Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 106-107

106 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
    کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
    ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.

ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
    لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
    بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
    بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.

ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
    خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،
    لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،
یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،
    بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور[a]،
بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،
    بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،
    بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
10 لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،
    لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
11 ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،
    کەسیان دەرباز نەبوون.
12 ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،
    گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.

13 بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو،
    چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
14 بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا،
    لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
15 ئەوەی داوایان کرد، پێیدان،
    بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.

16 لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و
    بە هارونی تەرخانکراوی[b] یەزدان.
17 زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا،
    بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا[c] هاتەوەیەک.
18 ئاگر بەربووە تاقمەکەیان،
    گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
19 لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،
    کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
20 شکۆیان[d] گۆڕییەوە
    بە پەیکەری گای گیاخۆر.
21 خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،
    کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
22 پەرجووەکان لە وڵاتی حام،
    کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
23 ئینجا فەرمووی لەناودەچن،
    ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،
لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،
    بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.

24 خاکی خۆشیان بە سووک زانی،
    باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
25 لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ،
    گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
26 ئەویش سوێندی بۆ خواردن،
    کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
27 نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و
    لە خاکەکان پەرتیان بکات.

28 پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە[e]،
    ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون[f].
29 بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد،
    دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
30 بەڵام فینەحاس[g] هەستا و
    کەوتە بەینەوە، دەرد ڕاگیرا.
31 بە ڕاستودروستی بۆی دانرا،
    نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
32 لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و
    موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
33 چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون،
    قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.

34 گەلەکانیان لەناونەبرد،
    وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
35 بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون،
    فێری نەریتەکانیان بوون.
36 بتەکانی ئەوانیان پەرست و
    بوو بە داو بۆیان.
37 کوڕ و کچانی خۆیان
    بۆ بتەکان[h] سەربڕی.
38 خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت،
    خوێنی کوڕ و کچەکانیان،
ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین،
    زەوی پیس بوو بە خوێن.
39 گڵاو بوون بە کردەوەکانیان،
    داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.

40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
    قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
    ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
    زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
43 زۆر جار دەربازی کردن،
    بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
    داڕووخان بە گوناهەکانیان.
44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
    کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
    بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
    سکیان پێیان بسووتێت.

47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
    گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

10 هەندێک لە دانیشووانی تاریکی و سێبەری مەرگ،
    دیلیێتی ئازار و ئاسن،
11 چونکە لە قسەکانی خودا یاخی بوون،
    سووکایەتییان بە ڕاوێژی هەرەبەرز کرد.
12 لەبەر ئەوە پشتیان لەژێر باردا چەمایەوە،
    کەوتن و کەس نەبوو یارمەتییان بدات.
13 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
14 لە تاریکی و سێبەری مەرگ دەریهێنان،
    کۆت و زنجیرەکانی پچڕاندن.
15 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
16 چونکە دەروازەی بڕۆنزی تێکشکاند،
    شیشە ئاسنەکانی شکاند.

17 هەندێک بوونە گێل و لە ڕێگای یاخیبوونیان و
    لە گوناهەکانیان تووشی ناخۆشی دەبن.
18 قێزیان لە هەموو خواردنێک بووەوە،
    لە دەروازەکانی مەرگ نزیک بوونەوە.
19 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان ڕزگاری کردن.
20 فەرمایشتی خۆی نارد و چاکی کردنەوە،
    لە فەوتان دەربازی کردن.
21 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
22 با قوربانی سوپاسگوزاری بکەن،
    بە هەلهەلەوە باسی کردارەکانی بکەن.

23 هەندێک بە کەشتی دابەزینە ناو دەریا،
    ئەوانەی لە دەریای گەورە بازرگانییان دەکرد.
24 ئەوان کارەکانی یەزدانیان بینی،
    کارە سەرسوڕهێنەرەکانی لە قووڵایی.
25 بە قسەی ئەو ڕەشەبا هەستا،
    شەپۆلەکانی بەرزکردەوە.
26 بەرز دەبنەوە بۆ ئاسمان، دادەبەزنە ناو قووڵاییەکان،
    گیانیان لە مەترسی دەتوێتەوە.
27 وەک سەرخۆش سەرسم دەدەن و بە ئەملا و ئەولادا دەکەون،
    نازانن چی دەکەن.
28 ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
29 ڕەشەبای هێدی کردەوە بۆ ئارامی،
    شەپۆلەکانی بێدەنگ کرد.
30 دڵخۆش بوون، چونکە شەپۆلەکان هێمن بوونەوە،
    گەیاندیانی بەو بەندەرەی دەیانویست.
31 با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
32 لەناو کۆڕی خەڵک بەرزی بکەنەوە،
    لە ئەنجومەنی پیرەکان ستایشی بکەن.

33 ڕووباری کردە بیابان و
    سەرچاوەی ئاوەکانی کردە زەوی تینوو،
34 خاکی بە پیتی کردە زەوی بێ کەڵک،
    لەبەر خراپەی ئەوانەی تێیدا دانیشتبوون.
35 بیابانی کردە گۆمە ئاو و
    زەوی وشکی کردە سەرچاوەی ئاوەکان.
36 برسییەکانی لەوێ نیشتەجێ کرد،
    شاری نیشتەجێبوونیان دامەزراند.
37 کێڵگەیان چاند و ڕەزەمێویان ڕواند،
    دەغڵیان بە بەروبووم بوو.
38 بەرەکەتداری کردن و زۆر زیاد بوون،
    ئاژەڵی ئەوانی کەم نەکردەوە.

39 ئینجا کەم بوونەوە و چەمانەوە،
    لەژێر باری خراپەکاری و ناخۆشی.
40 ئەوەی ڕیسوایی بەسەر میرەکاندا دەڕێژێت،
    لە چۆڵەوانییەکی بێ ڕێگا گومڕای کردن.
41 بەڵام هەژاری لە زەلیلی بەرز کردەوە،
    بنەماڵەی ئەوانی وەک ڕانە مەڕ لێکرد.
42 سەرڕاستەکان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
    هەموو خراپەیەک دەمی دەگیرێت.

43 کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
    لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.