Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ڕابەران 16-18

شەمشون و دەلیلا

16 پاشان شەمشون چوو بۆ غەزە و لەوێ لەشفرۆشێکی بینی و چووە ژوورەوە بۆ لای. ئینجا بە غەزەییەکان گوترا: «شەمشون هاتووە بۆ ئێرە!» جا چواردەوری شوێنەکەیان گرت و بە درێژایی شەو لە نزیک دەروازەی شارەکەدا خۆیان بۆ مات کرد و گوتیان: «بەرەبەیان دەیکوژین.»

شەمشونیش هەتا نیوەشەو پاڵکەوت و پاشان لە نیوەی شەودا هەستا و هەردوو لای دەروازەی شارەکە بە تەواوی لەگەڵ دوو کۆڵەکەکە و شمشیرەکەی[a] دەرهێنا و خستنییە سەر شانی و بردنییە سەرەوە بۆ سەر چیاکەی بەرامبەر حەبرۆن.

پاش ئەوە ئافرەتێکی لە دۆڵی سۆرێقدا خۆشویست کە ناوی دەلیلا بوو. ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان چوونە لای دەلیلا و پێیان گوت: «مەکری لەگەڵ بکە و تەماشا بکە بزانە نهێنی ئەو هێزە مەزنەی چییە و بە چی بەسەریدا زاڵ بین و پەلبەستی بکەین بۆ ئەوەی ملکەچی بکەین، ئینجا هەریەک لە ئێمە هەزار و سەد شاقل[b] زیوت پێدەدەین.»

جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «پێم بڵێ نهێنی هێزە گەورەکەت چییە و بە چی دەبەسترێیتەوە هەتا ملکەچ بکرێیت؟»

شەمشونیش پێی گوت: «ئەگەر بە حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوە بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان حەوت ژێی تەڕی وشک نەبووەوەیان بۆ دەلیلا سەرخست و پێی بەستایەوە. کەسانی بۆسەکە لە ژوورەکە لەلای مابوونەوە، دەلیلا پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» شەمشونیش ژێیەکانی بڕی، وەک پچرانی پەت کاتێک لە ئاگر نزیک دەبێتەوە، جا نەزانرا نهێنی هێزەکەی چییە.

10 جا دەلیلا بە شەمشونی گوت: «ئەوەتا گاڵتەت پێکردم و درۆت لەگەڵ کردم، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»

11 ئەویش پێی گوت: «ئەگەر بە گوریسی نوێی بەکارنەهاتوو بمبەستنەوە، بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

12 ئینجا دەلیلا چەند گوریسێکی نوێی هێنا و پێی بەستایەوە و پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» بۆسەکەش لە ژوورەکەدا لەلای مابووەوە، جا گوریسەکەی وەک دەزوو لە قۆڵی کردەوە.

13 دەلیلاش بە شەمشونی گوت: «هەتا ئێستا گاڵتەم پێ دەکەیت و درۆم لەگەڵ دەکەیت، ئێستا پێم بڵێ بە چی دەبەسترێیتەوە؟»

ئەویش پێی گوت: «ئەگەر حەوت تیسک[c] لە پرچم بە ڕایەڵی تەونێکەوە بچنیتەوە و لە تەختە دارێک گرێی بدەیت، ئەو کاتە بێهێز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.» جا کاتێک خەوتبوو، دەلیلا حەوت تیسک لە پرچی بە ڕایەڵی تەونەکە چنییەوە و 14 لە تەختە دارێک گرێی دا.

جارێکی دیکە پێی گوت: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!» جا لە خەوەکەی بەئاگا هات و تەختە دار و تەونەکە و ڕایەڵەکەی هەڵتەکاند.

15 ئینجا پێی گوت: «چۆن دەڵێیت ”تۆم خۆشدەوێ“ و دڵیشت لەگەڵمدا نییە؟ ئەوەتا ئەمە سێ جارە گاڵتەم پێ دەکەیت و پێم ناڵێیت نهێنی هێزە گەورەکەت چییە.» 16 جا لەبەر ئەوەی تەنگی پێهەڵچنی بوو و هەموو ڕۆژێک لێی دووبارە دەکردەوە، هەتا وەڕسی کردبوو.

17 بۆیە هەموو دڵی خۆی بۆ کردەوە و پێی گوت: «گوێزان بەسەر سەرمدا نەهاتووە، چونکە لە سکی دایکمەوە بۆ خودا تەرخانکراوم[d]. جا ئەگەر سەرم بتاشرێت هێزەکەم لێم دەڕوات و لاواز دەبم و وەک کەسێکی ئاساییم لێدێت.»

18 جا دەلیلا کە بینی هەموو ئەوەی لە دڵیدایە پێی گوت، حوکمڕانە فەلەستییەکانی بانگکرد و گوتی: «ئەم جارە سەربکەون، چونکە هەموو ئەوەی کە لە دڵیدا بوو پێی گوتم.» ئینجا حوکمڕانە فەلەستییەکان سەرکەوتنە سەرەوە بۆ لای و زیوەکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد. 19 ئینجا لەسەر ڕانی خەواندی و پیاوێکی بانگکرد و هەر حەوت تیسکەکەی سەری تاشی و دەستی بە زەلیلی کرد و هێزەکەی لە دەست دا.

20 ئینجا گوتی: «شەمشون، فەلەستییەکان هاتنە سەرت!»

جا ئەویش لە خەو خەبەری بووەوە و گوتی: «وەک هەموو جارێک دەچمە دەرەوە و خۆم ڕادەتەکێنم و ئازاد دەبم.» بەڵام نەیزانی یەزدان بەجێی هێشتووە.

21 جا فەلەستییەکان گرتیان و چاویان هەڵکۆڵی و بردیانە خوارەوە بۆ غەزە و بە زنجیری بڕۆنز بەستیانەوە و لە زینداندا ئیشی دەستاڕی دەکرد. 22 بەڵام مووی سەری دەستی بە هاتنەوە کرد پاش ئەوەی تاشرابوو.

مردنی شەمشون

23 حوکمڕانە فەلەستییەکانیش کۆبوونەوە بۆ ئەوەی قوربانییەکی گەورە بۆ داگۆنی خوداوەندیان سەر ببڕن و ئاهەنگ بگێڕن و گوتیان: «خوداوەندەکەمان شەمشونی دوژمنمانی داوەتە دەستمان.»

24 جا کە گەل بینییان ستایشی خوداوەندەکەیان کرد، چونکە گوتیان:

«خوداوەندەکەمان ئەو دوژمنەمانی
    دایە دەستمان
کە خاکەکەی ئێمەی وێران کرد و
    زۆری لێ کوشتین.»

25 پاش ئەوەی دڵیان خۆش بوو، گوتیان: «شەمشون بانگ بکەن هەتا جۆش و خرۆشمان پێبدات.» ئینجا شەمشونیان لە زیندانەوە بانگکرد و لەبەردەمیاندا نوواندنی بۆ دەکردن.

کاتێک لەنێوان کۆڵەکەکان ڕایانوەستاند، 26 شەمشون بەو مێردمنداڵەی گوت کە دەستی گرتبوو: «لێمگەڕێ با دەست بدەمە کۆڵەکەکان کە پەرستگاکەی لەسەر ڕاوەستاوە هەتا خۆمیان پێوە بگرم.» 27 پەرستگاکەش پڕ بوو لە پیاو و ئافرەت و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیش لەوێ بوون، لە سەربانەکەش سێ هەزار پیاو و ئافرەتی لێبوو، تەماشای شەمشونیان دەکرد نوواندنی بۆ دەکردن. 28 جا شەمشون هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، تکایە بە بیری خۆتم بهێنەرەوە، تکایە بەهێزم بکە، تەنها ئەم جارە ئەی خودایە، بۆ ئەوەی بە یەک جار تۆڵەی چاوم لە فەلەستییەکان بکەمەوە.» 29 ئینجا شەمشون دوو کۆڵەکەکەی ناوەندی گرت کە پەرستگاکە لەسەریان ڕاوەستابوو و خۆی پێیانەوە گرت، یەکێکیان لەلای دەستە ڕاستی و ئەوی دیکەیان لەلای دەستە چەپی. 30 ئینجا شەمشون گوتی: «با لەگەڵ فەلەستییەکاندا بمرم!» جا بە هەموو هێزی چەمایەوە و پەرستگاکە بەسەر حوکمڕانەکان و هەموو ئەو خەڵکەی تێیدا بوون ڕووخا، جا ئەوانەی لە کاتی مردنیدا کوشتنی زیاتر بوون لەوانەی لە ژیانیدا کوشتنی.

31 ئینجا براکانی و هەموو ماڵی باوکی دابەزین و هەڵیانگرت و بردیانە سەرەوە، لەنێوان چۆرعا و ئەشتائۆل لەناو گۆڕی مانۆوەحی باوکی ناشتیان. ئەویش بیست ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

بتەکانی میخا

17 پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم هەبوو ناوی میخا بوو. بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل[e] زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»

دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»

کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»

جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی[f] برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.

جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد[g] و بتی[h] دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی. لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.

گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو. لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.

میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟»

ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»

10 میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل[i] زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و 11 ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی. 12 ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا. 13 جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»

دانییەکان لە لەیش نیشتەجێ بوون

18 لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو.

لەو ڕۆژانەشدا هۆزی دانییەکان بەدوای شوێنێکدا دەگەڕان بۆ نیشتەجێبوون، چونکە هەتا ئەو ڕۆژەش لەنێو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هیچ میراتێکیان بەرنەکەوتبوو. جا نەوەی دان لە چۆرعا و لە ئەشتائۆلەوە پێنج جەنگاوەری لێهاتوویان لە تێکڕای خێڵەکەیانەوە نارد، بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن و بیپشکنن، پێیان گوتن: «بڕۆن و خاکەکە بپشکنن.»

جا ئەوانیش هاتن بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا و لەوێ مانەوە. لەو کاتەدا کە ئەوان لە نزیک ماڵی میخا بوون، دەنگی کوڕە لێڤییەکەیان ناسییەوە و چوون بۆ ئەوێ و لێیان پرسی: «کێ تۆی هێناوە بۆ ئێرە؟ لەم شوێنە چی دەکەیت؟ چیت لێرە هەیە؟»

ئەویش پێی گوتن: «میخا ئەمە و ئەوەی بۆ کردووم و بە کرێی گرتووم و بووم بە کاهینی.»

ئەوانیش پێیان گوت: «تکایە لە خودا بپرسە و بزانە لەو ڕێگایەدا سەرکەوتوو دەبین کە پێیدا دەڕۆین؟»

کاهینەکەش وەڵامی دانەوە: «بە سەلامەتی بڕۆن، ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن چاوی یەزدانی لەسەرە.»

ئینجا پێنج پیاوەکە ڕۆیشتن و هاتنە لەیش، تەماشایان کرد ئەو گەلەی تێیدایە بە ئاسوودەیی دەژین، وەک نەریتی سەیدائییەکان، ئاسوودە و خاوەن متمانە بوون، چونکە زەوییەکە لە هیچ شتێکدا کەموکوڕی نەبوو و دەوڵەمەندیش بوون. جگە لەوەش لە سەیدائییەکانەوە دووربوون و پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.

جا هاتنەوە بۆ لای خزمەکانیان بۆ چۆرعا و ئەشتائۆل و خزمەکانیان لێیان پرسین: «ها هەواڵ چی بوو؟»

ئەوانیش گوتیان: «هەستن با بچینە سەریان، چونکە بینیمان خاکەکە زۆر چاکە، جا بێدەنگ مەبن و لە ڕۆیشتن تەمبەڵی مەکەن بۆ ئەوەی بچنە ناو خاکەکەوە و ببن بە خاوەنی. 10 کاتێک دەگەنە ئەوێ، گەلێکی خاوەن متمانە و خاکێکی لە دوو لاوە بەر فراوان دەبینن. خودا خستوویەتییە ژێر دەستتانەوە و شوێنێکە لەسەر ڕووی زەوی کەموکوڕی لە هیچ شتێک نییە.»

11 ئیتر شەش سەد پیاوی چەکدار لە خێڵی دانییەکان لە چۆرعا و ئەشتائۆلەوە بۆ شەڕکردن بەڕێکەوتن. 12 پیاوەکان سەرکەوتن و لە قیریەت یەعاریم لە یەهودا چادریان هەڵدا، لەبەر ئەوە هەتا ئەمڕۆش بەو شوێنە دەگوترێت مەحەنێی دان[j]، شوێنەکەش لە ڕۆژئاوای قیریەت یەعاریمەوەیە. 13 لەوێشەوە پەڕینەوە بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و هاتن بۆ ماڵی میخا.

14 ئینجا ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکی لەیشەوە چووبوون، بە خزمەکانیان گوت: «ئایا دەزانن لەم ماڵەدا ئێفۆد و بت و پەیکەری داتاشراو و بتی لەقاڵبدراو هەیە؟ کەواتە ئێستا بیربکەنەوە چی بکەن.» 15 ئینجا ڕوویان کردە ئەوێ و هاتن بۆ ماڵی میخا، سڵاویان لە کوڕە لێڤییەکە کرد. 16 شەش سەد پیاوە چەکدارەکەی نەوەی دان بە هەموو چەک و تفاقەوە لەبەردەم دەرگاکە ڕاوەستان. 17 ئەو پێنج پیاوەی کە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە چووبوون، سەرکەوتن و چوونە ژوورەوە بۆ ئەوێ، پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکەش لەبەردەم دەرگاکە لەگەڵ شەش سەد پیاوە چەکدارەکە ڕاوەستابوو.

18 کاتێک پێنج پیاوەکە چوونە ناو ماڵی میخا و پەیکەرە داتاشراوەکە و ئێفۆدەکە و بتەکان و بتە لەقاڵبدراوەکەیان برد، کاهینەکە لێی پرسین: «ئەوە چی دەکەن؟»

19 ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بێدەنگ بە! دەستت بخەرە سەر دەمت و لەگەڵمان وەرە، ببە بە باوک و کاهینمان. چاکترە کاهینی ماڵی یەک پیاو بیت، یاخود کاهینی هۆزێک و خێڵێک لە ئیسرائیلدا؟» 20 ئیتر کاهینەکەش دڵخۆش بوو، ئێفۆدەکە و بتەکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی برد و چووە ڕیزی گەلەکەوە. 21 ئینجا ڕۆیشتن، منداڵ و ئاژەڵی ماڵی و هەرچی بەهادار بوو دایانە پێش خۆیان.

22 کاتێک لە ماڵی میخا دوورکەوتنەوە ئەو پیاوانەی کە لەناو ماڵەکانی نزیک ماڵی میخا بوون، دوای نەوەی دان کەوتن و پێیان گەیشتن. 23 هاواریان لە نەوەی دان کرد. ئەوانیش ئاوڕیان دایەوە و بە میخایان گوت: «ئەوە چیتە، پیاوەکانت بانگکردووە بۆ ئەوەی شەڕ بکەن؟»

24 ئەویش گوتی: «ئەو بتانەی دروستم کردن لەگەڵ کاهینەکە بردووتانە و ڕۆیشتوون، هیچم بۆ نەماوەتەوە، ئیتر چۆن پێم دەڵێن، ”ئەوە چیتە؟“»

25 نەوەی دانیش وەڵامیان دایەوە: «با لەنێوماندا گوێمان لە دەنگت نەبێت، نەوەک ئەم پیاوە سەرگەرمانە پەلامارت بدەن و گیانی خۆت و خێزانەکەت بکێشن.» 26 ئینجا نەوەی دان ڕێگای خۆیان گرتەبەر، کە میخاش بینی لەو بەهێزترن، گەڕایەوە و چووەوە بۆ ماڵەکەی.

27 بەڵام ئەوان ئەوەی میخا دروستی کردبوو لەگەڵ کاهینەکەیدا بردیان و چوونە لەیش، بۆ لای گەلێکی ئاسوودە و خاوەن متمانە، جا دایانە بەر شمشێر و شارەکەیان سووتاند. 28 کەسیش نەبوو بە هانای بگات، چونکە شارەکە لەناو دۆڵی بێت‌ڕەحۆڤ بوو کە لە سەیدائەوە دوور بوو، پەیوەندیشیان بە کەسەوە نەبوو.

ئینجا دانییەکان شارەکەیان بنیاد ناوە و تێیدا نیشتەجێ بوون و 29 شارەکەیان ناونا دان، بە ناوی دانی باپیر گەورەیانەوە کە یەکێک بوو لە کوڕەکانی ئیسرائیل[k]، بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لەیش بوو. 30 ئینجا نەوەی دان پەیکەرە داتاشراوەکەیان بۆ خۆیان دانا و یۆناتانی کوڕی گێرشۆمی کوڕی موسا خۆی و کوڕەکانی بوون بە کاهینی هۆزی دانییەکان هەتا ڕۆژی ڕاپێچکردنی خەڵکی خاکەکە. 31 بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە ماڵی خودا لە شیلۆ بوو، ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە میخا دروستی کردبوو بۆ خۆیان دایاننا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.