Chronological
دەستپێکی دانایی
4 ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن،
سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.
2 چونکە فێربوونی چاکتان پێدەدەم،
فێرکردنی من پشتگوێ مەخەن.
3 کاتێک کوڕی باوکم بووم،
ناسک و تاقانە لەلای دایکم،
4 نیشانی دەدام و پێی دەگوتم:
«با دڵت لەسەر قسەی من بێت،
ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.
5 دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە،
لەبیر مەکە و لە قسەکانی دەمم لامەدە.
6 وازی لێ مەهێنە، دەتپارێزێت،
خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.
7 دەستپێکی دانایی: دانایی بەدەستبهێنە،
بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.
8 ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە،
لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.
9 تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت،
تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»
10 ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە،
جا تەمەنت درێژ دەبێت.
11 ڕێگای داناییم پیشاندایت،
بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت.
12 لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت،
لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت.
13 دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە[a] و دەست شل مەکە،
بیپارێزە، چونکە ژیانتە.
14 مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران،
بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ.
15 خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ،
لێی دووربکەوە و تێپەڕە.
16 چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن،
خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن.
17 چونکە نانی خراپە دەخۆن و
شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە.
18 ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە،
ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو.
19 بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە،
نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت.
20 ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم،
گوێ بۆ قسەکانم شل بکە.
21 لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
لە ناخی دڵت بیانپارێزە،
22 چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە،
دەرمانە بۆ هەموو لەشی.
23 لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە،
چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە.
24 خواری لە دەمت داماڵە و
چەوتی لە لێوانت دووربخەوە.
25 با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و
پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت.
26 ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،
هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن.
27 بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە،
پێت لە خراپە دووربخەوە.
5 ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم،
گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،
2 تاکو سەلیقەت بپارێزیت و
لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت.
3 چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت،
قسەی لە ڕۆن لووسترە.
4 بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە،
وەک شمشێری دوو دەم تیژە.
5 پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن،
هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.
6 سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان،
هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.
7 ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،
لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.
8 ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە،
لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،
9 نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و
ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،
10 نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و
بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.
11 لە کۆتاییتدا دەناڵێنیت،
کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.
12 دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە،
دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.
13 گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و
گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.
14 کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە،
لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»
15 لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە،
لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.
16 ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان،
جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟
17 با تەنها بۆ تۆ بێت،
بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.
18 با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت،
بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.
19 ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ،
با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن،
بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.
20 کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟
بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟
21 چونکە ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە،
هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.
22 بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو،
بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.
23 لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت،
لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.
6 ڕۆڵە، ئەگەر بووی بە کەفیلی دراوسێکەت،
ئەگەر لەگەڵ بێگانەیەک تەوقەت کرد[b]،
2 ئەگەر بە داوی قسەکانی دەمتەوە بوویت،
بە قسەی دەمی خۆت پێوە بوویت،
3 ڕۆڵە، ئەمە بکە و فریای خۆت بکەوە،
چونکە ژێردەستەی دراوسێکەت بوویت،
بڕۆ، خۆت نزم بکەرەوە و لە هاوڕێکەت بپاڕێوە.
4 خەو مەدە چاوەکانت و
پێڵووەکانت خەواڵوو نەبن.
5 وەک مامز خۆت لەناو دەست دەرباز بکە،
وەک چۆلەکە لە دەستی ڕاوچی.
6 ئەی تەمبەڵ، بڕۆ لای مێروولە،
بڕوانە ڕێگاکانی و ببە بە دانا.
7 بێ ئەوەی پێشەوا و
کوێخا و فەرمانڕەوای هەبێت،
8 بەڵام لە هاویندا نانی خۆی ئەمبار دەکات و
لە کاتی دروێنەدا خۆراکی خۆی کۆدەکاتەوە.
9 ئەی تەمبەڵ، هەتا کەی پاڵدەدەیتەوە؟
کەی لە خەوەکەت هەڵدەستی؟
10 کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،
کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،
11 ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،
نەبوونیشت وەک چەکدار.
12 کەسی هیچوپووچ، پیاوی چەواشەکار،
بە زمان خواری ڕەفتار دەکات،
13 چاوی دەقوچێنێت و
بەپێی ئاماژە دەکات و
بە پەنجە دەریدەبڕێت،
14 فێڵ لە دڵیدایە،
خراپە دادەهێنێت،
هەموو کاتێک ناکۆکی دەوروژێنێت.
15 لەبەر ئەوە لەپڕ لێی دەقەومێت،
لەناکاو دەشکێت و چارەسەری نییە.
16 شەش شت هەن یەزدان ڕقی لێیانە،
حەوتیش[c] قێزەونە لەلای:
17 چاوی بەفیز،
زمانی درۆزن،
دەستێک کە خوێنی بێتاوانی ڕشتبێت،
18 دڵێک پیلانی خراپ دابهێنێت،
پێیەک بە پەلە بەرەو خراپەکاری ڕابکات،
19 شایەتی درۆزن درۆ بڵاو بکاتەوە و
وروژێنەری ناکۆکی نێوان برایان.
ئاگادارکردنەوە لە داوێنپیسی
20 ڕۆڵە، ڕاسپاردەکانی باوکت بەجێبگەیەنە و
فێرکردنەکانی دایکت پشتگوێ مەخە.
21 هەمیشە بە دڵتەوە گرێیان بدە و
بە گەردنی خۆتەوە هەڵیانواسە.
22 لە هاتوچۆکردنتدا ڕێنماییت دەکەن،
لە ڕاکشانت چاودێریت دەکەن و
کە خەبەریشت بووەوە دەتدوێنن.
23 چونکە ئەم ڕاسپاردانە چران و
ئەم فێرکردنەش ڕووناکییە،
سەرزەنشتی تەمبێکردنیش ڕێگای ژیانە،
24 بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزێت،
لە زمانلووسی داوێنپیس.
25 لە دڵەوە ئارەزووی جوانییەکەی مەکە،
با بە برژانگەکانی نەتبات،
26 چونکە ژنی لەشفرۆش وا دەکات پێویستیت بە نانێک بێت،
بەڵام ژنی بەمێرد گیانی گرانبەهات ڕاودەکات.
27 ئایا کەس دەتوانێت ئاگر لە باوەش بگرێت و
جلەکانی نەسووتێت؟
28 یان بەسەر پشکۆدا بڕوات و
پێیەکانی داغ نەبێت؟
29 ئاوایە ئەوەی بچێتە لای ژنی کەسێکی دیکە،
هەرکەسێک دەستی لێ بدات بێ سزا نابێت.
30 سووکایەتی بە دز ناکرێت کە دزی دەکات
بۆ خۆتێرکردن کاتێک کە برسییە.
31 هەرچەندە کە لێی ئاشکرا بوو دەبێت حەوت قات بداتەوە،
ئەگەر هەموو ماڵی خۆشی لەسەر دانابێت.
32 بەڵام ئەوەی داوێنپیسی لەگەڵ ژنێک بکات تێنەگەیشتووە،
هەرکەسێک وا بکات خۆی دەفەوتێنێت.
33 تووشی لێدان و سەرشۆڕی دەبێت و
شەرمەزارییەکەی ناسڕێتەوە،
34 چونکە ئیرەیی پیاو دەوروژێنێت،
لە ڕۆژی تۆڵەدا دەست ناگێڕێتەوە،
35 چاوی لە هیچ قەرەبووێک نییە،
بە دیاری ڕازی نابێت، ئەگەر بۆشی زیاد بکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.