرنجم دایە هەموو ئەو کارانەی لەسەر زەوی کراون. کاتێک هەیە کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەدا دەسەڵاتدار دەبێت بۆ زیانی خۆی. 10 بەم جۆرە بینیم خراپەکاران لە گۆڕ نران، ئەوانەی کە لە شوێنی پیرۆزەوە هاتوچۆیان دەکرد و لەو شارەی ئەو کارانەیان کرد ستایش کرابوون. ئەمەش هەر بێ واتایە.

11 لەبەر ئەوەی کارکردن بە بڕیار لە دژی کاری خراپە پەلەی لێ ناکرێت، دڵی ئادەمیزاد پڕ بووە لە پیلانی خراپ. 12 هەرچەندە بەدکار کە سەد جار تاوانی کردبێت دەتوانێت تەمەنێکی درێژ بژیێت، بەڵام من دەزانم کە بۆ لەخواترس کە ڕێزی خودا دەگرێت باشتر دەبێت. 13 بەڵام بۆ بەدکاران چاک نابێت و وەک سێبەر ڕۆژانیان درێژە ناکێشێت، چونکە لە خودا ناترسن.

14 شتێکی دیکەی بێ واتا هەیە کە لەسەر زەویدا دەکرێت، ئەمەیە: ڕاستودروستان هەن بەگوێرەی کاری بەدکارانیان بەسەردا دێت و بەدکارانیش هەن بەگوێرەی کاری ڕاستودروستانیان بەسەردا دێت. گوتم، ئەمەش هەر بێ واتایە. 15 لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بەشدار بن لە شادی، چونکە کوا چاکە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی؟ بێجگە لەوەی کە بخوات و بخواتەوە و شادبێت و ئەمەی بۆ دەمێنێتەوە لە ماندووبوونەکەی بە درێژایی ژیانی، کە خودا پێیداوە لەسەر زەویدا.

16 کاتێک سەرنجم دایە دانایی و ڕەنجکێشانی خەڵکی زەوی، کە شەو و ڕۆژ خەو نەدەچووە چاویان، 17 هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی داوە بینیم. کەس ناتوانێت لە کارەکانی خودا لەسەر زەوی تێ بگات. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ ماندوو دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنچینەکەی، بەڵام نایدۆزێتەوە. هەرچەندە کەسی داناش دەڵێت دەزانم، بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە.

یەک ڕووداو بۆ هەمووان

ئیتر هەموو لە هەموو ئەوانە تێڕامام کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت. هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، بۆ کەسی ڕاستودروست و بۆ بەدکار، بۆ چاک و بۆ خراپ، بۆ پاک بۆ گڵاو، بۆ قوربانی سەربڕ و بۆ ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت.

چاکەکار و گوناهبار،
سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.

ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە و شێتی لە دڵیاندایە کە زیندوون و پاشانیش کە دەچنە پاڵ مردووان. هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!

چونکە زیندووان دەزانن کە دەمرن،
    بەڵام مردووان هیچ نازانن و
لەمەودواش پاداشتیان نییە،
    تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.
خۆشەویستی و ڕق و
    بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،
ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە
    لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.

بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە. با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە. خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت. 10 ئەوەی لە دەستت دێ بیکەیت، بە هێزەوە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.

11 دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:

ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و
    جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و
نان بۆ دانایان نییە و
    دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و
    پەسەندی بۆ زانایان نییە،
چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.

12 هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:

وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن
    یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،
وەک ئەوان ئادەمیزاد ڕاو دەکرێن لە کاتی خراپەدا
    کە لەناکاو بەسەریاندا دێت.

دانایی لە گێلایەتی باشترە

13 ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: 14 شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. 15 ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. 16 منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.

17 قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە،
    زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.
18 دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،
    بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.

    10 وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات،
    کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.
دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات،
    دڵی گێلیش مەیلی خواری دەکات.
کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات
    گێلی لێ دەبارێت،
    ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.
ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا،
    شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە،
    چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.

خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم
    وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا.
گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و
    دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.
بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و
    میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.

ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
    ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.
ئەوەی بەرد هەڵکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت،
    ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.

10 ئەگەر تەور کول بێت و
    دەمی تیژ نەکرێت،
هێزی زیاتری دەوێت،
    بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.

11 ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات،
    ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.

12 قسەی زاری دانا شیرینە،
    بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.
13 سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە،
    لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.
14     گێل زۆر قسە دەکات.

مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و
    کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت
    کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟

15 ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات،
    بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.

16 قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و
    میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.
17 خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و
    میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن،
    بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.

18 بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و
    بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.

19 بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و
    شەرابیش ژیان خۆش دەکات،
    بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.

20 تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە،
    لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە،
چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و
    باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.

نانی سەر ئاوەکان

11 نان بدە بە دەم ئاوەوە،
    چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.
بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش،
    چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.

ئەگەر هەور پڕبێت،
    باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت.
ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور،
    ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.
ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت،
    ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.

هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە،
    یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت،
بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا بگەیت،
    کە هەمووان دروستدەکات.

سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە،
    سەر لە ئێوارەش دەست شل مەکە،
چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت،
    ئەم یان ئەو،
    یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک دەبێت.

بەدیهێنەرت لە لاویێتیت لەبیر بێت

ڕووناکی شیرینە و
    باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.
ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا،
    با بە هەمووی دڵخۆش بێت.
بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت،
    چونکە زۆر دەبێت.
    هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.

ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە،
    با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت.
بە ڕێگای دڵی خۆت و
    بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ،
بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە
    خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.
10 پەستی لە دڵت داماڵە و
    خراپە لە لەشت دووربخەوە،
    چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.

12 بەدیهێنەری خۆت لەبیر بێت
    لە سەردەمی گەنجیێتیت،
پێش ئەوەی ڕۆژگاری خراپە بێت
    یان ئەو ساڵانە نزیک بێتەوە کە بڵێی:
    «خۆشییان تێدا نابینم.»
پێش ئەوەی درەوشانەوەی خۆر و
    ڕووناکی و مانگ و ئەستێرە تەواو بێت،
    پێش ئەوەی گەڕانەوەی هەوری باران ئاسمان تاریک بکات؛
ئەو ڕۆژەی پارێزەرانی ماڵ دەلەرزن،
    پیاوانی بەهێز دەچەمێنەوە،
ئەو ئافرەتانەی کە ئیشی دەستاڕیان دەکرد لەبەر کەمی لە کار دەکەون،
    تاریک دادێن ئەو ژنانەش کە لە پەنجەرەکانەوە تەماشا دەکەن؛
کاتێک دەرگاکانی لە بازاڕ داخراون
    دەنگی هاڕین نزم دەبێتەوە؛
ئەو ڕۆژەی کە پیرەمێرد لە دەنگی چۆلەکە هەڵدەستێت،
    هەرچەندە بەلایەوە گۆرانی کچەکان کز دەبن؛
ئەو ڕۆژەش کە خەڵک لە بەرزایی دەترسن و
    لە ڕێگا تۆقیون،
کە بادەم چرۆ دەکات و
    کوللەحاجی خۆی ڕادەکێشێت و
    هیچ ئارەزوو نامێنێت.
ئیتر مرۆڤ بەرەو ماڵی هەتاهەتایی خۆی دەچێت و
    شینگێڕەکان بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.

لەبیرت بێت، پێش ئەوەی زنجیری زیو بپچڕێت و
    قاپی زێڕین بشکێت؛
پێش ئەوەی گۆزە لەسەر کانی وردوخاش بکرێت،
    یان چەرخە لەسەر بیر بشکێنرێت و
خۆڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی وەک پێشوو،
    ڕۆحیش دەگەڕێتەوە لای ئەو خودایەی کە بەخشیویەتی.

وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «بێ واتای بێ واتایان!
    هەموو شتێک بێ واتایە!»

دەرئەنجامی بابەتەکە

سەرباری ئەوەی کە وتاربێژی ژیرمەند دانا بوو، گەلیشی فێری زانین کرد، شارەزای هەڵسەنگاندن و پشکنین و ڕێکخستنی پەندی زۆر بوو. 10 وتاربێژی ژیرمەند هەوڵی دا وشە شادی بەخشەکان بدۆزێتەوە کە بە سەرڕاستی نووسراون و وشەکانی ڕاستین.

11 وشەکانی پیاوی دانا وەک نەقیزە وایە، وەک بزمارە چەقیوەکانن لە پیاوانی کۆمەڵ، لەلایەن یەک شوانەوە دراون. 12 سەرەڕای ئەمانەش، ئەی ڕۆڵە، سەرنجی ئەم شتانە بدە.

دانانی پەڕتووکی زۆر کۆتایی بۆ نییە، لێکۆڵینەوەی زۆریش لەش ماندوو دەکات.

13 هەموو شت ئێستا بیستراوە و
    دەرئەنجامەکەی ئەوەیە:
لە خودا بترسە و ڕاسپاردەکانی بەجێبگەیەنە،
    چونکە ئەمە ئەرکی سەر شانی هەموو مرۆڤە.
14 چونکە خودا حوکم بەسەر هەموو کارێک دەدات،
    لەسەر هەموو کارێکی نهێنی،
    جا چ چاک بێت یان خراپ.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.