Chronological
لەدایکبوونی ساموئێل
1 پیاوێک هەبوو لە ڕاماتەیمی چوفییەکان لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم، ناوی ئەلقانەی کوڕی یەرۆحامی کوڕی ئەلیهوی کوڕی تۆحوی کوڕی چوفی ئەفرایمی بوو. 2 دوو ژنی هەبوو، یەکێکیان ناوی حەنا و ئەوی دیکەیان ناوی پەنینا بوو، پەنینا منداڵی هەبوو، بەڵام حەنا منداڵی نەبوو.
3 ئەم پیاوە هەموو ساڵێک لە شارۆچکەکەیەوە دەچوو بۆ کڕنۆشبردن و سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە شیلۆ و لەوێ دوو کوڕەکەی عێلی کاهینی یەزدان بوون، کە یەکێکیان ناوی حۆفنی و ئەوی دیکەیان ناوی فینەحاس بوو. 4 جا کە ڕۆژی ئەوە هات ئەلقانە قوربانی سەرببڕێت و بەشی پەنینای ژنی و هەموو کوڕ و کچەکانی بدات، 5 بەڵام دوو بەشی دایە حەنا، چونکە حەنای خۆشدەویست هەرچەندە یەزدان منداڵدانی بەستبوو. 6 هەوێیەکەشی بەردەوام پەستی دەکرد بۆ ئەوەی بێزاری بکات، چونکە یەزدان وەجاخی کوێر کردبوو. 7 وای دەکرد، ساڵ لەدوای ساڵ هەر کاتێک حەنا بۆ ماڵی یەزدان بچووایە، هەوێیەکەی ئاوا پەستی دەکرد، بۆیە حەنا دەستی بە گریان کرد و نانی نەخوارد. 8 ئیتر ئەلقانەی مێردی پێی گوت: «حەنا، بۆچی دەگریت و نان ناخۆیت؟ بۆچی دڵگرانیت؟ ئایا من لە دە کوڕ چاکتر نیم بۆت؟»
9 لەدوای ئەوەی لە شیلۆ نانیان خوارد و خواردییانەوە، حەنا هەستا، عێلی کاهینیش لەسەر کورسییەک لەلای چوارچێوەی دەرگای چادری پەرستنی یەزدان دانیشتبوو. 10 حەناش بە پەژارەوە نوێژی بۆ یەزدان کرد و دایە پڕمەی گریان. 11 حەنا نەزرێکی[a] کرد و گوتی: «یەزدانی سوپاسالار، ئەگەر بەڕاستی تەماشای داماوی کارەکەرەکەت بکەیت و بە یادی خۆتم بهێنیتەوە، کارەکەرەکەت لەبیر نەکەیت و کوڕێکی پێبدەیت، ئەوا من ژیانی کوڕەکە بە یەزدان دەبەخشم و گوێزان بەسەر سەریدا نایەت.»
12 ئەوە بوو کە لەبەردەم یەزدان زۆر نوێژی کرد و عێلیش سەیری دەمی دەکرد، 13 حەناش لە دڵی خۆیدا دەیگوت و تەنها لێوەکانی دەجوڵانەوە و دەنگی نەدەبیسترا، عێلی وای زانی سەرخۆشە. 14 جا پێی گوت: «هەتا کەی سەرخۆش دەبیت؟ شەرابەکەت لە خۆت دووربخەرەوە.»
15 حەناش وەڵامی دایەوە و گوتی: «نەخێر گەورەم، من ژنێکی دڵتەنگم، شەراب و خواردنەوەی مەستیم نەخواردووەتەوە، بەڵکو دەردی دڵی خۆم لەبەردەم یەزدان هەڵدەڕێژم. 16 کارەکەرەکەت بە کچێکی بەدکار مەزانە، لەبەر خەم و خەفەتی زۆرم، هەتا ئێستا قسەم دەکرد.»
17 عێلیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «بڕۆ بە سەلامەتی و با خودای ئیسرائیل ئەو داواکارییەت پێبدات کە لێت داوا کردووە.»
18 حەناش گوتی: «با کەنیزەکەت لەبەرچاوانت پەسەند بێت.» ئینجا حەنا بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت و نانی خوارد و خەم لە ڕووی ڕەوییەوە.
19 بەیانی زوو لە خەو هەستان و لەبەردەم یەزدان کڕنۆشیان برد و گەڕانەوە، هاتنەوە ماڵەکەی خۆیان لە ڕامە. ئیتر ئەلقانە لەگەڵ حەنای ژنی جووت بوو و یەزدانیش بە یادی خۆی هێنایەوە. 20 ئەوە بوو لەو ساڵەدا حەنا سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و ناوی لێنا ساموئێل، گوتی: «چونکە داوام لە یەزدان کرد.»
حەنا ساموئێل تەرخان دەکات
21 ئینجا ئەلقانە و سەرجەم ماڵەکەی چوون بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆ یەزدان و بەجێهێنانی نەزرەکەی. 22 بەڵام حەنا نەچوو و بە مێردەکەی گوت: «پاش ئەوەی کوڕەکە لە شیر دەبڕدرێتەوە، دەیبەم هەتا لەبەردەم یەزدان پێشکەش بکرێت و هەتاهەتایە لەوێ بمێنێتەوە.»
23 ئەلقانەی مێردیشی پێی گوت: «خۆت چی بە باش دەزانیت ئەوە بکە و بمێنەوە هەتا لە شیری دەبڕیتەوە، تەنها با یەزدان وشەی خۆی بچەسپێنێت.» جا حەنا مایەوە و شیری بە منداڵەکەی دا هەتا ئەو کاتەی لە شیری بڕییەوە.
24 پاش ئەوەی لە شیری بڕییەوە، لەگەڵ خۆی سەری خست لەگەڵ گایەکی سێ ساڵان و یەک ئێفە[b] ئارد و مەشکەیەک شەراب و هێنای بۆ ماڵی یەزدان لە شیلۆ، کوڕەکەش هێشتا منداڵ بوو. 25 ئینجا گایەکەیان سەربڕی و کوڕەکەیان هێنایە لای عێلی، 26 حەنا گوتی: «گەورەم! منت لە یادە؟ دڵنیابە من ئەو ژنەم کە لێرە لەلای تۆ وەستام و نوێژم کرد بۆ یەزدان، 27 لە پێناوی ئەم منداڵە نوێژم کرد و یەزدانیش داواکارییەکەی پێدام کە لێم داوا کرد. 28 لەبەر ئەوە منیش دەیدەمەوە یەزدان، بۆ ئەوەی بە درێژایی ژیانی تەرخان بکرێت بۆ یەزدان.»
ئیتر ساموئێل لەوێ مایەوە و یەزدانی پەرست.
نوێژی حەنا
2 حەنا نوێژی کرد و گوتی:
«دڵم بە یەزدان شادە،
سەرم بە یەزدان بەرزە.
پێکەنینم بە دوژمنەکانم دێت،
لەبەر ئەوەی شادمانم بە ڕزگارییەکەت.
2 «کەس نییە پیرۆز وەک یەزدان،
بێجگە لە تۆ کەس نییە،
هیچ تاشەبەردێک نییە وەک خودامان.
3 «بە لووتبەرزی زۆرەوە مەدوێن،
با قسەی زل لە دەمتان دەرنەچێت،
چونکە یەزدان خودایەکی بەئاگایە،
ئەوە کارەکان هەڵدەسەنگێنێت.
4 «کەوانی پاڵەوانەکان تێکشکێنران و
شکستخواردووەکانیش هێزیان بەبەردا کرا.
5 تێرەکان خۆیان بەکرێ دا بۆ نان و
برسییەکانیش نانیان لەبەر مایەوە.
نەزۆک حەوت منداڵی بوو و
ئەوەی کوڕی زۆر بوو نائومێد بوو.
6 «یەزدان مرۆڤ دەمرێنێت و زیندووشی دەکاتەوە،
دەیباتە جیهانی مردووان و هەڵیشیدەستێنێتەوە.
7 یەزدان مرۆڤ هەژار و دەوڵەمەند دەکات،
نزم دەکاتەوە و بەرزیشی دەکاتەوە.
8 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە،
کڵۆڵیش لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
هەتا لەگەڵ میران دایاننیشێنێت و
تەختی شکۆمەندی بکات بە میراتیان.
«چونکە کۆڵەکەکانی زەوی هی یەزدانن
جیهانی لەسەر داناوە.
9 پێی خۆشەویستانی خۆی دەپارێزێت،
بەڵام بەدکاران لە تاریکیدا بێدەنگ دەبن.
«مرۆڤ بە هێز زاڵ نابێت،
10 نەیارانی یەزدان تێکدەشکێنرێن.
لە ئاسمانەوە بەسەریاندا دەگرمێنێت،
یەزدان حوکم بەسەر ئەوپەڕی زەویدا دەدات.
«هێز بە پاشای خۆی دەدات،
سەری دەستنیشانکراوەکەی بەرز دەکاتەوە.»
11 ئینجا ئەلقانە گەڕایەوە ڕامە بۆ ماڵی خۆی، بەڵام منداڵەکە لەلای عێلیی کاهین خزمەتی یەزدانی دەکرد.
کوڕە بەدکارەکانی عێلی
12 کوڕەکانی عێلیش بەدکار بوون و یەزدانیان نەدەناسی.
13 بەپێی ڕێوڕەسمی کاهینیێتی لەگەڵ گەل، کاتێک هەرکەسێک قوربانییەکی پێشکەش دەکرد، خزمەتکاری کاهینەکە لە کاتی لێنانی گۆشتەکە دەهات و چەنگاڵێکی سێ ددانی لەدەست بوو، 14 دەیکرد بەناو لەگەنەکە یان دەفرەکە یان تاوەکە یان مەنجەڵەکە. هەرچی بەسەر چەنگاڵەکەوە دەبوو، کاهین بۆ خۆی دەبرد. لە شیلۆ بەم شێوەیان دەکرد لەگەڵ هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی دەهاتنە ئەوێ. 15 هەروەها پێش ئەوەی پیوەکە[c] بسووتێنن، خزمەتکارەکەی کاهین دەهات و بەو پیاوەی دەگوت کە قوربانییەکەی کردبوو: «گۆشت بدە بە کاهین بۆ برژاندن، چونکە گۆشتی کوڵاوت لێ وەرناگرێت، بەڵکو تەنها خاو.»
16 پیاوەکەش پێی دەگوت: «با یەکەم جار پیوەکە بسووتێنرێت، پاشان هەرچی ئەوەی ئارەزووی دەکەیت بیبە.» ئەویش دەیگوت: «نا، بەڵکو ئێستا دەیدەیت، ئەگەر نا، بە زۆر دەیبەم.»
17 جا گوناهی هەرزەکارەکان لەبەردەم یەزدان زۆر گەورە بوو، چونکە خەڵکی سووکایەتییان بە پێشکەشکراوی یەزدان دەکرد.
18 بەڵام ساموئێل هەر لە منداڵییەوە لەبەردەم یەزدان خزمەتی دەکرد و ئێفۆدێکی کەتانی لەبەر بوو. 19 دایکیشی ساڵ لەدوای ساڵ کەوایەکی بچووکی بۆ دروستدەکرد و کە لەگەڵ مێردەکەی دەڕۆیشت بۆ سەربڕینی قوربانی ساڵانە بۆی دەبرد. 20 عێلیش بۆ ئەلقانە و ژنەکەی داوای بەرەکەتی کرد و گوتی: «یەزدان لەم ژنەوە وەچەت بۆ بخاتەوە لە جیاتی ئەوەی نوێژی بۆ کرد و بە یەزدانی دا.» ئینجا چوونەوە بۆ ماڵەکەی خۆیان. 21 جا کە یەزدان حەنای بەسەرکردەوە، سکی پڕ بوو و سێ کوڕ و دوو کچی بوو. لەو ماوەیەدا ساموئێلی کوڕی لەبەردەم یەزداندا گەورە بوو.
22 عێلی زۆر پیر بوو و هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە کوڕەکانی دەرهەق بە ئیسرائیل دەیانکرد و هەروەها چۆن جووت دەبوون لەگەڵ ئەو ژنانەی لەبەردەم دەرگای چادری چاوپێکەوتندا خزمەتیان دەکرد. 23 جا لێی پرسین: «بۆچی ئەم شتانە دەکەن؟ چونکە لەلای هەموو ئەم گەلە من ڕەفتارە خراپەکانتانم بیستووە. 24 نەخێر کوڕەکانم، ئەو هەواڵەی کە دەیبیستم لەنێو گەلی یەزدان بڵاو دەکرێتەوە باش نییە. 25 ئەگەر کەسێک دەرهەق بە کەسێک گوناه بکات، خودا ناوبژیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر کەسێک دەرهەق بە یەزدان گوناه بکات، کێ داکۆکی لێ دەکات؟» بەڵام گوێیان لە قسەی باوکیان نەگرت، چونکە یەزدان خوازیار بوو بیانمرێنێت.
26 بەڵام منداڵەکە، ساموئێل بەردەوام بوو لە گەشەکردن، یەزدان و خەڵکیش زیاتر لێی ڕازی دەبوون.
پێشبینی سەبارەت بە بنەماڵەی عێلی
27 ئینجا پیاوێکی خودا هات بۆ لای عێلی و پێی گوت: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئایا من بە ئاشکرا خۆمم بۆ ماڵی باوکت دەرنەخست، کاتێک لە میسر لە ماڵی فیرعەون بوون؟ 28 لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەڵمبژارد بۆ ئەوەی ببێت بە کاهینم، سەربکەوێت بۆ سەر قوربانگاکەم، بخوورم بۆ بسووتێنێت و لەبەردەممدا ئێفۆد لەبەر بکات. من هەموو قوربانییە بە ئاگرەکانی نەوەی ئیسرائیلم بە ماڵی باوکت دا. 29 ئیتر بۆچی سووکایەتی بە قوربانی و پێشکەشکراوەکەم دەکەن، ئەوەی لە نشینگەکەدا فەرمانم پێی کردووە؟ بۆچی لە من زیاتر ڕێز لە کوڕەکانت دەگریت، بە یەکەم بەری هەموو پێشکەشکراوەکانی ئیسرائیلی گەلەکەم خۆتان قەڵەو دەکەن؟“
30 «لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ”بێگومان من فەرمووم، ماڵی تۆ و ماڵی باوکت هەتاهەتایە لەبەردەمم هاتوچۆ دەکەن،“ بەڵام ئێستا یەزدان دەفەرموێت: ”لە من بەدوور بێت! چونکە ئەوەی ڕێزم بگرێت ڕێزداری دەکەم، ئەوانەی سووکایەتیم پێ بکەن سووک دەبن. 31 ڕۆژێک دێت هێزی بازووی خۆت و هێزی بازووی ماڵی باوکت لەناودەبەم، لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 32 تەنگانە لە نشینگەکەم دەبینیت، سەرەڕای ئەو چاکەیەی بۆ ئیسرائیلی دەبێت، هەتاهەتایە لە بنەماڵەکەتدا کەس ناگاتە تەمەنی پیری. 33 هەر یەکێک لە ئێوە کە لە قوربانگاکەی خۆم نەیبڕمەوە ئەوە بۆ کوێرایی هاتن بۆ چاوەکانت و داخبوونی دڵتە، هەموو وەچەی ماڵەکەت لە گەنجیێتیدا دەمرن.
34 «”ئەمەش نیشانەیە بۆت، بەسەر دوو کوڕەکەتدا دێت، بەسەر حۆفنی و فینەحاس، لە یەک ڕۆژدا هەردووکیان دەمرن. 35 کاهینێکی دڵسۆز [d] بۆ خۆم دادەنێم کە ئەوەی لە دڵ و دەروونمدایە بیکات و ماڵێکی ئاسوودەی بۆ بنیاد دەنێم و لەبەردەم دەستنیشانکراوەکەم[e] بە درێژایی ڕۆژان هاتوچۆ دەکات. 36 هەرکەسێکیش کە لە بنەماڵەکەت دەمێنێتەوە دێت تاکو بۆ پارچە زیوێک و کولێرەیەک کڕنۆش بۆ ئەو کاهینە ببات، دەڵێت: ئەرکێکی کاهینیێتیم پێ بسپێرە بۆ ئەوەی بتوانم کولێرەیەک بخۆم.“»
یەزدان ساموئێل بانگ دەکات
3 منداڵەکەش، ساموئێل، لەلای عێلی خزمەتی یەزدانی دەکرد و لەو ڕۆژانەدا فەرمایشتی یەزدانیش دەگمەن بوو، پێشبینیش زۆر ڕانەدەگەیەنرا.
2 لەو کاتەی عێلی چاوەکانی کز ببوون و توانای بینینی نەبوو، شەوێکیان لە شوێنەکەی خۆیدا پاڵکەوتبوو، 3 ساموئێلیش لە چادری پەرستنی یەزدان پاڵکەوتبوو، کە سندوقی خودای لێبوو، بەر لەوەی چرای خودا بکوژێتەوە، 4 جا یەزدان ساموئێلی بانگکرد.
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.» و 5 ڕایکرد بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.» ئەویش ڕۆیشت و پاڵکەوتەوە.
6 یەزدان دووبارە ساموئێلی بانگکردەوە، ساموئێلیش هەستا و بۆ لای عێلی ڕۆیشت و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
عێلیش گوتی: «کوڕم بانگم نەکردوویت، بگەڕێوە و پاڵبکەوە.»
7 ساموئێلیش هێشتا یەزدانی نەناسیبوو و هێشتا فەرمایشتی یەزدانی بۆ ڕانەگەیەنرابوو.
8 بۆ سێیەم جار یەزدان ساموئێلی بانگکردەوە، ئەویش هەستا و ڕۆیشت بۆ لای عێلی و گوتی: «ئەوەتام، چونکە بانگت کردم.»
ئینجا عێلی تێگەیشت کە یەزدانە منداڵەکە بانگ دەکات. 9 جا عێلی بە ساموئێلی گوت: «بڕۆ و پاڵبکەوە، ئەگەر بانگی کردیت، بڵێ: ”بفەرموو یەزدان، بەندەت گوێی گرتووە.“» ساموئێلیش ڕۆیشت و لە شوێنەکەی خۆی پاڵکەوتەوە.
10 ئینجا یەزدان هات و وەستا و وەک جارەکانی پێشوو بانگی کرد: «ساموئێل! ساموئێل!»
ساموئێلیش گوتی: «بفەرموو، بەندەت گوێی گرتووە.»
11 یەزدانیش بە ساموئێلی فەرموو: «ئەوەتا من لەناو ئیسرائیلدا خەریکە شتێک دەکەم، کە گوێیەکانی هەرکەسێک بیبیستێت بزرنگێتەوە. 12 لەو ڕۆژەدا هەموو ئەوەی لە دژی عێلیم فەرموو سەبارەت بە ماڵەکەی، لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی جێبەجێی دەکەم. 13 من پێم ڕاگەیاند کە بۆ هەتاهەتایە سزا بەسەر بنەماڵەکەیدا دەسەپێنم لەبەر ئەو گوناهەی کە خۆی دەیزانێت، چونکە کوڕەکانی کفریان بە خودا کرد و ئەویش ڕێی لێ نەگرتن. 14 لەبەر ئەوە سوێندم بۆ ماڵی عێلی خوارد، کە تاوانەکەی بنەماڵەی عێلی کەفارەتی بۆ نەکرێت، نە بە قوربانی سەربڕاو و نە بە پێشکەشکراو هەتاهەتایە.»
15 ئینجا ساموئێل هەتا بەیانی پاڵکەوت و دەرگاکانی ماڵی یەزدانی واڵا کرد. ساموئێل ترسا ئەو بینینە بە عێلی ڕابگەیەنێت. 16 ئینجا عێلی ساموئێلی بانگکرد و گوتی: «کوڕم ساموئێل.»
ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»
17 عێلی گوتی: «ئەو قسەیە چی بوو کە پێی فەرموویت؟ تکایە لێمی مەشارەوە. خودا توندترین سزات بدات، ئەگەر وشەیەکم لێ بشاریتەوە لە هەموو ئەوەی پێی فەرموویت.» 18 ساموئێلیش تەواوی فەرموودەکەی پێ گوت و هیچی لێی نەشاردەوە، ئەویش گوتی: «خۆی یەزدانە، ئەوەی بە باشی بزانێت با بیکات.»
19 ساموئێل گەشەی دەکرد، یەزدانیش لەگەڵی بوو، نەیهێشت هیچ یەکێک لە قسەکانی ساموئێل بشکێت. 20 جا هەموو ئیسرائیل هەر لە دانەوە هەتا بیری شابەع[f] زانییان کە ساموئێل متمانەپێکراوە ببێت بە پێغەمبەری یەزدان. 21 یەزدان بەردەوام لە شیلۆ خۆی بۆ دەردەخست، چونکە لەوێ بە ڕێگەی فەرمایشتەکەیەوە خۆی بۆ ساموئێل ئاشکرا کردبوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.