Chronological
بەزاندنی عەمۆنییەکان
10 دوای ماوەیەک پاشای عەمۆنییەکان مرد و حانوونی کوڕی لەدوای ئەو بوو بە پاشا. 2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، هەروەک چۆن باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
کاتێک خزمەتکارەکانی داود هاتنە خاکی عەمۆنییەکان، 3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونی گەورەیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت نێردراوی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا داود بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر شارەکەوە خزمەتکارەکانی خۆی نەناردووە بۆ لات؟» 4 ئیتر حانوون خزمەتکارەکانی داودی گرت و نیوەی ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن. 5 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، ناردیان و لە ئارامییەکانی بێتڕەحۆڤ و چۆڤا بیست هەزار پیادەیان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ هەزار پیاو و لە تۆڤ دوازدە هەزار پیاویان بەکرێ گرت.
7 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە، یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 8 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئارامییەکانی چۆڤا و ڕەحۆڤ، لەگەڵ پیاوەکانی تۆڤ و مەعکا بە جیا لە دەشتودەر بوون.
9 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 10 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 11 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 12 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
13 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ، لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 14 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب لە شەڕی نەوەی عەمون گەڕایەوە و چوو بۆ ئۆرشەلیم.
15 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، پێکەوە کۆمەڵیان بەست. 16 ئینجا هەدەدعەزەر ناردی و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتی هێنا، ئەوانیش هاتن بۆ حێلام و شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و چوو بۆ حێلام، ئارامییەکانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی داود ڕیزیان بەست و لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت سەد گالیسکەسوار و چل هەزار سەربازی پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها لە شۆڤەخی سەرکردەی سوپاکەی دا و هەر لەوێدا مرد. 19 کاتێک هەموو پاشاکانی ژێردەستەی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
بەزاندنی عەمۆنییەکان
19 دوای ماوەیەک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکان مرد و کوڕەکەی لەدوای ئەو بوو بە پاشا. 2 داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، چونکە باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
کاتێک شاندەکەی داود هاتنە لای حانوون لە خاکی عەمۆنییەکان بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن، 3 میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت شاندی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا خزمەتکارەکانی بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە نەهاتوون بۆ لات؟» 4 ئیتر حانوون پیاوەکانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
5 کاتێک هەندێک کەس چوون و سەبارەت بەو پیاوانە بە داودیان ڕاگەیاند، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
6 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، حانوون و عەمۆنییەکان هەزار تالنت[a] زیویان نارد هەتا لە ئارامییەکانی دوو ڕووبار[b] و لە ئارامییەکانی مەعکا و لە چۆڤا گالیسکە و گالیسکەسوار بەکرێ بگرن. 7 جا سی و دوو هەزار گالیسکە و گالیسکەسواریان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ سوپاکەی هات و لە بەرامبەر مێدەبا دامەزران، عەمۆنییەکانیش لە شارۆچکەکانیانەوە کۆبوونەوە و هاتن بۆ جەنگ.
8 کاتێک داود ئەمەی بیستەوە یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد. 9 عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئەو پاشایانەی کە هاتبوون بە جیا لە دەشتودەر بوون.
10 کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن. 11 ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن. 12 یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم. 13 ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
14 ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن. 15 کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
16 کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، چەند نێردراوێکیان نارد و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
17 کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و بۆیان هات و ڕیزی لێیان بەست، داود بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی بەست بۆ جەنگ و ئەوانیش لە دژی جەنگان. 18 بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت هەزار گالیسکەسوار و چل هەزار پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها شوفەخی سەرکردەی سوپاکەشی کوشت.
19 کاتێک ژێردەستەکانی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ داود ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
20 با یەزدان لە ڕۆژی تەنگانەدا بە دەنگتەوە بێت،
با ناوی خودای یاقوب بتپارێزێت.
2 با لە پیرۆزگاکەیەوە یارمەتیت بۆ بنێرێت و
لە سییۆنەوە پشتگیریت بکات.
3 با هەموو قوربانییەکانی تۆی لەبیربێت و
هەموو قوربانی سووتاندنەکانی تۆ قبوڵ بکات.[a]
4 با ئارەزووی دڵت بهێنێتە دی و
هەموو مەبەستەکانت بە ئەنجام بگەیەنێت.
5 هەلهەلە لێدەدەین بۆ ڕزگاربوونت و
بە ناوی خودامانەوە ئاڵا بەرز دەکەینەوە.
با یەزدان هەموو داواکارییەکانت بەجێبهێنێت.
6 ئێستا زانیم کە یەزدان دەستنیشانکراوەکەی[b] ڕزگار دەکات،
لە پیرۆزگا ئاسمانییەکەی خۆیەوە بە دەنگییەوە دێت،
بە توانای ڕزگاریی دەستە ڕاستی.
7 هەندێک شانازی بە گالیسکە دەکەن و هەندێک بە ئەسپ،
بەڵام ئێمە شانازی بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمان دەکەین.
8 ئەوان چەمانەوە و کەوتن،
بەڵام ئێمە هەستاین و چەسپاین.
9 ئەی یەزدان، پاشا ڕزگار بکە!
کە لێت دەپاڕێینەوە بەدەنگمانەوە وەرە!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.