Chronological
ئاگادارکردنەوە لە ژنی داوێنپیس
7 ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و
ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،
2 ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت،
فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت.
3 بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە،
لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
4 بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی.»
تێگەیشتنیش ناوبنێ خزم،
5 بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن،
لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.
6 لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە
لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە[a] ڕوانیم،
7 لەناو ساویلکەکاندا بینیم،
لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.
8 لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە،
ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،
9 لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر،
لەژێر تاریکایی شەو.
10 ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو،
لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.
11 (بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە،
پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.
12 پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە،
لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)
13 گەنجەکەی گرت و ماچی کرد،
بێ ئابڕووانە پێی گوت:
14 «قوربانی هاوبەشیم[b] لەسەرە،
ئەمڕۆ نەزرەکانی[c] خۆمم بەجێهێنا،
15 بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە،
بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.
16 نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە،
کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،
17 نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە
بە موڕ و ئەلوا[d] و دارچین[e].
18 وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین،
بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین.
19 چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە،
چووەتە ڕێگایەکی دوور.
20 کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە،
هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»
21 بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد،
بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.
22 لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت،
وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت،
وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،
23 هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت،
وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو،
کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.
24 ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.
25 دڵت بەرەو ڕێگاکانی لانەدات،
لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،
26 چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە،
هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.
27 ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە،
شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.
بانگەوازی دانایی
8 ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟
ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟
2 لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،
لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.
3 لەلای دەروازەی شارەکان،
لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:
4 «ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،
دەنگم بۆ ئادەمیزادە.
5 ساویلکەکان، فێری ژیری بن،
گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.
6 گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،
کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.
7 چونکە ڕاستگۆیی وێردی دەممە،
خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.
8 قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،
هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.
9 هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،
ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.
10 تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،
زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو.
11 چونکە دانایی لە یاقووت[f] باشترە،
هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.»
12 «من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،
زانیاری و سەلیقەم هەیە.
13 ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،
من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،
لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.
14 ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،
من تێگەیشتنم، هێز هی منە.
15 بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و
فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.
16 بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،
بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.
17 من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،
ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.
18 دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،
ڕاستودروستی[g] و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.
19 بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،
دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.
20 بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،
لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،
21 هەتا سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و
ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.»
22 «یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،
هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.
23 لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،
لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.
24 هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،
هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.
25 پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،
پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،
26 هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،
نە سەرەتای خۆڵی زەوی.
27 کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،
کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،
28 کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و
سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،
29 کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا
بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،
کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.
30 لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،
ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،
هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،
31 لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،
لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.
32 «ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.
33 گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،
پشت گوێی مەخەن.
34 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،
ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،
لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت.
35 چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،
ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.
36 بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،
هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»
9 دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،
حەوت[h] کۆڵەکەکەی داتاشیوە.
2 سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،
هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.
3 کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،
لەسەر بەرزاییەکانی شار:
4 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
5 «وەرن، لە نانی من بخۆن و
لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.
6 واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،
بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»
7 ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت،
ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.
8 سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە،
سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.
9 ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت،
کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.
10 لەخواترسی سەرەتای داناییە،
ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە.
11 چونکە بە من ڕۆژگارت زیاد دەکات،
ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.
12 ئەگەر دانا بیت، بۆ خۆت دانایت،
ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.
13 گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە،
ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.
14 لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت،
لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،
15 بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان،
ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:
16 «کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»
بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:
17 «ئاوی دزراو شیرینە،
نانی بە دزی بەتامە.»
18 بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن،
میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.