Chronological
3 ئەوانە ئەو نەتەوانەن کە یەزدان بەجێی هێشتن، بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکاتەوە، هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە شارەزاییان نەبوو دەربارەی هیچ کامێک لە جەنگەکانی کەنعان، 2 جا ئەوەی تەنها بۆ فێرکردنی نەوەی ئیسرائیل کرد بۆ جەنگ، ئەوانەی کە پێشتر شارەزاییان لە جەنگ نەبوو، 3 پێنج حوکمڕانەکەی فەلەستییەکان و هەموو کەنعانی و سەیدائی و حیڤییەکانی دانیشتووی زنجیرە چیای لوبنان، لە چیای بەعلحەرمۆنەوە هەتا دەروازەی حەمات. 4 ئەمانە بۆ تاقیکردنەوەی ئیسرائیل بوون، بۆ ئەوەی بزانرێت ئاخۆ گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان دەبن، ئەوانەی لە ڕێگەی موساوە فەرمانی بە باوباپیرانیان دابوو.
5 ئیتر کوڕانی ئیسرائیل لەنێو کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکاندا نیشتەجێ بوون. 6 کچەکانیان هێنان وەک ژن بۆ خۆیان و کچەکانی خۆشیان دا بە کوڕەکانی ئەوان و خوداوەندەکانی ئەوانیان پەرست.
عۆسنیێل
7 جا نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و یەزدانی پەروەردگاری خۆیان لەبیر چووەوە و بەعلەکان و ئەشێراکانیان پەرست. 8 تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا، لەبەر ئەوە ڕادەستی کوشەن ڕیشعاتەیمی[a] پاشای میسۆپۆتامیای[b] کردن. ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەشت ساڵ ژێردەستەی کوشەن ڕیشعاتەیم بوون. 9 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە و ڕزگاری کردن، ئەویش عۆسنیێلی کوڕی قەنەزی برای کالێب ئەوەی لەو بچووکتر بوو. 10 ڕۆحی یەزدان هاتە سەری و ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد. چوو بۆ جەنگ و یەزدانیش کوشەن ڕیشعاتەیمی پاشای ئارامی خستە ژێر دەستیەوە و بەسەر کوشەن ڕیشعاتەیمدا باڵادەست بوو. 11 چل ساڵ خاکەکە لە ئاشتیدا بوو، ئینجا عۆسنیێلی کوڕی قەنەز مرد.
ئێهود
12 دیسان نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، لەبەر ئەوە عەگلۆنی پاشای مۆئابی زاڵ کرد بەسەر ئیسرائیل، چونکە لەبەرچاوی یەزدان بەدکارییان کرد. 13 جا عەگلۆن عەمۆنی و عەمالێقییەکانی لە خۆی کۆکردەوە، چوو و ئیسرائیلی بەزاند، دەستی بەسەر شاری دار خورمادا گرت. 14 ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەژدە ساڵ ژێردەستەی عەگلۆنی پاشای مۆئاب بوون.
15 ئینجا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و یەزدانیش ڕزگارکەرێکی بۆیان هەستاندەوە، ئێهودی کوڕی گێرای بنیامینی، پیاوێکی چەپلەر[c] بوو. نەوەی ئیسرائیلیش سەرانەیان بە دەستی ئەودا نارد بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب. 16 ئێهود شمشێرێکی دوو دەمی بۆ خۆی دروستکرد کە درێژییەکەی باڵێک[d] بوو، لەژێر جلەکانییەوە لەسەر ڕانی ڕاستی لە خۆی بەست. 17 سەرانەکەی بۆ عەگلۆنی پاشای مۆئاب هێنا، عەگلۆنیش پیاوێکی زۆر قەڵەو بوو. 18 کاتێک ئێهود لە ڕادەستکردنی سەرانەکەی بووەوە، هەڵگرانی سەرانەکەی ڕەوانە کرد. 19 بەڵام ئەو لەلای بتەکانی گلگالەوە گەڕایەوە و گوتی: «ئەی پاشا، پەیامێکی نهێنیم پێیە بۆت.»
ئەویش گوتی: «بێدەنگ بن!» ئینجا هەموو ئەوانەی لەلای وەستا بوون چوونە دەرەوە.
20 ئیتر ئێهود هاتە ژوورەوە بۆ لای بۆ ژوورە فێنکەکەی سەرەوە کە لێی دانیشتبوو و بە تەنها هی خۆی بوو، ئێهود گوتی: «پەیامی خودام لەلایە بۆ تۆ.» ئەویش لەسەر کورسییەکە هەستا. 21 ئێهودیش دەستی چەپی درێژکرد و شمشێرەکەی لە ڕانی ڕاستی کردەوە و کردی بە ورگی دا. 22 دەسکەکەشی لەدوای تیخەکە چووە ناوەوە و تیخەکە لە پشتی دەرچوو. ئێهود شمشێرەکەی لە ورگی ڕانەکێشایەوە، پیوەکەی[e] هاتەوە سەر شمشێرەکە و پیساییەکەی هاتە دەرەوە. 23 ئینجا ئێهود چووە دەرەوە بۆ هەیوانەکە، دەرگاکانی سەرەوەی بەدوای خۆیدا داخست و کلیلی دان.
24 لەدوای ئەوەی ڕۆیشت، خزمەتکارەکان هاتن و سەیریان کرد بینییان دەرگاکانی ژوورەکەی سەرەوە داخراوە، گوتیان: «بێگومان لە ژوورە فێنکەکە لە ئاودەستە.» 25 ئیتر چاوەڕێیان کرد هەتا نیگەران بوون. کاتێک بینییان دەرگاکانی سەرەوە ناکاتەوە، بۆیە دەستیان دایە کلیلەکە و کردیانەوە، بینییان گەورەکەیان لەسەر زەوی بە مردوویەتی کەوتووە.
26 بەڵام کاتێک ئەوان لە چاوەڕوانی بوون ئێهود دەرباز بوو، بەلای بتەکانیاندا تێپەڕی و دەرباز بوو بۆ سێعیرا. 27 کاتێک هات لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم کەڕەنای لێدا و کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵی لە چیاکە هاتنە خوارەوە و ئەو لەپێشیانەوە بوو.
28 پێی گوتن: «دوام بکەون، چونکە یەزدان دوژمنە مۆئابییەکانی ئێوەی خستە ژێر دەستتان.» ئەوانیش بەدوایدا هاتنە خوارەوە و تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردونیان گرت کە دەچووە مۆئاب و نەیانهێشت کەس تێبپەڕێت. 29 لەو کاتەدا لە مۆئاب نزیکەی دە هەزار پیاویان کوشت، لە هەموو پاڵەوانێکی کەڵەگەت، کەس دەرباز نەبوو. 30 مۆئابییەکان لەو ڕۆژەدا ژێردەستەی ئیسرائیل بوون، خاکەکەش هەشتا ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
شەمگەر
31 لەدوای ئێهود شەمگەری کوڕی عەنات بوو، کە شەش سەد پیاوی لە فەلەستییەکان بە گۆچانی گاوانی کوشت، هەروەها ئەویش ئیسرائیلی ڕزگار کرد.
دەڤۆرا
4 لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، 2 یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا. 3 لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.
4 دەڤۆراش پێغەمبەرێکی ژن بوو، ژنی لەپیدۆت بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد. 5 بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێتئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای. 6 ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «ئایا یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێ نەکردوویت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر؟ دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە. 7 ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»
8 باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»
9 دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆیت بۆت نابێتە مایەی شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش، 10 لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.
11 حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای[f] موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.
12 ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر. 13 سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتە نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.
14 دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە، چونکە ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە یەزدان سیسرای تێیدا خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە. 15 یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات. 16 باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما.
17 بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.
18 یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.
19 پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.
20 ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»
21 بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی[g] چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆی چوو و مێخەکەی کێشا بە لاجانیدا[h] و بە زەوییەکەدا خستی، ئەویش لە خەوێکی قووڵدا بوو، چونکە ماندوو بوو، ئیتر مرد.
22 لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.
23 خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد. 24 نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.
سروودی دەڤۆرا
5 ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەڤینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد:
2 «لە پێناوی پێشەوایەتیکردنی پێشەواکان لە ئیسرائیل و
لە پێناوی ئەوانەی لەنێو گەل خۆیان بەختکرد،
ستایشی یەزدان بکەن!
3 «ببیستن ئەی پاشایان، گوێ بگرن ئەی فەرمانڕەوایان!
من بۆ یەزدان سروود دەڵێم،
مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم.
4 «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر،
بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم،
زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد،
هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری.
5 چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا،
لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
6 «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات،
لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و
ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن.
7 گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون،
چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام،
هەستام وەک دایکێک لە ئیسرائیل.
8 چەند خودایەکی نوێیان هەڵبژاردبوو،
ئینجا شەڕ هاتە دەروازەکان.
ئایا هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک
لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل دەبینرا؟
9 دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە،
لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل،
ستایشی یەزدان بکەن!
10 «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون،
دانیشتوو لەسەر زینی لباد و
ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر،
گوێ بگرن 11 لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای حەوزەکان،
لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا،
کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل.
«ئینجا گەلی یەزدان
بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن.
12 ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا!
هەستە، هەستە، سروود بڵێ!
هەستە، ئەی باراک!
ئەی کوڕی ئەڤینۆعەم دیلەکانت بگرە.“
13 «ئینجا پاشماوەی گەل
هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان،
گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە،
لەگەڵ پاڵەوانەکان.
14 هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە،
لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت.
لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و
لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە.
15 سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و
نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک،
بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن.
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
16 بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون،
بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟
لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن
دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو.
17 گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە،
بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟
ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و
لە بەندەرەکانی مایەوە.
18 زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست
لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ.
19 «پاشایان هاتن و جەنگان،
ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان
لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ،
هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت.
20 ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان،
لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان.
21 ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین،
ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە.
ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ!
22 ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا،
لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی.
23 فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن،
بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن،
چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان،
یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“
24 «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان،
یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی،
بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن.
25 داوای ئاوی کرد شیری پێدا،
لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی[i] بۆ هێنا.
26 دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و
دەستە ڕاستەی بۆ چەکوشی کرێکار.
لە سیسرای دا و سەری شکاند،
کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد.
27 لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو،
کەوت، ڕاکشا،
لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت،
لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و شێوێنرا.
28 «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و
لە کڵاوڕۆژنەوە[j] دەستی بە شیوەن کرد.
”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟
بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“
29 ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە،
بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە:
30 ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن،
کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک،
تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا،
جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو،
جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم،
هەمووی وەک تاڵانی؟“
31 «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان!
بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن
کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.»
ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.