Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 22-24

22 ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،
    پەسەندی چاکیش لە زێڕ و زیو باشترە.

دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،
    دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.

ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،
    بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.

پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی
    دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.

چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە،
    بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.

منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت،
    پیریش بێت لێی لا نادات.

دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات،
    قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.

ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،
    کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.

ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،
    چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.

10 گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات،
    دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.

11 ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت
    پاشا دەبێتە دۆستی.

12 چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات،
    بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.

13 تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە!
    ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»

14 دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە،
    ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.

15 گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە،
    بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.

16 ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و
    ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.

قسەی دانایان

17 گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە،
    دڵت بدە زانیاری من،
18 چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و
    تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.
19 بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت،
    ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.
20 ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی
    سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،
21 بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم،
    هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟

22 هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و
    نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،
23 چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و
    ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.

24 مەبە برادەری کەسی تووڕە،
    هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،
25 نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت،
    خۆت تووشی تەڵە بکەیت.

26 لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن[a]،
    دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.
27 ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە،
    بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.

28 سنووری کۆن مەگوازەوە،
    ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.

29 ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟
    لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت[b]،
    نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.
23 کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت،
    باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە.
چەقۆیەک لە گەرووت دابنێ،
    ئەگەر تۆ نەوسنی.
ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە،
    چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.

خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت،
    بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.
چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە،
    چونکە بێگومان باڵ دەگرێت،
    وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.

نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ،
    ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.
چونکە جۆرە کەسێکە
    هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە،
پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.»
    بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.
ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و
    قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.

قسە بۆ گێل مەکە،
    چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.
10 سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە،
    هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،
11 چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە،
    ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.

12 دڵت ئاراستەی تەمبێکردن بکە و
    گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.

13 ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە،
    ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.
14 تۆ بە گۆچان لێی بدەیت،
    گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.

15 ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە،
    منیش دڵم خۆش دەبێت.
16 ناخم شادمان دەبێت،
    کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.

17 دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات،
    بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.
18 چونکە بێگومان دواڕۆژت دەبێت،
    ئومێدی تۆ نابڕێت.

19 ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانابە،
    دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.
20 لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە،
    یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،
21 چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن،
    ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.

22 گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە،
    دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.
23 ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە،
    هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.
24 باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت،
    ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.
25 با دایک و باوکت شادمان بن،
    ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.

26 ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ،
    با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،
27 چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و
    ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.
28 تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت،
    ناپاک[c] لەنێو خەڵک زۆر دەکات.

29 واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟
    ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟
    برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟
30 بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن،
    ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.
31 تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری،
    کە لەناو جام پڕشنگی داوە،
    بە سووکی دەچێتە خوارەوە!
32 لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و
    وەک توولەمار پێتەوەدەدات.
33 چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و
    وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.
34 وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت،
    یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.
35 دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو!
    کوتامیان، نەمزانی!
کەی بە هۆش خۆم دێمەوە،
    هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»
24 ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە،
    ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،
چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و
    لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.

بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت،
    بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،
بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن
    لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.

پیاوی دانا بەتوانایە،
    کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.
چونکە بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت،
    سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.

دانایی بەرزە بۆ گێل،
    لە کۆڕی ناو دەروازەدا[d] دەمی لێک ناکاتەوە.

ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە،
    بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.
پیلانی گێلایەتی گوناهە،
    خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.

10 ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە،
    کەم هێزیت!

11 ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و
    لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.
12 ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،»
    ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟
ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟
    ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟

13 ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ چونکە باشە و
    شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،
14 هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە.
    ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و
    ئومێدبڕ نابیت.

15 وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست،
    هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،
16 چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە،
    بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.

17 بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە،
    بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،
18 نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت،
    جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.

19 مەراق لە خراپەکاران مەخۆ،
    ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،
20 چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و
    چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

21 ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە،
    تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،
22 چونکە بەڵایان لەپڕ دێت،
    بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟

قسەی دیکەی دانایان

23 هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە:

لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.
24 ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»
    گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.
25 بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و
    بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.

26 وەڵامی ڕاست
    وەک ماچی لێوە.

27 کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و
    لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە،
    دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.

28 بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە،
    بە لێوەکانت فێڵ مەکە.
29 مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم،
    سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»

30 بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم،
    بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.
31 چقڵ هەمووی داگرتبوو،
    گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو،
    کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.
32 تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە،
    بینیم و وانەم لێ وەرگرت:
33 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
    کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
34 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
    نەبوونیشت وەک چەکدار.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.