Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 9-11

گبعۆنییەکان یەشوع فریودەدەن

ئینجا کاتێک هەموو ئەو پاشایانەی لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردونن، لە ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی[a] ڕۆژئاوای و لە هەموو کەنارەکانی دەریای سپی ناوەڕاست[b] تاکو لوبنان، حیتی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان ئەوەیان بیستەوە، بە یەک دەنگ پێکەوە کۆبوونەوە بۆ جەنگ لە دژی یەشوع و ئیسرائیل.

بەڵام دانیشتووانی گبعۆن کە بیستیانەوە یەشوع چی بە ئەریحا و عای کردووە، بە زۆرزانییەوە کاریان کرد و چوون وەک شاندێک[c] خۆیان پیشان دا، گوێدرێژەکانیان لە جەواڵە کۆن و مەشکە شەرابی کۆن و دڕاو و بەستراو بارکرد، پێڵاوی دڕاو و پینەکراویان لەپێکرد و جلی شڕیان لەبەرکرد، هەموو نانی ئازووقەکەیان وشک و کەڕووی هەڵهێنابوو. ئینجا بەرەو لای یەشوع چوون بۆ ئۆردوگاکە کە لە گلگال بوو، بە یەشوع و پیاوانی ئیسرائیلیان گوت: «لە وڵاتێکی دوورەوە هاتووین و ئێستا پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.»

پیاوانی ئیسرائیلیش بە حیڤییەکانیان گوت: «لەوانەیە ئێوە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە بن، ئیتر چۆن پەیمانتان لەگەڵدا ببەستین؟»

ئەوانیش بە یەشوعیان گوت: «ئێمە خزمەتکاری تۆین.»

یەشوعیش لێی پرسین: «ئێوە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکارەکانت لە وڵاتێکی زۆر دوورەوە هاتوون، لەبەر ناوی یەزدانی پەروەردگارت، چونکە ئێمە گوێمان لە هەواڵی یەزدانی پەروەردگارت بوو و لە بارەی هەموو ئەو کارانەی کە بەسەر میسری هێنا، 10 هەموو ئەوەی بە دوو پاشای ئەمورییەکانی کرد، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردون لەلای ڕۆژهەڵات بوون، سیحۆنی پاشای حەشبۆن و عۆگی پاشای باشان ئەوەی لە عەشتارۆت بوو. 11 جا پیرانمان و هەموو دانیشتووانی خاکەکەمان قسەیان لەگەڵ کردین و گوتیان: ”ئازووقەی ڕێگا لەگەڵ خۆتان ببەن و بڕۆن بۆ بینینیان، پێیان بڵێن: ئێمە خزمەتکاری ئێوەین و ئێستاش پەیمانمان لەگەڵدا ببەستن.“ 12 ئەو ڕۆژەی کە بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بێین بۆ لای ئێوە، لە ماڵەوە نانەکەمان بە گەرمی هێنا، بەڵام تەماشا بکە، ئێستا وشکە و کەڕووی هەڵهێناوە. 13 ئەمەش مەشکەی شەرابەکانمانە کە بە نوێتی پڕمان کردن و وا دڕاون، ئەمەش جلوبەرگ و پێڵاوەکانمانە کە لەبەر دووری ڕێگاکە کۆن بوون.»

14 جا پیاوانی ئیسرائیل لە ئازووقەکەیان وەرگرت[d]، بەڵام پرسیان بە یەزدان نەکرد. 15 یەشوعیش پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەست کە بە زیندوویی بیانهێڵێتەوە، ڕابەرەکانی گەلیش سوێندیان بۆ خواردن.

16 پاش تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر پەیمانەکەدا، بیستیانەوە کە گبعۆنییەکان لێیان نزیکن و دانیشتووی ئەو ناوچەیەن. 17 جا نەوەی ئیسرائیل بەڕێکەوتن و لە ڕۆژی سێیەمدا هاتنە شارەکانیان، ئەمانە شارەکانیان بوون: گبعۆن، کەفیرا، بئێرۆت و قیریەت یەعاریم. 18 نەوەی ئیسرائیلیش لێیان نەدان، چونکە ڕابەرەکانی گەل سوێندیان بە یەزدانی خودای ئیسرائیل بۆ خواردبوون.

لەبەر ئەوە هەموو گەل بۆڵەبۆڵیان لە دژی ڕابەرەکان کرد، 19 جا هەموو ڕابەرەکان بە هەموو گەلیان گوت: «ئێمە بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سوێندمان بۆ خواردن و ئێستاش ناتوانین دەستیان لێ بدەین، 20 ئەمەیان بۆ دەکەین و بە زیندوویی دەیانهێڵینەوە، بۆ ئەوەی تووڕەیی بەسەرماندا نەبارێت، بەهۆی ئەو سوێندەی کە بۆمان خواردوون.» 21 هەروەها ڕابەرەکان پێیان گوتن: «بە زیندوویی دەمێننەوە و بۆ هەموو گەل دەبن بە داربڕ و ئاوکێش.» بەم شێوەیە ڕابەرەکان بەڵێنیان پێدابوون.

22 ئینجا یەشوع گبعۆنییەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «بۆچی فریوتان داین و گوتتان: ”ئێمە زۆر لە ئێوەوە دوورین،“ ئێوە وا دانیشتووانی ئەم ناوەن؟ 23 ئێستا ئێوە نەفرەت لێکراون، کۆیلە و داربڕ و ئاوکێشتان لێ نابڕێت بۆ ماڵی خودام.»

24 ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە گوتیان: «خزمەتکارەکانت هەموو ئەو هەواڵەیان بیستووەتەوە کە یەزدانی پەروەردگارت فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو کە هەموو خاکەکەتان بداتێ و هەموو دانیشتووانی خاکەکەش لەبەردەمتان لەناو ببات. ئێمەش لەبەر گیانی خۆمان زۆر لە ئێوە ترساین و ئەم کارەمان کرد، 25 ئێستاش ئەوەتا لەبەردەستی ئێوەداین و چی بە باش و ڕاست دەزانیت ئەوەمان لەگەڵدا بکە.»

26 یەشوعیش ئاوای لێکردن و لە دەست نەوەی ئیسرائیل ڕزگاری کردن و نەیانکوشتن. 27 لەو ڕۆژەشدا یەشوع گبعۆنییەکانی کردە داربڕ و ئاوکێش بۆ کۆمەڵ و بۆ قوربانگای یەزدان، هەتا ئەمڕۆش ئەوە کاریانە لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت.

خۆر بەسەر گبعۆنەوە بەردەوامە

10 ئینجا کاتێک ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بیستییەوە کە یەشوع شاری عایی گرتووە و بە تەواوی قڕی کردووە[e]، ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەی کرد، هەمان شتی بە عای و پاشاکەی کردووە، دانیشتووانی گبعۆنیش پەیمانی ئاشتییان لەگەڵ ئیسرائیلدا بەستووە و لە نزیکیان دەژین؛ زۆر ترسا، چونکە گبعۆن شارێکی گەورە بوو، وەک یەکێک لە شارە پاشانشینەکان و لە عای گەورەتر بوو، هەموو پیاوەکانیشی پاڵەوان بوون. ئینجا ئەدۆنی سەدەقی پاشای ئۆرشەلیم بەدوای هۆهامی پاشای حەبرۆن و پیرامی پاشای یەرموت و یافیعی پاشای لاخیش و دەڤیری پاشای عەگلۆنیدا نارد و گوتی: «سەربکەون بۆ لام و یارمەتیم بدەن، لە گبعۆن دەدەین، چونکە پەیمانی ئاشتی لەگەڵ یەشوع و نەوەی ئیسرائیلدا بەستووە.»

ئینجا هەر پێنج پاشای ئەمورییەکان کۆبوونەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن، خۆیان و هەموو سوپاکانیان سەرکەوتن و چادریان هەڵدا لە دژی گبعۆن و جەنگیان لە دژی بەرپا کرد.

جا دانیشتووانی گبعۆن بەدوای یەشوعدا ناردیان بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال، پێیان گوت: «دەست لە خزمەتکارەکانت بەرمەدە. بە پەلە سەربکەوە بۆ لامان، ڕزگارمان بکە و یارمەتیمان بدە، چونکە هەموو پاشاکانی ئەمورییەکان ئەوانەی لە ناوچەی شاخاویدا نیشتەجێن لە دژمان گەلەکۆمەیان لێکردووین.»

بۆیە یەشوع لە گلگالەوە لەگەڵ هەموو سوپاکە و جەنگاوەرە قارەمانەکان سەرکەوتن. یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە ئەوانەم داوەتە دەست تۆ، کەسیان ناتوانێت لەبەردەمت ڕابوەستێت.»

یەشوع بە درێژایی ئەو شەوە لە گلگالەوە سەرکەوت و لەناکاو بۆیان هات. 10 یەزدانیش لەبەردەم ئیسرائیلدا سەری لێ شێواندن، لە گبعۆن لێدانێکی گەورەی لێدان و بە ڕێگای هەورازی بێت‌حۆرۆندا ڕاوی نان، هەتا عەزێقا و مەقێدا لێیدان. 11 هەروەها کاتێک لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵدەهاتن و لە نشێوەکەی بێت‌حۆرۆن بوون، یەزدان لە ئاسمانەوە بە تەرزەی گەورە لێیدان هەتا گەیشتنە عەزێقا و مردن. ئەوانەی کە بە تەرزە مردن زیاتر بوون لەوانەی کە نەوەی ئیسرائیل بە شمشێر کوشتیانن.

12 لەو ڕۆژەدا کە یەزدان ئەمورییەکانی دایە دەست نەوەی ئیسرائیل، یەشوع لەگەڵ یەزداندا دوا، لەبەرچاوی ئیسرائیلدا گوتی:

«ئەی خۆر بەسەر گبعۆنەوە ڕابوەستە و
    ئەی مانگ بەسەر دۆڵی ئەیالۆنەوە.
13 جا خۆر ڕاوەستا و
    مانگیش وەستا
هەتا گەل تۆڵەیان لە دوژمنەکانیان سەندەوە.»

ئایا ئەمە لە پەڕتووکی یاشاردا[f] نەنووسراوە؟

جا خۆر لەناو جەرگەی ئاسماندا ڕاوەستا و بۆ ماوەی یەک ڕۆژی تەواو لە ئاوابوون پەلەی نەکرد. 14 وەک ئەو ڕۆژە قەت نەبووە، نە لەپێشی و نە لەپاشی کە یەزدان ئاوا گوێ لە دەنگی کەسێک بگرێت، چونکە یەزدان بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل دەجەنگا!

15 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.

پێنج پاشاکە کوژران

16 پێنج پاشاکەش هەڵاتن و لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردەوە. 17 جا بە یەشوع ڕاگەیەنرا و گوترا کە پێنج پاشاکە لە ئەشکەوتێکدا لە مەقێدا خۆیان شاردووەتەوە، 18 یەشوعیش گوتی: «بەردی گەورە بۆ سەر دەمی ئەشکەوتەکە تل بکەنەوە و چەند پیاوێکی بەدیارەوە دابنێن بۆ چاودێرییان. 19 ئێوەش مەوەستن، بەڵکو دوای دوژمنەکانتان بکەون و لە پشتەوە لێیان بدەن، مەهێڵن بچنە ناو شارەکانیانەوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی داوەتە دەستتان.»

20 ئینجا کە یەشوع و نەوەی ئیسرائیل تەواو بوون لە لێدانیان بە گورزێکی جەرگبڕ هەتا لەناوچوون و ئەوانەی لێیان هەڵاتن چوونە ناو شارە قەڵابەندەکانەوە، 21 هەموو سوپا بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ لای یەشوع بۆ ئۆردوگاکە لە مەقێدا. کەس نەبوو لە دژی نەوەی ئیسرائیل زمان درێژ بکات.

22 ئینجا یەشوع گوتی: «دەمی ئەشکەوتەکە بکەنەوە و ئەو پێنج پاشایەم لە ئەشکەوتەکەوە بۆ بهێنە دەرەوە.» 23 ئەوانیش بەم جۆرەیان کرد و ئەو پێنج پاشایەیان لە ئەشکەوتەکەوە بۆ هێنایە دەرەوە، پاشای ئۆرشەلیم و حەبرۆن و یەرموت و لاخیش و عەگلۆن. 24 جا کە پاشاکانیان بۆ یەشوع هێنایە دەرەوە، یەشوع هەموو پیاوانی ئیسرائیلی بانگکرد و بە فەرماندەکانی سوپای گوت، ئەوانەی کە لەگەڵیدا ڕۆیشتبوون، «وەرنە پێشەوە و قاچتان لەسەر ملی ئەم پاشایانە دابنێن.» ئەوانیش چوونە پێش و قاچیان لەسەر ملیان دانا.

25 ئینجا یەشوع پێی گوتن: «مەترسن و ورە بەرمەدەن، بەهێز و ئازا بن، چونکە یەزدان ئاوا لە هەموو دوژمنەکانتان دەکات، کە ئێوە لە دژیان دەجەنگن.» 26 ئینجا یەشوع لێیدان و کوشتنی، هەر پێنجیانی لەسەر پێنج دار هەڵواسی، هەتا ئێوارە بە هەڵواسراوی لەسەر دارەکان مانەوە.

27 پاشان لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا، ئینجا لە دارەکان دایانگرتن و فڕێیان دانە ئەو ئەشکەوتەی خۆیان تێیدا شاردبووەوە، چەند بەردێکی گەورەشیان خستە سەر دەمی ئەشکەوتەکە، هەتا ئەمڕۆش لەوێن.

28 هەر لەو ڕۆژەدا یەشوع[g] مەقێدای گرت و دایە بەر زەبری شمشێر، پاشاکەی و هەموو گیانێکی تێدا بە تەواوی قڕکرد. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشای مەقێدا کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.

گرتنی زۆربەی شارەکانی باشوور

29 ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل لە مەقێداوە تێپەڕین بۆ لیڤنا، لە دژی لیڤنا جەنگان. 30 یەزدان شارەکەی لەگەڵ پاشاکەی دایە دەست ئیسرائیل و بە شمشێر لێیدا، لە خۆی و هەموو گیانێک کە تێیدا بوو. کەسی لێیان نەهێشت، ئەوەی بە پاشاکەی کرد کە بە پاشای ئەریحای کردبوو.

31 پاشان یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا لە لیڤنایەوە تێپەڕین بۆ لاخیش، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان. 32 یەزدان لاخیشی دایە دەست ئیسرائیل، لە ڕۆژی دووەمدا یەشوع گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ هەر گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، هەروەک چۆن یەشوع بە لیڤنای کردبوو. 33 لەو کاتەدا هۆرامی پاشای گەزەر بۆ پاڵپشتیکردنی لاخیش سەرکەوتبوو، بەڵام یەشوع لە خۆی و لەشکرەکەی دا و کەسی لێیان نەهێشت.

34 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە لاخیشەوە تێپەڕین بۆ عەگلۆن، گەمارۆیان دا و لە دژی جەنگان. 35 هەر لەو ڕۆژەدا گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، هەر لەو ڕۆژەدا هەموو گیانێکی زیندوویان تێدا بە تەواوی قڕکرد، بە دەردی لاخیشیان برد. 36 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل لە عەگلۆنەوە سەرکەوتن بۆ حەبرۆن و لە دژی جەنگان، 37 گرتیان و دایانە بەر زەبری شمشێر، لەگەڵ پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و هەموو گیانێکی زیندوو کە تێیدا بوو، کەسی لێیان نەهێشت، بە دەردی عەگلۆنیان برد، جا خۆی و هەموو گیانێکی زیندووی بە تەواوی قڕکرد کە تێیدا بوو.

38 ئینجا یەشوع و هەموو ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ دەڤیر و لە دژی جەنگان و 39 گرتیان، خۆی و پاشاکەی و هەموو شارۆچکەکانی و دایانە بەر زەبری شمشێر و هەرچی گیانی زیندووی تێدابوو بە تەواوی قڕیان کرد، کەسی لێیان نەهێشت، دەڤیر و پاشاکەی بە دەردی حەبرۆن و پاشاکەی برد، هەروەک چی بە لیڤنا و پاشاکەی کردبوو.

40 جا یەشوع هەموو خاکی ناوچە شاخاوییەکە و نەقەب و زوورگەکانی خۆرئاوا و قەدپاڵەکانی لەگەڵ هەموو پاشاکانیانی خستە ژێر ڕکێفی خۆی و کەسی لێیان نەهێشت، بەڵکو بە تەواوی هەموو هەناسەدانێکی لێ بڕی، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی دابوو. 41 یەشوع هەر لە قادێش بەرنێعەوە هەتا غەزە لێیدان، لە هەموو ناوچەی گۆشەن هەتا گبعۆن. 42 یەشوع هەموو ئەو پاشایانە و خاکەکەیانی بە یەک جار گرت، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بۆ پاڵپشتی ئیسرائیل جەنگا.

43 ئینجا یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا گەڕایەوە بۆ ئۆردوگاکە لە گلگال.

بەزاندنی پاشاکانی باکوور

11 ئینجا کاتێک یاڤینی پاشای حاچۆر ئەمەی بیستەوە، نێردراوی نارد بۆ لای یۆڤاڤی پاشای مادۆن و پاشای شیمرۆن و پاشای ئەکشاف و ئەو پاشایانەی لە باکوور لە چیان و لە دەشتایی عەراڤا خوارووی کینەرەت و لە زوورگەکانی خۆرئاوا و لە بەرزاییەکانی دۆرە لە ڕۆژئاوا، کەنعانییەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئەموری و حیتی و پریزی و یەبوسییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان و حیڤییەکانی بناری حەرمۆن لە خاکی میچپا. جا خۆیان و هەموو لەشکرەکانیان لەگەڵیان هاتنە دەرەوە، سوپایەکی گەورە وەک لمی کەناری دەریا، بە ئەسپ و گالیسکەیەکی زۆر زۆرەوە. ئینجا هەموو ئەو پاشایانە لە کاتی دیاریکراودا کۆبوونەوە و هاتن، لەلای جۆگەی مێرۆم چادریان هەڵدا بۆ ئەوەی لە دژی ئیسرائیل بجەنگن.

یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «لێیان مەترسە، چونکە سبەینێ لەم کاتەدا هەموویان بە کوژراوی فڕێدەدەمە بەردەم ئیسرائیل، جا دەماری پێی ئەسپەکانیان دەبڕیتەوە و گالیسکەکانیان بە ئاگر دەسووتێنیت.»

ئینجا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵیدا لەناکاو لە نزیک جۆگەی مێرۆم هاتنە سەریان. یەزدانیش ئەوانی دایە دەست ئیسرائیل، ئەوانیش لێیان دان و دەریانپەڕاندن هەتا سەیدائی مەزن و میسرەفۆت مەیم و دۆڵی میچپا لە ڕۆژهەڵات، جا لێیان دان هەتا کەسیان لێیان نەهێشت. یەشوع ئەوەی پێکردن کە یەزدان پێی فەرموو، جومگە پێی ئەسپەکانی ئەوانی بڕی و گالیسکەکانی سووتاندن.

10 ئینجا لەو کاتەدا یەشوع گەڕایەوە و شاری حاچۆری گرت و بە شمشێر لە پاشاکەی دا، چونکە پێشتر حاچۆر پایتەختی هەموو ئەو پاشایەتییانە بوو. 11 هەموو گیانێک کە تێیدابوو دایانە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕیان کردن[h] و هەناسەیەکی تێدا نەما، حاچۆریشیان سووتاند.

12 ئینجا یەشوع هەموو ئەو شارانەی کە پاشایان هەبوو بە پاشاکانیانەوە گرتی و دایە بەر زەبری شمشێر، بە تەواوی قڕی کردن، هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو. 13 بەڵام ئیسرائیل ئەو شارانەی نەسووتاند کە لەسەر گردەکان بوون، تەنها حاچۆر، یەشوع بە تەنها ئەوی سووتاند. 14 نەوەی ئیسرائیل هەموو دەستکەوتەکانی ئەو شارانە و ئاژەڵە ماڵییەکانیان بۆ خۆیان تاڵان کرد. بەڵام هەموو دانیشتووانەکانیان دایە بەر شمشێر هەتا بە تەواوی لەناویانبردن، هیچ زیندووێکیان تێدا نەهێشتەوە. 15 هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسای بەندەی کردبوو، موساش ئاوا فەرمانی بە یەشوع کرد و یەشوعیش ئاوای کرد، هیچ شتێکی پشتگوێ نەخست، لە هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

16 جا یەشوع هەموو ئەو خاکانەی گرت: ناوچە شاخاوییەکە و هەموو نەقەب و هەموو خاکی گۆشەن و زوورگەکانی خۆرئاوا و دەشتایی عەراڤا و چیاکانی ئیسرائیل و زوورگەکانی، 17 لە کێوی حالاقەوە کە بەرەو سێعیر سەردەکەوێت هەتا بەعل‌گاد لە دۆڵی لوبنان لە بناری چیای حەرمۆن، هەموو پاشاکانیشی گرتن و لێیدان و کوشتنی. 18 یەشوع ماوەیەکی زۆر لەگەڵ ئەو پاشایانەدا جەنگا، 19 هیچ شارێک نەبوو پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ببەستێت، تەنها حیڤییەکانی دانیشتووی گبعۆن نەبێت، بەڵکو هەموویانی بە جەنگ گرت، 20 چونکە یەزدان خۆی دڵیانی ڕەقکردبوو، هەتا لە جەنگدا بەرەنگاری ئیسرائیل ببنەوە، جا قڕ بکرێن و بەزەییان بەسەرەوە نەبێت، بەڵکو بە تەواوی لەناویان ببات، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.

21 لەو کاتەدا یەشوع چوو و عەناقییەکانی لە کێوی حەبرۆن و دەڤیر و عەناڤ و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی یەهودا و هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئیسرائیل بنبڕ کرد. یەشوع لەگەڵ شارۆچکەکانیاندا بە تەواوی قڕی کردن. 22 جا لە خاکی نەوەی ئیسرائیلدا عەناقییەکان نەمان، بەڵام هەندێکیان لە غەزە و گەت و ئەشدۆد مانەوە. 23 ئینجا یەشوع هەموو خاکەکەی گرت، بەپێی هەموو ئەوەی یەزدان بە موسای فەرمووبوو، یەشوع بەگوێرەی بەش و هۆزەکانیان بە میرات بە ئیسرائیلی دا.

ئینجا خاکەکە لە جەنگ پشووی دا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.