Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەکەم ساموئێل 9-12

ساموئێل شاول دەستنیشان دەکات

پیاوێکی بنیامینی هەبوو ناوی قیشی کوڕی ئەبیێلی کوڕی چەڕۆری کوڕی بەخۆرەتی کوڕی ئەفییەحی بنیامینی بوو، بە توانا و دەوڵەمەند بوو. کوڕێکی گەنج و قۆزی هەبوو ناوی شاول بوو، هیچ پیاوێک لەنێو نەوەی ئیسرائیل نەبوو لەو قۆزتر بێت، لە هەموو گەل هیچ کەس باڵای نەدەگەیشتە سەر شانی.

چەند ماکەرێکی قیشی باوکی شاول بزر بوون و قیشیش بە شاولی کوڕی گوت: «تکایە یەکێک لە خزمەتکارەکان لەگەڵ خۆتدا ببە و هەستە و بڕۆ بەدوای ماکەرەکاندا بگەڕێ.» ئەوانیش لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و بە دەوروبەری شالیشادا تێپەڕین، بەڵام نەیاندۆزینەوە. ئینجا لە زەوی شەعەلیم پەڕینەوە، بەڵام دیار نەبوون. ئینجا لە خاکی بنیامین پەڕینەوە، بەڵام نەیاندۆزینەوە.

کاتێک گەیشتنە ناو ناوچەی چوف، شاول بە خزمەتکارەکەی گوت ئەوەی کە لەگەڵیدا بوو: «وەرە با بگەڕێینەوە، نەوەک باوکم خەمی ماکەرەکان لەبیر بکات و لە خەمی ئێمەدا بێت.»

بەڵام خزمەتکارەکەش پێی گوت: «وا پیاوێکی خودا لەم شارۆچکەیەیە، پیاوێکی ڕێزدارە و هەموو ئەوەی دەیڵێت، دەبێت. با ئێستا بچین بۆ ئەوێ، بەڵکو پێمان بڵێت کام ڕێگا بگرینەبەر.»

شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «بەڵام ئەگەر بچین، چی بۆ پیاوەکە ببەین؟ نان لەناو هەگبەکانماندا نەماوە و هیچ دیارییەک نییە بیبەین بۆ پیاوەکەی خودا، چیمان پێیە؟»

خزمەتکارەکەش وەڵامی شاولی دایەوە گوتی: «ئەوەتا من چارەکە شاقلێکی زیوم پێیە، دەیدەم بە پیاوەکەی خودا و ڕێگاکەی خۆمان پێ دەڵێت.» پێشتر لە ئیسرائیل هەر کاتێک پیاوێک بۆ زانینی خواستی خودا دەچوو، وای دەگوت: «بڕۆ با بچین بۆ لای پێشبینیکەرەکە،» چونکە پێغەمبەری ئەمڕۆ پێشتر پێشبینیکەری پێ دەگوترا.

10 شاولیش بە خزمەتکارەکەی گوت: «قسەکەت باشە، وەرە با بڕۆین.» جا ڕۆیشتن بۆ ئەو شارۆچکەیەی کە پیاوەکەی خودای لێبوو.

11 کاتێک ئەوان لە هەورازەکە بۆ شارۆچکەکە سەردەکەوتن، چەند کچێکیان بینی کە بۆ ئاوکێشان هاتبوونە دەرەوە و لێیان پرسین: «ئایا پێشبینیکەرەکە لێرەیە؟»

12 ئەوانیش وەڵامیان دانەوە و گوتیان: «بەڵێ، ئەوەتا لەپێشتانە، ئێستا خێرا بکەن، چونکە ئەمڕۆ بۆ شارۆچکەکە هاتووە، چونکە ئەمڕۆ گەل لە نزرگەکەی سەر بەرزایی[a] قوربانی سەردەبڕن. 13 کە دەچنە ناو شارۆچکەکە دەستبەجێ دەیدۆزنەوە، بەر لەوەی سەربکەوێتە نزرگەی سەر بەرزاییەکە بۆ ئەوەی نان بخوات، چونکە گەل نان ناخۆن هەتا ئەو دێت، چونکە ئەو داوای بەرەکەت بۆ قوربانییەکە دەکات. پاش ئەوە بانگهێشتکراوەکان نان دەخۆن. ئێستاش سەربکەون چونکە لەم کاتەدا چاوتان پێی دەکەوێت.»

14 ئینجا سەرکەوتن بۆ شارۆچکەکە، لەو کاتەدا هاتنە ناو شارۆچکەکە، ئەوەتا ساموئێل بەرەو ڕوویان هاتە دەرەوە تاکو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە سەربکەوێت.

15 بە ڕۆژێک بەر لە هاتنی شاول، یەزدان بۆ ساموئێلی ئاشکرا کردبوو و فەرمووبووی: 16 «سبەینێ لەم کاتەدا لە خاکی بنیامینەوە پیاوێکت بۆ دەنێرم، تۆش بە فەرمانڕەوای ئیسرائیلی گەلەکەم دەستنیشانی[b] دەکەیت، جا گەلەکەم لە دەست فەلەستییەکان ڕزگار دەکات، چونکە تەماشای گەلەکەمم کرد، لەبەر ئەوەی هاواریان گەیشتە لای من.»

17 جا کە ساموئێل شاولی بینی، یەزدان پێی فەرموو: «ئەوەتا ئەو پیاوەی کە پێم فەرموویت، ئەمە حوکمڕانی گەلەکەم دەکات.»

18 ئینجا شاول لەناوەڕاستی دەروازەکە بەرەو ساموئێل چووە پێش و پێی گوت: «تکایە، پێم بڵێ ماڵی پێشبینیکەرەکە لەکوێیە؟»

19 ساموئێلیش وەڵامی شاولی دایەوە و گوتی: «من پێشبینیکەرەکەم. لەپێشمەوە سەربکەون بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە و ئەمڕۆ نانم لەگەڵ بخۆن بەیانی ڕێگات دەدەم بڕۆیت و هەموو ئەوەی لە دڵتدایە پێتی دەڵێم، 20 ئەو ماکەرانەش کە سێ ڕۆژە لێت بزر بوون، دڵت لەلایان نەبێت، چونکە دۆزراونەتەوە. ئەی هەموو خواستی ئیسرائیل بۆ کێیە، ئایا بۆ تۆ و بۆ هەموو ماڵی باوکت نییە؟»[c]

21 شاولیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا من بنیامینی نیم، لە بچووکترین هۆزی ئیسرائیلدا و خێڵەکەشم لە هەموو خێڵەکانی دیکەی هۆزی بنیامین بچووکتر نییە؟ ئیتر بۆچی بەو شێوەیە قسەم لەگەڵدا دەکەیت؟»

22 ئینجا ساموئێل شاول و خزمەتکارەکەی برد و هەردووکیانی بۆ ناو دیوەخانەکە بردە ژوورەوە و لە سەرووی هەموو بانگهێشتکراوان داینان کە نزیکەی سی پیاو دەبوون. 23 ساموئێل بە چێشتلێنەرەکەی گوت: «ئەو بەشە بهێنە کە پێم دایت و پێم گوتی، لەلای خۆت هەڵیبگرە.» 24 چێشتلێنەرەکەش ڕانەکە و ئەوەی لەسەری بوو بەرزی کردەوە و لەبەردەم شاول داینا، ساموئێل گوتی: «ئەوەتا ئەوەی ماوەتەوە، بیخەرە بەردەمت و بخۆ، چونکە لە کاتی بانگهێشتی میواندارییەکەمەوە هەتا ئەم کاتە بۆ تۆ هەڵگیراوە.» جا شاول لەو ڕۆژەدا لەگەڵ ساموئێل نانی خوارد.

25 ئینجا لە نزرگەکەی سەر بەرزاییەوە بۆ شارۆچکەکە دابەزین و ساموئێل لە سەربان لەگەڵ شاول قسەی کرد. 26 زوو لە خەو هەستان و نزیکی بەرەبەیان ساموئێل لە سەربانەکە بانگی شاولی کرد و گوتی: «هەستە تاکو بەڕێت بکەم.» شاولیش هەستا، هەردووکیان، شاول و ساموئێل پێکەوە چوونە دەرەوە. 27 کاتێک هەردووکیان بەرەو کەناری شارۆچکەکە دادەبەزین، ساموئێل بە شاولی گوت: «بە خزمەتکارەکەت بڵێ با لەپێشمانەوە بڕوات.» ئەویش لەپێشیانەوە ڕۆیشت. ساموئێل پێی گوت: «بەڵام تۆ ئێستا ڕابوەستە بۆ ئەوەی پەیامی خودات پێ ڕابگەیەنم.»

10 ئینجا ساموئێل گۆزە زەیتەکەی هەڵگرت و بەسەر سەری شاولدا ڕشتی و ماچی کرد و گوتی: «ئایا یەزدان دەستنیشانی نەکردوویت ببیتە فەرمانڕەوای میراتەکەی[d]؟ ئەمڕۆ کە لای من دەڕۆیت، لەلای گۆڕی ڕاحێل لە سنووری بنیامین لە چەلچەح دوو پیاو دەبینیت و پێت دەڵێن: ”ماکەرەکان دۆزرانەوە کە بۆ دۆزینەوەیان ڕۆیشتن، ئەوەتا باوکت وازی لە بابەتی ماکەرەکان هێناوە و دڵی لای ئێوەیە، دەڵێت، ’چی بکەم سەبارەت بە کوڕەکەم؟‘“

«ئینجا ئەوێ بەجێدەهێڵیت و دەڕۆیت، هەتا دەگەیتە دار بەڕووەکەی تاڤۆر، لەوێدا سێ پیاو دەبینیت بۆ لای خودا سەردەکەون بۆ بێت‌ئێل، یەکێکیان سێ کارەبزن و ئەوی دیکەیان سێ کولێرە و ئەوی دیکەشیان مەشکەیەک شەرابی هەڵگرتووە. ئەوان سڵاوت لێ دەکەن و دوو نانت دەدەنێ و تۆش لە دەستیان وەردەگریت.

«پاشان بۆ گیڤعای خودا دەڕۆیت کە سەربازگەی فەلەستییەکانی لێیە. لەوێ کاتێک دەگەیتە شارۆچکەکە، دەستەیەک لە پێغەمبەران دەبینیت کە لە نزرگەی سەر بەرزاییەکەوە دابەزیون و لەبەردەمیانەوە ساز و دەف و شمشاڵ و قیسارە لێدەدرێت و ئەوانیش حاڵ دەگرن. ئینجا ڕۆحی یەزدان بە تواناوە دێتە سەرت و لەگەڵ ئەوان حاڵ دەگریت و دەگۆڕدرێیت بۆ پیاوێکی دیکە. کاتێک ئەم نیشانانە هاتن، ئەوەی لە دەستت دێ بیکە، چونکە خودات لەگەڵدایە.

«لەپێشمەوە دابەزە بۆ گلگال و منیش وا بۆ لای تۆ دادەبەزم هەتا قوربانی سووتاندن پێشکەش بکەم و قوربانی هاوبەشی[e] سەرببڕم، حەوت ڕۆژ چاوەڕوان دەبیت هەتا دێمە لات و نیشانت دەدەم چی بکەیت.»

شاول دەبێتە پاشا

کاتێک شاول ڕووی وەرگێڕا بۆ ئەوەی لەلای ساموئێل بڕوات، خودا دڵێکی دیکەی بە شاول دا و هەموو ئەو نیشانانەش لەو ڕۆژەدا هاتنە دی. 10 کاتێک گەیشتنە گیڤعا، دەستەیەک لە پێغەمبەران بەرەو ڕووی هاتن، جا ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و لەناوەڕاستیاندا حاڵی گرت. 11 کاتێک ئەوانەی کە پێشتر دەیانناسی بینییان لەگەڵ پێغەمبەرەکان حاڵی گرتووە، خەڵکەکە هەریەکە و بەوی دیکەی گوت: «ئایا لە کوڕەکەی قیش چی ڕوویداوە؟ ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟»

12 جا پیاوێک لەوێ وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئەی باوکیان کێیە؟» بۆیە ئەمە بووە بە پەند: «ئایا شاولیش لە ڕیزی پێغەمبەرەکانە؟» 13 پاش ئەوەی لە حاڵ گرتن بووەوە، شاول چوو بۆ نزرگەی سەر بەرزاییەکە.

14 مامی شاول بە ئەو و بە خزمەتکارەکەی گوت: «بۆ کوێ چوون؟»

ئەویش گوتی: «بۆ گەڕان بەدوای ماکەرەکاندا، بەڵام کاتێک بینیمان نادۆزرێنەوە چووین بۆ لای ساموئێل.»

15 مامی شاولیش گوتی: «پێم بڵێ ساموئێل چی پێ گوتن.»

16 شاولیش بە مامی گوت: «پێی گوتین کە ماکەرەکان دۆزراونەتەوە.» بەڵام لەبارەی پاشایەتییەکەوە بە مامی نەگوت کە ساموئێل چی گوتبوو.

17 ئینجا ساموئێل گەلی بۆ لای یەزدان بۆ میچپا بانگکرد و 18 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”من ئیسرائیلم لە میسرەوە هێنایە دەرەوە و فریاتان کەوتم لە دەست میسرییەکان و لە دەستی هەموو ئەو پاشاییەتییانەی کە دەیانچەوساندنەوە.“ 19 بەڵام ئێوە ئەمڕۆ خودای خۆتان ڕەتکردووەتەوە کە لە هەموو ناخۆشی و بەڵایەکتان ڕزگاری کردوون، پێی دەڵێن: ”نەخێر، بەڵکو پاشایەکمان بۆ دابنێ.“ ئێستاش بەپێی هۆز و خێڵەکانتان لەبەردەم یەزداندا ڕاوەستن.»

20 ئینجا ساموئێل هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی هێنایە پێشەوە و هۆزی بنیامین هەڵبژێردرا. 21 ئینجا هۆزی بنیامینی بەگوێرەی خێڵەکانیان هێنایە پێشەوە، لەنێویاندا خێڵی ماتری هەڵبژێردرا، لە ئەنجامدا شاولی کوڕی قیش هەڵبژێردرا. ئینجا بەدوایدا گەڕان و نەیاندۆزییەوە. 22 جا جارێکی دیکە لە یەزدانیان پرسی: «ئایا ئەو پیاوە بۆ ئێرە دێت؟»

یەزدانیش فەرمووی: «ئەوەتا خۆی لەناو شتومەکەکاندا شاردووەتەوە.»

23 ئەوانیش ڕایانکرد و لەوێوە هێنایان، کە لەنێو گەلدا ڕاوەستا، لە شانی و بەسەرەوە لە هەموو خەڵکی باڵای بەرزتر بوو. 24 ئینجا ساموئێل بە هەموو گەلی گوت: «ئەوتان بینی کە یەزدان هەڵیبژاردووە، لەنێو هەموو گەلدا کەس لە وێنەی ئەو نییە.»

ئینجا هەموو گەل هاواریان کرد و گوتیان: «بژی پاشا!»

25 ئینجا ساموئێل باسی یاسای بەڕێوەبردنی پاشایەتی[f] بۆ گەل کرد و لە تۆمارێکدا نووسییەوە و لەبەردەم یەزداندا داینا. پاشان ساموئێل هەموو گەلی ڕەوانە کرد، هەریەکە و بۆ ماڵی خۆی.

26 هەروەها شاولیش گەڕایەوە ماڵەکەی خۆی لە گیڤعا لەگەڵ ئەو قارەمانانەی کە خودا خستبوویە دڵیانەوە. 27 بەڵام خەڵکانێکی گێرەشێوێن گوتیان: «چۆن ئەمە ڕزگارمان دەکات؟» جا بە کەم تەماشایان کرد و هیچ دیارییەکیان پێشکەش نەکرد. بەڵام شاول لێی بێدەنگ بوو.

شاول شاری یاڤێش ڕزگار دەکات

11 ئینجا ناحاشی عەمۆنی سەرکەوت و یاڤێش گلعادی گەمارۆ دا، هەموو پیاوانی یاڤێش بە ناحاشیان گوت: «پەیمانمان لەگەڵدا ببەستە و ئێمەش دەبین بە خزمەتکارت.»

بەڵام ناحاشی عەمۆنی وەڵامی دانەوە: «بەمە پەیمانتان لەگەڵدا دەبەستم، بە هەڵکۆڵینی چاوی ڕاستی هەر هەمووتان تاکو ببنە مایەی سەرشۆڕی هەموو ئیسرائیل.»

پیرانی یاڤێشیش پێیان گوت: «حەوت ڕۆژ مۆڵەتمان بدەرێ تاکو نێردراو بۆ هەموو خاکی ئیسرائیل بنێرین و ئەگەر کەس نەبوو ڕزگارمان بکات، ئەوا خۆمان دەدەینە دەست تۆ.»

جا نێردراوەکان هاتن بۆ گیڤعای شاول و ئەو قسەیەیان بە گەل گوت و گەلیش دەنگیان بەرزکردەوە و گریان. لەو کاتەدا شاول لەدوای گاگەلەکەوە لە کێڵگەوە دەگەڕایەوە، شاول گوتی: «چی لە گەل ڕوویداوە، بۆچی دەگرین؟» ئەوانیش قسەکانی پیاوانی یاڤێشیان بۆ گێڕایەوە.

کاتێک شاول گوێی لەم قسانە بوو، ڕۆحی خودا بە تواناوە هاتە سەری و زۆر تووڕە بوو. ئینجا دوو گای گرت و پارچەپارچەی کردن و بە دەستی نێردراوەکاندا بۆ هەموو خاکی ئیسرائیلی نارد و گوتی: «ئەوەی بەشوێن شاول و ساموئێل[g] نەکەوێت، گایەکانی ئاوایان لێ دەکرێت.» جا ترسی یەزدان کەوتە سەر گەل و هەموویان وەک یەک پیاو هاتنە دەرەوە. کاتێک شاول لە بەزەقدا ژماردنی، نەوەی ئیسرائیل سێ سەد هەزار و پیاوانی یەهوداش سی هەزار بوون.

بە نێردراوەکانیان گوت کە هاتبوون: «ئاوا دەڵێن بە پیاوانی یاڤێش گلعاد: ”سبەینێ کاتێک خۆر گەرم دادێت، ڕزگاریتان بۆ دەبێت.“» ئینجا نێردراوەکان چوون و بە پیاوانی یاڤێشیان ڕاگەیاند، ئەوانیش دڵخۆش بوون. 10 پیاوانی یاڤێش بە عەمۆنییەکانیان گوت: «سبەینێ خۆمان دەدەینە دەست ئێوە و ئێوەش چی بە باش دەزانن ئەوەمان لەگەڵدا بکەن.»

11 بۆ سبەینێ شاول سوپاکەی کردە سێ لەشکر، لە بەرەبەیاندا هاتنە ناوەڕاستی ئۆردوگاکە و هەتا ئەو کاتەی خۆر گەرم داهات لە عەمۆنییەکانیان دا، ئەوانەش کە مانەوە پەرتەوازە بوون، هەتا وای لێهات دوو کەسیان بەیەکەوە نەمانەوە.

پابەندبوون بە پاشایەتی شاول

12 ئینجا گەل بە ساموئێلیان گوت: «کێن ئەوانەی دەڵێن: ”ئایا شاول وەک پاشا پاشایەتیمان دەکات؟“ ئەو پیاوانەمان بدەنێ با بیانکوژین.»

13 بەڵام شاول گوتی: «کەس لەم ڕۆژەدا ناکوژرێت، چونکە لەم ڕۆژەدا یەزدان فریای ئیسرائیل کەوت.»

14 پاشان ساموئێل بە گەلی گوت: «وەرن، با بچینە گلگال و لەوێ پاشایەتییەکە دووپات بکەینەوە.» 15 جا هەموو گەل چوونە گلگال و لەوێ لەبەردەم یەزدان پاشایەتی شاولیان دووپات کردەوە و لەوێ قوربانی هاوبەشییان لەبەردەم یەزدان سەربڕی و لەوێ شاول و هەموو پیاوانی ئیسرائیل ئاهەنگێکی گەورەیان گێڕا.

دوا وتاری ساموئێل

12 ئینجا ساموئێل بە هەموو ئیسرائیلی گوت: «ئەوەتا من گوێم لە دەنگتان گرت، لە هەموو ئەو شتانەی کە پێتان گوتم، پاشایەکم بۆ دانان. ئێستاش تەماشا بکەن، پاشا لەپێشتان دەڕوات. بەڵام من پیر بووم و سەرم سپی بووە، کوڕەکانیشم لەگەڵتاندان. من هەر لە لاویێتیمەوە هەتا ئەمڕۆ لەپێشتانەوە ڕۆیشتووم. ئەوەتام و لەبەردەم یەزدان و دەستنیشانکراوەکەی شایەتیم لەسەر بدەن. ئایا گا و گوێدرێژی کێم بردووە؟ ئایا کێم هەڵخەڵەتاندووە؟ ئایا کێم چەوساندووەتەوە؟ ئایا بەرتیلم لە دەستی کێ وەرگرتووە تاکو چاوەکانم لە ئاستیدا دابخەم؟ پێم بڵێن تاکو بیگەڕێنمەوە.»

ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت هەڵنەخەڵەتاندووە و نەتچەوساندووینەتەوە و هیچت لە دەستی کەس وەرنەگرتووە.»

ساموئێلیش پێی گوتن: «یەزدان شایەتە لەسەرتان و دەستنیشانکراوەکەی ئەمڕۆ شایەتە کە ئێوە هیچ شتێکتان لەسەرم نییە.»

گوتیان: «شایەتە.»

ئینجا ساموئێل بە گەلی گوت: «ئەمە یەزدانە، ئەوەی موسا و هارونی دانا، ئەوەی باوباپیرانی ئێوەی لە خاکی میسر دەرهێنا. ئێستاش لێرە ڕابوەستن، بۆ ئەوەی لەبەردەمی یەزدان کارە ڕاستودروستەکانی ئەوتان بیربخەمەوە کە لەگەڵ ئێوە و باوباپیرانتان کردوویەتی.

«کە یاقوب چووە ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوەی لە میسر هێنایە دەرەوە و لەم شوێنەدا نیشتەجێی کردن.

«بەڵام یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لە یاد کرد و ئەویش ڕادەستی سیسرای فەرماندەی گشتی سوپای حاچۆر و فەلەستییەکان و پاشای مۆئابی کردن و جەنگیان لەگەڵ کردن. 10 ئینجا هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان: ”گوناهمان کرد، چونکە وازمان لە یەزدان هێنا و بەعلەکان و عەشتۆرەتەکانمان پەرست بەڵام ئێستا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان بکەوە و دەتپەرستین.“ 11 ئینجا یەزدان یەروبەعل[h] و باراک و یەفتاح و ساموئێلی نارد و لە دەست دوژمنەکانی دەوروبەرتان فریاتان کەوت و بە ئاسوودەیی دانیشتن.

12 «بەڵام کاتێک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکانتان بینی دێتە سەرتان، پێتان گوتم: ”نەخێر پاشایەکمان دەوێت فەرمانڕەوایەتیمان بکات،“ هەرچەندە یەزدانی پەروەردگارتان پاشاتان بوو. 13 ئێستاش ئەو پاشایەی کە هەڵتانبژارد و داواتان کرد، ئەوەتا یەزدان بۆی دانان. 14 ئەگەر لە یەزدان بترسن و بیپەرستن، گوێڕایەڵی بن و لە فەرمانەکانی یاخی نەبن، ئەگەر خۆتان و پاشاکەشتان کە پاشایەتیتان دەکات بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان بکەون، ئەوا باشەتان بۆ دەبێت. 15 بەڵام ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و لە فەرمانەکانی یەزدانتان یاخی بوون، ئەوا یەزدان لە دژتان دەبێت هەروەک چۆن لە دژی باوباپیرانتان بوو.

16 «هەروەها ئێستاش ڕابوەستن و ئەم کارە مەزنە ببینن کە یەزدان لەبەرچاوتاندا دەیکات. 17 ئایا ئەمڕۆ دروێنەی گەنم نییە؟ من بانگی یەزدان دەکەم و هەورەتریشقە و باران دەبارێنێت، جا بزانن و ببینن خراپەکەتان گەورەیە کە لەبەرچاوی یەزداندا کردووتانە، کە داوای پاشایەکتان بۆ خۆتان کرد.»

18 ئینجا ساموئێل لەبەردەم یەزدان نزای کرد و یەزدانیش لەو ڕۆژەدا هەورەتریشقە و بارانی باراند و هەموو گەل زۆر لە یەزدان و لە ساموئێل ترسان. 19 ئینجا هەموو گەل بە ساموئێلیان گوت: «لە پێناو خزمەتکارەکانت نزا بۆ یەزدانی پەروەردگارت بکە، با نەمرین، چونکە خراپەمان خستە پاڵ هەموو گوناهەکانمان کە بۆ خۆمان داوای پاشامان کرد.»

20 ساموئێلیش بە گەلی گوت: «مەترسن! ئێوە هەموو ئەم خراپەیەتان کردووە، بەڵام لە ڕێگەی یەزدان لامەدەن و بە هەموو دڵتانەوە خزمەتی بکەن. 21 لامەدەن تاکو بەدوای شتی پووچەوە بکەون کە سوودیان نییە و فریاتان ناکەون، چونکە پڕوپووچن. 22 یەزدان لە پێناوی ناوە مەزنەکەی خۆی واز لە گەلی خۆی ناهێنێت، چونکە یەزدان خوازیاربوو بتانکاتە گەلی خۆی. 23 هەروەها منیش، حاشا گوناه لە دژی یەزدان بکەم و دەست لە پاڕانەوە هەڵبگرم لە پێناوی ئێوە، بەڵکو ڕێگای چاک و ڕاستتان پیشان دەدەم. 24 تەنها لە یەزدان بترسن، بە هەموو دڵتانەوە بە ڕاستی بیپەرستن، چونکە ببینن چ کارێکی مەزنی لەگەڵتاندا کردووە. 25 بەڵام ئەگەر خراپە بکەن، خۆتان و پاشاکەتان ڕادەماڵرێن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.