Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 5-8

خەتەنەکردن لە گلگال

کاتێک هەموو پاشاکانی ئەمورییەکان ئەوانەی لەبەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون بوون و هەموو پاشاکانی کەنعانییەکان ئەوانەی لەسەر کەناری دەریا بوون بیستیان کە یەزدان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل وشک کردووە هەتا دوای پەڕینەوەیان، ئیتر دڵیان تۆقی و ورەیان تێدا نەما بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نەوەی ئیسرائیل.

لەو کاتەدا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «چەند چەقۆیەک لە بەردەئەستێ بۆ خۆت دروستبکە و جارێکی دیکە نەوەی ئیسرائیل خەتەنە[a] بکەرەوە.» جا یەشوع چەند چەقۆیەکی لە بەردەئەستێ دروستکرد و نەوەی ئیسرائیلی لە گردی هاعەرالۆت[b] خەتەنە کرد.

ئەمەش هۆی خەتەنەکردنەکەیان بوو لەلایەن یەشوعەوە، هەموو ئەو گەلەی کە لە میسر هاتبوونە دەرەوە، ئەو نێرینانەی کە پیاوی جەنگ بوون، ماوەیەک لەدوای ڕۆیشتنیان لە میسر لە ڕێگا لە چۆڵەوانی مردن. هەموو ئەو گەلەی کە لە میسرەوە کۆچیان کرد خەتەنە کرابوون، بەڵام هەموو ئەو گەلەی لە کاتی کۆچیان لە میسرەوە لە ڕێگا لە چۆڵەوانیدا لەدایک بوون خەتەنە نەکرابوون. نەوەی ئیسرائیل چل ساڵ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن، هەتا هەموو ئەو گەلە، هەموو پیاوانی جەنگ، ئەوانەی لە میسر هاتبوونە دەرەوە کۆتاییان پێهات، چونکە گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون. یەزدان سوێندی بۆ خواردن کە ئەو خاکەیان پیشان نەدات کە سوێندی بۆ باوباپیرانیان خوارد کە دەیداتە ئێمە، ئەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. بۆیە کوڕەکانیانی لە جێی ئەوان پێگەیاند، هەروەها یەشوع ئەوانی خەتەنە کرد، چونکە خەتەنە نەکرابوون، لەبەر ئەوەی لە ڕێگادا خەتەنەیان نەکردبوون. پاش ئەوەی هەموو گەل لە خەتەنەکردن بوونەوە، لە جێی خۆیان لە ئۆردوگاکە مانەوە هەتا برینەکەیان ساڕێژ بوو.

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ئەمڕۆ ڕیسوایی میسرم لێتان گلۆرکردەوە.» بۆیە ئەو شوێنە هەتا ئەمڕۆش بە گلگال[c] ناودەبردرێت. 10 نەوەی ئیسرائیل لە گلگال چادریان هەڵدا و لە ئێوارەی ڕۆژی چواردەی مانگ لە دەشتی ئەریحا جەژنی پەسخەیان گێڕا. 11 بۆ ڕۆژی پاش جەژنی پەسخە، لە هەمان ڕۆژ، لە بەروبوومی خاک نانی فەتیرە و دانەوێڵەی برژاویان خوارد. 12 هەروەها لەو ڕۆژەدا مەن بڕایەوە کاتێک لە بەری خاکەکەیان خوارد، ئیتر لەدوای ئەوە مەن بۆ نەوەی ئیسرائیل نەبوو، بەڵام ئەو ساڵە لە بەری زەوی کەنعانیان خوارد.

کەوتنی شاری ئەریحا

13 ئەوە بوو کاتێک یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو، سەری هەڵبڕی و بینی وا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی هەڵکێشاوە. یەشوعیش چووە لای و پێی گوت: «ئایا تۆ لەگەڵ ئێمە دایت یان لەگەڵ دوژمنەکانمان؟»

14 ئەویش گوتی: «هیچیان، چونکە ئێستا من وەک فەرماندەی گشتی سوپای یەزدان هاتووم.» جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەوی کەوت و کڕنۆشی برد و گوتی: «پەیامی گەورەکەم چییە بۆ خزمەتکاری خۆی؟»

15 فەرماندەی گشتی سوپای یەزدانیش بە یەشوعی فەرموو: «پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت پیرۆزە.» یەشوعیش بەم جۆرەی کرد.

ئەریحاش بەهۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەچووە دەرەوە و نە کەسیش دەهاتە ژوورەوە.

جا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «بڕوانە من ئەریحا و پاشاکەی و پاڵەوانە شەڕکەرەکانی ئەوم داوەتە دەست تۆ. ئێوەش هەموو جەنگاوەرەکان بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ڕۆژی جارێک بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە. حەوت کاهین حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەبەردەم سندوقەکەدا هەڵدەگرن و لە ڕۆژی حەوتەم حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا دەسووڕێنەوە و کاهینەکان کەڕەناکان لێدەدەن. کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەناکان دەبێت، لەگەڵ درێژبوونەوەی فووکردن بە قۆچە بەرانەکاندا، هەموو گەل بە یەک دەنگ هاوارێکی بەرز دەکەن؛ ئیتر شوورای شارەکە دەڕمێت و هەموو گەل هەریەکە و لەلای خۆیەوە بەسەریدا دەدەن.»

جا یەشوعی کوڕی نون کاهینەکانی بانگکرد و پێی گوتن: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و با حەوت کاهینیش حەوت کەڕەنای قۆچە بەران لەپێش سندوقی یەزدان هەڵبگرن.» ئینجا بە گەلی گوت: «پێش بکەون و بە چواردەوری شارەکەدا بسووڕێنەوە، با ئەوەی چەک بە دەستە لەپێش سندوقی یەزدانەوە بڕوات.»

هەروەک چۆن یەشوع فەرمانی بە گەل کرد، حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەنا قۆچە بەرانەکان، لەبەردەم یەزدانەوە بە کەڕەنا لێدانەوە بەرەو پێش چوون و سندوقی پەیمانیش لە دوایانەوە دەڕۆیشت. هەموو چەک بەدەستەکانیش لەپێش کاهینە کەڕەنا لێدەرەکان دەڕۆیشتن، لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقەکەوە دەڕۆیشتن. بەردەوام کەڕەنا دەنگی دەهات. 10 بەڵام یەشوع فەرمانی بە گەل کردبوو و پێی گوتبوون: «هاوار مەکەن و دەنگتان نەبیسترێت و یەک وشە لە دەمتان نەیەتە دەرەوە، هەتا ئەو ڕۆژەی پێتان دەڵێم هاوار بکەن، جا هاوار دەکەن!» 11 لەبەر ئەمە سندوقی یەزدان یەک جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕایەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە و لە ئۆردوگاکە مانەوە.

12 بەیانی زوو یەشوع لە خەو هەستا و کاهینەکانیش سندوقی یەزدانیان هەڵگرت و 13 حەوت کاهینەکەی هەڵگرانی حەوت کەڕەناکەش لەپێش سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن و کەڕەنایان لێدەدا و چەک بەدەستەکانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشتن و لەپاشەوە پاسەوانەکانیش لەدوای سندوقی یەزدانەوە دەڕۆیشتن، کاتێک کەڕەنا دەنگی دەهات. 14 ئینجا لە ڕۆژی دووەم یەک جار بەدەوری شارەکەدا سوڕانەوە و پاشان هاتنەوە بۆ ناو ئۆردوگاکە. شەش ڕۆژ ئاوایان کرد.

15 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم بەرەبەیان زوو لە خەو هەستان و حەوت جار بەو شێوەیە بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە. تەنها لەو ڕۆژەدا حەوت جار بە چواردەوری شارەکەدا سووڕانەوە، 16 ئەوە بوو لە جاری حەوتەم کاتێک کاهینەکان کەڕەناکانیان لێدا، یەشوع بە گەلی گوت: «هاوار بکەن! چونکە یەزدان شارەکەی داوەتە دەست ئێوە! 17 دەبێت شارەکە و هەرچی تێیدایە بۆ یەزدان تەرخان بکرێت تاکو قڕ بکرێت[d]، تەنها ڕاحابی لەشفرۆش و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکە لەگەڵین دەیانهێڵنەوە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە، کە ناردمانن. 18 بەڵام ئێوە خۆتان بە دوور بگرن لە شتە تەرخانکراوەکان نەوەک قڕ بکرێن و ئۆردوگای ئیسرائیل تووشی قڕبوون و تێکدان بکەن. 19 هەموو ئەو زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنانە بۆ یەزدان تەرخانکراون و دەچنە ناو گەنجینەی یەزدانەوە.»

20 کاتێک گەل هاواری کرد و کەڕەنایان لێدا، گەل گوێیان لە دەنگی کەڕەنا بوو، هاوارێکی بەرزیان کرد و شووراکە داڕما و گەل چوونە ناو شارەکەوە، هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەسەریاندا دا و شارەکەیان گرت. 21 شارەکەیان بۆ یەزدان تەرخان کرد و هەرچی تێیدابوو لە پیاو و ژن و منداڵ و پیر، هەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان بە زەبری شمشێر قڕ کرد.

22 یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە سیخوڕی خاکەکەیان کردبوو: «بچنە ناو ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە، هەروەک سوێندتان بۆی خوارد، خۆی و هەموو ئەوەی هی ئەوە بیانهێننە دەرەوە.» 23 جا دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و هەرچی هەیبوو و هەموو کەسوکارەکەیان هێنایە دەرەوە و لە دەرەوەی ئۆردوگای ئیسرائیل دایاننان.

24 شارەکەشیان سووتاند و لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی تێیدا بوو، بەڵام زێڕ و زیو و قاپە بڕۆنز و ئاسنەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی یەزدانەوە. 25 بەڵام یەشوع ڕاحابی لەشفرۆش و ماڵی باوکی و هەرچی هەیبوو بە زیندووێتی هێشتنییەوە، ئەویش هەتا ئەمڕۆش لەنێو ئیسرائیلدا نیشتەجێیە، چونکە ئەو دوو نێردراوەی شاردەوە کە یەشوع بۆ سیخوڕی ئەریحا ناردبوونی.

26 لەو کاتەدا یەشوع سوێندی خوارد و گوتی: «لەبەردەم یەزدان نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی هەڵدەستێت و ئەم شاری ئەریحایە بنیاد دەنێتەوە:

«بە مەرگی کوڕە نۆبەرەکەی
    بناغەکانی دادەنێت و
بە مەرگی بچووکەکەی
    دەرگاکانی دادەمەزرێنێت.»

27 یەزدانیش لەگەڵ یەشوع بوو و ناوبانگی بە هەموو خاکەکەدا بڵاو بووەوە.

گوناهی عاخان

بەڵام نەوەی ئیسرائیل سەبارەت بە شتە تەرخانکراوەکان بۆ یەزدان[e] ناپاکییان کرد، عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح لە هۆزی یەهودا لە شتە تەرخانکراوەکانی برد، ئیتر تووڕەیی یەزدان بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا جۆشا.

یەشوعیش چەند پیاوێکی لە ئەریحاوە بۆ عای نارد کە لەلای بێت‌ئاڤنە لە ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و پێی گوتن: «سەربکەون و سیخوڕی لەبارەی خاکەکەوە بکەن.» پیاوەکانیش سەرکەوتن و سیخوڕی عاییان کرد.

کاتێک گەڕانەوە لای یەشوع و پێیان گوت: «با هەموو گەل سەرنەکەون، بەڵکو تەنها نزیکەی دوو هەزار یان سێ هەزار پیاو بەسەر عایدا بدەن، هەموو گەل شەکەت مەکە، چونکە ئەوان کەمن.» جا نزیکەی سێ هەزار کەس لە گەل بۆ ئەوێ سەرکەوتن، بەڵام لەبەردەم پیاوەکانی عای هەڵاتن، خەڵکی عای لێیاندان و نزیکەی سی و شەش پیاویان کوشتن و دوایان کەوتن. لەبەردەم دەروازەکەوە هەتا کانە بەردەکان، لە لێژاییەکە لێیان دان، گەل ڕەنگیان پەڕی.

یەشوعیش جلەکانی دادڕی و لەبەردەم سندوقی یەزدان بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی و هەتا ئێوارە لەوێ مایەوە. هەروەها پیرانی نەوەی ئیسرائیل هەمان شتیان کرد و خۆڵیان بەسەر سەری خۆیاندا کرد. هەروەها یەشوع گوتی: «ئای یەزدانی باڵادەست، بۆچی ئەم گەلەت بە تەواوی لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، بۆ ئەوەی بماندەیتە دەست ئەمورییەکان و لەناومان ببەن؟ خۆزگە بەوەندە ڕازی دەبووین و لەوبەری ڕووباری ئوردون دەماینەوە. ئەی پەروەردگار، من چی بڵێم پاش ئەوەی نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم دوژمنەکانیاندا بەزین؟ جا کەنعانییەکان و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکە ئەمە دەبیستن و گەمارۆمان دەدەن و ناومان لەسەر ڕووی زەوی دەسڕنەوە، ئەی چی بۆ ناوی گەورەی خۆت دەکەیت؟»

10 یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «هەستە، بۆچی ئاوا بەسەر ڕووتدا کەوتوویت؟ 11 نەوەی ئیسرائیل گوناهیان کرد و هەروەها پەیمانەکەی منیان شکاند کە فەرمانم پێکردبوون، هەندێک لە شتە تەرخانکراوەکانیان برد، دزییان کرد و درۆیان کرد و لەناو کەلوپەلەکانی خۆیاندا دایاننا. 12 بۆیە نەوەی ئیسرائیل ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانیان ڕابوەستن، پشتیان تێ دەکەن و هەڵدێن، چونکە بەرپرسیار بوون لە قڕبوونی خۆیان. ئەگەر بێتو ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا بنبڕ نەکەن، ئەوا لەمەودوا لەگەڵتاندا نابم.

13 «هەستە، گەل تەرخان بکە و پێیان بڵێ: ”خۆتان بۆ بەیانی تەرخان بکەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەی ئیسرائیل لەنێوتان تەرخانکراو هەیە، ناتوانن بەرامبەر بە دوژمنەکانتان ڕابوەستن، هەتا ئەو تەرخانکراوە لەنێو خۆتاندا دانەماڵن.

14 «”بەیانی بە هۆزەکانتانەوە وەرنە پێش و ئەو هۆزەی یەزدان نیشانی دەکات با بە خێڵەکانییەوە بێتە پێش و ئەو خێڵەی یەزدان نیشانی دەکات با بە بنەماڵەکانییەوە بێتە پێش و ئەو بنەماڵەیەی یەزدان نیشانی دەکات با بە پیاوەکانییەوە یەک لەدوای یەک بێنە پێشەوە. 15 ئەوەی بە شتە تەرخانکراوەکانەوە بگیردرێت، خۆی و هەرچی هەیەتی بە ئاگر دەسووتێنرێ، چونکە ئەو پەیمانی یەزدانی شکاندووە و کارێکی دزێوی لەناو ئیسرائیلدا ئەنجام داوە.“»

16 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیلی یەک یەک هێنایە پێش و هۆزی یەهودا نیشان کرابوو[f]. 17 خێڵەکانی یەهودای هێنایە پێش و خێڵی زەرەحییەکان نیشان کرابوو. ئینجا خێڵی زەرەحییەکانی هێنایە پێش بە خێزانەکانیانەوە و زیمری نیشان کرابوو. 18 بەرەبابەکەی ئەویشی بە پیاوەکانییەوە هێنایە پێش و عاخانی کوڕی کەرمی کوڕی زیمری کوڕی زەرەح نیشان کرابوو کە سەر بە هۆزی یەهودایە.

19 ئینجا یەشوع بە عاخانی گوت: «تکایە کوڕی خۆم، یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل شکۆدار بکە و دانی پێدا بنێ و پێم بڵێ چیت کردووە؟ لێمی مەشارەوە.»

20 عاخانیش وەڵامی یەشوعی دایەوە و گوتی: «بەڕاستی من بەرامبەر بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گوناهم کردووە و ئاوام کردووە، 21 لەنێو تاڵانکردنەکەدا کەوایەکی بابلی گرانبەها و دوو سەد شاقل زیو[g] و قاڵبە زێڕێکم بینی کە کێشەکەی پەنجا شاقل دەبوو، ئارەزووم کرد و بردم. ئەوەتا لەژێر زەوی لەناوەڕاستی چادرەکەمدا شاردومەتەوە و زیوەکەش لە ژێرەوەیە.»

22 جا یەشوع چەند کەسێکی نارد و ڕایانکرد بۆ چادرەکە و بینییان ئەوەتا لەناو چادرەکەدا شاردراونەتەوە و زیوەکەش لە ژێریانەوەیە. 23 ئەوانیش شتەکانیان لە ناوەڕاست چادرەکە هەڵگرت و بۆ یەشوع و هەموو نەوەی ئیسرائیلیان هێنا و لەبەردەم یەزدان دایاننا.

24 ئینجا یەشوع عاخانی کوڕی زەرەحی لەگەڵ زیوەکە و کەواکە و قاڵبە زێڕەکە و کوڕەکانی و کچەکانی و گا و گوێدرێژ و مەڕەکانی و چادرەکەی و هەموو ئەو شتانەی هی ئەو بوون، هەموو نەوەی ئیسرائیلیشی لەگەڵ بوو، بردیانن و سەریان خستن بۆ دۆڵی عاخۆر. 25 ئینجا یەشوع گوتی: «چۆن لێت تێکداین، یەزدانیش ئەمڕۆ ئاوا لێت تێکبدات.»

ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل ئەویان بەردباران کرد و ئەوانەی دیکەیان بەردباران کرد و سووتاندیانن، 26 کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر عاخان کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆش لەوێیە. ئینجا جۆشی تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە، بۆیە ئەو شوێنەش هەتا ئەمڕۆ بە دۆڵی عاخۆر[h] ناودەبردرێت.

وێرانکردنی شاری عای

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «مەترسە و ورە بەرمەدە. هەموو جەنگاوەرەکان لەگەڵ خۆت ببە و هەستە سەربکەوە بۆ عای، ببینە من پاشاکەی و گەلەکەی و شارەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەست تۆ. ئەوەی بە ئەریحا و پاشاکەیت کرد، بە عای و پاشاکەی بکە، بەڵام دەستکەوتەکان و ئاژەڵە ماڵییەکانی بۆ خۆتان تاڵان بکەن. لە پشتییەوە بۆسەیەک بۆ شارەکە بنێوە.»

جا یەشوع و هەموو جەنگاوەرەکانی سوپا هەستان بۆ ئەوەی بەسەر عایدا بدەن، یەشوع سی هەزار جەنگاوەری قارەمانی هەڵبژارد و بە شەو ناردنی، فەرمانی پێ کردن و گوتی: «وریابن، ئێوە لە پشتەوە بۆسە بۆ شارەکە دەنێنەوە و زۆر لە شارەکە دوور مەکەونەوە و هەمووتان لە ئامادەباشیدا بن. منیش لەگەڵ هەموو ئەم گەلە لە شارەکە نزیک دەبینەوە و ئیتر کە ئەوان دێنە دەرەوە بۆمان، ئێمە وەک یەکەم جار لەبەردەمیاندا هەڵدێین و ئەوان بەدوامان دەکەون هەتا لە شارەکە دووریان دەخەینەوە، چونکە دەڵێن: ”ئەوەتا وەک یەکەم جار لەبەردەممان هەڵدێن،“ جا لەبەردەمیان هەڵدێین. ئێوەش لە بۆسەکەوە دێنە دەرەوە و دەست بەسەر شارەکەدا دەگرن و یەزدانی پەروەردگارتان دەیدات بە دەستتانەوە. کاتێک شارەکە دەگرن، ئاگری تێبەر دەدەن، ئەوە بکەن وەک یەزدان فەرمانی پێ کردوون، سەیر بکەن ئەوە فەرمانی منە بۆ ئێوە.»

ئینجا یەشوع ناردنی و ئەوانیش بۆ شوێنی بۆسەکە ڕۆیشتن و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای مانەوە. ئەو شەوە یەشوع لەناوەڕاستی گەل مایەوە.

10 بۆ بەیانی یەشوع زوو لە خەو هەستا و گەلەکەی کۆکردەوە و خۆی و پیرانی ئیسرائیل لەپێش گەلەوە سەرکەوتن بۆ عای. 11 هەروەها هەموو ئەو لەشکرەی لەگەڵیدا بوون سەرکەوتن و چوونە پێشەوە و هاتنە بەرامبەر شارەکە، لە باکووری عای چادریان هەڵدا و دۆڵەکە لەنێوان ئەوان و عای بوو. 12 یەشوع نزیکەی پێنج هەزار پیاوی نارد و لەنێوان بێت‌ئێل و عای، لە ڕۆژئاوای عای لە بۆسەدا داینان. 13 ئیتر گەل، واتە هەموو لەشکرەکە کە لە باکووری شارەکە بوو لەگەڵ ئەوانەی کە لە بۆسەکەی ڕۆژئاوای شارەکە بوون، جێگیر بوون، یەشوعیش ئەو شەوە چووە ناوەڕاستی دۆڵەکە.

14 کاتێک پاشای عای ئەمەی بینی، خۆی و پیاوانی شارەکە بەیانی زوو بە پەلە هاتنە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەک کە دەیڕوانییە «عەراڤا[i]»، بەڵام پاشا نەیدەزانی کە لە پشت شارەکەوە بۆسەیەکی بۆ نراوەتەوە. 15 یەشوع لەگەڵ هەموو ئیسرائیل وایان پیشان دا کە شکستیان خواردوو و بە ڕێگای چۆڵەوانیدا هەڵاتن. 16 لەنێو هەموو خەڵکی شاری عای بانگەواز بڵاو بووەوە کە دوایان بکەون، ئەوانیش دوای یەشوع کەوتن و لە شارەکە دوورکەوتنەوە. 17 یەک پیاو لە عای یان لە بێت‌ئێل نەما کە بەدوای ئیسرائیل نەکەوتبێت. شارەکەیان بە کراوەیی بەجێهێشت و بەدوای ئیسرائیل کەوتن.

18 ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «ڕمەکەی دەستت ڕووەو عای بگرە، چونکە من دەیدەمە دەستتەوە.» یەشوعیش ئەو ڕمەی بە دەستیەوە بوو ڕووەو شارەکەی کرد. 19 کاتێک دەستی درێژکرد ئەوانەی لە بۆسەکە بوون بە پەلە لە جێی خۆیان هەستان و ڕایانکرد و چوونە ناو شارەکەوە و گرتیان و بە پەلە سووتاندیان.

20 پیاوەکانی عای ئاوڕیان دایەوە و تەماشایان کرد وا دووکەڵی شارەکە بۆ ئاسمان بەرز بووەتەوە و هیچ جێیەکیش نییە بۆی هەڵبێن، نە بەملا و نە بەولا، ئیسرائیلییەکانیش کە بۆ چۆڵەوانی ڕایاندەکرد بەسەر ڕاونەرەکاندا هەڵگەڕانەوە. 21 جا کە یەشوع و هەموو ئیسرائیل بینییان بۆسەکە شارەکەی گرتووە و دووکەڵی شارەکە بەرز بووەتەوە، گەڕانەوە و لە پیاوەکانی عاییان دا. 22 جەنگاوەران لەناو بۆسەکەش لە شارەکەوە بۆ پەلاماردانیان هاتنە دەرەوە و پیاوەکانی عای کەوتنە نێوان ئیسرائیلییەکان. ئەمان لەم لاوە و ئەوان لەولاوە، ئینجا لێیان دان تاکو کەسیان لێ نەما هەڵبێت و دەرباز بێت. 23 بەڵام پاشای عاییان بە زیندوویی دەستگیر کرد و بردیانە بەردەم یەشوع.

24 پاش ئەوەی ئیسرائیل لە کوشتنی هەموو پیاوەکانی عای بوونەوە کە لە کێڵگە و چۆڵەوانیدا دوایان کەوتبوون هەتا قڕیان بکەن، هەموو ئیسرائیلییەکان گەڕانەوە ناو شار و هەموو ئەو دانیشتووانانەیان بە شمشێر کوشت کە لەوێ مابوونەوە. 25 سەرجەم دانیشتووانی عای، هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژەدا کەوتن لە پیاو و لە ژن، دوازدە هەزار کەس بوون. 26 یەشوعیش ئەو دەستەی کە ڕمەکەی پێ درێژکردبوو نەیگەڕاندەوە دواوە هەتا سەرجەم دانیشتووانی عای قڕ بوون[j]. 27 بەڵام نەوەی ئیسرائیل ئاژەڵی ماڵی و دەستکەوتی ئەو شارەیان بۆ خۆیان تاڵان کرد، بەگوێرەی فەرمایشتی یەزدان کە فەرمانی بە یەشوع کردبوو.

28 ئینجا یەشوع عایی سووتاند[k] و کردییە گردێکی وێرانی هەتاهەتایی، هەتا ئەمڕۆش هەروا ماوەتەوە. 29 هەروەها لاشەی پاشای عایی هەتا ئێوارە لەسەر دار هەڵواسی، لە کاتی ئاوابوونی خۆر یەشوع فەرمانی دا و لاشەکەیان هێنا خوارەوە و لەبەردەم دەروازەی شارەکە فڕێیان دا و کۆمەڵە بەردێکی گەورەیان لەسەر کەڵەکە کرد کە هەتا ئەمڕۆ ماوەتەوە.

تازەکردنەوەی پەیمانەکە لە کێوی عێبال

30 ئینجا یەشوع قوربانگایەکی بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لە کێوی عێبال بنیاد نا. 31 هەروەک موسای بەندەی یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل کردبوو، بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، قوربانگایەک لە بەردی نەتاشراو، کە ئامێری ئاسنی بەسەردا بەرز نەکرابووەوە، قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخستە سەری و قوربانی هاوبەشییان[l] سەربڕی. 32 لەوێ یەشوع لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل وێنەیەکی لەو فێرکردنە نووسییەوە کە موسا نووسیبووی. 33 هەموو ئیسرائیلیش نامۆ و هاوڵاتی وەک یەک، لەگەڵ پیر و کوێخا و دادوەریان لەتەنیشت سندوقەکەوە، لەم لا و ئەو لاوە بەرامبەر بە کاهینە لێڤییەکان هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان وەستان، نیوەیان بەلای کێوی گەریزیم و نیوەکەی دیکەیان بەلای کێوی عێبال، وەک چۆن لەوەو پێش موسای بەندەی یەزدان فەرمانی دابوو، کاتێک فەرمانی دا بۆ داواکردنی بەرەکەت بۆ گەلی ئیسرائیل.

34 پاشان هەموو وشەکانی ئەو فێرکردنەی خوێندەوە، بەرەکەت و نەفرەت، بەگوێرەی هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتدا نووسرابوو. 35 وشەیەک نەبوو لە هەموو ئەو شتانەی کە موسا فەرمانی پێ کردبوو، کە یەشوع نەیخوێنێتەوە، لەبەردەم هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا بە ئافرەت و منداڵ و ئەو نامۆیانەش کە لەنێویاندا بوو.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.