Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 19-21

19 هەژارێک ڕێگای تەواوەتی گرتبێت
    باشترە لەوەی زمان خوار و گێلە.

دڵگەرمی بەبێ زانیاری باش نییە و
    ئەوەی پەلە بە پێیەکانی بکات بە هەڵەدا دەچێت.

مرۆڤ بە گێلایەتییەکەی ڕێگای خۆی وێران دەکات،
    کەچی دڵی لە دژی یەزدان هەڵدەچێت.

دەوڵەمەندیێتی برادەری زۆر پەیدا دەکات،
    بەڵام هەژار برادەرەکەشی لێی جیا بووەتەوە.

شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
    ئەوەی درۆ پەخش دەکات دەرباز نابێت.

زۆر کەس هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی میر دەدەن،
    هەمووش دۆستی پیاوی بەخشندەن.

پیاو هەژار بێت براکانی خۆشی ڕقیان لێی دەبێتەوە،
    لەوەش زیاتر هاوڕێیەکانی لێی دوور دەکەونەوە!
بە پاڕانەوەکانی دوایان دەکەوێت،
    بەڵام بێ سوودە.

ئەوەی دانایی دەست بکەوێت خۆی خۆشدەوێت،
    ئەوەی بایەخ بە تێگەیشتن بدات چاکە دەدۆزێتەوە.

شایەتی درۆزن بێ سزا نابێت،
    ئەوەی درۆ پەخش بکات لەناودەچێت.

10 گێل خۆشگوزەرانیی لێ ناوەشێتەوە،
    لەوەش زیاتر دەسەڵاتداربوونی کۆیلە بەسەر میرانەوە.

11 وریایی مرۆڤ تووڕەبوونی خاودەکاتەوە،
    شانازیشی لێبوردنە لە یاخیبوون.

12 هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
    بەڵام ڕەزامەندییەکەی وەک شەونمە بەسەر گیاوە.

13 کوڕی گێل ماڵوێرانی باوکییەتی،
    ناکۆکی ژنیش دڵۆپەکردنی بەردەوامە.

14 ماڵ و سامان میراتی باوکانە،
    بەڵام ژنی وریا لەلایەن یەزدانەوەیە.

15 تەمبەڵی خەوی قووڵ دەهێنێت،
    کەسی سست برسی دەبێت.

16 ئەوەی ڕاسپاردە[a] بپارێزێت گیانی خۆی دەپارێزێت،
    بەڵام ئەوەی بە سووکی بڕوانێتە ڕێگای خۆی لەناودەچێت.

17 ئەوەی بەزەیی بە هەژاردا بێتەوە قەرز بە یەزدان دەدات،
    ئەویش پاداشتی چاکەکەی دەداتەوە.

18 کوڕەکەت تەمبێ بکە ئەوەندەی ئومێد تێدایە،
    بەڵام بە کوشتنی مەدە.

19 ئەوەی زۆر تووڕە بێت بەرگەی ئەنجامەکەی دەگرێت،
    چونکە ئەگەر جارێک فریای بکەویت دەبێت دووبارەی بکەیتەوە.

20 گوێ لە ڕاوێژ بگرە و تەمبێکردن وەربگرە،
    بۆ ئەوەی دانا بیت لە دواڕۆژت.

21 مرۆڤ پلانی زۆری لە دڵدایە،
    بەڵام تەنها ڕاوێژی یەزدان دەچەسپێت.

22 ئارەزووی مرۆڤ لە خۆشەویستی نەگۆڕە،
    هەژار لە پیاوی درۆزن باشترە.

23 لەخواترسی بۆ ژیانە،
    بە تێری دەنوێت و خراپە بەسەری ناکاتەوە.

24 تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،
    تەنانەت بۆ دەمیشی نابات.

25 لە گاڵتەجاڕ بدە و ساویلکە ژیر دەبێت،
    تێگەیشتوو سەرزەنشت بکە زانیاری تێدەگات.

26 ئەوەی باوکی تاڵان بکات و دایکی دەربکات،
    کوڕێکە مایەی شەرمەزاری و ڕیسوایی.

27 ڕۆڵە، ئەگەر وازت لە گوێگرتن هێنا لە ڕاوێژ،
    لە وتەکانی زانیاری گومڕا دەبیت.

28 شایەتی دڵڕەش گاڵتە بە دادپەروەری دەکات،
    دەمی بەدکارانیش تاوان قووت دەدات.

29 سزا بۆ گاڵتەجاڕەکان ئامادەکراوە،
    لێدانیش بۆ پشتی گێلەکان.

20 شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات،
    ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.

هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،
    ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.

وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو،
    بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.

لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت،
    بۆیە لە دروێنەدا سواڵ دەکات و دەستی ناکەوێت.

پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە،
    بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.

زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن،
    بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟

کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات،
    دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.

پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری،
    بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.

کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت،
    پاک بوومەوە لە گوناهم»؟

10 دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ[b]،
    هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.

11 تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت،
    ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.

12 گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت،
    یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.

13 حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت،
    چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.

14 کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!»
    بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.

15 زێڕ هەیە و یاقووت[c] زۆرە،
    بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.

16 ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە،
    لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.

17 بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ،
    بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.

18 پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی،
    بە ڕاوێژ بجەنگە.

19 دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،
    بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.

20 ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات،
    لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.

21 میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت
    کۆتاییەکەی بێ بەرەکەت دەبێت.

22 مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.»
    چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.

23 یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە،
    تەرازووی لاسەنگ باش نییە.

24 هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە،
    ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟

25 تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات،
    ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.

26 پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات،
    بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.

27 چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت،
    هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.

28 خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.

29 شانازی لاوان هێزیانە،
    ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.

30 برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە،
    لێدانی قامچیش ناخی دەروون.

21 دڵی پاشا لەناو دەستی یەزدان جۆگەی ئاوە،
    بۆ کوێ بیەوێت ئاراستەی دەکات.

هەموو ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی خۆی ڕاستە،
    بەڵام یەزدان دڵەکان هەڵدەسەنگێنێت.

کارکردن بە ڕاستودروستی و دادپەروەری
    لەلای یەزدان لە قوربانی سەربڕین پەسەندترە.

چاوی بەفیز و دڵی لەخۆبایی
    چرای بەدکارانن و گوناهن.

پلانی مرۆڤی ماندوو بەرەو پڕییە،
    بێگومان هەموو هەڵەشەیەکیش بەرەو نەبوونییە.

کۆکردنەوەی سامان بە زمانی درۆ
    هەڵمە دەڕەوێتەوە و تەڵەی مردنە.

زۆرداری بەدکارەکان ڕایاندەماڵێت،
    چونکە ڕەتیان کردەوە دادپەروەری بکەن.

ڕێگای پیاوی تاوانبار خوارە،
    بەڵام کەسی پاک کرداری ڕاستە.

باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،
    نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

10 کەسی بەدکار ئارەزووی خراپە دەکات،
    دراوسێکەی بەزەیی لێی نابینێت.

11 بە سزادانی گاڵتەجاڕ ساویلکە دانا دەبێت،
    بە فێرکردنی داناش زانیاری وەردەگرێت.

12 خودای ڕاستودروست سەرنج دەداتە ماڵی خراپەکار،
    خراپەکاران لە خراپە سەرەوژێر دەکات.

13 ئەوەی گوێی خۆی لە هاواری هەژاران کەڕ بکات،
    ئەویش هاوار دەکات و وەڵام نادرێتەوە.

14 دیاری بە نهێنی تووڕەیی سارد دەکاتەوە،
    بەرتیلی ناو باخەڵیش هەڵچوونی توند.

15 ئەنجامدانی دادپەروەری دڵخۆشی ڕاستودروستانە،
    بەڵام تۆقاندنی بەدکارانە.

16 پیاو لە ڕێگای وریایی وێڵ بێت
    لەناو کۆمەڵی مردووان پاڵدەداتەوە.

17 ئەوەی حەزی لە ڕابواردن بێت هەژار دەبێت،
    ئەوەی حەز لە شەراب و ڕۆن بکات دەوڵەمەند نابێت.

18 بەدکار دەبێتە قوربانی بۆ کەسی ڕاستودروست،
    ناپاکانیش بۆ سەرڕاستان.

19 باشترە لە چۆڵەوانی نیشتەجێ بیت،
    نەک لەگەڵ ئافرەتێکی شەڕانی و تووڕە.

20 گەنجینەی خۆراکی باش و ڕۆن لە ماڵی کەسی دانا هەیە،
    بەڵام کەسی گێل هەڵدەلووشێت.

21 ئەوەی دوای ڕاستودروستی و خۆشەویستی نەگۆڕ بکەوێت،
    ژیان و ڕاستودروستی و ڕێزداری دەدۆزێتەوە.

22 پیاوی دانا بە شاری پاڵەوانەکاندا هەڵدەگەڕێت و
    قەڵا پشتبەستەکەیان وێران دەکات.

23 ئەوەی دەم و زمانی خۆی بپارێزێت،
    خۆی لە تەنگانە دەپارێزێت.

24 لووتبەرز و لەخۆبایی بە گاڵتەجاڕ ناودەبردرێت،
    بە لێشاوی لووتبەرزییەوە ڕەفتار دەکات.

25 ئارەزووی کەسی تەمبەڵ دەیکوژێت،
    چونکە دەستەکانی ئیش ڕەت دەکەنەوە،
26 بە درێژایی ڕۆژ تامەزرۆی ئارەزووە،
    بەڵام کەسی ڕاستودروست دەبەخشێت و دەستی پێوە ناگرێت.

27 قوربانی بەدکاران قێزەونە،
    لەوەش زیاتر ئەگەر بە نیازێکی خراپەوە بیکات!

28 شایەتی درۆزن لەناودەچێت،
    بەڵام قسەی پیاوی گوێگر دەچەسپێت.

29 پیاوی بەدکار ناوچەوانی خۆی گرژ دەکات،
    بەڵام سەرڕاست ئاگای لە ڕێگای خۆیەتی.

30 دانایی و تێگەیشتن و ڕاوێژ نییە
    لە دژی یەزدان سەربکەوێت.

31 ئەسپ ئامادەیە بۆ ڕۆژی جەنگ،
    بەڵام ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.