Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 25-26

پەندەکانی دیکەی سلێمان

25 ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:

شکۆمەندی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە،
    ڕێزداری پاشایان لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.
هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە،
    دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.

خڵت لە زیو داماڵە،
    ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.
بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە،
    بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.

لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە،
    لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.
وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،»
    نەک لەلای میر تەریق بیتەوە.

ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،
    خێرا مەیبە بۆ دادگا،
چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت
    ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟

کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت،
    نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،
10 نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات،
    جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.

11 سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە،
    ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.
12 وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە،
    سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.

13 وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا،
    نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن،
    دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.
14 هەور و بای بێ بارانە،
    ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.

15 بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت،
    زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.

16 ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ،
    ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.
17 بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ،
    ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.

18 وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە،
    ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.
19 وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە،
    پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.
20 وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا،
    یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا،[a]
    چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.

21 ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە،
    ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.
22 بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت،[b]
    یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.

23 بای باکوور باران دەهێنێت،
    زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.

24 باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
    نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

25 وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت،
    هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.
26 وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە،
    ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.

27 زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە،
    ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.

28 وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە،
    ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.
26 وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا،
    ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.
وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو،
    ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.
قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە،
    کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.
وەڵامی گێل مەدەوە وەک گێلایەتییەکەی،
    نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.
وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،
    نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.
وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە،
    ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.
وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە،
    پەند لە دەمی گێلەکان.
وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە،
    ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.
وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش،
    پەند لە دەمی گێلەکان.
10 وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت،
    بەکرێگری گێل و ڕێبوار.
11 وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی،
    گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.
12 کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟
    گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە،
    نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»
14 دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە،
    تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.
15 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
    زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.
16 تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس
    کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.

17 وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی
    ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.

18 وەک شێتێکە
    پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،
19 ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و
    بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»

20 دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە،
    دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.
21 خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە،
    پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.
22 قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،
    شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

23 وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو
    قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.
24 قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە،
    بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.
25 ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە،
    چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.
26 هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە،
    خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.
27 ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،
    ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.
28 زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات،
    زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.