Chronological
دەرگاوانەکان
26 بەشی دەرگاوانەکان بریتی بوون لە بنەماڵەی قۆرەح:
لە قۆرەحییەکان: مەشەلەمیای کوڕی قۆرێ لە نەوەی ئاساف.
2 مەشەلەمیا چەند کوڕێکی هەبوو:
زەکەریا نۆبەرە و
یەدیعێل دووەم و
زەڤەدیا سێیەم و
یەسنیێل چوارەم و
3 ئیلام پێنجەم و
یەهۆحانان شەشەم و
ئەلیهۆعێینەی حەوتەم.
4 عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕێکی هەبوو،
شەمەعیا نۆبەرە و
یەهۆزاڤاد دووەم و
یۆئاح سێیەم و
ساکار چوارەم و
نەتەنێل پێنجەم و
5 عەمیێل شەشەم و
یەساخار حەوتەم و
پەعولەتەی هەشتەم،
چونکە خودا عوبێد ئەدۆمی بەرەکەتدار کردبوو.
6 شەمەعیای کوڕی عوبێد ئەدۆمیش چەند کوڕی بوون، کە ڕابەری بنەماڵەکەیان بوون، چونکە ئەوان پیاوی زۆر بە توانا بوون. 7 کوڕەکانی شەمەعیا: عۆسنی، ڕفائێل، عوبێد و ئەلزاڤاد؛ هەروەها ئەلیهو و سەمەکیاهوی خزمانی شەمەعیا لە پیاوانی بەهێز بوون. 8 هەموو ئەمانە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون؛ خۆیان و کوڕەکانیان و کەسەکانیان پیاوانی بەهێز و بە توانا بوون لە خزمەتەکەیان، شەست و دوو کەس لە نەوەی عوبێد ئەدۆم بوون.
9 مەشەلەمیا و کوڕ و کەسەکانی کە لە پیاوە بەهێزەکان بوون، هەژدە کەس بوون.
10 حۆسا کە لە نەوەی مەراری بوو، چەند کوڕێکی هەبوو: شیمری لەگەڵ ئەوەی نۆبەرەش نەبوو، بەڵام باوکی کردی بە پێشەنگی کوڕەکانی؛ 11 حیلقیا دووەم بوو و تەڤەلیاهو سێیەم و زەکەریا چوارەم. هەموو کوڕ و کەسەکانی حۆسا سێزدە کەس بوون.
12 ئەم بەشی دەرگاوانانەش لەژێر سەرپەرشتی ڕابەرەکانیان ئەرکی خزمەتکردنیان لە پەرستگای یەزدان پێ سپێردرا، هەروەک کەسەکانیان. 13 جا تیروپشک بۆ هەموو دەروازەکان کرا، بۆ پیران وەک گەنجان بەگوێرەی بنەماڵەکانیان بەبێ جیاوازی.
14 تیروپشکی دەروازەی ڕۆژهەڵات بۆ شەلەمیاهو دەرچوو، بۆ زەکەریای کوڕیشی کە ڕاوێژکارێکی وریا بوو، تیروپشک کرا و دەروازەی باکووری بۆ دەرچوو. 15 تیروپشکی دەروازەی باشوور بۆ عوبێد ئەدۆم دەرچوو، تیروپشکی کۆگاکەش بۆ کوڕەکانی. 16 بۆ تیروپشکی دەروازەی ڕۆژئاوا و دەروازەی شەلەخەت لەسەر ئەو ڕێگایەی کە بەرەو ژوور دەبووەوە، بۆ شوپیم و حۆسا دەرچوو.
پاسەوان بەرامبەر بە پاسەوان بوو: 17 ڕۆژانە شەش لە لێڤییەکان لەلای ڕۆژهەڵات و چوار لەلای باکوور و چوار لەلای باشوور بوون، لەلای کۆگاکەش دوو دوو پاسەوانیێتییان دەکرد. 18 بۆ ڕێڕەوە سەر داپۆشراوکەی لای ڕۆژئاوا کە هەردوو لای بە کۆڵەکە گیرابوو، چوار لێڤی لەسەر ڕێگاکە و دووانیش لەناو ڕێڕەوەکە بوون.
19 ئەمانە بەشی دەرگاوانەکان بوون، لە نەوەی قۆرەحییەکان و لە نەوەی مەراری.
خەزنەدار و کاربەدەستانی دیکە
20 لێڤییەکانیش لێپرسراوانی گەنجینەکانی ماڵی خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون.
21 یەحیێلی و کوڕەکانی گەورەی بنەماڵەکانی لەعدانی گێرشۆنی بوون. 22 هەروەها یەحیێلی و کوڕەکانی، زێتام و یۆئێلی برای، لێپرسراوی گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان بوون.
23 لەگەڵ ئەمانیش هەریەک لە بنەماڵەی عەمرامی، یەسهاری، حەبرۆنی و عوزیێلییەکان ئەرک و بەرپرسیاریێتی پێ سپێردرا:
24 شوڤائێلی نەوەی گێرشۆمی کوڕی موسا لێپرسراوی گەنجینەکان بوو. 25 کەسەکانی لە نەوەی ئەلیعەزەر: ڕەحەڤیا کوڕی ئەلیعەزەر، یەشەعیا کوڕی ڕەحەڤیا، یۆرامی کوڕی یەشەعیا، زکری کوڕی یۆرام و شەلۆمیتی کوڕی زکری. 26 شەلۆمیت لەگەڵ کەسەکانی لێپرسراوی هەموو گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان بوون کە داودی پاشا و گەورەی بنەماڵەکان، فەرماندەی هەزاران و سەدان و سەرکردەکانی سوپا تەرخانیان کردبوون. 27 ئەوان بەشێک لە دەستکەوتەکانی جەنگیان بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدان، تەرخان کرد. 28 هەروەها هەموو ئەو شتانەی ساموئێلی پێشبینیکەر و شاولی کوڕی قیش و ئەبنێری کوڕی نێر و یۆئابی کوڕی چەرویا تەرخانیان کردبوون، لەگەڵ هەموو شتە تەرخانکراوەکانی دیکە، شەلۆمیت و کەسەکانی لێی بەرپرس بوون.
29 لە یەسهارییەکانیش: کەنەنیاهو و کوڕەکانی بۆ کارەکانی دەرەوەی پەرستگاکە، کوێخا و دادوەر بوون بەسەر ئیسرائیلەوە.
30 لە حەبرۆنییەکان: حەشەڤیا و کەسەکانی کە لە بەتواناکان بوون، هەزار و حەوت سەد کەس سەرپەرشتیاری ئیسرائیل بوون لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژئاوادا لە هەموو کارەکانی یەزدان و خزمەتەکانی پاشادا. 31 لە حەبرۆنییەکانیش، یەرییاهو گەورەی بنەماڵەی حەبرۆنییەکان بوو بەپێی ڕەچەڵەکنامەیان. لە چلەمین ساڵی پاشایەتی داود لێکۆڵینەوەیەک لە تۆمارەکانی کرا و بینییان پیاوانی بە توانا لەنێو حەبرۆنییەکانی دانیشتووانی یەعزێر لە ناوچەی گلعاد هەبوون. 32 داودی پاشا دوو هەزار و حەوت سەد کەس لە برا و کەسەکانی یەرییاهو کە لە پیاوە بەهێزەکان و گەورەی بنەماڵەکان بوون، کردنی بە لێپرسراوی ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشە لە هەموو کاروبارەکانی خودا و پاشا.
لەشکرەکان
27 ئەمە لیستی پلەدارەکانی نەوەی ئیسرائیلە، کە گەورەی بنەماڵەکان و فەرماندەی هەزاران و سەدان بوون، لەگەڵ ئەفسەرەکانیان کە لە هەموو کاروباری لەشکرەکانیان خزمەتی پاشایان دەکرد. ئەمانە بە نۆبە دەهاتنە سەربازی و دەڕۆیشتنەوە، بە درێژایی ساڵ، مانگ بە مانگ، هەر لەشکرێکیش بریتی بوو لە بیست و چوار هەزار پیاو.
2 یاشۆڤەعامی کوڕی زەبدیێل سەرلەشکری لەشکری یەک بوو بۆ مانگی یەک، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، 3 لە نەوەی پێرێز بوو، فەرماندەی هەموو ئەفسەرەکانی لەشکری مانگی یەک[a] بوو.
4 دۆدایی ئەحۆحیش سەرلەشکری لەشکری مانگی دوو بوو، لە لەشکرەکەی ئەودا میقلۆت سەرکردە بوو، لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
5 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی کاهین سەرلەشکری لەشکری مانگی سێ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو. 6 ئەمە ئەو بەنایایە کە پاڵەوان بوو لەنێو سییەکە و سەرکردەیان بوو، عەمیزاڤادی کوڕیشی فەرماندەی ئەفسەرەکانی ناو لەشکرەکەی بوو.
7 عەساهێلی برای یۆئاب سەرلەشکری لەشکری مانگی چوار بوو، لەشکرەکەی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو، پاشان زەڤەدیای کوڕی جێگەی گرتەوە.
8 شەمهوتی یزراحی سەرلەشکری لەشکری مانگی پێنج بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پێکهاتبوو.
9 عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی سەرلەشکری لەشکری مانگی شەش بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
10 حەلەچی پەلۆنی لە نەوەی ئەفرایم سەرلەشکری لەشکری مانگی حەوت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
11 سیبەخەیی حوشاتی لە خێڵی زەرەحییەکان سەرلەشکری لەشکری مانگی هەشت بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
12 ئەڤیعەزەری عەناتۆتی لە نەوەی بنیامین سەرلەشکری لەشکری مانگی نۆ بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
13 مەهەرەیی نەتۆفاتی لە خێڵی زەرەحییەکان سەرلەشکری لەشکری مانگی دە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
14 بەنایای پیرعاتۆنی لە نەوەی ئەفرایم سەرلەشکری لەشکری مانگی یازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
15 حەلدەیی نەتۆفاتی لە نەوەی عۆسنیێل سەرلەشکری لەشکری مانگی دوازدە بوو، لەشکرەکەشی لە بیست و چوار هەزار پیاو پێکهاتبوو.
سەرۆکی هۆزەکان
16 ئەمانە سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل بوون:
بۆ هۆزی ڕەئوبێنییەکان: ئەلیعەزەری کوڕی زکری؛
بۆ شیمۆنییەکان: شەفەتیای کوڕی مەعکا؛
17 بۆ لێڤییەکان: حەشەڤیای کوڕی قەموئێل؛
بۆ هارون: سادۆق؛
18 بۆ یەهودا: ئەلیهو کە یەکێک لە براکانی داود بوو؛
بۆ یەساخار: عۆمری کوڕی میکائیل؛
19 بۆ زەبولون: یەشمەعیای کوڕی عۆبەدیا؛
بۆ نەفتالی: یەریمۆتی کوڕی عەزریێل؛
20 بۆ نەوەی ئەفرایم: هۆشێیەعی کوڕی عەزەزیاهو؛
بۆ نیوەی هۆزی مەنەشە: یۆئێلی کوڕی پەدایا؛
21 بۆ نیوەکەی دیکەی هۆزی مەنەشە لە گلعاد: ییدۆی کوڕی زەکەریا؛
بۆ بنیامین: یەعسیێلی کوڕی ئەبنێر؛
22 بۆ دان: عەزەرئێلی کوڕی یەرۆحام.
ئەمانە سەرۆکی هۆزەکانی ئیسرائیل بوون.
23 داودیش ژمارەی ئەوانەی وەرنەگرت کە گەنجی بیست ساڵ و کەمتر بوون، چونکە یەزدان بەڵێنی دابوو کە ئیسرائیل وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر دەکات. 24 یۆئابی کوڕی چەرویاش دەستی بە سەرژمێرییەکە کرد، بەڵام تەواوی نەکرد، چونکە ئەم سەرژمێرییە تووڕەیی خودای هێنایە سەر ئیسرائیل، هەروەها ئاماری سەرژمێرییەکەش لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی داود پاشادا تۆمار نەکرا.
لێپرسراوانی ماڵوموڵکەکانی پاشا
25 عەزماڤەتی کوڕی عەدیێل لێپرسراوی گەنجینەکانی پاشا بوو.
یۆناتانی کوڕی عوزیا لێپرسراوی ئەو عەمبارانە بوو کە لە کێڵگە و شارۆچکە و گوند و لەناو قوللەکانی چاودێری بوون.
26 عەزری کوڕی کەلووڤیش لێپرسراوی وەرزێرەکانی کێڵگە بوو، ئەوانەی زەوییان دەکێڵا.
27 شیمعی ڕاماتی لێپرسراوی ڕەزەمێوەکان بوو.
زەبدی شیفەمی لێپرسراوی بەروبوومەکانی ڕەز بوو بۆ ئەمبارەکانی شەراب.
28 بەعلحانانی گەدەری لێپرسراوی دار زەیتوون و دار هەنجیرەکانی کە لە زوورگەکانی[b] یەهودا بوو.
یۆعاشی بەرپرسیاری ئەمبارەکانی زەیت بوو.
29 شیترەیی شارۆنی لێپرسراوی ئەو مانگایانە بوو کە لە دەشتاییەکانی شارۆندا دەلەوەڕان.
شافاتی کوڕی عەدلای لێپرسراوی مانگاکانی ناو دۆڵەکان بوو.
30 ئۆبیلی ئیسماعیلی لێپرسراوی وشترەکان بوو.
یەحدەیاهوی مێرۆنۆتی لێپرسراوی گوێدرێژەکان بوو.
31 یازیزی هاجەری لێپرسراوی مەڕەکان بوو.
هەموو ئەمانە لێپرسراوی ماڵوموڵکەکانی داودی پاشا بوون.
32 یۆناتانی مامی داودیش ڕاوێژکار بوو، پیاوێکی تێگەیشتوو و سەرقەڵەم بوو، یەحیێلی کوڕی حەکمۆنیش چاودێری کوڕەکانی پاشا بوو.
33 ئەحیتۆفەل ڕاوێژکاری پاشا بوو.
حوشەی ئەرکیش هاوڕێی پاشا بوو. 34 لەپاش ئەحیتۆفەلیش یەهۆیاداعی کوڕی بەنایا بوو بە ڕاوێژکار، دوای ئەمیش ئەبیاتار جێگەی گرتەوە.
یۆئابیش سەرکردەی سوپاکەی پاشا بوو.
نەخشەی داود بۆ پەرستگا
28 داود هەموو ڕابەرانی ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە: سەرۆک هۆزەکان؛ سەرلەشکری ئەو لەشکرانەی کە لە خزمەتی پاشا بوون، لەگەڵ فەرماندەی هەزاران و سەدان؛ ئەو کاربەدەستانەی کە لێپرسراوی ماڵوموڵک و ئاژەڵەکانی پاشا و کوڕەکانی بوون، لەگەڵ کاربەدەستانی کۆشکی پاشا؛ پاڵەوانەکان و هەموو جەنگاوەرە دلێر و ئازاکان.
2 داودی پاشا هەستایە سەر پێ و گوتی: «گوێم لێ بگرن ئەی گەلی برام، من لە دڵمدا بوو ماڵێکی حەوانەوە بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان و بۆ تەختەپێی خودامان بنیاد بنێم و خۆمم بۆ بنیادنان ئامادە کرد. 3 بەڵام خودا پێی فەرمووم: ”ماڵ بۆ ناوەکەم بنیاد مەنێ، چونکە تۆ پیاوی جەنگیت و خوێنت ڕشتووە.“
4 «لەگەڵ ئەوەشدا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە هەموو ماڵی باوکم منی هەڵبژارد تاکو بۆ هەتاهەتایە ببمە پاشای ئیسرائیل، چونکە یەهودای وەک ڕابەر هەڵبژارد، لە هۆزی یەهوداش ماڵی باوکم، لە کوڕەکانی باوکیشم بە من خۆشحاڵ بوو بۆ ئەوەی بمکاتە پاشای هەموو ئیسرائیل. 5 لەنێو هەموو ئەو کوڕانەم کە یەزدان پێی بەخشیوم، سلێمانی کوڕمی هەڵبژاردووە هەتا لەسەر تەختی پاشایەتی یەزدانی ئیسرائیل دابنیشێت. 6 پێی فەرمووم: ”سلێمانی کوڕت ماڵەکەم و حەوشەکەم بۆ بنیاد دەنێت، چونکە ئەوم بە کوڕی خۆم هەڵبژاردووە و منیش دەبمە باوکی ئەو، 7 ئەگەر بەردەوام بێت لە کارکردن بە فەرمان و حوکمەکانم، ئەوا پاشایەتییەکەی هەتاهەتایە جێگیر دەکەم.“
8 «ئێستاش لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل کە کۆمەڵی یەزدانە و لەبەردەم خوداشمان، ڕاتاندەسپێرم: ئاگاداربن بە جێبەجێکردنی هەموو فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگارتان، بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی ئەم خاکە چاکە و هەتاهەتایە وەک میراتیش بۆ نەوەکانتان بیهێڵنەوە.
9 «سلێمانی کوڕی خۆم، تۆش خودای باوکت بناسە و پڕ بە دڵ و بە هەموو بیرتەوە بیپەرستە، چونکە یەزدان هەموو دڵەکان دەپشکنێت و هەموو شێوەکانی بیرکردنەوە تێدەگات، ئەگەر ڕووی لێ بکەیت بۆت دەردەکەوێت و ئەگەر فەرامۆشی بکەیت هەتاهەتایە ڕەتت دەکاتەوە. 10 ئێستاش ببینە، چونکە یەزدان هەڵیبژاردوویت بۆ ئەوەی ماڵێک بۆ پیرۆزگاکە بنیاد بنێیت، جا بەهێزبە و کار بکە.»
11 پاشان داود نەخشەی هەیوانەکەی پەرستگا و تەلار و گەنجینە و ژوورەکانی سەرەوەی و ناوەوەی و قەپاغی کەفارەتی[c] دایە سلێمانی کوڕی. 12 نەخشەکانی هەموو ئەو شتانەش کە بەهۆی ڕۆحی خوداوە لە دڵیدا بوو، ئەوەی حەوشەکانی پەرستگای یەزدان و هەموو ژوورەکانی دەوروبەری و گەنجینەکانی پەرستگای خودا و گەنجینەکانی شتە تەرخانکراوەکان. 13 هەروەها ڕێنمایی پێدا لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان و هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان و هەموو قاپوقاچاغەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان. 14 کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران: 15 کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛ 16 کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛ 17 کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس[d] و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛ 18 کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی[e] پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.
19 داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»
20 هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت. 21 بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»
پیتاک بەخشین بۆ بنیادنانی پەرستگا
29 پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە. 2 منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە[f] و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی. 3 لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم: 4 سێ هەزار تالنت[g] زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت[h] زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و 5 هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
6 ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی. 7 بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت[i] زێڕ و دە هەزار درهەمی[j] زێڕ، دە هەزار تالنت[k] زیو، هەژدە هەزار تالنت[l] بڕۆنز و سەد هەزار تالنت[m] ئاسنیان بەخشی. 8 ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو. 9 گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
نوێژی داود
10 داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:
«ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،
خودای ئیسرائیل، باوکمانی
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
11 ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،
مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،
چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.
ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و
تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
12 دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،
تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.
هێز و توانا لە دەستی تۆدان
تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
13 ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و
ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.
14 «بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە. 15 ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین[n]. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە. 16 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە هەتا پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە. 17 خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت. 18 ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە. 19 هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
20 پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی خودای باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
دانپێدانانی پاشایەتی سلێمان
21 پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل. 22 جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.
پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە. 23 ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون. 24 هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
25 یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
مردنی داود
26 داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، 27 ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 28 لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
29 ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر، 30 لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.
گۆرانی گەشتیاران، بۆ سلێمان.
127 ئەگەر یەزدان خانووەکە دروستنەکات،
وەستاکان بێ سوود خۆیان ماندوو دەکەن.
ئەگەر یەزدان چاودێری شارەکە نەکات،
پاسەوان بێ سوود ئێشک دەگرێت.
2 بێ سوودە بۆتان زوو هەستان و دانیشتن هەتا درەنگی شەو،
خواردنی نانی ڕەنجکێشی،
چونکە خەو بە خۆشەویستانی خۆی دەبەخشێت.
3 بێگومان منداڵان میراتن لە یەزدانەوە،
پاداشتی بەری سکن.
4 وەک تیری دەستی پاڵەوان،
ئاوان کوڕانی مرۆڤی گەنج.
5 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تیردانی خۆی لەوان پڕکردووە،
شەرمەزار نابێت کە لە دادگا[a] لەگەڵ دوژمنان دەکەوێتە دەمەقاڵێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.