Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دووەم ساموئێل 11-12

داود و بەتشەبەع

11 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، داود یۆئابی لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عەمۆنییەکانیان تێکشکاند و ڕەبەیان گەمارۆ دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە.

ئەوە بوو دەمەو ئێوارە داود لەسەر قەرەوێڵەکەی هەستا و لە سەربانی کۆشکی پاشا پیاسەی دەکرد، لە سەربانەوە ژنێکی بینی خۆی دەشوات. ژنێکی زۆر جوان بوو، داودیش خەڵکی نارد بۆ سۆراغی ژنەکە، جا یەکێک گوتی: «ئەمە بەتشەبەعی کچی ئەلیعامە و ژنی ئوریای حیتییە.» ئینجا داود چەند نێردراوێکی نارد بۆ هێنانی، ژنەکەش لە خوێنلێچوونی مانگانەی پاک ببووەوە و هاتە لای داود، ئەویش لەگەڵی جووت بوو، پاشان ژنەکە گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی. ژنەکە سکی پڕ بوو، ناردی و بە داودی ڕاگەیاند، گوتی: «سکم پڕە.»

داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێرە.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد. کاتێک ئوریا هاتە لای، داود لە هەواڵی سەلامەتی یۆئاب و سوپا و چۆنیەتی سەرکەوتنی جەنگی پرسی. پاشان داود بە ئوریای گوت: «بگەڕێوە ماڵەکەت و قاچەکانت بشۆ.» جا ئوریا لە کۆشکی پاشا چووە دەرەوە، دوابەدوای ئەویش دیارییەک لەلایەن پاشاوە نێردرا بۆی. بەڵام ئوریا لە دەروازەی کۆشکی پاشادا لەگەڵ هەموو خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا خەوت و نەگەڕایەوە ماڵەکەی خۆی.

10 ئینجا بە داود ڕاگەیەنرا کە ئوریا نەگەڕاوەتەوە ماڵەوە. داودیش بە ئوریای گوت: «تۆ لە ڕێوە نەهاتوویت؟ ئەی بۆچی نەگەڕایتەوە ماڵەوە؟»

11 ئوریاش بە داودی گوت: «سندوقەکە و ئیسرائیل و یەهودا لەناو چادردا نیشتەجێن، یۆئابی گەورەم لەگەڵ پیاوەکانی پاشام لە دەشتودەر چادریان هەڵداوە. ئایا منیش بچمەوە ماڵەکەم بخۆم و بخۆمەوە و لەگەڵ ژنەکەمدا پاڵ بکەوم؟ بە گیانی تۆ، دڵنیابە، من کاری وا ناکەم!»

12 ئینجا داود بە ئوریای گوت: «ئەمڕۆش لێرە بمێنەرەوە و سبەینێ دەتنێرمەوە.» ئیتر ئوریا بۆ ئەو ڕۆژە و ڕۆژی دواتریش لە ئۆرشەلیمدا مایەوە. 13 داود بانگی کرد، ئەویش لەگەڵیدا خواردی و خواردیەوە هەتا ئەوەی داود ئەوی مەست کرد، بەڵام ئوریا بۆ ئێوارە ڕۆیشت تاوەکو لەگەڵ خزمەتکارەکانی گەورەکەیدا لە جێگاکەی بنووێت و نەچێتەوە ماڵەکەی خۆی.

14 بۆ بەیانی داود نووسراوێکی بۆ یۆئاب نووسی و بە دەستی ئوریادا ناردی. 15 لە نووسراوەکەشدا نووسیبووی و دەیگوت: «ئوریا بخەنە ناو گەرمەی شەڕەکەوە و لە پشتی بکشێنەوە هەتا لێی دەدرێت و دەکوژرێت.»

16 جا کاتێک یۆئاب گەمارۆی شارەکەی دابوو، ئوریای لەو شوێنە دانا کە دەیزانی پیاوە بەهێزەکان لەوێن. 17 لەو کاتەدا پیاوانی شارەکە هاتنە دەرەوە و لە دژی یۆئاب جەنگان، ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی داود کەوتن و ئوریای حیتیش کوژرا.

18 یۆئابیش نێردراوێکی نارد و هەموو کاروبارەکانی جەنگی بە داود ڕاگەیاند. 19 فەرمانیشی بە نێردراوەکە کرد و گوتی: «پاش ئەوەی وردەکارییەکانی جەنگەکە بۆ پاشا باس دەکەیت، 20 ئەگەر تووڕەیی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی لە شارەکە نزیک کەوتنەوە بۆ جەنگ؟ ئەی نەتانزانی ئەوان لەسەر شووراکەوە تیرتان تێدەگرن؟ 21 کێ ئەبیمەلەخی کوڕی یەروبەشەتی[a] کوشت؟ ئایا ژنێک لەسەر شووراوە بەرداشی سەرەوەی دەستاڕێکی تێنەگرت و لە تێڤێچ کوژرا؟ بۆ لە شووراکە نزیک کەوتنەوە؟“ تۆش ئەو کاتە بڵێ: ”هەروەها ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژراوە.“»

22 نێردراوەکە ڕۆیشت، کاتێک هاتە لای داود هەموو ئەو شتانەی پێ ڕاگەیاند کە یۆئاب پێی ڕایسپاردبوو. 23 هەروەها نێردراوەکە بە داودی گوت: «خەڵکەکە بەسەرماندا زاڵ بوون، هاتن لە دەشتودەر لەگەڵمان بجەنگن، بەڵام هەتا دەمی دەروازەکە پاشەکشەمان پێکردن. 24 ئینجا تیرهاوێژەکان لەسەر شووراکەوە تیربارانیان کردین و ژمارەیەک لە خزمەتکارەکانی پاشا کوژران، ئوریای حیتی خزمەتکاریشت کوژرا.»

25 داودیش بە نێردراوەکەی گوت: «ئاوا بە یۆئاب دەڵێیت: ”ئەم کارەت پێ خراپ نەبێت، چونکە شمشێر جارێ ئەم و جارێ ئەو دەخوات. شەڕەکەت لەسەر شارەکە بەتین بکە و کاولی بکە.“ ئەمە بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»

26 کاتێک ژنەکەی ئوریا بیستی کە ئوریای مێردی کوژراوە، شیوەنی بۆ پیاوەکەی گێڕا. 27 پاش تێپەڕبوونی ڕۆژانی پرسە، داود ناردی بەدوایدا و خستییە پاڵ ماڵەکەی خۆیەوە و بوو بە ژنی و کوڕێکی لێی بوو. بەڵام ئەم کارەی داود کردی، لەبەرچاوی یەزدان ناپەسەند بوو.

سەرزەنشتی داود لەلایەن ناتانەوە

12 یەزدان ناتانی نارد بۆ لای داود، ئەویش هاتە لای و پێی گوت: «دوو پیاو لە شارێکدا هەبوون، یەکێکیان دەوڵەمەند و ئەوی دیکەیان هەژار. پیاوە دەوڵەمەندەکە مەڕ و مانگایەکی زۆری هەبوو. بەڵام هەژارەکە هیچی نەبوو، جگە لە بەرخێکی مێی بچووک کە کڕیبووی و بەخێوی کردبوو. لەگەڵ خۆی و هەموو منداڵەکانیدا گەورە ببوو. بەرخەکە لە پارووەکەی ئەو دەیخوارد و لە جامەکەی ئەو دەیخواردەوە، لە باوەشیدا دەنوست و وەک کچی ئەوی لێهاتبوو.

«ئەوە بوو ڕێبوارێک بووە میوانی پیاوە دەوڵەمەندەکە، بەڵام دەوڵەمەندەکە ڕازی نەبوو مەڕێک یان مانگایەکی خۆی بکاتە ژەمێک بۆ میوانەکە کە ڕووی تێکردبوو. لە جیاتی ئەوە کاوڕەمێیەکەی هەژارەکەی برد و ئامادەی کرد بۆ ئەو پیاوەی کە ڕووی تێکردبوو.»

داود زۆر لەو پیاوە تووڕە بوو، بە ناتانی گوت: «بە یەزدانی زیندوو، ئەو پیاوەی ئەمەی کردووە شایانی سزای مردنە! لە جیاتی کاوڕەمێیەکەش چوار قات دەداتەوە، لە دەرئەنجامی ئەوەی ئەم کارەی کردووە، لەبەر ئەوەی بەزەیی نەبووە.»

ناتانیش بە داودی گوت: «ئەو پیاوە تۆیت! یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من دەستنیشانم کردیت ببیتە پاشای ئیسرائیل، من لە دەستی شاول دەربازم کردیت. ماڵی گەورەکەتم پێدایت و ژنەکانی ئەوم خستە باوەشتەوە، بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودام پێدایت. ئەگەر ئەوەش کەم بووایە ئەوا زیاتریشم بۆ دەکردیت. ئیتر بۆچی فەرمایشتی یەزدانت بە سووک زانی، هەتا ئەم خراپەیە لەبەرچاوی یەزدان بکەیت؟ ئوریای حیتیت بە شمشێر کوشت و ژنەکەی ئەوت کردە ژنی خۆت، بە شمشێری عەمۆنییەکان کوشتت. 10 ئێستاش، بۆ هەتاهەتایە شمشێر لەسەر بنەماڵەکەت نابڕێتەوە، چونکە سووکایەتیت بە من کرد، ژنەکەی ئوریای حیتیت برد و کردتە ژنی خۆت.“

11 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من لەناو ماڵەکەی خۆتدا خراپەت بەسەردا دەهێنم، لەبەرچاوت ژنەکانت دەبەم و دەیاندەمە ئەو کەسەی کە لێت نزیکە، لە ڕووناکی ئەم خۆرە لەگەڵ ژنەکانت جووت دەبێت. 12 تۆ بە نهێنی ئەو کارەت کرد، بەڵام من لەبەردەم هەموو ئیسرائیل و لەژێر ڕووناکی خۆر ئەم کارەت پێدەکەم.“»

13 داودیش بە ناتانی گوت: «گوناهم دەرهەق بە یەزدان کرد.»

ناتان وەڵامی دایەوە: «هەروەها یەزدانیش لە گوناهەکەت خۆشبووە، نامریت. 14 بەڵام لەبەر ئەوەی بەم کارەت بوویتە هۆی ئەوەی دوژمنانی یەزدان تەواو سووکایەتی بە یەزدان بکەن، ئەوا ئەو منداڵەی بۆت لەدایک دەبێت دەمرێت.»

15 هەر لەدوای ئەوەی ناتان چووەوە ماڵەکەی خۆی، یەزدان لەو منداڵەی داودی دا کە لە ژنەکەی ئوریاوە لەدایک بوو، ئینجا نەخۆش کەوت. 16 داود بۆ منداڵەکەی لە خودا پاڕایەوە و ڕۆژووی گرت، چووە ژوورەکەی خۆی، شەوانە بە درێژایی شەو لەسەر زەوی ڕادەکشا و هەر بەو جۆرە دەمایەوە. 17 پیرانی ماڵەکەی لەتەنیشتی وەستابوون بۆ ئەوەی لەسەر زەوییەکە هەڵیبستێننەوە، بەڵام نەیویست و نانی لەگەڵیان نەخوارد.

18 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم منداڵەکە مرد. خزمەتکارەکانی داود ترسان پێی ڕابگەیەنن کە منداڵەکە مردووە، چونکە گوتیان: «هێشتا منداڵەکە زیندوو بوو قسەمان لەگەڵی کرد و گوێی لێ نەگرتین، ئیتر چۆن پێی بڵێین منداڵەکە مردووە؟ خراپتر دەکات.»

19 کاتێک داود بینی خزمەتکارەکانی چرپەچرپ دەکەن، زانی کە منداڵەکە مردووە. ئینجا داود لە خزمەتکارەکانی پرسی: «ئەرێ منداڵەکە مردووە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ، مردووە.»

20 ئینجا داود لەسەر زەوییەکە هەستایەوە، خۆی شوشت و بۆنی لە خۆی دا، جلەکانی گۆڕی، چووە ناو ماڵی یەزدان و کڕنۆشی برد. پاشان گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی و داوای کرد نانی بۆ دابنێن و خواردی.

21 خزمەتکارەکانی پێیان گوت: «ئەم کارە چی بوو کردت؟ لە کاتێکدا منداڵەکە زیندوو بوو، بەڕۆژوو دەبوویت و دەگریایت، بەڵام کاتێک کە مرد هەستایت و نانت خوارد!»

22 ئەویش گوتی: «کاتێک منداڵەکە زیندوو بوو بەڕۆژوو دەبووم و دەگریام و دەمگوت: ”کێ دەزانێت؟ بەڵکو یەزدان بەزەیی پێمدا بێتەوە و منداڵەکە بژیێت.“ 23 بەڵام ئێستا ئەو مرد، ئیتر بۆچی ڕۆژوو بگرم؟ ئایا دەتوانم بیگەڕێنمەوە؟ من دەچم بۆ لای ئەو، بەڵام ئەو ناگەڕێتەوە بۆ لای من.»

24 ئینجا داود دڵنەوایی بەتشەبەعی ژنی دایەوە، چووە ژوورەوە بۆ لای و لەگەڵی جووت بوو، منداڵێکی بوو ناوی لێنا سلێمان. یەزدانیش خۆشی ویست، 25 هەر لەبەر ئەوە لە ڕێگەی ناتانی پێغەمبەرەوە پەیامی نارد و ناوی لێنا یەدیدەیا[b].

26 لەو ماوەیە یۆئاب لە دژی شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان دەجەنگا و قەڵای شاهانەی گرت. 27 ئینجا یۆئاب چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد و گوتی: «لە دژی ڕەبە جەنگام و سەرچاوەی ئاوی شارەکەم گرت. 28 ئێستا پاشماوەی سوپا کۆبکەرەوە و بەسەر شارەکەدا بدە و دەستی بەسەردا بگرە، نەوەک من دەستی بەسەردا بگرم و بە ناوی منەوە ناوی لێ بنرێت.»

29 ئیتر داود هەموو سوپای کۆکردەوە و چوو بۆ ڕەبە و لە دژی جەنگا و گرتی. 30 تاجی سەری پاشاکەی برد، کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[c] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، 31 ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین، فەرمانی پێ کردن لە کوورەی خشتدا کار بکەن، ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

یەکەم پوختەی مێژوو 20

گرتنی شاری ڕەبە

20 لە بەهاری ساڵ، لە کاتی ڕۆیشتنی پاشاکان بۆ جەنگ، یۆئاب ڕابەرایەتی هێزە چەکدارەکانی دەکرد. خاکی عەمۆنییەکانی وێران کرد و چوو بۆ ڕەبە و گەمارۆی دا، بەڵام داود لە ئۆرشەلیم مایەوە، جا یۆئاب لە ڕەبەی دا و وێرانی کرد. داود تاجی سەری پاشاکەی ئەوانی برد، دەرکەوت کێشەکەی نزیکەی تالنتێک[a] زێڕ بوو، بەردی گرانبەهاشی تێدابوو، ئینجا لەسەر سەری داود دانرا. دەستکەوتێکی زۆریشی لە شارەکە دەرهێنا، ئەو گەلەشی کە تێیدا بوو هێنایە دەرەوە و بێگاری پێکردن بە ئیشکردن بە مشار و پاچی ئاسنین و تەوری ئاسنین. داود ئەم کارەی بە هەموو شارۆچکەکانی عەمۆنییەکان کرد. پاشان داود و هەموو سوپا گەڕانەوە ئۆرشەلیم.

جەنگی فەلەستییەکان

پاش ئەمانە لە گەزەر جەنگ لەگەڵ فەلەستییەکان هەڵگیرسا و لەو کاتەدا سیبەخەیی حوشاتی، سیپەیی کوشت کە یەکێک بوو لە نەوەی ڕفائییەکان، دواجار فەلەستییەکان تێکشکان.

جارێکی دیکەش لەگەڵ فەلەستییەکان جەنگ هەڵگیرسایەوە و ئەلحانانی کوڕی یاعیر، لەحمیی برای گۆلیاتی[b] گەتی کوشت، کە دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان بوو.

دیسان لە گەت جەنگ هەڵگیرسایەوە، پیاوێکی زەبەلاح هەبوو هەر پەلێکی شەش پەنجەی هەبوو، بیست و چوار پەنجەی هەبوو، ئەویش هەر لە نەوەی ڕافا بوو. کاتێک سووکایەتی بە ئیسرائیل کرد، یۆناتانی کوڕی شیمەعەی برای داود کوشتی.

ئەوانە لە نەوەی ڕافا بوون لە گەت، بە دەستی داود و خزمەتکارەکانی کوژران.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.