Chronological
زەبوورێکی داودە کاتێک لە دەستی ئەبشالۆمی[a] کوڕی هەڵات.
3 ئەی یەزدان، دوژمنانم چەند زۆرن!
چەند زۆرن لە دژم سەریان هەڵداوە!
2 زۆر کەس لەبارەی منەوە دەڵێن:
«خودا ڕزگاری ناکات.»[b]
3 بەڵام تۆ ئەی یەزدان، قەڵغانی منیت،
شکۆمەندی منیت و سەرم بەرز دەکەیتەوە.
4 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
ئەویش لە کێوی پیرۆزی خۆیەوە وەڵامم دەداتەوە.
5 ڕادەکشێم و دەخەوم،
بەئاگادێمەوە چونکە یەزدان پشتگیریم دەکات.
6 لە دەیان هەزار کەس ناترسم،
ئەوانەی دەوریان گرتووم.
7 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە!
ئەی خودای من، ڕزگارم بکە!
لە بناگوێی دوژمنەکانم بدە و
کەڵبەی بەدکاران وردوخاش بکە.
8 ڕزگاری لە یەزدانەوەیە،
با بەرەکەتەکەت لەسەر گەلەکەت بێت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. زەبوورێکی داود
4 ئەی خودای ڕاستودروستم،
کە لێت دەپاڕێمەوە وەڵامم بدەوە.
لە تەنگانەدا بە هانامەوە هاتی،
لەگەڵم میهرەبان بە و گوێ لە نوێژەکەم بگرە.
2 ئەی خەڵکینە، هەتا کەی شکۆی من دەگۆڕن بە شورەیی؟
هەتا کەی حەز لە قسەی پووچ دەکەن و بەدوای درۆدا دەگەڕێن؟[c]
3 بەڵام بزانن کە یەزدان پیاوی خۆشەویستی بۆ خۆی تەرخان کردووە.
یەزدان گوێم لێ دەگرێت کاتێک لێی دەپاڕێمەوە.
4 کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن،
بەڵام کە لەسەر نوێنەکانتان
لە دڵی خۆتاندا لێکی بدەنەوە و بێدەنگ بن.
5 قوربانی ڕاستودروست بکەن و
پشت بە یەزدان ببەستن.
6 زۆر کەس دەڵێن: «کێ چاکەمان نیشان دەدات؟»
ئەی یەزدان، با ڕووناکی ڕووی تۆ بەسەرماندا هەڵبێت[d].
7 تۆ خۆشییەکی وات خستووەتە دڵی منەوە
زۆر لەوانە زیاترە کە دانەوێڵە و شەرابیان زۆرە.
8 ئەی یەزدان، بە ئاشتی پاڵ دەدەمەوە و دەخەوم،
چونکە تەنها تۆ بە ئاسوودەیی نیشتەجێم دەکەیت.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە شێوەی شیمینیت[a]. زەبوورێکی داود.
12 ئەی یەزدان، ڕزگارمان بکە، چونکە کەسی خواناس نەماوە،
چونکە لەناو ئادەمیزادان دڵسۆز نەماوە.
2 هەمووان درۆ لەگەڵ یەکتر دەکەن،
بە لێوی ڕیایی و دڵی ساختەوە قسە دەکەن.
3 یەزدان هەموو لێوە ڕیاییکەرەکان دەبڕێت،
هەموو ئەو زمانانەی بە فیزەوە دەدوێن،
4 ئەوانەی دەڵێن: «بە زمانی خۆمان زاڵ دەبین،
بە لێوی خۆمان سەرکەوتوو دەبین.
کێ هەیە ببێت بە گەورەمان؟»
5 یەزدان دەڵێت: «لەبەر ستەمکاری لە هەژاران و
ناڵەی کڵۆڵان، ئێستا ڕادەپەڕم،
ئەو ئاسوودەییەیان دەدەمێ، لەوانەی پەستیان دەکەن.»
6 وتەکانی یەزدان وتەی پاکن،
وەک ئەو زیوەیە لە بۆتەی گڵین پاڵێورابێت،
حەوت جار پاڵێوراوە.
7 ئەی یەزدان، دەمانپارێزیت و
هەتاهەتایە لەم جۆرە کەسانە پاسمان دەکەیت.
8 بەدکارەکان بە هەموو لایەکدا بە ئازادی دەگەڕێن،
کاتێک خەڵکی بە شان و باڵی خراپەدا هەڵدەدەن.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
2 هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
3 ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
4 نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
5 بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
6 سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.
زەبوورێکی داود.
28 ئەی یەزدان، من بۆ تۆ هاوار دەکەم.
ئەی تاشەبەردەکەم، گوێی خۆتم لێ کەڕ مەکە،
چونکە ئەگەر تۆ خۆتم لێ بێدەنگ بکەیت،
وەک ئەوانەم لێدێت کە شۆڕ دەبنەوە ناو گۆڕ.
2 گوێ لە دەنگی پاڕانەوەم بگرە،
کاتێک کە هاوارت بۆ دەهێنم،
دەستەکانم بەرز دەکەمەوە
بەرەو شوێنی هەرەپیرۆزی تۆ.
3 لەگەڵ بەدکارەکان ڕاممەکێشە،
ئەوانەی ئیشی خراپە دەکەن،
بە ئاشتی قسە لەگەڵ دراوسێکانیان دەکەن،
بەڵام دڵیان پڕ لە کینەیە.
4 بەگوێرەی کردەوە و خراپەکارییەکانیان سزایان بدە،
بەگوێرەی کردەوەکانی دەستیان سزایان بدە و
ڕەفتارەکانی خۆیان بگەڕێنەوە سەر خۆیان.
5 لەبەر ئەوەی گوێ نادەن بە کردارەکانی یەزدان و
بە کارەکانی دەستی،
تێکیان دەشکێنێت و
جارێکی دیکە بنیادیان نانێتەوە.
6 ستایش بۆ یەزدان،
چونکە گوێی لە دەنگی پاڕانەوەم بوو.
7 یەزدان هێز و قەڵغانی منە،
دڵم متمانەی بەو کرد و یارمەتیم وەرگرت،
دڵم شاد دەبێت و
بە گۆرانی خۆم ستایشی دەکەم.
8 یەزدان هێزی گەلەکەیەتی،
قەڵای ڕزگاریی دەستنیشانکراوەکەی [a]
9 گەلەکەت ڕزگار بکە و میراتەکەت بەرەکەتدار بکە،
ببە بە شوانیان و هەتاهەتایە هەڵیانبگرە.
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان بە ئامێرە ژێدارەکان، هۆنراوەیەکی داود.
55 ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
پاڕانەوەم پشت گوێ مەخە،
2 گوێم لێ بگرە و وەڵامم بدەوە.
سەرم لێ شێواوە و لە نەگبەتی خۆم و بێزارم،
3 لە بیستنی دەنگی دوژمن،
لە چاو لێ سوور کردنەوەی بەدکاران،
چونکە ئەمانە تووشی گرفتم دەکەن و
بە تووڕەییەوە دەمچەوسێننەوە.
4 دڵم لە ناخمدا پڕ لە ئازارە،
ترسی مەرگ هاتووەتە سەرم.
5 ترس و لەرز دایگرتووم،
تۆقین باڵی بەسەرمدا کێشاوە.
6 گوتم: «خۆزگە وەک کۆتر باڵم دەبوو،
دوور دەفڕیم و دەحەسامەوە،
7 بە ڕاستی دووردەکەوتمەوە و
لە چۆڵەوانی دەمامەوە.[a]
8 پەلەم دەکرد بۆ شوێنی پەناگای خۆم،
دوور لە ڕەشەبا و لە گەردەلوول.»
9 ئەی پەروەردگار، سەریان لێ بشێوێنە، زمانیان تێک بئاڵێنە،
چونکە زۆرداری و دووبەرەکی لە شاردا دەبینم.
10 شەو و ڕۆژ بەسەر شووراکانیدا دەسووڕێنەوە و
خراپە و ناڕەوایی لە ناوەڕاستیدایە.
11 وێرانکاری لە ناوەڕاستیدایە،
دەستدرێژی و ساختەکاری هەرگیز شەقامەکانی بەرنادەن.
12 ئەگەر دوژمن سووکایەتی پێم بکردایە،
بەرگەم دەگرت،
ئەگەر ناحەز بەسەرمدا زاڵ بووایە،
دەمتوانی خۆمی لێ بشارمەوە.
13 بەڵام ئەوە تۆی! هاوشێوەی من مرۆڤی،
هاوڕێمی، نزیکترین برادەری منی،
14 کە بەیەکەوە پەیوەندییەکی شیرینمان هەبوو،
بەیەکەوە لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا بەرەو ماڵی خودا دەچووین.
15 با مەرگ چەواشەیان بکات،
با بە زیندوویی دابەزنە ناو جیهانی مردووان،
چونکە خراپە شوێنی خۆی کردووەتەوە لەنێویان.
16 بەڵام هاواری من بۆ خودایە،
یەزدانیش ڕزگارم دەکات.
17 ئێواران و بەیانییان و نیوەڕۆیان
گلەیی دەکەم و دەناڵێنم،
ئەویش گوێم لێ دەگرێت.
18 گیانمی بە تەواوی کڕییەوە
لەو جەنگەی دژم هەڵگیرساوە،
چونکە زۆرن بەرهەڵستکارانم.
19 خودا، ئەوەی لە ئەزەلەوە لەسەر تەخت دانیشتووە،
گوێی لێ دەبێت و ڕیسوایان دەکات؛
ئەوانەی ناگۆڕێن و
ترسی خودایان لە دڵدا نییە.
20 هاوڕێکەم دەستدرێژی دەکاتە سەر دۆستەکانی،
پەیمانی خۆی دەشکێنێت.
21 زمانی وەک کەرە لووسە،
بەڵام دڵی پڕ لە شەڕە.
قسەی لە ڕۆن نەرمترە،
بەڵام شمشێری هەڵکێشراوە.
22 خەمەکانت بە یەزدان بسپێرە،
ئەو پشتگیریت دەکات،
هەرگیز ناهێڵێت ڕاستودروستان بهەژێن.
23 بەڵام تۆ ئەی خودایە، فڕێیان بدە ناو قووڵترین بیر،
خوێنڕێژ و فێڵبازەکان،
ڕۆژگاریان ناگاتە نیوە.
بەڵام من پشت بە تۆ دەبەستم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.