Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەندەکانی سلێمان 1-3

پێشەکی: ئامانج و بابەت

پەندەکانی سلێمانی کوڕی داود، پاشای ئیسرائیل،

بۆ زانینی دانایی و تەمبێکردن،
    بۆ پەیبردن بە وشەکانی تێگەیشتن،
بۆ وەرگرتنی تەمبێکردن و وریایی،
    ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی،
بۆ بەخشینی ژیری بە ساویلکە،
    بە لاویش زانیاری و سەلیقە[a].
دانا گوێی لێ دەگرێت و فێربوونی زیاد دەبێت،
    تێگەیشتووش ڕاوێژی باشی دەست دەکەوێت،
بۆ تێگەیشتنی پەند و نموونە،
    قسەی دانایان و مەتەڵەکانیان.

لەخواترسی سەرەتای زانیارییە،
    بەڵام گێلەکان سووکایەتی بە دانایی و تەمبێکردن دەکەن.

هاندان بۆ دەستگرتن بە دانایی

ئاگادارکردنەوە لە دژی فریودان

ڕۆڵە، گوێ لە تەمبێکردنی باوکت بگرە و
    فێرکردنی دایکت پشتگوێ مەخە،
چونکە تاجەگوڵینەی نیعمەتن بۆ سەرت،
    گەردانەن بۆ ملت.

10 ڕۆڵە، ئەگەر گوناهباران فریویان دایت،
    ڕازی مەبە.
11 ئەگەر گوتیان: «لەگەڵمان وەرە،
    بۆسە بۆ خوێنڕشتن بنێینەوە،
    بەبێ هۆ بۆ بێتاوانێک خۆمان مات بکەین،
12 وەک جیهانی مردووان بە زیندووێتی هەڵیانلووشین و
    بە ساغی وەک ئەوانەی لە گۆڕ دەنرێن.
13 هەموو گەنجینەیەکی بەهادار دەدۆزینەوە و
    ماڵمان پڕ دەکەین لە دەستکەوت.
14 پشکی خۆت هەڵبدە ناومان،
    بە هەموومان یەک کیسەمان دەبێت.»
15 ڕۆڵە، لەگەڵیان بە ڕێگادا مەڕۆ،
    پێیەکانت قەدەغە بکە لە ڕێڕەوەکانیان.
16 چونکە پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
    بۆ خوێنڕشتن پەلە دەکەن.
17 چونکە بێ سوودە دانانەوەی تۆڕ
    لەبەرچاوی هەموو باڵدارێک.
18 بۆ خوێنی خۆیان بۆسەیان ناوەتەوە،
    خۆیان ماتداوە بۆ گیانی خۆیان.
19 ئاوایە ڕێچکەی هەموو ئەوانەی بەدوای دەستکەوتی ناڕەواوەن،
    سەری خاوەنی دەخوات.

ئاگادرکردنەوە لە ڕەتکردنەوەی دانایی

20 دانایی لە کۆڵان هاوار دەکات،
    لە گۆڕەپانەکان دەنگ بەرز دەکاتەوە،
21 لە شەقامە قەرەباڵغەکاندا بانگ دەکات،
    لە دەروازەی شارەکاندا قسەی خۆی دەکات:

22 «هەتا کەی ئەی ساویلکەکان حەز لە ساویلکەیی دەکەن؟
    هەتا کەی گاڵتەجاڕان بە گاڵتەکردن دڵخۆش دەبن،
    گێلەکانیش ڕقیان لە زانیاری دەبێتەوە؟
23 کە سەرزەنشتم کردن بگەڕێنەوە،
    ئینجا ڕۆحی خۆمتان بەسەردا دەڕێژم،
    وشەکانی خۆمتان پێ دەناسێنم.
24 چونکە بانگهێشتم کردن، ڕەتتان کردەوە،
    دەستم درێژکرد، کەس گوێی پێنەدا،
25 هەموو ڕاوێژێکی منتان پشتگوێ خست،
    سەرزەنشتی منتان وەرنەگرت،
26 جا منیش لە کارەساتتان پێدەکەنم.
    گاڵتە دەکەم کە ترستان لێ نیشت،
27 کە ترستان وەک گەردەلوول لێ نیشت و
    وێرانیتان وەک ڕەشەبا هاتە سەر و
    تەنگانە و ناخۆشی بەسەرتانی دادا.

28 «ئینجا بانگم دەکەن، بەڵام من وەڵام نادەمەوە،
    بە پەرۆشییەوە بەدوامدا دەگەڕێن بەڵام نامدۆزنەوە.
29 لەبەر ئەوەی ڕقیان لە زانیاری بووەوە،
    لەخواترسییان هەڵنەبژارد،
30 لەبەر ئەوەی ڕاوێژی منیان وەرنەگرت،
    بە سووکییەوە تەماشای هەموو سەرزەنشتەکانی منیان کرد،
31 بۆیە لە بەری ڕێگای خۆیان دەخۆن،
    لە پیلانەکانیان تێر دەبن،
32 چونکە هەڵگەڕانەوەی ساویلکەکان دەیانکوژێت،
    بێباکی گێلەکان لەناویان دەبات.
33 بەڵام ئەوەی گوێ لە من بگرێت بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت،
    لە ترسی خراپە دەحەسێتەوە.»

سوودی دانایی

ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت،
    فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
هەتا گوێ بدەیتە دانایی و
    دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و
    دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
ئەگەر وەک زیو داوات کرد و
    وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و
    ناسینی خودا دەدۆزیتەوە.
چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،
    زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و
    قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و
    پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.

ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت،
    هەموو ڕێڕەوێکی چاک.
10 چونکە دانایی دێتە ناو دڵتەوە و
    زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت.
11 سەلیقە دەتپارێزێت و
    تێگەیشتن چاودێریت دەکات.

12 بۆ فریاکەوتنت لە ڕێگای خراپە و
    لەو کەسەی قسەی خوار دەکات،
13 ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە
    تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
14 ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن،
    دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
15 ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن،
    گەوجن لە ڕێڕەویان.

16 هەروەها بۆ فریاکەوتنتە لە ژنی بەدڕەوشت،
    لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
17 ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و
    پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
18 چونکە ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و
    ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
19 هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و
    ناگەنە ڕێچکەی ژیان.

20 کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و
    ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە.
21 چونکە سەرڕاستان لەسەر زەوی[b] نیشتەجێ دەبن و
    تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە.
22 بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی دەبڕێنەوە و
    ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.
ڕۆڵە، فێرکردنەکەم لەبیر مەکە،
    فەرمانەکانم لەناو دڵتدا هەڵبگرە.
چونکە ڕۆژگاری درێژ و
    ساڵانی ژیان و ئاشتیت بۆ زیاد دەکات.

با خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی لێت جیا نەبنەوە،
    بە ملتەوە گرێیان بدە،
    لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.
ئینجا پەسەندی و نازناوی چاک بەدەستدەهێنیت
    لەلای خودا و خەڵک.

پڕ بەدڵ پشت بە یەزدان ببەستە و
    بە تێگەیشتوویی خۆت پشت ئەستوور مەبە.
لە هەموو ڕێگاکانت بیناسە،
    ئەویش ڕێچکەکانت ڕاست دەکات.

لەبەرچاوی خۆت، خۆت بە دانا مەزانە،
    لە یەزدان بترسە و لە بەدکاری بەدووربە.
دەبێتە تەندروستی بۆ لەشت و
    ئاودانە بۆ ئێسقانەکانت.

بە سامانت ڕێزی یەزدان بگرە،
    بە یەکەمین بەرهەمی هەموو خەرمانەکانت.
10 ئەمبارەکەت پڕ دەبێت هەتا تێری،
    قەڕابەکەت سەرڕێژ دەبێت لە شەرابی نوێ.

11 ڕۆڵەکەم، بە سووکی تەماشای تەمبێکردنی یەزدان مەکە،
    ڕقت لە سەرزەنشتی ئەو نەبێتەوە،
12 چونکە ئەوەی یەزدان خۆشیبوێ تەمبێی دەکات و
    وەک باوکێک بە کوڕ دڵخۆش دەبێت.

13 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی دانایی دەدۆزێتەوە و
    بەو کەسەی تێگەیشتن بەدەستدەهێنێت،
14 چونکە قازانجی لە قازانجی زیو باشترە و
    بەرهەمیشی لە زێڕ.
15 لە یاقووت بەهادارترە و
    هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.
16 تەمەنی درێژ لە دەستی ڕاستیدایە و
    دەوڵەمەندی و ڕێزیش لە دەستی چەپی.
17 ڕێگاکانی ڕێگای خۆشحاڵین و
    هەموو ڕێڕەوەکانی ئاشتین.
18 درەختی ژیانە بۆ ئەوانەی خۆیان پێوە گرتووە،
    خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی پێی پابەند دەبن.

19 یەزدان بە دانایی زەوی دامەزراند،
    بە تێگەیشتنیش ئاسمانی چەسپاند.
20 بە زانیاری ئەو قووڵاییەکان شەقبوون،
    هەورەکان شەونمیان دڵۆپاند.

21 ڕۆڵە، دەست بە دانایی تەواو و سەلیقەوە بگرە،
    ئەمانە لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،
22 دەبنە ژیان بۆ تۆ،
    ملوانکە بۆ جوانی گەردنت.
23 ئەوسا بە ئاسوودەیی بە ڕێگای خۆتدا دەڕۆیت و
    ساتمە ناکەیت و ناکەویت.
24 کاتێک ڕادەکشێیت بێ ترسیت،
    ڕادەکشێیت و خەوت خۆش دەبێت.
25 نە لە بەڵای کتوپڕ دەترسیت و
    نە لە ماڵی بەدکاران کە وێران دەبێت،
26 چونکە یەزدان دەبێتە پشتیوانت و
    پێت لە پێوەبوون دەپارێزێت.

27 دەستی چاکە مەگرەوە لەوانەی شایستەی چاکەن،
    کاتێک لە تواناتدایە بیکەیت.
28 بە کەس[c] مەڵێ:
    «بڕۆ، دواتر وەرەوە، بەیانی دەتدەمێ،»
    لە کاتێکدا ئەو شتەت پێیە.
29 پیلانی خراپ لە دژی دراوسێکەت مەگێڕە،
    لە کاتێکدا ئەو بە دڵنیاییەوە لەلات جێنشین بووە.
30 لەخۆڕایی دژایەتی کەسێک مەکە،
    ئەگەر خراپەی لەگەڵتدا نەکرد.

31 بەغیلی بە پیاوی ستەمکار مەبە،
    هیچ ڕێگایەکی ئەو هەڵمەبژێرە،
32 چونکە لەلای یەزدان مرۆڤی قەڵپ قێزەونە،
    بەڵام نهێنی خۆی لەلای سەرڕاستانە.
33 نەفرەتی یەزدان لەسەر ماڵی بەدکارە،
    بەڵام ماڵی ڕاستودروستان بەرەکەتدار دەکات.
34 هەرچەندە گاڵتە بە گاڵتەجاڕان دەکات،
    بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.
35 داناکان ڕێزداری بە میرات دەگرن،
    بەڵام گێلەکان شەرمەزاری هەڵدەگرن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.