Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ژیرمەندی 1-6

هەرچی هەیە بێ واتایە

وتەکانی وتاربێژی ژیرمەند، کوڕی داود، پاشا لە ئۆرشەلیم:

وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت:
    «بێ واتای بێ واتایان!
بێ واتا هەر بێ واتایە!
    هەرچی هەیە بێ واتایە.»

مرۆڤ لە هەموو ماندووبوونەکەی چی بۆ دەمێنێتەوە،
    کە لەسەر زەوی[a] پێوەی ماندوو دەبێت؟
نەوەیەک دێت و نەوەیەک دەڕوات،
    بەڵام زەوی هەتاهەتایە هەر هەیە.
خۆر هەڵدێت و خۆرئاوا دەبێت،
    بە پەلەیە بۆ شوێنەکەی لەوێوە هەڵدێت.
با هەڵدەکات بەرەو باشوور و
    دەسووڕێتەوە بەرەو باکوور،
دەسووڕێتەوە و دەسووڕێتەوە،
    هەمیشە بۆ خولگەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.
هەرچەندە هەموو ڕووبارەکان بەرەو دەریا دەچن،
    بەڵام دەریا هەر پڕ نابێت.
ڕووبارەکان بۆ شوێنەکەی خۆیان دەچنەوە،
    بۆ ئەوێ دەڕۆن و دەگەڕێنەوە.
هەموو شتەکان ماندووکەرن،
    مرۆڤ ناتوانێت دەریانببڕێت.
چاو لە سەیرکردن تێر نابێت و
    گوێ لە بیستن پڕ نابێت.
ئەوەی بووە هەر ئەو دەبێت،
    ئەوەی کراوە هەر ئەو دەکرێت،
    هیچی نوێ لەسەر زەوی نییە.
10 هیچ شتێک نییە کە بگوترێت:
    «سەیر بکە، ئەمە نوێیە!»
لە دێرزەمانەوە هەر بووە،
    لە سەردەمانی پێش ئێمەوە.
11 کەس یادی نەوەکانی پێشوو ناکاتەوە،
    تەنانەت نەوەکانی داهاتووش
نایەنەوە یادی
    ئەوانەی کە لەپاش ئەوان دێن.

دانایی بێ واتایە

12 من کە وتاربێژی ژیرمەندم، پاشای ئیسرائیل بووم لە ئۆرشەلیم. 13 لە ڕێگای داناییەوە خۆمم تەرخان کرد بۆ فێربوون و لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هەموو ئەو کارانەی کە لەسەر زەوی کراون. بارێکی گرانە کە خودا لەسەر شانی مرۆڤی داناوە! 14 ڕوانیمە هەموو کردارەکان کە لەسەر زەویدا کراون و ئەوەتا هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە.

15 خوار ناتوانرێت ڕاست بکرێتەوە و
    ونبوو ناتوانرێت بژمێردرێت.

16 لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئەوەتا من مەزن بووم، داناییم زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لەسەر تەختی ئۆرشەلیم بوون و دڵم دانایی و زانینی زۆری بینی.» 17 ئینجا خۆمم تەرخان کرد بۆ تێگەیشتن لە دانایی، هەروەها شێتی و گێلی، ئەو کاتە بۆم دەرکەوت ئەمەش بە هەمان شێوە گڤەی بایە.

18 چونکە لە زۆری دانایی، پەستی زۆر دەبێت و
    ئەوەی زانینی زیاتر بێت خەمی زیاد دەبێت.

شادی بێ واتایە

من لە دڵی خۆمدا گوتم: «ئێستا وەرە با بە شادی تاقیت بکەمەوە، جا چاکە دەبینیت!» بەڵام ئەمیش بووە شتێکی بێ واتا. لەبارەی پێکەنینەوە گوتم: «گێلایەتییە، ئەی شادی دەتگەیەنێتە چی؟» هەوڵم دا ڕۆحی خۆم بە شەراب شاد و گێل بکەم، لەو کاتەی کە هێشتا بیرم بە دانایی ڕێنمایی دەکردم. ویستم ببینم چی بۆ مرۆڤ باشە کە بە درێژایی ڕۆژانی ژیانی لەژێر ئاسماندا بیکات.

کاری مەزنم ئەنجام دا، چەندین ماڵم بۆ خۆم بنیاد نا، چەندین ڕەزم بۆ خۆم چاند، باخ و بێستانم دروستکرد، لەناویاندا هەموو جۆرە دارێکی بەردارم چاند. حەوزی ئاوم دروستکرد هەتا لەوێوە دارستانە سەوزەکان ئاو بدەم. کۆیلە و کەنیزەم کڕی و چەند کۆیلەیەکی دیکەشم هەبوو کە لە ماڵەکەم لەدایک ببوون. هەروەها سەرمایەی مەڕ و مانگام زۆرتر بوو لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون. زێڕ و زیو و گەنجینەی پاشاکان و هەرێمەکانم بۆ خۆم کۆکردەوە، چەندین ژن و پیاوی گۆرانیبێژ و کەنیزەم بۆ خۆم دانا. ئەوەی چێژ بداتە مرۆڤ بۆ خۆم دامنا. مەزن و پایەدارتر بووم لە هەموو ئەوانەی پێش من لە ئۆرشەلیم بوون، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەر بە دانایی مامەوە.

10 هەرچی چاوم خواستی ڕێم لێ نەگرت،
    ئەوەی دڵم پێی خۆش بوو کردم.
دڵم بە هەموو ماندووبوونەکەم خۆش بوو،
    ئەمەش پاداشتی هەموو ماندووبوونەکەم بوو.
11 بەڵام کاتێک سەیری هەموو کارەکانی دەستی خۆمم کرد،
    لەوانەی کە پێیانەوە ماندوو ببووم،
بینیم هەمووی بێ واتا بوون وەک گڤەی با.
    لەسەر زەوی هیچت بۆ نامێنێتەوە.

دانایی و گێلایەتی بێ واتان

12 پاشان ئاوڕم دایەوە بۆ ئەوەی دانایی و
    شێتی و گێلایەتی ببینم،
چونکە ئەو کەسەی کە دوای پاشا دێت
    چی زیاتر دەکات، لەوەی پێشتر کراوە؟
13 جا بینیم دانایی لە گێلی بەسوودترە،
    وەک چۆن ڕووناکی بەسوودترە لە تاریکی.
14 دانا چاوی لە سەریدایە،
    بەڵام گێل بە تاریکیدا دەڕوات،
پاشان بۆم دەرکەوت
    کە هەردووکیان یەک چارەنووسیان هەیە.

15 ئینجا لە دڵی خۆمدا گوتم:

«ئەوەی لە گێل ڕوودەدات لە منیش ڕوودەدات،
    ئیتر قازانجی چییە کە من داناتربم؟»
لەبەر ئەوە لە دڵی خۆمدا گوتم:
    «ئەمەش هەر بێ واتایە.»
16 چونکە نە دانا و نە گێل، هەتاهەتایە یاد ناکرێنەوە.
    وەک چۆن لە کۆنەوە ئاواش لە ڕۆژانی داهاتوو هەموو لەبیر دەچنەوە.
هەروەک گێل، داناش دەمرێت.

ماندووبوون بێ واتایە

17 ئیتر ڕقم لە ژیان هەستا، چونکە ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت، لەلام خراپە، هەمووی بێ واتایە و گڤەی بایە. 18 ڕقم لە هەموو ماندووبوونەکەم هەستا کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا، لەبەر ئەوەی بە ناچاری بۆ ئەو کەسەی بەجێدەهێڵم کە لەپاش خۆم دێت. 19 کێ دەزانێت ئەو کەسە دانا دەبێت یان گێل؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەست بەسەر هەموو ماندووبوونەکەم دەگرێت کە لەسەر زەویدا ڕەنجم بۆی کێشا. ئەمەش هەر بێ واتایە. 20 ئیتر دڵی خۆم بێ ئومێد بووە لە هەموو ئەو ماندووبوونە کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو بووم. 21 لەوانەیە کەسێک بە دانایی و زانین و کارامەییەوە خۆی ماندوو بکات، بەڵام بۆ کەسێک کە پێوەی ماندوو نەبووبێت وەک میرات بەجێی بهێڵێت. هەروەها ئەمەش بێ واتایە و نەهامەتییەکی گەورەیە. 22 چی تێدایە بۆ مرۆڤ لە هەموو ئەو ماندووبوون و کۆششەی کە بە دڵەڕاوکێ لەسەر زەویدا ڕەنجی بۆ دەکێشێت؟ 23 چونکە بە درێژایی ژیانی کارەکەی پڕ لە خەم و ئازارە، بگرە لە شەویشدا بیری ئاسوودە نابێت. ئەمەش هەر بێ واتایە.

24 لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە بخوات و بخواتەوە و چێژ لە ماندووبوونەکەی ببینێت. هەروەها ئەمەشم بینی کە لە خوداوەیە، 25 چونکە بەبێ خودا کێ دەتوانێت بخوات و کێ دەتوانێت خۆشی ببینێت؟ 26 خودا ئەوەی چاکە لەبەردەمی، دانایی و زانین و دڵخۆشی دەداتێ، گوناهباریش خەریک دەکات بە کۆکردنەوەی ماڵ و سامان و ئەمبارکردنی، هەتا بیداتە ئەو کەسەی کە خودا پەسەندی دەکات. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

وەرزێک بۆ هەر شتێک

هەر شتێک وەرزی خۆی هەیە،
    هەر چالاکییەک لەسەر زەوی کاتی خۆی هەیە:

    لەدایکبوون کاتی خۆی هەیە و مردنیش کاتی خۆی.
    چاندن کاتی خۆی هەیە و هەڵکێشانی چێنراویش کاتی خۆی.
    کوشتن کاتی خۆی هەیە و چاکبوونەوەش کاتی خۆی،
    ڕووخاندن کاتی خۆی هەیە و بنیادنانیش کاتی خۆی.
    گریان کاتی خۆی هەیە و پێکەنینیش کاتی خۆی.
    شیوەن گێڕان کاتی خۆی هەیە و سەماکردن کاتی خۆی،
    بەرد بڵاوکردنەوە کاتی خۆی هەیە و بەرد کۆکردنەوە کاتی خۆی،
    لەئامێزگرتن کاتی خۆی هەیە و لەئامێزنەگرتنیش کاتی خۆی،
    کۆڵدان کاتی خۆی هەیە و کۆڵنەدان کاتی خۆی،
    پارێزگاریکردن کاتی خۆی هەیە و فڕێدان کاتی خۆی،
    دڕاندن کاتی خۆی هەیە و دوورینەوە کاتی خۆی،
    بێدەنگی کاتی خۆی هەیە و قسەکردن کاتی خۆی،
    خۆشویستن کاتی خۆی هەیە و ڕق کاتی خۆی،
    جەنگ کاتی خۆی هەیە و ئاشتی کاتی خۆی.

کرێکار چی بۆ دەمێنێتەوە لەوەی خۆی پێوە ماندوو دەکات؟ 10 ئەو بارەم بینی کە خودا داویەتی بە ئادەمیزاد هەتا هەڵیبگرن. 11 خودا هەموو شتێکی دروستکرد کە لە کاتی خۆیدا جوان بێت، هەروەها وای کرد مرۆڤ هەستی ژیانی هەتاهەتایی هەبێت؛ لەگەڵ ئەوەشدا کەس ناتوانێت لە بنجوبنەوانی کاری خودا بگات، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی. 12 جا زانیم کە لەوە باشتر نییە بۆ مرۆڤ کە پێی دڵخۆش بێت و چاکە بکات لە ژیانیدا. 13 هەروەها کە هەموو مرۆڤێک بخوات و بخواتەوە و چێژ لە هەموو ماندووبوونەکەی ببینێت، ئەوە دیاری خودایە. 14 زانیم کە هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی دەدات بۆ هەتاهەتایە، هیچی بۆ زیاد ناکرێت و هیچیشی کەم ناکرێتەوە. خودا کردوویەتی بۆ ئەوەی خەڵک لێی بترسن.

15 ئەوەی هەیە پێشتر هەبووە،
    ئەوەش کە دەبێت پێشتر بووە،
    خوداش لێپرسینەوە لەسەر ڕابردوو دەکات.

16 هەروەها لەسەر زەوی بینیم:

خراپەکاری لە جێی دادپەروەری،
    بەدکاریش لە جێگای ڕاستودروستی.

17 جا لە دڵی خۆمدا گوتم:

«کەسی ڕاستودروست و خراپەکاریش
    خودا دادگایی هەردووکیان دەکات،
چونکە بۆ هەر چالاکییەک کاتی خۆی دەبێت،
    بۆ بڕیاردانیش لەسەر هەر کارێک کاتی خۆی.»

18 من لە دڵی خۆمدا گوتم: «سەبارەت بە ئادەمیزاد، خودا تاقییان دەکاتەوە بۆ ئەوەی تێیانبگەیەنێت کە ئاژەڵ چۆنە ئەوانیش بەو شێوەیەن. 19 بێگومان چارەنووسی مرۆڤ هەروەک چارەنووسی ئاژەڵە، چونکە مردنی ئەمیان وەک مردنی ئەویانە و یەک هەناسە بۆ هەردووکیانە، مرۆڤ هیچی لە ئاژەڵ زیاتر نییە. بێگومان هەرچی هەیە بێ واتایە. 20 هەموو بۆ یەک شوێن دەڕۆن: هەردووکیان لە خۆڵەوە هاتن و دەشگەڕێنەوە بۆ خۆڵ. 21 کێ دەزانێت: ئایا ڕۆحی ئادەمیزاد بەرەو سەرەوە هەڵدەکشێت یان ڕۆحی ئاژەڵ بەرەو خوارەوە بۆ زەوی دادەبەزێت؟»

22 ئیتر بینیم لەوە باشتر نییە کە مرۆڤ بە کارەکەی دڵخۆش بێت، لەبەر ئەوەی ئەمە بەشی ئەوە، چونکە کێ دەیبینێت بۆ ئەوەی بیگێڕێتەوە کە لەدوای ئەو چی دەبێت؟

ستەمکاری، ماندووبوون، تەنهایی

پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا:

فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی،
    کەس نەبوو دڵنەواییان بکات،
ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو،
    کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.
خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت
    کە دەمێکە مردوون،
ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی
    کە لە ژیاندا ماون.
بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە
    کە هێشتا لەدایک نەبووە،
ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە
    کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.

من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و
    گۆشتی خۆی دەخوات.
مشتێک حەسانەوە باشترە
    لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.

دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:

یەکێکی تاک و تەنها،
    نە کوڕی هەبوو، نە برا،
هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو،
    هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو.
گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و
    گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟»
ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.

دوو کەس لە یەک کەس باشترە،
    چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.
10 ئەگەر یەکێکیان بکەوێت،
    هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە.
بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە،
    دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.
11 هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە،
    بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟
12 ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت،
    دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن،
داوی سێ تەلیش زوو ناپسێت.

پلە بەرزبوونەوە بێ واتایە

13 گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت. 14 دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت. 15 ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە. 16 ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

ئەنجامدانی نەزر

کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.

با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
    با دڵیشت خێرا نەکات،
    لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
    تۆ لەسەر زەویت،
    لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
    قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.

ئەگەر نەزرێکت[b] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[c] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.

سامان بێ واتایە

ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت. بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.

10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
    ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
    هەروەها ئەمەش بێ واتایە.

11 بە زیادبوونی خێروبێر
    زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
    جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟

12 خۆشە خەوی کارگەر،
    کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێری دەوڵەمەندە
    ڕێ بۆ خەو نادات.

13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:

سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
14     ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
    ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
    بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
    لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.

16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:

هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
    ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
    چ قازانجێک دەکات؟
17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
    لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.

18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.

بارگرانییەکم لەسەر زەوی بینیوە کە ئادەمیزاد خراپ گیرۆدە بوون بە دەستیەوە، کەسێک خودا دەوڵەمەندی و سامان و ڕێزی پێدابێت و هیچ کەمی نەبێت لەوەی گیانی ئارەزووی دەکات، بەڵام خودا دەسەڵاتی پێنەداوە بۆ ئەوەی بیخوات، بەڵکو بێگانە دەیخوات، ئەمە بێ واتایە و دەردێکی خراپە.

ئەگەر کەسێک سەد منداڵی هەبێت و ساڵانێکی زۆر بژیێت و تەمەنی زۆر بێت، بەڵام گیانی تێر خۆشی نەبێت و هەروەها ناشتنی بۆ نەبێت، دەڵێم: لەبارچووێک لەو باشترە، چونکە بێ واتایانە دێت و بە تاریکیدا دەڕوات، ناویشی بە تاریکی دادەپۆشرێت. هەروەها نە خۆری بینی و نە دەشزانێت، ئەم ئاسوودەترە لەو کەسە. ئەگەر هەزار ساڵ دووبارەش بژیێت بەڵام خۆشی نەبینێت، ئایا هەمووان بۆ یەک شوێن ناڕۆن؟

هەموو ماندووبوونی مرۆڤ بۆ دەمییەتی،
    بەڵام هەرگیز تێر ناخوات.
دانا چی لە گێل زیاترە؟
    چی یارمەتی هەژار دەدات
کە ئەو بزانێت چۆن هەڵسوکەوت
    لەگەڵ ئەوانەی کە لە ژیاندان؟
ئەوەی هەتە و لەبەرچاوتە
    باشترە لەوەی کە نیتە و ئارەزووت لێیەتی.
    ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

10 ئەوەی هەبووە لە کۆنەوە ناوی لێنراوە و
    زانراوە.
مرۆڤ ناتوانێت ململانێ لەگەڵ یەکێک بکات
    کە لە خۆی بەهێزترە.

11 ئەوەندە قسە زیاد دەبێت،

    ئەوەندە سوودی کەم دەبێتەوە،
    جا مرۆڤ چی بۆ دەمێنێتەوە؟

12 کێ دەزانێت چی باشە بۆ مرۆڤ لە ژیاندا کە درێژی تەمەنی بێ واتا وەک سێبەر بەسەردەچێت؟ کێ بە مرۆڤ ڕادەگەیەنێت پاش ئەو لەسەر زەوی چی ڕوودەدات؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.