Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 65-67

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.

65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
    نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
    هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
    تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
    نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
    لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.

بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
    ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
    دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
    بە توانا چەکدارت کردووە،
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
    هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
    هەروەها ئاژاوەی گەلان.
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
    لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
    گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
    زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
    دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
    چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
    تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
    بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
    ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
    ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
    دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
    لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.

66 ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
    بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
    ستایشی شکۆدار بکەن!
بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
    هێزت ئەوەندە گەورەیە،
    دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
    گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
    گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»[a]

وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
    کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
    ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
    با بە ئەو شادمان بین.
بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
    چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
    با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.

ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
    با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
    نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
    وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
    باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
    بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
    بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.

13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
    نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
    لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
    لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
    تەگە[b] و گات بۆ دەکەمە قوربانی.

16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
    با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
    ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
    پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
    گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
20 ستایش بۆ خودا،
    کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
    نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان، زەبوورێک، گۆرانییەک.

67 با خودا لەگەڵمان میهرەبان بێت و بەرەکەتدارمان بکات،
    ڕوخساری خۆیمان بەسەردا بدرەوشێنێتەوە؛[c]
تاکو ڕێگات لەسەر زەوی زانراو بێت،
    ڕزگاریت لەناو هەموو نەتەوەکان.

ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
    با هەموو گەلان ستایشت بکەن.
با نەتەوەکان دڵخۆش بن و گۆرانی شادی بڵێن،
    چونکە بە ڕێکی حوکمی خەڵک دەکەیت و
    ڕێنمایی نەتەوەکانی سەر زەوی دەکەیت.
ئەی خودایە، با گەلان ستایشت بکەن،
    با هەموو گەلان ستایشت بکەن.

ئینجا زەوی بەروبوومی دەدات،
    خودا، خودای من، بەرەکەتدارمان دەکات.
خودا بەرەکەتدارمان دەکات،
    سەرتاسەری زەوی لێی دەترسن.

زەبوورەکان 69-70

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.

69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
    چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
    جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
    لافاو ڕایماڵیوم.
ماندوو بووم لە هاوارکردن،
    گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
    هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.
ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە
    لە مووی سەرم زۆرترن،
زیاد بوون ئەوانەی دەیانەوێت تێکم بشکێنن،
    ئەوانەی بە ناڕەوا لە دژی منن.
ئەوەی نەمدزیوە
    ئێستا دەبێت بیدەمەوە.

ئەی خودایە، تۆ دەبەنگی من دەزانیت،
    تاوانەکانم لە تۆ شاراوە نین.

ئەی یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    با ئەوانەی هیوایان بە تۆیە،
    بەهۆی منەوە ڕیسوا نەبن.
ئەی خودای ئیسرائیل،
    با ئەوانەی بەدوای تۆدا دەگەڕێن،
    بەهۆی منەوە شەرمەزار نەبن.
لە پێناوی تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت،
    شەرمەزاری ڕووی داگرتم.
لەلای براکانم بووم بە بیانی،
    لەلای کوڕانی دایکم بووم بە بێگانە.
دڵگەرمی بۆ ماڵەکەت دەمسووتێنێت،
    جنێوی ئەوانەی ڕیسوات دەکەن کەوتە سەر من.
10 کاتێک گریام و بە ڕۆژووگرتن گیانم نزم کردەوە،
    بوو بە سووکایەتی بۆم.
11 جلوبەرگی گوشم پۆشی،
    بووم بە پەند لەلایان،
12 بووم بە جێی سەرنجی ئەوانەی لەبەر دەروازە دادەنیشن[a]،
    مەستەکانیش دەربارەی من گۆرانی گاڵتەئامێز هەڵدەبەستن.

13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
    لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
    بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
    لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
15 با لافاو ڕام نەماڵێت،
    قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
    زەوی قووتم نەدات.

16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،
17 ڕووت لە خزمەتکاری خۆت مەپۆشە،
    چونکە لە تەنگانەدام، زوو وەڵامم بدەوە.
18 لێم نزیک بەرەوە و گیانم دەرباز بکە،
    لەبەر دوژمنانم بمکڕەوە.

19 تۆ بە سووکایەتی و شەرمەزاری و ڕیسوایی من دەزانیت،
    هەموو دوژمنەکانم لەبەردەمتن.
20 ڕیسوایی دڵی شکاندووم،
    نەخۆش کەوتووم،
چاوەڕێی سۆز بووم، نەبوو،
    چاوم لە دڵنەوایی گێڕا، دەستم نەکەوت.
21 ژەهری تاڵیان دەرخواردم دا،
    لە تینوویەتیم سرکەیان دەرخوارد دام.

22 با خوانەکەی بەردەمیان ببێتە داویان،
    ببێتە سزا و تەڵەیان.
23 با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،
    هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.
24 هەڵچوونی خۆتیان پێدا هەڵبڕێژە،
    با ئاگری تووڕەییت بیانگاتێ.
25 با خێوەتگاکانیان چۆڵ بێت،
    کەس نەبێت لە ڕەشماڵیان نیشتەجێ بێت!
26 چونکە ئەوەی تۆ لێت داوە، ئەوان دەیچەوسێننەوە و
    ئەوەی تۆ بریندارت کردووە، باسی ئازارەکانی دەکەن.
27 تاوان بخەرە سەر تاوانەکانیان،
    بێبەشیان بکە لە ڕاستودروستیت.
28 لە پەڕتووکی ژیاندا بیانسڕەوە،
    لەگەڵ ڕاستودروستان ناویان مەنووسە.

29 ئەی خودایە، من لە ئازار و تەنگانەدام،
    با ڕزگاریت بەرزم بکاتەوە.

30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
    بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
    لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
    ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
    بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
    دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
    شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36     دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
    ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، بۆ داود، بۆ یادکردنەوە.

70 ئەی خودایە، خێرابە بۆ دەربازکردنم،
    ئەی یەزدان، پەلە بکە لە یارمەتیدانم.

با شەرمەزار و سووک بن
    ئەوانەی گیانی منیان دەوێت،
با ببەزن و ڕیسوا بن
    ئەوانەی حەز بە خراپەی من دەکەن.
با هەڵبێن لە شەرمان
    ئەوانەی پێم دەڵێن: «هۆی ها! هۆی ها!»
با هەموو ئەوانەی تۆیان دەوێت،
    شاد و دڵخۆش بن.
با هەمیشە بڵێن: «مەزن بێت خودا!»
    ئەوانەی حەز لە ڕزگاریی تۆ دەکەن.

بەڵام سەبارەت بە من، هەژار و نەدارم،
    خودایە، خێرا وەرە بۆ لام.
یارمەتیدەر و دەربازکەرم تۆی،
    ئەی یەزدان، دوامەکەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.