Chronological
سروودی داود بۆ ستایشی خودا
22 داود ئەم سروودەی بۆ یەزدان گوت، دوای ئەوەی یەزدان لە دەستی هەموو دوژمنەکانی و لە دەستی شاول ڕزگاری کرد. 2 گوتی:
«یەزدان تاشەبەردی منە، قەڵا و دەربازکەرمە،
3 خودام ئەو تاشەبەردەیە کە پەنای بۆ دەبەم،
قەڵغان و هێزی ڕزگاریمە،
پەناگا و حەشارگەمە، ڕزگارکەری منە،
لە ستەم ڕزگارم دەکات.
4 «لە یەزدان دەپاڕێمەوە، ئەوەی کە شایانی ستایشە،
لە دوژمنەکانم ڕزگار دەبم.
5 شەپۆلی مەرگ منی پێچایەوە،
لێشاوی لەناوچوون زەندەقی بردم.
6 پەتی جیهانی مردووان بە دەورمدا تەنراوە،
داوی مردن لەبەردەمم دانراوە.
7 «لە تەنگانەمدا لە یەزدان پاڕامەوە،
هاوارم بردە بەر خودام،
لە پەرستگاکەیەوە گوێی لە دەنگی من بوو،
گوێی لە هاوارم بوو.
8 ئینجا زەوی لەرزی و هەژا،
بناغەکانی ئاسمان ڕاژەنین،
لە تووڕەیی ئەو لەرزین.
9 دووکەڵ لە لووتی بەرزبووەوە،
ئاگرێکی لووشدەر لە دەمی هاتە دەرەوە،
وەک ژیلەمۆی پشکۆی داگیرساو بوو.
10 ئاسمانی لێککردەوە و دابەزییە خوارەوە،
هەوری تاریک لەژێر پێی بوو.
11 سواری کەڕوب[a] بوو و فڕی،
بەسەر باڵی بادا بەرزبووەوە.
12 تاریکی کردە ڕەشماڵ لە دەوری خۆی،
هەوری تاریکی پڕ بارانی ئاسمان.
13 لە ڕۆشنایی ئامادەبوونی ئەو
پشکۆ ئاگرەکان داگیرسان.
14 یەزدان لە ئاسمانەوە گرماندی،
ئەو خودایەی هەرەبەرزە دەنگی خۆی لەرزاندەوە.
15 تیرەکانی هاویشت و بڵاوەی بە دوژمنەکانی کرد،
بە بروسکەی گەورە پەرێشانی کردن.
16 بنی دەریا دەرکەوت،
بناغەکانی زەوی ئاشکرا بوون،
لە سەرزەنشتی یەزدان،
لە گەرمی هەناسەی لووتی.
17 «لە بەرزاییەوە دەستی درێژکرد و منی گرت،
لەناو ئاوە قووڵەکانەوە دەریهێنام.
18 لە دوژمنە بە تواناکەم ڕزگاری کردم،
لە ناحەزەکانم کە زۆر لە من بەهێزتر بوون.
19 لە ڕۆژی لێقەومانم هاتنە سەرم،
بەڵام یەزدان پشت و پەنام بوو.
20 منی هێنایە دەرەوە بۆ جێگایەکی پان و بەرین،
ڕزگاری کردم، چونکە دڵخۆشە پێم.
21 «یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم ڕێزداری کردووم.
22 چونکە من ڕێچکەی یەزدانم گرتووەتەبەر،
لە خودای خۆم یاخی نەبووم.
23 هەموو حوکمەکانی لەبەرچاومدان،
لە فەرزەکانی لام نەداوە.
24 لەبەردەمی ئەو بێ کەموکوڕی بووم و
خۆم لە گوناه پاراستووە.
25 یەزدان بەگوێرەی ڕاستودروستیم پاداشتی داومەتەوە،
بەگوێرەی دەستپاکیم لەبەردەمی.
26 «لەگەڵ دڵسۆزەکان دڵسۆزی دەنوێنیت،
لەگەڵ ئەوانەی بێ کەموکوڕین چاکی دەنوێنیت،
27 لەگەڵ پاکەکان پاکی دەنوێنیت،
بەڵام لەگەڵ خوارەکان زیرەکی دەنوێنیت.
28 تۆ خەڵکی بێفیز ڕزگار دەکەیت،
بەڵام چاوەکانت لەسەر لووتبەرزانە، دەیانشکێنیت.
29 ئەی یەزدان، تۆ چرای منیت،
یەزدان تاریکیم ڕووناک دەکاتەوە.
30 بە یارمەتی تۆ دەتوانم لەشکرێک تێکبشکێنم،
لەگەڵ خودای خۆم دەتوانم بەسەر شووراکاندا سەربکەوم.
31 «ڕێبازی خودا تەواوە،
بەڵێنی یەزدان بێگەردە،
ئەو قەڵغانە بۆ هەموو ئەوانەی پەنای بۆ دەبەن.
32 چونکە لە یەزدان بەولاوە کێ خودایە؟
لە خودامان بەولاوە کێ تاشەبەردەکەیە؟
33 خودایە ئەوەی بە هێز پاڵپشتیم دەکات،
بە تەواوی ڕێگام لەبەردەمدا دەکاتەوە.
34 پێیەکانم وەک پێی ئاسک لێ دەکات،
لەسەر بەرزایی ڕامدەگرێت.
35 مەشق بە دەستەکانم دەکات بۆ جەنگ،
تاکو بتوانم بە بازووم کەوانی بڕۆنز بچەمێنمەوە.
36 تۆ قەڵغانی ڕزگاریی خۆتت پێ بەخشیوم،
هاوکاریت گەورەم دەکات.
37 جێی هەنگاوەکانم تەخت و فراوان دەکەیت،
تاکو پێم نەخلیسکێت.
38 «دوژمنەکانم ڕاونا و نابوودم کردن،
هەتا لەناوم نەبردن نەگەڕامەوە.
39 لەناوم بردن و وردوخاشم کردن، ئیتر نەیانتوانی هەستنەوە،
لەژێر پێم کەوتن.
40 کەمەری منت توند کرد بۆ جەنگ،
وات لە بەرهەڵستکارانی من کرد لەبەر پێم کڕنۆش ببەن.
41 دوژمنەکانم پشتیان تێ کردم و ڕایانکرد،
من ناحەزەکانی خۆمم لەناوبرد.
42 هاواریان هێنا، بەڵام ڕزگارکەر نەبوو،
هاواریان بۆ یەزدان برد، بەڵام بە دەنگیانەوە نەچوو.
43 وەک تۆزی زەوی ئەوانم هاڕی،
وەک قوڕی سەر ڕێگا پێم خستە سەریان و پێشێلم کردن.
44 «لە هێرشی گەلان ڕزگارت کردم،
تۆ منت بە سەرۆکی نەتەوەکان هێشتەوە.
گەلێک کە نەمدەناسین خزمەتم دەکەن،
45 بێگانەکان ملکەچیم بۆ دەنوێنن،
هەر کە دەنگم دەبیستن گوێڕایەڵم دەبن.
46 بێگانەکان ورە بەر دەدەن و
بە لەرزەوە لە قەڵاکانیان دێنە دەرەوە.
47 «یەزدان زیندووە، ستایش بۆ تاشەبەردەکەم!
خودای ڕزگارکەرم تاشەبەردەکەیە، پایەبەرزە!
48 خودایە کە تۆڵەم بۆ دەکاتەوە،
گەلان ملکەچی من دەکات،
49 لە چنگی دوژمنەکانم دەرمدەهێنێت.
پایەبەرزی کردم بەسەر ناحەزانم،
لە دەست کەسە توندوتیژەکان ڕزگارت کردم.
50 لەبەر ئەوە ئەی یەزدان، لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،
گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.
51 «سەرکەوتنی گەورە بە پاشای خۆی دەبەخشێت،
خۆشەویستی نەگۆڕ بەسەر دەستنیشانکراوەکەیدا دەبارێنێت،
بۆ سەر داود و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە.»
دواهەمین وشەکانی داود
23 ئەمانەش دواهەمین وشەکانی داودن:
«پەیامی داودی کوڕی یەسا،
ئەو پیاوەی کە لەلایەن خودای هەرەبەرز پایەبەرز بووە،
دەستنیشانکراوەکەی خودای یاقوب و
زەبووربێژە دەنگ خۆشەکەی ئیسرائیل:
2 «ڕۆحی یەزدان لە ڕێگەی منەوە دوا،
وشەکەشی لەسەر زمانم بوو.
3 خودای ئیسرائیل فەرمووی،
تاشەبەردەکەی ئیسرائیل[b] لەگەڵ من دوا:
”کاتێک کەسێک بە ڕاستودروستی فەرمانڕەوایەتی خەڵک دەکات،
کاتێک بە لەخواترسییەوە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
4 ئەوا وەک ڕووناکی بەیانە لە کاتی خۆرهەڵاتن
لە بەیانییەکی ساماڵ،
وەک ڕووناکی بێگەردی پاش بارانە
کە گیای تازە لە زەوییەوە دەهێنێتە دەرەوە.“
5 «ئایا ماڵەکەم لەلای خودا بەم جۆرە نییە؟
چونکە پەیمانێکی هەتاهەتایی لەگەڵ بەستووم،
کە لە هەموو ڕووێکەوە ڕێکوپێک و مسۆگەرە.
ئایا هەموو ڕزگارییەکەم و
هەموو ئارەزووەکانم ناهێنێتە دی؟
6 بەڵام بەدکاران هەموویان وەک دڕک فڕێدەدرێن،
کە بە دەست کۆناکرێنەوە.
7 هەرکەسێک کە خۆی لە دڕکەکان بدات،
ئامێری ئاسن و داری ڕم بەکاردەهێنێت؛
ئەمانە لە شوێنی خۆیاندا بە ئاگر دەسووتێنرێن.»
پاڵەوانەکانی داود
8 ئەمانەش ناوی پاڵەوانەکانی داودن:
یۆشێڤ بەشەڤەتی تەحکەمۆنی یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکەی نێو هێزی تایبەت. ئەو بوو بە ڕمەکەی لە شەڕێکدا هەشت سەد کەسی کوشت.
9 پاش یۆشێڤ، ئەلعازاری کوڕی دۆدایی ئەحۆحی هەبوو، کە یەکێک بوو لە سێ پاڵەوانەکە. ئەو لە پەس دەممیم[c] لەگەڵ داود بوو، کاتێک گاڵتەی بەو فەلەستییانە کرد کە بۆ جەنگ کۆببوونەوە، پیاوانی ئیسرائیلیش پاشەکشەیان کرد. 10 ئەو هەستا و هەتا دەستی شل بوو لە فەلەستییەکانی دا، دەستی بە شمشێرەکەیەوە نووسا و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا ڕزگارییەکی گەورەی ئەنجام دا. کاتێک لەشکرەکەشی بۆ لای ئەلعازار گەڕانەوە هیچ نەمابوو تەنها تاڵانکردن نەبێت.
11 پاش ئەلعازاریش، شەممای کوڕی ئاگێی هاراری دێت. کاتێک فەلەستییەکان لەشکریان لە شوێنی پەڵە نیسکێکدا کۆکردەوە، لەشکری ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکاندا هەڵات. 12 بەڵام شەمما لەناوەڕاستی پەڵە نیسکەکەدا ڕاوەستا و بەرگری کرد و لە فەلەستییەکانی دا، یەزدانیش سەرکەوتنێکی گەورەی پێ بەخشی.
13 سێ پاڵەوانی هەڵبژاردە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت لە وەرزی دروێنەدا دابەزین بۆ لای داود لە ئەشکەوتی عەدولام، لەشکری فەلەستییەکانیش لە دۆڵی ڕفایم دامەزرابوون. 14 لەو کاتەدا داود لە قەڵاکە بوو، سەربازگەی فەلەستییەکانیش لە بێتلەحم بوو. 15 داود ئاهی هەڵکێشا و گوتی: «کێ لە بیرەکەی بێتلەحم، ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاوم بۆ دەهێنێت؟» 16 ئیتر سێ پاڵەوانەکە هێڵی ئۆردوگای فەلەستییەکانیان بەزاند و لە بیرەکەی بێتلەحمەوە ئەوەی لەلای دەروازەکەیە ئاویان هەڵکێشا و هەڵیانگرت، هێنایان بۆ داود، ئەویش نەیویست بیخواتەوە، بەڵکو وەک پێشکەشکراوێک بۆ یەزدان ڕشتی. 17 گوتی: «ئەی یەزدان، لە من بەدوور بێت ئەمە بکەم. ئەمە خوێنی ئەو پیاوانەیە کە ژیانی خۆیان خستە مەترسییەوە.» لەبەر ئەوە داود نەیویست بیخواتەوە.
ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی سێ پاڵەوانەکە.
18 ئەبیشەی برای یۆئاب، کوڕی چەرویاش ڕابەری سێ پاڵەوانەکەی هێزی تایبەت بوو. ئەو بە ڕمەکەی لەگەڵ سێ سەد کەس جەنگا و کوشتنی، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی هەبوو. 19 ئایا ئەو زیاتر لە سێ پاڵەوانەکە ڕێزی لێ نەدەگیرا؟ ئەو بوو بە فەرماندەیان، بەڵام ناوبانگی نەدەگەیشتە سێیەکەی یەکەم.
20 بەنایای کوڕی یەهۆیاداعی خەڵکی قەڤچەئێل کوڕێکی بەجەرگ بوو، زۆر قارەمانیێتی نواندبوو. هەر ئەو لە دوو شێرە پیاوەکەی مۆئابی دا، هەروەها لە ڕۆژێکی بەفردا دابەزییە ناو چاڵێک و شێرێکی کوشت. 21 ئەویش بوو کە لە پیاوێکی میسری زەبەلاحی دا، پیاوە میسرییەکە ڕمێکی بەدەستەوە بوو، بەنایاش بە گۆچانێکەوە بۆی دابەزی. ڕمەکەی لە دەستی میسرییەکە ڕفاند و بە ڕمەکەی خۆی کوشتی. 22 ئەمانە چەند نموونەیەک بوون لە ئازایەتییەکانی بەنایای کوڕی یەهۆیاداع، وەک سێ پاڵەوانەکە ناوبانگی پەیدا کرد. 23 لە سی پاڵەوانەکە زیاتر ڕێزی لێ دەگیرا، بەڵام ناوبانگی نەگەیشتە سێیەکە، ئیتر داود کردییە بەرپرسی پاسەوانەکانی خۆی.
24 ئەمانە لە ڕیزی سی پاڵەوانەکە بوون:
عەساهێلی برای یۆئاب،
ئەلحانانی کوڕی دۆدۆی بێتلەحمی،
25 شەممای حەرۆدی،
ئەلیقای حەرۆدی،
26 حەلەچی پەلتیی،
عیرای کوڕی عیقێشی تەقۆعی،
27 ئەڤیعەزەری عەناتۆتی،
مەڤونەیی حوشاتی،
28 چەلمۆنی ئەحۆحی،
مەهەرەیی نەتۆفاتی،
29 حێلەدی کوڕی بەعەنای نەتۆفاتی،
ئیتەیی کوڕی ڕیڤەی کە خەڵکی گیڤعای بنیامین،
30 بەنایای پیرعاتۆنی،
هیدەیی شیوەکانی گاعەش،
31 ئەبیعەلڤۆنی عەرڤاتی،
عەزماڤەتی بەرحومی،
32 ئەلیەحبای شەعەلڤۆنی،
کوڕەکانی یاشێن،
یۆناتانی کوڕی 33 شەممای هاراری،
ئەحیامی کوڕی شاراری هاراری،
34 ئەلیفەلەتی کوڕی ئەحەسبەیی مەعکاتی،
ئەلیعامی کوڕی ئەحیتۆفەلی گیلۆنی،
35 حەسرۆی کەرمەلی،
پەعەرەیی ئەربی،
36 یەگالی کوڕی ناتانی چۆڤائی،
کوڕی هەگری،
37 چەلەقی عەمۆنی،
نەحەرەیی بئێرۆتی کە هەڵگری تفاقەکانی یۆئابی کوڕی چەرویا بوو،
38 عیرای یەتری،
گارێڤی یەتری و
39 ئوریای حیتی.
هەموویان سی و حەوت کەس بوون.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داودە کاتێک لەبەردەم شاول هەڵات لە ئەشکەوتەکە.
57 لەگەڵم میهرەبان بە، ئەی خودایە، لەگەڵم میهرەبان بە،
چونکە گیانم پەنا دەهێنێتە بەر تۆ،
من پەنا دەهێنمە بەر سێبەری باڵەکانی تۆ،
هەتا ئەم بەڵایە بەسەردەچێت.
2 بۆ خودای هەرەبەرز هاوار دەکەم،
بۆ ئەو خودایەی ئەستۆپاکیم دەسەلمێنێت[a].
3 لە ئاسمانەوە دەنێرێت و ڕزگارم دەکات،
ئەوانە ڕیسوا دەکات کە ڕاوم دەنێن.[b]
خودا خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی و دڵسۆزییەکەی دەنێرێت.
4 گیانم لەناو شێرانە،
لەنێو ئاژەڵی دڕندە ڕادەکشێم،
ئەو مرۆڤانەی کە ددانەکانیان ڕم و تیرن،
زمانیشیان شمشێری تیژە.
5 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
6 تۆڕیان ناوەتەوە بۆ پێیەکانم،
گیانم پەرێشانە.
چاڵێکیان لەپێشم هەڵکەند،
بەڵام خۆیان تێی کەوتن.
7 دڵم چەسپاوە، ئەی خودایە،
دڵم چەسپاوە،
سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم.
8 ئەی گیانی من، هەستە!
ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم.
9 ئەی پەروەردگار، من لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم،
10 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەگاتە ئاسمان،
دڵسۆزیت دەگاتە هەورەکان.
11 ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.