Chronological
سەرکەوتنەکانی داود[a]
8 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.
2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن، بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە.[b] ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
3 هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە. 4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. 6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. 8 هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.
9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە، 10 یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
11 هەروەها داودی پاشا ئەوانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی تەرخانی کردبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون: 12 لە ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی، عەمالێقی و دەستکەوتەکەی هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا.
13 هەروەها داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ[c]، ناوبانگی بڵاو بووەوە.
14 لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود. داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
15 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. 16 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 17 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ سەرایا خامەی نهێنی[d] بوو؛ 18 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان[e] بوو؛ کوڕەکانی داودیش کاهینی پاشا بوون.
داود و مەفیبۆشەت
9 داود پرسی: «ئایا کەسێک هەیە لە بنەماڵەی شاول هێشتا لە ژیاندا مابێت، بۆ ئەوەی لە پێناوی یۆناتاندا چاکەیەکی لەگەڵدا بکەم؟»
2 بەندەیەکی ماڵی شاول هەبوو ناوی چیڤا بوو، بانگیان کرد بۆ لای داود، ئیتر پاشا پێی گوت: «تۆ چیڤایت؟»
ئەویش گوتی: «بەڵێ، منی خزمەتکاری تۆم.»
3 پاشاش گوتی: «ئایا کەسێک نییە لە بنەماڵەی شاول هێشتا مابێت، بۆ ئەوەی چاکەی خودای لەگەڵدا بکەم؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «کوڕێکی یۆناتان هەیە کە هەردوو قاچی شەلە.»
4 پاشاش پێی گوت: «لەکوێیە؟»
چیڤاش بە پاشای گوت: «لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلە لە لۆدەڤار.»
5 ئینجا داودی پاشا ناردی و لە ماڵی ماکیری کوڕی عەمیێلەوە لە لۆدەڤار هێنایەوە.
6 کاتێک مەفیبۆشەتی کوڕی یۆناتانی کوڕی شاول هات بۆ لای داود، بە ڕوودا کەوت و کڕنۆشی برد.
داودیش گوتی: «مەفیبۆشەت؟»
ئەویش وەڵامی دایەوە: «بەڵێ، ئەمەتا خزمەتکارەکەت.»
7 داودیش پێی گوت: «مەترسە، چونکە بە دڵنیاییەوە لە پێناوی یۆناتانی باوکت چاکەت لەگەڵدا دەکەم و هەموو زەوییەکانی شاولی باپیرت بۆ دەگەڕێنمەوە، تۆش هەمیشە لەسەر خوانەکەی من نان دەخۆیت.»
8 مەفیبۆشەتیش کڕنۆشی برد و گوتی: «بەندەکەی تۆ چییە هەتا ئاوڕ لە سەگێکی تۆپیوی وەک من بدەیتەوە؟»
9 ئیتر پاشا چیڤای بەندەی شاولی بانگکرد و پێی گوت: «هەموو ئەوەی هی شاول و بنەماڵەکەی بوو، بە کوڕەزای گەورەکەتم داوە. 10 خۆت و کوڕ و خزمەتکارەکانت لە زەوییەکەی کار دەکەن و بەروبوومەکەی دەهێنن هەتا نان بۆ کوڕەزای گەورەکەت دابین بکرێت بۆ خواردن. مەفیبۆشەتی کوڕەزای گەورەکەشت هەمیشە لەسەر خوانەکەم نان دەخوات.» چیڤا پازدە کوڕ و بیست خزمەتکاری هەبوو.
11 چیڤاش بە پاشای گوت: «بەپێی هەموو ئەوەی پاشای گەورەم فەرمان بە خزمەتکارەکەی دەکات، خزمەتکارەکەت بەو جۆرە دەکات.» ئیتر مەفیبۆشەت وەک شازادەیەک لەسەر خوانەکەی داود نانی دەخوارد.
12 مەفیبۆشەت کوڕێکی بچووکی هەبوو ناوی میکا بوو. هەروەها هەموو ئەوانەی لە ماڵی چیڤادا دەژیان خزمەتکاری مەفیبۆشەت بوون. 13 مەفیبۆشەت لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بوو، چونکە هەمیشە لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد و هەردوو قاچیشی شەل بوون.
سەرکەوتنەکانی داود
18 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
3 هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت. 4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت. 6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم. 8 هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە[a] و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە، 10 هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
11 داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
12 ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ[b] هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت. 13 لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
کاربەدەستەکانی داود
14 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادوەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد. 15 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛ 16 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ شەڤشا خامەی نهێنی[c] بوو؛ 17 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان[d] بوو؛ کوڕەکانی داودیش دەستە ڕاستی پاشا بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.