Chronological
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی گتیت[a]. بۆ ئاساف.
81 هەلهەلە لێدەن بۆ خودا ئەوەی هێزمانە،
بە خۆشییەوە هاوار بکەن بۆ خودای یاقوب.
2 ئاوازێک بەرز بکەنەوە و دەف بهێنن،
سازێکی ناسک لەگەڵ قیسارە.
3 لە جەژنی سەرەمانگ کەڕەنا لێدەن و
لە مانگی تابان، بۆ ڕۆژی جەژنەکانمان.
4 چونکە ئەمە فەرزە لەسەر ئیسرائیل،
حوکمی خودای یاقوبە.
5 لە بنەماڵەی یوسفدا کردی بە یاسا،
کە لە خاکی میسر دەریهێنا.
گوێمان لە زمانێکە کە تێنەگەیشتین:
6 «بارم لەسەر شانەکانی لادا،
دەستەکانی لە سەبەتە بەربوون.
7 لە تەنگانەدا هاوارت کرد، دەربازم کردیت،
لەژێر سێبەری هەورەتریشقە وەڵامم دایتەوە،
لە مێرگی مەریبا[b] تاقیم کردیتەوە.[c]
8 ئەی گەلی من، گوێ بگرە، ئاگادارت دەکەمەوە.
ئەی ئیسرائیل، خۆزگە گوێت لە من دەگرت!
9 لەنێو ئێوەدا خوداوەندێکی بێگانە نابێت،
کڕنۆش بۆ خوداوەندێکی بیانی نابەیت.
10 من یەزدانی پەروەردگاری تۆم،
کە لە خاکی میسر دەرمهێنای.
دەمت بکەوە و پڕی دەکەم.
11 «بەڵام گەلەکەم گوێی لە قسەم نەگرت،
ئیسرائیل منی نەویست.
12 منیش ئەوانم دایە دەست کەللەڕەقییەکەی خۆیان،
بە ڕاوێژی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
13 «خۆزگە گەلەکەم بە قسەی منیان دەکرد،
ئەگەر ئیسرائیل ڕێگای منیان دەگرتەبەر،
14 هەر زوو دوژمنەکانم بۆ زەلیل دەکردن،
دەستم درێژ دەکردە سەر ناحەزانیان!
15 ئەوانەی ڕقیان لە یەزدانە، ملکەچی دەبن،
هەتاهەتایە کاتی سزایان دەبێت.
16 باشترین گەنمم دەرخوارد دەدایت،
لە تاشەبەردەوە تێر هەنگوینم دەکردیت.»
گۆرانییەک. زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. بۆ گەورەی گۆرانیبێژان. بەگوێرەی «ماحەلەت لعەنۆت»[a]. هۆنراوەیەکی هێیمانی ئەزراحی.
88 ئەی یەزدان، خودای ڕزگاریم،
شەو و ڕۆژ بەرامبەر بە تۆ هاوارم کرد.
2 با نوێژەکانم بگاتە بەردەمت،
گوێ بۆ هاوارم شل بکە.
3 چونکە گیانم پڕ خراپە بووە و
ژیانم لە جیهانی مردووان نزیک بووەتەوە.
4 وەک ئەوانە دانراوم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان،
وەک پیاوێکم لێهاتووە هێزی لەبەربڕابێت.
5 لەناو مردووان وازلێهێنراو،
وەک کوژراوەکانی ناو گۆڕ ڕاکشاو،
ئەوانەی ئیتر یادیان ناکەیتەوە،
ئەوانەی دەستت لێیان شوشتووە.
6 لەناو قووڵترین گۆڕ داتناوم،
لەناو جەرگەی تاریکی، لە قووڵایی.
7 تووڕەییت قورسە بەسەرمەوە،
شەپۆلەکانت ڕامدەماڵن.[b]
8 ناسیاوەکانمت لێ دوورخستمەوە،
قێزم لێ دەکەنەوە.
گیراوم و دەربازبوونم بۆ نییە،
9 بەهۆی ژێردەستەیی چاوم لە کزبوونە.
ئەی یەزدان، بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم،
دەستم لە تۆ پان دەکەمەوە.
10 ئایا کاری سەرسوڕهێنەر بۆ مردووان دەکەیت؟
یان ڕۆحەکان هەڵدەستنەوە ستایشت بکەن؟
11 ئایا لەناو گۆڕ باسی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەکرێت،
یان لە لەناوچوون[c] باسی دڵسۆزییەکەت؟
12 ئایا لە تاریکایی کارە سەرسوڕهێنەرەکانت دەناسرێت،
یان لە خاکی لەبیرچوون[d] ڕاستودروستیت؟
13 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
بەیانییان نوێژم بەرەو ڕووت دێت.
14 ئەی یەزدان، بۆچی گیانم ڕەت دەکەیتەوە،
ڕووی خۆتم لێ دەشاریتەوە؟
15 من لە منداڵییەوە کڵۆڵم و نزیکە مەرگم،
بەرگەی ترسەکانی تۆم گرت و سەرم لێ شێوا.
16 تووڕەیی تۆ بەسەر مندا تێپەڕی،
ترسی بەڵاکانی تۆ وێرانی کردم.
17 وەک لافاو بە درێژایی ڕۆژ دەوری داوم،
لە هەموو لایەکەوە دەوری گرتووم.
18 دۆست و خۆشەویستەکانت لێ دوورخستمەوە،
تاریکی بووە بە نزیکترین هاوڕێم.
زەبوورێک، گۆرانییەک بۆ ڕۆژی شەممە.
92 چاکە ستایشی یەزدان بکرێت،
گۆرانی گوتن بۆ ناوت، ئەی هەرەبەرز،
2 بەیانییان خۆشەویستی نەگۆڕت ڕابگەیەنرێت و
دڵسۆزیت بە شەوان،
3 بە قیسارەی دە ژێیی،
بە ئاوازی ساز.
4 چونکە ئەی یەزدان، بە کردارەکانت دڵخۆشت کردووم،
هەلهەلە لێدەدەم بۆ کارەکانی دەستت.
5 ئەی یەزدان، کردارەکانت چەندە مەزنە!
بیرکردنەوەی تۆ چەندە قووڵە!
6 مرۆڤی گێل ئەمە نازانێت،
نەزانیش ئەمە تێناگات:
7 هەرچەندە خراپەکاران وەک گیا بگەشێنەوە و
هەموو بەدکاران چرۆ بکەن،
بۆ هەتاهەتایە لەناودەچن.
8 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ هەمیشە بەرزیت.
9 ئەی یەزدان، چونکە بێگومان دوژمنەکانت،
بێگومان دوژمنەکانت دەفەوتێن و
هەموو بەدکاران پەرتەوازە دەبن.
10 بەڵام وەک گای کێوی بەهێز بووم،
بە ڕۆنی گرانبەها چەور کرام.
11 بە چاوی خۆم بەزینی دوژمنانم دەبینم،
گوێم لە بەزینی ئەوانە دەبێت کە بە خراپە دژم هەستاون.
12 ڕاستودروستان وەک دار خورما گەشە دەکەن،
وەک ئورزی لوبنان گەشە دەکەن،
13 لە ماڵی یەزدان ڕواون،
لە حەوشەی ماڵەکەی خودامان گەشە دەکەن.
14 بە پیریش هەر بەریان دەبێت،
هەمیشە تەڕ و سەوزن،
15 بۆ ئەوەی ڕابگەیەنن کە یەزدان ڕاستودروستە،
تاشەبەردمە و خراپە لە ئەودا نییە.
93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
2 لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.
3 ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
4 لە خوڕەی ئاوی زۆر،
لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
یەزدانی ئاسمان توانادارترە.
5 یاساکانت زۆر چەسپاون،
ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
بە درێژایی ڕۆژگار.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.