Chronological
11 پاشان حیرامی پاشای هەرێمی سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و دارتاش و نەقاڕ، کۆشکێکیان بۆ داود دروستکرد. 12 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا پایەدار کردووە.
13 هەروەها داود پاش ئەوەی لە حەبرۆنەوە هاتە ئۆرشەلیم چەند کەنیزە و ژنێکی دیکەی هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 14 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 15 ئیڤحار، ئەلیشوع، نەفەگ، یافیع، 16 ئەلیشاماع، ئەلیاداع و ئەلیفەلەت.
بەزاندنی فەلەستییەکان
17 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن، بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ ناو قەڵاکە. 18 فەلەستییەکان هاتبوون و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو ببوونەوە. 19 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، چونکە بێگومان دەیاندەمە دەستت.»
20 داود چوو بۆ بەعلپراچیم و لەوێ ئەوانی بەزاند، گوتی: «یەزدان دڕی بە دوژمنەکانم دا، وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا.[a] 21 هەروەها فەلەستییەکان لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت، داود و پیاوەکانیشی لایان بردن.
22 ئینجا دووبارە فەلەستییەکان سەرکەوتنەوە و لە دۆڵی ڕفایم بڵاو بوونەوە. 23 داودیش پرسیاری لە یەزدان کرد، ئەویش فەرمووی: «سەرمەکەوە، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 24 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وریابە، چونکە یەزدان بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 25 داودیش هەروەک یەزدان فەرمانی پێ کرد ئاوای کرد، لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە فەلەستییەکانی دا.
هێنانی سندوقی خودا بۆ ئۆرشەلیم
6 دووبارە داود هەموو پیاوە هەڵبژاردەکانی ناو ئیسرائیلی کۆکردەوە، سی هەزار کەس بوون. 2 ئینجا داود و هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدا بوون لە بەعلەی[b] یەهوداوە بەڕێکەوتن بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودا بهێننەوە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە»، ناوی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[c] لەسەر تەخت دانیشتووە. 3 سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، لە ماڵی ئەبینادابەوە هەڵیانگرت، ئەوەی لە گردەکەیە. کوڕەکانی ئەبینادابیش، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانە نوێیەکەیان لێدەخوڕی و 4 لە ماڵی ئەبینادابەوە لەگەڵ سندوقی خودا بردیان. ئەحیۆ لەبەردەم سندوقەکەوە دەڕۆیشت، 5 داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم یەزداندا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و شەقشەقە و سەنج.
6 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[d] ناخون، عوزا دەستی بۆ سندوقی خودا درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 7 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و خودا لەوێ لەسەر هەڵەکەی لێیدا و هەر لەوێ لەلای سندوقی خودا مرد.
8 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[e] ناودەبردرێت.
9 ئەو ڕۆژە داود لە یەزدان ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی یەزدان لەلای من بێت؟» 10 لەبەر ئەوە داود نەیویست سندوقی یەزدان بگوازێتەوە بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 11 سێ مانگ سندوقی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی مایەوە، یەزدانیش عوبێد ئەدۆم و هەموو ماڵەکەی بەرەکەتدار کرد.
12 ئەوە بوو بە داودی پاشا ڕاگەیەنرا و گوترا: «بەهۆی سندوقی خوداوە یەزدان ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەرچی هەیەتی بەرەکەتداری کردووە.» لەبەر ئەوە داود چوو بە خۆشییەوە سندوقی خودای لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە هێنا بۆ شاری داود. 13 لەدوای ئەوەی هەڵگرانی سندوقی یەزدان شەش هەنگاویان هەڵهێنا، گایەک و گوێرەکەیەکی قەڵەوی سەربڕی. 14 داودیش ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو، بە هەموو هێزییەوە لەبەردەم یەزداندا سەمای دەکرد. 15 هەروەها داود و هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل بە هوتاف و بە دەنگی کەڕەناوە سندوقی یەزدانیان سەرخست.
16 کاتێک سندوقی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری کرد و بینی داودی پاشا لەبەردەم یەزدان هەڵدەبەزێتەوە و سەما دەکات، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
17 ئیتر سندوقی یەزدانیان هێنایە ژوورەوە، لەناوەڕاستی ئەو چادرەی داود بۆی دامەزراندبوو لە شوێنی خۆی دایاننا، داود قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی[f] لەبەردەم یەزداندا سەرخست. 18 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 19 هەر یەکێک لە هەموو گەل، واتە تەواوی ئامادەبووانی کۆمەڵی ئیسرائیل، بە پیاو و بە ئافرەتەوە، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی بەسەریاندا دابەش کرد. ئینجا هەموو گەل هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی گەڕایەوە.
20 داودیش بۆ ئەوەی داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی بکات گەڕایەوە ماڵەوە. میخەلی کچی شاول چووە پێشوازی داود و گوتی: «ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیل چەند گەورە بوو کە بێ ئەوەی خۆی بپۆشێت لەبەردەم کەنیزەکانی خزمەتکارەکانی دەرکەوت، وەک ناکەس بەچەیەک کە خۆی نەپۆشێت!»
21 داودیش بە میخەلی گوت: «ئەمە لەبەردەم یەزدان بوو، ئەوەی لە جێگای باوکت و هەموو ماڵەکەی هەڵیبژاردم بۆ ئەوەی بمکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلی یەزدان. لەبەر ئەوە لەبەردەم یەزدان ئاهەنگ دەگێڕم. 22 لەوەش زیاتر لە پایەی خۆم دێنمە خوارەوە و خۆم نزم دەکەمەوە، بەڵام لەلای ئەو کەنیزانەی باست کردن، ئەوا ڕێزدار دەبم.»
23 میخەلی کچی شاولیش هەتا ئەو ڕۆژەی مرد منداڵی نەبوو.
گەڕاندنەوەی سندوقی پەیمان
13 داود ڕاوێژی لەگەڵ هەموو ئەفسەرەکانی کرد، فەرماندەی هەزاران و سەدان، 2 ئینجا بە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر پێتان باشە و بەپێی خواستی یەزدانی پەروەردگارمانە، با بەدوای هەموو هاونیشتیمانەکانماندا بنێرین لە هەموو لایەکی خاکی ئیسرائیل، هەروەها لەدوای ئەو کاهین و لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکان و دەشتەکان لەگەڵیان دەژین، هەتا لەگەڵمان کۆببنەوە. 3 با سندوقی خودامان بهێنینەوە لای خۆمان، چونکە بە درێژایی پاشایەتی شاول لێمان نەپرسیوەتەوە.» 4 هەموو کۆمەڵەکەش گوتیان ئاوا دەکەین، چونکە لەلای هەموو گەل پەسەند بوو.
5 ئیتر داود هەموو ئیسرائیلی لە ڕووباری شیحۆری میسرەوە هەتا دەروازەی حەمات کۆکردەوە، هەتا سندوقی خودا لە قیریەت یەعاریمەوە بهێنن. 6 ئینجا داود و هەموو ئیسرائیل چوونە بەعلەی یەهودا کە قیریەت یەعاریمە، بۆ ئەوەی لەوێوە سندوقی خودای پەروەردگار بهێننەوە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[a] لەسەر تەخت دانیشتووە، ئەو سندوقە کە ناوی لێنراوە «ناوەکە».
7 لە ماڵی ئەبینادابەوە سندوقی خودایان لە عەرەبانەیەکی نوێ بارکرد، عوزا و ئەحیۆ عەرەبانەکەیان لێدەخوڕی. 8 داود و هەموو ئیسرائیلیش بە هەموو توانایانەوە لەبەردەم خودا ئاهەنگیان دەگێڕا، بە سروود و قیسارە و ساز و دەف و سەنج و کەڕەناوە.
9 کاتێک گەیشتنە سەر جۆخینەکەی[b] کیدۆن، عوزا دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و گرتی، چونکە گایەکان سەرسمیان دا. 10 ئەو ساتە تووڕەیی یەزدان بەسەر عوزادا جۆشا و لێیدا، لەبەر ئەوەی دەستی بۆ سندوقەکە درێژکرد و هەر لەوێدا لەبەردەم خودا مرد.
11 داودیش تووڕە بوو، چونکە یەزدان بە تەواوی عوزای لەناوبرد، ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە پێرێز عوزا[c] ناودەبردرێت.
12 ئەو ڕۆژە داود لە خودا ترسا و گوتی: «چۆن سندوقی خودا بۆ لای خۆم بهێنم؟» 13 لەبەر ئەوە داود سندوقەکەی نەگواستەوە بۆ لای خۆی بۆ شاری داود، بەڵکو بردییە ماڵی عوبێد ئەدۆمی گەتی. 14 سێ مانگ سندوقی خودا لە ماڵی عوبێد ئەدۆم مایەوە، یەزدانیش ماڵی عوبێد ئەدۆم و هەموو ئەو شتانەی کە هی ئەو بوون بەرەکەتداری کردن.
کۆشک و خێزانی داود
14 پاشان حیرامی پاشای سور چەند نێردراوێکی بۆ لای داود نارد لەگەڵ داری ئورز و نەقاڕ و دارتاش بۆ ئەوەی کۆشکێکی بۆ دروستبکەن. 2 ئینجا داود زانی کە یەزدان وەک پاشای ئیسرائیل جێگیری کردووە، پاشایەتییەکەشی لە پێناوی ئیسرائیلی گەلەکەیدا زۆر پایەدار کردووە.
3 هەروەها داود چەند ژنێکی دیکەی لە ئۆرشەلیم هێنا، ئینجا کوڕ و کچی دیکەی داود لەدایک بوون. 4 ئەمەش ناوی ئەو منداڵانەیەتی کە لە ئۆرشەلیم لەدایک بوون: شەموع، شۆڤاڤ، ناتان، سلێمان، 5 ئیڤحار، ئەلیشوع، ئەلپەلەت، 6 نۆگە، نەفەگ، یافیع، 7 ئەلیشاماع، بەعەلیاداع و ئەلیفەلەت.
بەزاندنی فەلەستییەکان
8 کاتێک فەلەستییەکان بیستیانەوە کە داود بە پاشای هەموو ئیسرائیل دەستنیشانکراوە، هەموو فەلەستییەکان بۆ گەڕان بەدوای داود سەرکەوتن. بەڵام کاتێک داود ئەمەی بیستەوە دابەزی بۆ بەرەنگاربوونەوەیان. 9 ئەو کاتە فەلەستییەکان هاتبوون و دەستیان کردبوو بە تاڵانکردنی دۆڵی ڕفایم. 10 داودیش پرسیاری لە خودا کرد و گوتی: «ئایا بچم بۆ پەلاماردانی فەلەستییەکان؟ ئایا دەیاندەیتە دەستم؟»
یەزدانیش بە داودی فەرموو: «بڕۆ، دەیاندەمە دەستت.»
11 ئینجا داود و پیاوەکانی چوونە بەعلپراچیم[d] و لەوێ دوژمنەکانی بەزاند، گوتی: «خودا بە دەستی من دڕی بە دوژمنەکانم دا وەک دڕپێدادانی ئاو.» لەبەر ئەوە ئەو شوێنە بە بەعلپراچیم ناو برا. 12 هەروەها لەوێدا بتەکانیان بەجێهێشت و داود فەرمانی دا و سووتێنران.
13 دووبارە فەلەستییەکان هاتنەوە و دەستیان کردەوە بە تاڵانکردن لە دۆڵەکە، 14 داودیش پرسیاری لە خودا کرد، خوداش پێی فەرموو: «بەدوایاندا مەڕۆ، بەڵکو بسووڕێوە بۆ پشتیان و بەرامبەر بە دار بەلسەمەکان پەلاماریان بدە. 15 کاتێک لەسەر دار بەلسەمەکانەوە گوێت لە دەنگی پێ بوو، لەو کاتەدا وەرە دەرەوە بۆ جەنگ، چونکە خودا بۆ لێدانی ئۆردوگای فەلەستییەکان لەپێشتەوە ڕۆیشتووە.» 16 داودیش بەو جۆرەی کرد کە خودا فەرمانی پێ کرد و لە گبعۆنەوە هەتا گەزەر لە سوپای فەلەستییەکانیان دا.
17 بەو شێوەیە ناوبانگی داود بەناو هەموو خاکەکاندا بڵاو بووەوە و یەزدانیش ترسی ئەوی خستە ناو دڵی هەموو نەتەوەکانەوە.
هێنانی سندوقی پەیمان بۆ ئۆرشەلیم
15 داود چەند تەلارێکی بۆ خۆی لە شاری داود دروستکرد و شوێنێکی بۆ سندوقی خودا ئامادە کرد و چادرێکی بۆی هەڵدا. 2 ئینجا داود گوتی: «کەس بۆی نییە سندوقی خودا هەڵبگرێت، تەنها لێڤییەکان نەبێت، چونکە یەزدان ئەوانی هەڵبژاردووە بۆ هەڵگرتنی سندوقی یەزدان و خزمەتکردنی هەتاهەتایە.»
3 داود هەموو ئیسرائیلی لە ئۆرشەلیم کۆکردەوە بۆ هێنانی سندوقی یەزدان بۆ ئەو شوێنەی کە بۆی ئامادە کردبوو. 4 هەروەها داود نەوەی هارون و لێڤییەکانی کۆکردەوە.
5 لە نەوەی قەهات،
ئوریێلی سەرکردە و سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
6 لە نەوەی مەراری،
عەسایای سەرکردە و دوو سەد و بیست کەس لە خزم و نزیکەکانی.
7 لە نەوەی گێرشۆن،
یۆئێلی سەرکردە و سەد و سی کەس لە خزم و نزیکەکانی.
8 لە نەوەی ئەلیچافان،
شەمەعیای سەرکردە و دوو سەد کەس لە خزم و نزیکەکانی.
9 لە نەوەی حەبرۆن،
ئەلیێلی سەرکردە و هەشتا کەس لە خزم و نزیکەکانی.
10 لە نەوەی عوزیێل،
عەمینادابی سەرکردە و سەد و دوازدە کەس لە خزم و نزیکەکانی.
11 ئینجا داود بانگی سادۆق و ئەبیاتاری کرد کە هەردووکیان کاهین بوون، هەروەها بانگی ئوریێل و عەسایا و یۆئێل و شەمەعیا و ئەلیێل و عەمینادابی کرد کە لە لێڤییەکان بوون. 12 پێی گوتن: «ئێوە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤین، خۆتان و براکانتان تەرخان بکەن و سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ ئەو شوێنە بهێنن کە بۆم ئامادە کردووە، 13 چونکە یەکەم جار ئێوەی لێڤی ئەوتان هەڵنەگرت، ئیتر یەزدانی پەروەردگارمان دڕی پێداین، لەبەر ئەوەی پرسمان بە خودا نەکرد کە چۆن ئەو کارە بکەین.» 14 ئینجا کاهین و لێڤییەکان خۆیان تەرخان کرد بۆ هێنانی سندوقی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. 15 نەوەی لێڤییەکان هەروەک چۆن موسا بەپێی فەرمایشتی یەزدان فەرمانی دابوو ئاوا سندوقی خودایان بە دوو دارەکەی لەسەر شانیان هەڵگرت.
16 داود بە سەرکردە لێڤییەکانی گوت کە برا گۆرانیبێژەکانیان بە ئامێرەکانی مۆسیقاوە دابنێن، بە ساز و قیسارە و سەنجەوە، هەتا بە خۆشییەوە و بە دەنگی بەرز گۆرانی بڵێن.
17 لێڤییەکانیش ئەمانەیان دانا: هێیمانی کوڕی یۆئێل و لە براکانیشی ئاسافی کوڕی بەرەخیا و لە نەوەی مەراریش لە براکانیان، ئێیتانی کوڕی قوشایاهو، 18 لەگەڵیشیان خزم و کەسە پلە دووەکانیان: زەکەریا، یەعزیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، عونی، ئەلیاب، بەنایا، مەعسێیاهو، مەتیسیا، ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و هەردوو دەرگاوانەکان، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل.
19 مۆسقاژەنەکانیش، هێیمان و ئاساف و ئێیتان سەنجی بڕۆنزیان لێدەدا. 20 زەکەریا و عەزیێل و شەمیرامۆت و یەحیێل و عونی و ئەلیاب و مەعسێیاهو و بەنایا سازیان بە شێوەی عەلامۆت[e] دەژەند. 21 مەتیسیا و ئەلیفەلێهو و میقنێیاهو و عوبێد ئەدۆم و یەعیێل و عەزەزیاهو قیسارەیان بۆ ڕابەرایەتیکردن بە شێوەی شەمینیت[f] دەژەند. 22 کەنەنیاهوی بەهۆی شارەزاییە باشەکەی لە مۆسیقا، ڕابەرایەتی ژەنیارە لێڤییەکانی دەکرد.
23 بەرەخیا و ئەلقانەش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون. 24 کاهینەکانیش شەڤەنیا و یۆشافات و نەتەنێل و عەماسەی و زەکەریا و بەنایا و ئەلیعەزەر لەبەردەم سندوقی خودا فوویان بە کەڕەنادا دەکرد و عوبێد ئەدۆم و یەحیاش دەرگاوانی سندوقی پەیمانەکە بوون.
25 داود و پیرانی ئیسرائیل و فەرماندەی یەکەکانی هەزاران بە خۆشییەوە چوون بۆ هێنانی سندوقی پەیمانی یەزدان لە ماڵی عوبێد ئەدۆمەوە. 26 کاتێک خودا یارمەتی لێڤییەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدانی دا، حەوت گا و حەوت بەرانیان وەک قوربانی سەربڕی. 27 داود و هەموو لێڤییەکانی کە سندوقی پەیمانیان هەڵدەگرت، مۆسیقاژەنەکان و کەنەنیاهوی ڕابەری مۆسیقای تیپی گۆرانیبێژەکان، هەمووان کەوای کەتانی ناسکیان لەبەردا بوو، هەروەها داود ئێفۆدێکی کەتانی لەبەردا بوو. 28 هەموو ئیسرائیل بە هاواری خۆشی و بە لێدانی کەڕەنا و کەڕەنای قۆچە بەران و سەنج، هەروەها بە ژەنینی ساز و قیسارە، سندوقی پەیمانی یەزدانیان هێنا.
29 کاتێک سندوقی پەیمانی یەزدان هاتە ناو شاری داود، میخەلی کچی شاول لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی کرد و بینی داودی پاشا سەما دەکات و هەڵدەبەزێتەوە، لە دڵی خۆیدا بە سووکی زانی.
خزمەتکردن لەبەردەم سندوقی یەزدان
16 ئیتر سندوقی خودایان هێنایە ژوورەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو چادرەی کە داود بۆی دامەزراندبوو، هەروەها قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان[g] لەبەردەم خودا سەرخست. 2 پاش ئەوەی داود لە پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشی بووەوە، بە ناوی یەزدانەوە داوای بەرەکەتی بۆ گەل کرد. 3 بەسەر هەموو ئیسرائیلدا لە ژن و لە پیاو، کولێرەیەک و نانە خورمایەک و نانە کشمیشێکی دابەش کرد.
4 چەند خزمەتکارێکیشی لە لێڤییەکان لەبەردەم سندوقی یەزدان بۆ یادکردنەوە و سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دانا: 5 ئاساف ڕابەرایەتی دەکرد و زەکەریاش لەدوای ئەو بە پلەی دووەم دەهات، پاشان یەعیێل، شەمیرامۆت، یەحیێل، مەتیسیا، ئەلیاب، بەنایا، عوبێد ئەدۆم و یەعیێل دەهاتن. ئەمانە ئامێرەکانی ساز و قیسارەیان دەژەند، ئاسافیش سەنجی لێدەدا، 6 بەنایا و یەحەزیێلی کاهینیش بە بەردەوامی کەڕەنایان دەژەند لەبەردەم سندوقی پەیمانی خودا.
7 ئینجا لەو ڕۆژەدا یەکەم جار داود ئەم زەبوورەی دایە دەست ئاساف و هاوکارەکانی، کە بۆ ستایشکردنی یەزدانە:
8 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
9 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
10 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
11 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
12 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو[h] و حوکمەکانی دەمی.
13 ئەی نەوەی ئیسرائیلی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
14 ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.
15 بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
16 ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد،
17 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
18 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان دەدەمە تۆ،
بەشە میراتی خۆتانە.»
19 ئەو کاتەی ژمارەیان کەم بوو،
کەم و نامۆ بوون لەو خاکە،
20 لە نەتەوەیەکەوە دەچوونە نەتەوەیەکی دیکە،
لە پاشایەتییەکەوە بۆ گەلێکی دیکە.
21 لێ نەگەڕا کەس ستەمیان لێ بکات،
بەڵکو لەبەر ئەوان پاشایانی سەرزەنشت کرد:
22 «دەست لە دەستنیشانکراوەکانم مەدەن،
خراپە لەگەڵ پێغەمبەرەکانم مەکەن.»
23 ئەی هەموو زەوی، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.
24 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن،
لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.
25 چونکە یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە،
سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە.
26 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن،
بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.
27 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان،
هێز و شادمانی لە نشینگەکەیدان.
28 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن،
ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.
29 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
دیاری بهێنن و وەرنە بەردەمی،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
30 ئەی هەموو خەڵکی زەوی لەبەردەمی بلەرزن،
جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت.
31 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت،
لەنێو نەتەوەکاندا بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات!»
32 با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،
با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن.
33 ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان لەبەردەم یەزدان گۆرانی دەڵێن،
چونکە دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات.
34 ستایشی یەزدان بکەن لەبەر ئەوەی چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.
35 بڵێن: «ئەی خودای ڕزگارکەرمان، ڕزگارمان بکە،
لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە و فریامان بکەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.»
36 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
ئینجا هەموو گەل گوتیان «ئامین!» و «ستایشی یەزدان بکەن.»
37 داود لەوێدا لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان، ئاساف و هاوکارەکانی بەجێهێشت هەتا بە بەردەوامی لەبەردەم سندوقەکە خزمەت بکەن، هەر خزمەتێک لە ڕۆژی خۆیدا. 38 هەروەها عوبێد ئەدۆم و هاوکارەکانیشی کە شەست و هەشت کەس بوون، بۆ یارمەتیدانی ئەوان، بەجێی هێشتن. عوبێد ئەدۆمی کوڕی یەدوتون و حۆسا هەردووکیان دەرگاوان بوون.
39 داود سادۆقی کاهین و برا کاهینەکانیشی لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان، ئەوەی لەسەر بەرزاییەکەی گبعۆن بوو، بەجێی هێشتن، 40 هەتا بە بەردەوامی قوربانی سووتاندن لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەن، بەیانییان و ئێواران بەپێی هەموو ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە، ئەوەی فەرمانی بە ئیسرائیل کرد. 41 لەگەڵ ئەوانیش، هێیمان و یەدوتون و پاشماوەی هەڵبژێردراوەکان ئەوانەی ناویان هات هەتا سوپاسی یەزدان بکەن، چونکە «خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.» 42 لەگەڵ ئەوانیش هێیمان و یەدوتون بەرپرسی ژەنینی کەڕەنا و سەنج و ئامێرە مۆسیقییەکانی دیکە بوون لە کاتی گۆرانی و ستایشەکانیان بۆ خودا. کوڕەکانی یەدوتونیش دەرگاوان بوون.
43 پاشان هەموو گەل هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی بەڕێکەوت و داودیش گەڕایەوە هەتا داوای بەرەکەت بۆ ماڵەکەی خۆی بکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.