Chronological
ئەمنۆن و تامار
13 ئەوە بوو پاش ئەمانە ئەمنۆنی کوڕی داود کەوتە خۆشەویستی تاماری خوشکە جوانەکەی ئەبشالۆمی کوڕی داود.[a]
2 ئەمنۆن لە تاو تاماری زڕخوشکی نەخۆش کەوت، لەبەر ئەوەی تامار پاکیزە بوو، ئەمنۆن پێی وابوو کە نەیدەتوانی بە هیچ شێوەیەک دەستی بۆ ببات.
3 ئەمنۆن هاوڕێیەتی ئامۆزایەکی دەکرد بە ناوی یۆنادابی کوڕی شیمەعا کە برای داود بوو، یۆناداب پیاوێکی تەڵەکەباز بوو. 4 لە ئەمنۆنی پرسی: «شازادە، بۆچی تۆ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لاوازتر دەبیت؟ ئایا پێم ناڵێیت؟»
ئەمنۆنیش پێی گوت: «من تاماری خوشکی ئەبشالۆمی برام خۆشدەوێت.»
5 یۆنادابیش پێی گوت: «لەناو جێگا پاڵبکەوە و خۆت نەخۆش بخە، ئەگەر باوکت بۆ بینینت هات پێی بڵێ: ”با تاماری خوشکم بێتە لام و نانم پێبدات، با خواردنەکە لەبەرچاوم سازبکات، بۆ ئەوەی بیبینم و بە دەستی ئەو نان بخۆم.“»
6 ئینجا ئەمنۆن پاڵکەوت و خۆی نەخۆش خست، پاشا هات بۆ بینینی، ئەمنۆن بە پاشای گوت: «تکایە با تاماری خوشکم بێتە لام و لەبەرچاوم دوو ناسکەنان دروستبکات، بە دەستی ئەو دەیخۆم.»
7 داود بەدوای تاماردا ناردییە ماڵەوە و گوتی: «تکایە بڕۆ ماڵی ئەمنۆنی برات و خواردنێکی بۆ دروستبکە.» 8 تاماریش چووە ماڵی ئەمنۆنی برای، ئەو پاڵکەوتبوو. ئینجا هەویری برد و شێلای و لەبەرچاوی ناسکەنانی کرد و برژاندی. 9 ئینجا تاوەکەی بۆ بەردەمی برد، بەڵام ئەو ڕازی نەبوو بیخوات.
ئەمنۆن گوتی: «هەمووتان بڕۆنە دەرەوە.» ئەوانیش هەموویان چوونە دەرەوە. 10 ئینجا ئەمنۆن بە تاماری گوت: «خواردنەکە بهێنە شوێنی نوستنەکەم بۆ ئەوەی بە دەستی تۆ بیخۆم.» تاماریش ناسکەنانەکەی کە دروستی کردبوو هەڵیگرت و بۆ ئەمنۆنی برای بردییە ژوورەوە بۆ شوێنی نوستنەکەی. 11 بۆی بردە پێشەوە تاوەکو بیخوات، ئەویش تاماری گرت و پێی گوت: «خوشکەکەم، وەرە لەگەڵم پاڵبکەوە.»
12 ئەویش پێی گوت: «نا، برام نا! سەرم شۆڕ مەکە! لە ئیسرائیلدا شتی وا ناکرێت! ئەم بێ ئابڕووییە مەکە. 13 ئەی من بەم ئابڕووچوونەوە ڕوو لەکوێ بکەم؟ ئەی تۆ؟ تۆش لەناو ئیسرائیلدا وەک گێلێکت لێدێت. ئێستاش تکایە لەگەڵ پاشا قسە بکە، بمداتە تۆ، چونکە ئەو پێی ناخۆش نییە.» 14 بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت و بەسەریدا زاڵ بوو، سەری شۆڕکرد و لاقەی کرد.
15 پاشان ئەمنۆن زۆر ڕقی لێی بووەوە، تەنانەت ئەو ڕقەی کە ڕقی لێی بووەوە زۆرتر بوو لەو خۆشەویستییەی کە خۆشی دەویست. ئینجا ئەمنۆن پێی گوت: «هەستە و بڕۆ!»
16 ئەویش پێی گوت: «نەخێر! ئەگەر دەرمبکەیت خراپەیەکی گەورەترە لەوەی کە پێت کردم.»
بەڵام ئەمنۆن نەیویست گوێی لێ بگرێت. 17 خزمەتکارە تایبەتەکەی بانگکرد و گوتی: «ئەمە دەربکە و دەرگاکە لەدوایەوە دابخە.» 18 خزمەتکارەکەش دەریکرد و دەرگاکەی لەدوایەوە داخست. تاماریش کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگی لەبەردا بوو، چونکە کچە پاکیزەکانی پاشا جلی ئاوایان لەبەر دەکرد. 19 تامار خۆڵەمێشی بەسەر سەری خۆیدا کرد، جلە ڕەنگاوڕەنگەکەی لەبەرخۆی دادڕی. دەستی بەسەرییەوە گرت و بە ڕێگادا دەڕۆیشت، بە دەنگی بەرز دەگریا.
20 ئەبشالۆمی برای پێی گوت: «ئەمنۆنی زڕبرات لەگەڵت بوو؟ خوشکم، ئێستاش بێدەنگ بە، ئەو زڕبراتە و ئەم کارە لە دڵ مەگرە.» ئیتر تامار بە پەرێشانی لە ماڵی ئەبشالۆمی برای مایەوە و ژیا.
21 کاتێک داودی پاشا ئەم هەموو شتانەی بیستەوە، زۆر تووڕە بوو. 22 ئەبشالۆمیش نە بە چاک و نە بە خراپ قسەی لەگەڵ ئەمنۆنی زڕبرای نەکرد، لەبەر ئەوەی سەری تاماری خوشکی شۆڕکرد، زۆر ڕقی لە ئەمنۆن بووەوە.
کوشتنی ئەمنۆن لەلایەن ئەبشالۆمەوە
23 دوو ساڵ دوای ئەوە، ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای بانگهێشت کرد، کاتێک خزمەتکارەکانی لە بەعلحاچۆر ئەوەی نزیک ئەفرایمە مەڕەکانی ئەویان دەبڕییەوە. 24 ئینجا ئەبشالۆم چوو بۆ لای پاشا و گوتی: «ئێستا بەندەکەت مەڕەکانی دەبڕێتەوە، تکایە پاشا و کاربەدەستەکانی با لەگەڵ بەندەکەت بێن.»
25 پاشاش بە ئەبشالۆمی گوت: «نەخێر کوڕم، با هەموومان نەبین و بارگرانی نەخەینە سەرت.» جا ئەبشالۆم زۆری لێکرد، بەڵام ئەو نەیویست بچێت، بەڵکو داوای بەرەکەتی بۆ کرد.
26 ئەبشالۆمیش گوتی: «ئەگەر نا، تکایە با ئەمنۆنی برام لەگەڵمان بێت.»
پاشاش لێی پرسی: «بۆچی لەگەڵت بێت؟» 27 بەڵام ئەبشالۆم زۆری لێکرد و ئەویش ئەمنۆن و هەموو کوڕەکانی پاشای لەگەڵ نارد.
28 ئەبشالۆمیش فەرمانی بە خزمەتکارەکانی کرد، گوتی: «ئاگاداربن! کاتێک کە ئەمنۆن بە شەراب مەست بوو، پێتان دەڵێم: ”لە ئەمنۆن بدەن،“ بیکوژن و مەترسن. ئەی من خۆم فەرمانم پێ نەکردوون؟ لەبەر ئەوە بەهێزبن و ئازابن.» 29 ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئەوەیان بە ئەمنۆن کرد کە ئەبشالۆم فەرمانی پێ کردبوون، هەموو کوڕەکانی پاشا هەستان، هەریەکە و سواری هێسترەکەی خۆی بوو و هەڵات.
30 لە کاتێکدا ئەوان بەڕێوە بوون، هەواڵ گەیشتە داود و گوترا: «ئەبشالۆم هەموو کوڕەکانی پاشای کوشتووە و کەسیانی نەهێشتووەتەوە.» 31 پاشا هەستا و جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی و لەسەر زەوی پاڵکەوت، هەموو خزمەتکارەکانیشی بە جلی دڕاوەوە لەلای پاشا ڕاوەستا بوون.
32 بەڵام یۆنادابی کوڕی شیمەعای برای داود گوتی: «با گەورەم وانەزانێت کە هەموو شازادە لاوەکانیان کوشتووە، بەڵکو تەنها ئەمنۆن کوژراوە، چونکە لەو ڕۆژەوەی کە لاقەی تاماری خوشکی کرد، ئەبشالۆم ئەو بڕیارەی دا. 33 ئێستاش با پاشای گەورەم شتێکی وا نەخاتە دڵییەوە و بڵێت هەموو کوڕەکانی پاشا کوژراون. بەڵکو بە تەنها ئەمنۆن کوژراوە.»
34 ئەبشالۆم پێشتر هەڵاتبوو.
خزمەتکارە ئێشکگرەکە چاوی هەڵبڕی و بینی خەڵکێکی زۆر لە لاشانی کێوەکە بە ڕێگاوە بوون. ئێشکگرەکە چوو بۆ لای پاشا و پێی گوت: «خەڵکێک دەبینم لە بێتحۆرۆنەوە بە لاشانی کێوەکەدا دێن.»
35 ئینجا یۆناداب بە پاشای گوت: «ئەوەتا شازادەکان هاتن و خزمەتکارەکەت چی گوت، بەو جۆرە بوو.»
36 هەر دوای ئەوەی لە قسەکردن بووەوە شازادەکان هاتن و بە گریانەوە دەنگیان هەڵبڕی، هەروەها پاشا و هەموو خزمەتکارەکانیش گریانێکی زۆر بەکوڵ گریان.
37 ئەبشالۆمیش هەڵات و چوو بۆ لای تەلمەی کوڕی عەمیهودی پاشای گەشوور، داودیش هەموو ئەو ڕۆژانە بۆ کوڕەکەی لاواندییەوە.
38 دوای ئەوەی ئەبشالۆم هەڵات و چوو بۆ گەشوور سێ ساڵ لەوێدا مایەوە. 39 داودی پاشا خەمی کوژرانی ئەمنۆنی لە دڵ دامرکایەوە، ئارەزووی کرد بچێتە لای ئەبشالۆم.
گەڕانەوەی ئەبشالۆم بۆ ئۆرشەلیم
14 یۆئابی کوڕی چەرویا زانی کە دڵی پاشا ئارەزووی بینینی ئەبشالۆمی دەکرد. 2 لەبەر ئەوە یۆئاب کەسێکی ناردە تەقۆعە و لەوێوە ژنێکی دانای هێنا و پێی گوت: «تکایە خۆت وەک ماتەمدار نیشان بدە، جلی ماتەم لەبەر بکە و بۆن لە خۆت مەدە، بەڵکو وەک ژنێک دەربکەوە کە ماوەیەکی درێژە ماتەمدارە، 3 بڕۆ ژوورەوە بۆ لای پاشا و ئەم قسەیەی پێ بڵێ.» جا یۆئاب قسەکەی خستە سەر زاری.
4 کاتێک ژنە تەقۆعییەکە چوو بۆ لای پاشا، خۆی خستە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، گوتی: «ئەی پاشا، ڕزگارم بکە!»
5 پاشاش پێی گوت: «چیت دەوێ؟»
ئەویش گوتی: «من بێوەژنم و پیاوەکەم مردووە، 6 کارەکەرەکەت دوو کوڕی هەبوو کە لە کێڵگەدا بە شەڕ هاتن و کەس نەبوو لێکیان بکاتەوە، یەکێکیان لەوی دیکەیانی دا و کوشتی. 7 ئەوەتا هەموو خێڵەکە لە کارەکەرەکەت هەستاون و دەڵێن: ”ئەوەمان ڕادەست بکە کە براکەی خۆی کوشتووە، بۆ ئەوەی لە جیاتی گیانی براکەی کە کوشتوویەتی بیکوژینەوە، هەروەها میراتگرەکە لەناو ببەین.“ ئەو پشکۆیەم دەکوژێننەوە کە ماوەتەوە، ناو و پاشماوەی پیاوەکەم لەسەر ڕووی زەوی ناهێڵنەوە.»
8 پاشاش بە ژنەکەی گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و من بڕیارێک لەبارەی تۆوە دەردەکەم.»
9 ژنە تەقۆعییەکەش بە پاشای گوت: «ئەی پاشای گەورەم، با تاوانەکە لە ئەستۆی خۆم و ماڵی باوکم بێت، پاشا و تەختەکەی پاک و بێتاوان بن.»
10 پاشاش گوتی: «ئەگەر کەسێک قسەی لەگەڵ کردیت، بیهێنە لام بۆ ئەوەی دیسان بێزارت نەکات.»
11 ژنەکەش گوتی: «ئەی پاشا، تکایە ناوی یەزدانی خوداکەت بهێنە، هەتا خوێنگری تۆڵەسێنەر زۆر نەبن بۆ کوشتنەوە و کوڕەکەم نەفەوتێت.»
ئەویش گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، تاڵە مووێکی کوڕەکەت ناکەوێتە سەر زەوی.»
12 ئینجا ژنەکەش گوتی: «تکایە با کارەکەرەکەت قسەیەکی دیکە بۆ پاشای گەورەی بکات.»
ئەویش گوتی: «قسە بکە.»
13 ژنەکەش گوتی: «ئەی بۆچی بیرت لە کارێکی وا کردووەتەوە لە دژی گەلی خودا؟ کە پاشا ئەمە دەڵێت خۆی تاوانبار دەکات، لەبەر ئەوەی پاشا کوڕە دوورخراوەکەی خۆی نەگەڕاندووەتەوە! 14 وەک ئاوێکی ڕژاو لەسەر زەوی کە کۆناکرێنەوە، بێگومان دەمرین. بەڵام خودا گیان ناکێشێت، بەڵکو چەند ڕێگایەک دادەڕژێت هەتا ئەوەی لێی دوورخراوەتەوە بە دوورخراوەیی نەمێنێتەوە.
15 «ئێستاش من هاتم هەتا لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ پاشای گەورەم بکەم، چونکە گەل منیان ترساند. کارەکەرەکەت گوتی: ”قسە لەگەڵ پاشا دەکەم، بەڵکو پاشا بە گوێی کارەکەرەکەی بکات. 16 لەوانەیە پاشا گوێ بگرێت بۆ ئەوەی کارەکەرەکەی لە دەست ئەو پیاوە دەرباز بکات کە دەیەوێت خۆم و کوڕەکەم پێکەوە لە میراتی خودا بسڕێتەوە.“
17 «هەروەها کارەکەرەکەت دەڵێت: ”بەڵکو وتەی پاشای گەورەم دڵنەوایی بێت بۆم، چونکە پاشای گەورەم وەک فریشتەی خودایە لە تێگەیشتنی چاکە و خراپە، با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت.“»
18 پاشا وەڵامی دایەوە و بە ژنەکەی گوت: «شتێکت لێ دەپرسم، لێم مەشارەوە.»
ژنەکەش گوتی: «تکایە، با پاشای گەورەم بفەرموێت.»
19 ئەوسا پاشا گوتی: «ئایا لە هەموو ئەمانەدا دەستی یۆئاب لەگەڵتدایە؟»
ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «پاشای گەورەم، بە گیانی تۆ هیچ کەس ناتوانێت نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لابدات لە هەموو ئەو شتانەی کە پاشای گەورەم فەرموویەتی، چونکە یۆئابی خزمەتکارت فەرمانی پێ کردم و هەر ئەو هەموو ئەم قسانەی خستە سەر زاری کارەکەرەکەتەوە. 20 یۆئابی خزمەتکارت ئەم کارەی کرد بۆ ئەوەی دۆخەکە بگۆڕێت. دانایی گەورەم وەک دانایی فریشتەی خودایە هەتا هەموو ئەو شتانەش بزانێت کە لە خاکەکە هەیە.»
21 ئیتر پاشا بە یۆئابی گوت: «ئێستا من بڕیارم دا و بڕۆ ئەو کوڕە گەنجە، ئەبشالۆم بهێنەرەوە.»
22 یۆئابیش کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد و داوای بەرەکەتی بۆ پاشای کرد، یۆئاب گوتی: «ئەی پاشای گەورەم، ئەمڕۆ خزمەتکارەکەت دەزانێت کە لەلای تۆ پەسەندە، چونکە پاشا بە قسەی خزمەتکاری خۆی کرد.»
23 ئینجا یۆئاب هەستا و چوو بۆ گەشوور و ئەبشالۆمی هێنایەوە ئۆرشەلیم. 24 بەڵام پاشاش گوتی: «با بچێتە ماڵەکەی خۆی و ڕووم نەبینێت.» لەبەر ئەوە ئەبشالۆم چووە ماڵەکەی خۆی و ڕووی پاشای نەبینی.
25 لە هەموو ئیسرائیلدا لە قۆزی کەس نەبوو وەک ئەبشالۆم بە شانوباڵیدا هەڵبدرێت، لە بنی پێیەوە هەتا تەپڵی سەری بێ کەموکوڕی بوو. 26 لە کۆتایی هەموو ساڵێک سەری دەتاشی، چونکە سەری قورس دەبوو، کێشی مووی سەری بەپێی کێشی پاشایەتی دوو سەد شاقل[b] دەبوو.
27 هەروەها ئەبشالۆم سێ کوڕ و کچێکی بوو، ناوی کچەکەش تامار بوو، بووە ئافرەتێکی زۆر جوان.
28 جا ئەبشالۆم دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم مایەوە و ڕووی پاشای نەبینی. 29 لەبەر ئەوە ئەبشالۆم بەدوای یۆئابدا ناردی تاکو بینێرێتە لای پاشا، بەڵام ئەو نەیویست بێتە لای. دووبارە بەدوایدا ناردییەوە، بەڵام ئەو نەیویست بێت. 30 لەبەر ئەوە بە خزمەتکارەکانی گوت: «تەماشا بکەن، کێڵگەکەی یۆئاب لەتەنیشت ئەوەی منەوەیە و جۆ لەوێ هەیە. بڕۆن و ئاگری تێبەردەن.» ئینجا خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ئاگریان لە کێڵگەکە بەردا.
31 ئیتر یۆئاب هەستا و چوو بۆ لای ئەبشالۆم بۆ ماڵەوە و پێی گوت: «بۆچی خزمەتکارەکانت ئاگریان لە کێڵگەکەی من بەردا؟»
32 ئەبشالۆمیش بە یۆئابی گوت: «من بەدوای تۆدا ناردم و گوتم: ”وەرە ئێرە، هەتا بتنێرمە لای پاشا و بڵێیت، ’من بۆچی لە گەشوورەوە هاتمەوە؟ بۆ من چاکتر بوو لەوێ بمێنمەوە!‘“ ئێستاش دەمەوێت چاوم بە پاشا بکەوێت، ئەگەر تاوانێکی تێمدا بەدیی کرد، با بمکوژێت.»
33 ئیتر یۆئاب چوو بۆ لای پاشا و پێی ڕاگەیاند. ئەویش ئەبشالۆمی بانگکرد و هاتە لای پاشا، لەبەردەم ئەودا کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی، پاشاش ئەبشالۆمی ماچکرد.
پیلانگێڕانی ئەبشالۆم
15 لەدوای ماوەیەک ئەبشالۆم گالیسکە و ئەسپی بۆ خۆی دانا، پەنجا پیاویش لەپێشیەوە ڕایاندەکرد. 2 هەروەها ئەبشالۆم بەیانییان زوو هەڵدەستا و لە قەراغ ڕێگای دەروازەی شارەکە ڕادەوەستا. هەر خاوەن کێشەیەک دەهاتە لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئەبشالۆم بانگی دەکرد و لێی دەپرسی: «خەڵکی چ شارێکیت؟» ئەویش وەڵامی دەدایەوە: «خزمەتکارەکەت خەڵکی یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیلە.» 3 ئەبشالۆمیش پێی دەگوت: «تەماشا بکە، داواکەی تۆ دروستە و ڕاستە، بەڵام کەس نییە لەلایەن پاشاوە گوێت لێ بگرێت.» 4 هەروەها ئەبشالۆم دەیگوت: «ئەگەر لەم ناوچەیە من بکەنە دادوەر، ئەوا هەرکەسێک سکاڵا یان داوای هەبێت، دادوەریی بۆ دابین دەکەم.»
5 هەرکەسێک دەهاتە پێشەوە بۆ ئەوەی کڕنۆشی بۆ ببات، ئەبشالۆم دەستی بۆ درێژ دەکرد، دەیگرت و ماچی دەکرد. 6 ئەو ئەم کارەی لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دەکرد، ئەوانەی بۆ دادوەری دەهاتنە لای پاشا. بەم شێوەیە ئەبشالۆم دڵی گەلی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاکێشا.
7 پاش تێپەڕبوونی چوار ساڵ ئەبشالۆم بە پاشای گوت: «تکایە ڕێگام بدە بچمە حەبرۆن بۆ ئەوەی نەزرەکەم[c] بەجێبهێنم کە بۆ یەزدان نەزرم کردبوو. 8 خزمەتکارەکەت لە کاتی نیشتەجێبوونی لە گەشووری خاکی ئارام، نەزری کردووە، گوتم: ”ئەگەر یەزدان بە تەواوی بمگەڕێنێتەوە ئۆرشەلیم ئەوا لە حەبرۆن یەزدان دەپەرستم.“»
9 پاشاش گوتی: «بە سەلامەتی بڕۆ.» ئەویش هەستا و چوو بۆ حەبرۆن.
10 ئینجا ئەبشالۆم سیخوڕی بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا بڵاو کردووە، گوتی: «ئەگەر گوێتان لە دەنگی کەڕەنا بوو، بڵێن: ”ئەبشالۆم لە حەبرۆن بووە بە پاشا.“» 11 دوو سەد پیاویش لە ئۆرشەلیمەوە لەگەڵ ئەبشالۆم بەڕێکەوتن کە بانگهێشت کرابوون، بێ ئەوەی هیچ شتێک بزانن بە ساویلکەییەوە ڕۆیشتن. 12 کاتێک ئەبشالۆم قوربانییەکانی پێشکەش دەکرد، ناردی بەدوای ئەحیتۆفەلی گیلۆنیی ڕاوێژکاری داود بۆ ئەوەی لە گیلۆی شارۆچکەکەی خۆیەوە بێتە ئەوێ. جا پیلانەکە بەهێزتر بوو، هەتا دەهات خەڵکەکە زیاتر شوێنی ئەبشالۆم دەکەوتن.
هەڵاتنی داود
13 هەواڵدەرێک هاتە لای داود و گوتی: «هەموو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان لەگەڵ ئەبشالۆمە.»
14 داودیش بە هەموو ئەو کاربەدەستانەی گوت کە لە ئۆرشەلیم لەگەڵی بوون: «هەستن! با هەڵبێین، ئەگینا لە دەست ئەبشالۆم دەربازمان نابێت. پەلە بکەن لە ڕۆیشتن، نەوەک دەستپێشخەری بکات، پێمان بگات و خراپەمان بەسەردا بهێنێت، بە زەبری شمشێریش لە شارەکە بدات.»
15 کاربەدەستانی پاشاش بە پاشایان گوت: «ئێمە ئامادەین بۆ هەر بڕیارێکی پاشای گەورەمان.»
16 پاشا و هەموو ماڵەکەی بەدوایەوە هاتنە دەرەوە، پاشا دە ژنە کەنیزەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێهێشت. 17 ئیتر پاشا ڕۆیشت و هەموو گەلیش لەدوای ئەو چوون، لەلای دوایین ماڵی قەراغی شار خۆیان ڕێکخستەوە. 18 جا هەموو پیاوەکانی لەگەڵ کریتی و پەلەتییەکان و هەموو گەتییەکانیش کە شەش سەد پیاو بوون و لە گەتەوە بەدوایەوە هاتبوون لەپێشیەوە پەڕینەوە، لەپێش پاشا دەپەڕینەوە.
19 پاشا بە ئیتتای گەتی گوت: «بۆچی تۆش لەگەڵمان دەڕۆیت؟ بگەڕێوە و لەگەڵ ئەبشالۆمی پاشادا بمێنەرەوە، چونکە تۆ بیانیت و لە نیشتیمانەکەت دوورکەوتویتەوە. 20 تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئەمڕۆ بە ڕۆیشتنت لەگەڵماندا ئاوارەت بکەم، چونکە من خۆم نازانم بەرەو کۆی دەچم؟ بگەڕێوە و هاونیشتیمانییەکانیشت بگەڕێنەوە. با یەزدان خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»
21 بەڵام ئیتتای وەڵامی پاشای دایەوە و گوتی: «بە یەزدانی زیندوو، بە گیانی پاشای گەورەم، پاشای گەورەم لە هەرکوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمەتکارەکەشت لەوێ دەبێت.»
22 داود بە ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپەڕەوە.» ئینجا ئیتتای گەتی و هەموو پیاوەکانی و هەموو ئەو منداڵانەی کە لەگەڵی بوون پەڕینەوە.
23 هەموو دانیشتووانی خاکەکە بە دەنگێکی بەرز دەگریان، هەموو گەل دەپەڕینەوە، پاشاش لە دۆڵی قدرۆن پەڕییەوە و هەموو گەلیش بەرەو ڕێگای چۆڵەوانی چوون.
24 سادۆق و هەموو لێڤییەکانیش لەگەڵی بوون و سندوقی پەیمانی خودایان هەڵگرتبوو، ئیتر سندوقەکەی خودایان دانا و ئەبیاتار قوربانی پێشکەش دەکرد، هەتا هەموو گەل لە شارەکە هاتنە دەرەوە.
25 ئینجا پاشا بە سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگەڕێنەوە شارەکە. ئەگەر لەبەرچاوی یەزدان پەسەند بم، ئەوا دەمگەڕێنێتەوە و ڕێگام دەدات سندوقەکە و نشینگەکەشی ببینم. 26 ئەگەر یەزدانیش فەرمووی: ”من پێت دڵشاد نەبووم،“ من ئەوەتام، با خۆی چی بەلاوە باشە ئەوە بکات.»
27 هەروەها پاشا بە سادۆقی کاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیکەر نیت؟ بە سەلامەتی بگەڕێوە شارەکە، خۆت و ئەحیمەعەچی کوڕت و یۆناتانی کوڕی ئەبیاتاریش، هەردوو کوڕەکانتان لەگەڵتاندا. 28 تەماشا بکەن، من لە تەنکاوەکە بەرەو چۆڵەوانی ناپەڕمەوە و ئۆقرە دەگرم، هەتا پەیامێک لەلای ئێوەوە دێت و پێم ڕادەگەیەنن.» 29 ئیتر سادۆق و ئەبیاتار سندوقی خودایان گەڕاندەوە ئۆرشەلیم و لەوێ مانەوە.
30 بەڵام داود بە هەورازەکەی کێوی زەیتووندا سەرکەوت، سەردەکەوت و دەگریا، سەری داپۆشی بوو و بەپێی پەتی دەڕۆیشت، هەموو گەلیش کە لەگەڵی بوون هەرکەسە و سەری خۆی داپۆشی بوو، بە گریانەوە سەردەکەوتن. 31 پێشتر بە داود ڕاگەیەنرابوو: «ئەحیتۆفەل لەگەڵ ئەبشالۆم لەنێو پیلانگێڕەکاندایە.» ئیتر داودیش لە یەزدان پاڕایەوە: «ئەی یەزدان، تکایە ڕاوێژی ئەحیتۆفەل بکە بە گێلایەتی.»
32 کاتێک داود گەیشتە سەر لووتکەکە، شوێنی خواپەرستی، بینی وا حوشەی ئەرکی چاوەڕێی دەکات. جلەکەی دڕاوە و سەری تۆزاوییە. 33 داودیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بپەڕیتەوە بەسەرمەوە دەبیتە بار. 34 بەڵام ئەگەر بگەڕێیتەوە شار و بە ئەبشالۆم بڵێیت: ”ئەی پاشا، من دەبمە خزمەتکاری تۆ، لەمێژە خزمەتکاری باوکت بوومە، ئێستاش دەبمە خزمەتکاری تۆ،“ بەوە یارمەتیم دەدەی لە پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژی ئەحیتۆفەل. 35 ئایا هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار لەوێ لەگەڵتدا نابن؟ ئەوەی لە کۆشکی پاشا دەیبیستیتەوە بە هەردوو کاهینەکە ڕابگەیەنە، سادۆق و ئەبیاتار. 36 هەردوو کوڕەکەیان لەوێ لەگەڵیاندان، ئەحیمەعەچی سادۆق و یۆناتانی ئەبیاتار، هەموو ئەو شتانەی گوێتان لێی دەبێت بەواندا بۆ منی بنێرن.»
37 ئینجا حوشەی هاوڕێی داود هاتە شارەکە، لەو کاتەی ئەبشالۆم دەهاتە ناو ئۆرشەلیم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.