Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەشوع 1-4

فەرمانی یەزدان بۆ یەشوع

ئەوە بوو پاش مردنی موسای بەندەی یەزدان، یەزدان بە یەشوعی کوڕی نونی خزمەتکاری موسای فەرموو: «موسای بەندەم مرد، ئێستا هەستە، خۆت و هەموو ئەم گەلە لە ڕووباری ئوردونەوە بپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتە بە نەوەی ئیسرائیل. هەر شوێنێک پێی لێ بنێن، بە ئێوەی دەدەم، هەروەک بە موسام فەرموو، لە چۆڵەوانییەوە و لەم لوبنانەوە هەتا ڕووباری گەورە، ڕووباری فورات، هەموو خاکی حیتییەکان و هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[a] بەرەو ڕۆژئاوا دەبێت بە سنوورتان. لە هەموو ڕۆژانی ژیانت کەس بەرەو ڕووت ناوەستێت. هەروەک لەگەڵ موسادا بووم، لەگەڵ تۆش دەبم و فەرامۆشت ناکەم و بەجێت ناهێڵم.

«بەهێزبە و ئازابە، چونکە ئەو خاکە بۆ ئەم گەلە دەکەیت بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە کە پێیانی بدەم. تەنها بەهێزبە و زۆر ئازابە، بۆ ئەوەی هۆشیار بیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو فێرکردنەی کە موسای بەندەم فەرمانی پێ کردوویت. نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپ لێی لامەدە، بۆ ئەوەی بۆ هەرکوێیەک بچیت سەرکەوتوو بیت. پەڕتووکی ئەم فێرکردنە لە دەمت جیا نەبێتەوە، بەڵکو بە شەو و بە ڕۆژ لێی وردبەرەوە، بۆ ئەوەی وریابیت بۆ کارکردن بەپێی هەموو ئەو شتانەی تێیدا نووسراوە، ئەو کاتە ژیانت ڕاستەڕێ دەبێت و سەردەکەویت. ئایا من فەرمانم بە تۆ نەکرد؟ جا بەهێزبە و ئازابە، مەتۆقە و ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵتە بۆ هەرکوێ بچیت.»

10 ئیتر یەشوع فەرمانی بە کوێخاکانی گەل کرد و پێی گوتن: 11 «بەناو ئۆردوگاکەدا تێبپەڕن و فەرمان بە گەل بکەن و بڵێن: ”ئازووقە بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی دیکە لە ڕووباری ئوردونەوە دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ هەتا ببنە خاوەنی.“»

12 پاشان یەشوع بە ڕەئوبێنی و گادییەکان و نیوەی هۆزی مەنەشەی[b] گوت: 13 «ئەو وشەیەی موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، بەبیری خۆتانی بهێننەوە، کە پێی ڕاگەیاندن یەزدانی پەروەردگارتان، ئێوەی حەساندەوە و ئەم خاکەی پێدان. 14 ژن و منداڵ و ئاژەڵی ماڵیتان لەم خاکەدا دەمێننەوە کە موسا پێیدان، لەم بەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژهەڵات، بەڵام هەموو جەنگاوەرە قارەمانەکان بە چەکەوە لەپێش براکانتانەوە دەپەڕنەوە. یارمەتی براکانتان دەدەن 15 هەتا یەزدان وەک ئێوە براکانتان دەحەسێنێتەوە و ئەوانیش دەست بەسەر ئەو خاکەدا دەگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتێ. دوای ئەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکەکەی میراتیتان و داگیری دەکەن، ئەوەی موسای بەندەی یەزدان لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بەرەو خۆر هەڵاتن پێیدان.»

16 ئەوانیش وەڵامی یەشوعیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو شتانەی فەرمانت پێ کردین جێبەجێی دەکەین و بۆ هەر شوێنێکمان بنێریت دەچین، 17 بەپێی هەموو ئەوەی گوێڕایەڵی موسا بووین ئاوا گوێڕایەڵی تۆش دەبین. با یەزدانی پەروەردگارت لەگەڵت بێت وەک چۆن لەگەڵ موسا بوو. 18 هەرکەسێک یاخی بێت لە فەرمانەکانت و گوێڕایەڵی وشەکانت نەبێت لە هەموو ئەوەی فەرمانی پێ دەکەیت، دەکوژرێت، بەڵام تەنها بەهێز و ئازابە!»

ڕاحاب و دوو سیخوڕ

ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە شەتیمەوە دوو سیخوڕی بە نهێنی نارد و گوتی: «بڕۆن تەماشای خاکەکە بکەن، بە تایبەتی ئەریحا.» ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە ماڵی ژنێکی لەشفرۆش کە ناوی ڕاحاب بوو، لەوێ مانەوە.

بە پاشای ئەریحا گوترا: «بزانە، ئەمشەو دوو پیاوی نەوەی ئیسرائیل هاتوونەتە ئێرە هەتا سیخوڕی دەربارەی خاکەکە بکەن.» لەبەر ئەوە پاشای ئەریحا بەدوای ڕاحابدا ناردی و پێی گوت: «ئەو دوو پیاوەی کە هاتن بۆ لات و هاتنە ناو ماڵەکەت بیانهێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە هاتوون بۆ ئەوەی سیخوڕی لەبارەی هەموو خاکەکەوە بکەن.»

بەڵام ڕاحاب دوو پیاوەکەی بردبوو و شاردبوونییەوە و گوتی: «ڕاستە ئەو دوو پیاوە هاتنە لای من، بەڵام نەمزانی خەڵکی کوێن. کاتێک تاریکی داهات، کاتی داخستنی دەروازەی شار، دوو پیاوەکە ڕۆیشتن. نازانم دوو پیاوەکە بۆ کوێ چوون. بە پەلە شوێنیان بکەون، بەڵکو پێیان بگەن.» بەڵام ئەو هەردووکیانی بردبوو بۆ سەربان و لەناو کۆمەڵێک چیلکە داری کەتاندا شاردبوونییەوە کە لە سەربان هەڵیچنیبوون. پیاوەکانی پاشاش بەو ڕێگایەی کە بەرەو تەنکاییەکانی ڕووباری ئوردون دەچوو بەدوای سیخوڕەکاندا چوون. کە پیاوانی پاشا چوونە دەرەوە، دەستبەجێ پاسەوانەکان دەروازەکەیان داخست.

پێش ئەوەی سیخوڕەکان خەویان لێ بکەوێت، ڕاحاب بۆ لایان سەرکەوتە سەربان و بە پیاوەکانی گوت: «زانیومە کە یەزدان ئەم خاکەی بە ئێوە داوە و ترسی ئێوە باڵی بەسەرماندا کێشاوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش لەبەر ئێوە ڕەنگیان پەڕیوە، 10 چونکە بیستمان یەزدان چۆن ئاوی دەریای سووری[c] لەپێشتان وشک کرد، کاتێک لە میسر هاتنە دەرەوە، هەروەها لەوبەری ڕووباری ئوردون بەلای ڕۆژهەڵات چیتان بە هەردوو پاشای ئەمورییەکان سیحۆن و عۆگ کرد، ئەوانەی کە بە تەواوی قڕتان کردن[d]. 11 کاتێک ئەوەمان بیست، دڵمان تۆقی و بەهۆی ئێوەوە کەس ورەی[e] نەما، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئەو خودایە لە ئاسمان لە سەرەوە و لەسەر زەوی لە خوارەوە. 12 ئێستاش بە یەزدان سوێندم بۆ بخۆن کە چۆن من چاکەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئێوەش لەگەڵ ماڵی باوکم چاکە بکەن. نیشانەیەکی دڵنیابوونم بدەنێ کە 13 دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو ئەوەی هەیانە بە زیندوویی بیانهێڵنەوە و فریای گیانمان بکەون لە مردن.»

14 پیاوەکانیش پێیان گوت: «مەرگمان بە پێش مەرگتان بکەوێت![f] ئەگەر ئەم کارەمان نەدرکێنن، هەروەها ئەگەر یەزدان خاکەکەی پێداین، ئەوا چاکە و دڵسۆزیت لەگەڵدا دەکەین.»

15 ئینجا ڕاحاب هەردووکیانی لە پەنجەرەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕکردەوە، چونکە ماڵەکەی کە تێیدا دەژیا لە شوورای شارەکە بوو. 16 هەروەها پێی گوتن: «بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتاندا دەگەڕێن تووشتان بن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە، هەتا ئەوان دەگەڕێنەوە، ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن.»

17 پیاوەکانیش پێیان گوت: «ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد 18 ئەگەر هاتوو لە کاتی هاتنمان بۆ ناو خاکەکە، ئەم گوریسە سوورە بەو پەنجەرەیەوە گرێ نەدەیت کە ئێمەت لێوەی شۆڕکردەوە و ئەگەر دایک و باوک و خوشک و براکانت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی باوکت لە ماڵەکەی خۆتدا کۆنەکەیتەوە. 19 ئەگەر هەرکەسێک لە دەرگاکانی ماڵەکەی تۆوە بچێتە دەرەوە خوێنی خۆی لەسەر خۆی دەبێت و ئێمە بێتاوان دەبین، بەڵام هەر یەکێک لەگەڵ تۆ لە ماڵەکەتدا بێت، ئەگەر دەستدرێژییەکی کرایە سەر ئەوا خوێنی لەسەر ئێمە دەبێت. 20 هەروەها ئەگەر ئەم کارەی ئێمە بدرکێنیت، ئێمە بێتاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆ تۆمان خوارد.»

21 ڕاحابیش گوتی: «چۆنتان گوت، ئاوا دەبێت.» ئیتر بەڕێی کردن و ڕۆیشتن، ئەویش گوریسە سوورەکەی بە پەنجەرەکەوە گرێ دا.

22 پیاوەکان ڕۆیشتن و چوونە چیا و ماوەی سێ ڕۆژ لەوێ مانەوە، هەتا پیاوانی پاشا گەڕانەوە، پیاوانی پاشاش لە هەموو ڕێگاکان بەدوایاندا گەڕان، بەڵام نەیاندۆزینەوە. 23 ئینجا دوو پیاوەکە گەڕانەوە، لە چیاکە هاتنە خوارەوە و لە ڕووبارەکە پەڕینەوە، هاتنە لای یەشوعی کوڕی نون و هەموو بەسەرهاتەکەیان بۆ گێڕایەوە، 24 بە یەشوعیان گوت: «بەڕاستی یەزدان هەموو خاکەکەی داوەتە دەستمانەوە و سەرجەم دانیشتووانی خاکەکەش بەهۆی ئێمەوە ڕەنگیان سپی بووە.»

پەڕینەوە لە ڕووباری ئوردون

بەیانی زوو یەشوع لەگەڵ هەموو نەوەی ئیسرائیل لە شەتیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە لای ڕووباری ئوردون، بەر لەوەی بپەڕنەوە لەوێ مانەوە. پاش سێ ڕۆژ کوێخاکان بەناو ئۆردوگاکەدا گەڕان و فەرمانیان بە گەل کرد و گوتیان: «کاتێک کە سندوقی پەیمانی یەزدانی پەروەردگارتان دەبینن، کاهینە لێڤییەکان هەڵیانگرتووە، لە شوێنەکانی خۆتان کۆچ بکەن و لەدوایەوە بڕۆن. بەڵام با ماوەی نێوان ئێوە و سندوقەکە بە پێوانە دوو هەزار باڵ[g] بێت و لێی نزیک مەبنەوە بۆ ئەوەی ئەو ڕێگایە بزانن کە پێیدا دەڕۆن، چونکە ئێوە پێشتر بەم ڕێگایەدا نەڕۆیشتوون.»

یەشوع بە گەلی گوت: «خۆتان تەرخان بکەن، چونکە یەزدان بەیانی لەنێوتاندا کاری سەرسوڕهێنەر دەکات.»

هەروەها یەشوع بە کاهینەکانی گوت: «سندوقی پەیمان هەڵبگرن و بە بەردەم گەلدا تێپەڕ بن.» ئەوانیش سندوقی پەیمانیان هەڵگرت و لەپێش گەل ڕۆیشتن.

ئینجا یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «لەم ڕۆژەوە لەبەرچاوی هەموو نەوەی ئیسرائیل دەستپێدەکەم پایەبەرزت بکەم، بۆ ئەوەی بزانن چۆن لەگەڵ موسادا بووم ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم. بەڵام تۆ فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بکە و پێیان بڵێ: ”کاتێک دەگەنە کەنار ئاوی ڕووباری ئوردون، لەناو ڕووباری ئوردوندا بوەستن.“»

هەروەها یەشوع بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «وەرنە پێشەوە بۆ ئێرە و گوێ لە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگارتان بگرن.» 10 ئینجا یەشوع گوتی: «بەمە دەزانن کە خودای زیندوو لەنێوتاندایە و کەنعانییەکان و حیتییەکان و حیڤییەکان و پریزییەکان و گرگاشییەکان و ئەمورییەکان و یەبوسییەکان لەبەردەمتاندا بە دەرکردن دەردەکات. 11 ئەوەتا سندوقی پەیمانی یەزدانی هەموو زەوی لەپێشتانەوە بۆ ناو ڕووباری ئوردون دەپەڕێتەوە. 12 ئێستاش دوازدە پیاو لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک. 13 ئینجا کاتێک پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی یەزدان، یەزدانی هەموو زەوی، لەناو ئاوی ڕووباری ئوردون جێگیر دەبێت، ئاوی ڕووباری ئوردون، ئەو ئاوەی کە لە سەرەوە دێت شەق دەبێت و لە یەک بەربەستدا پەنگدەخواتەوە.»[h]

14 جا کاتێک گەل لە چادرەکانیانەوە کۆچیان کرد، تاکو لە ڕووباری ئوردون بپەڕنەوە، کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانیش لەپێشیانەوە بوون. 15 بە درێژایی ڕۆژانی دروێنە ڕووباری ئوردونیش دەبووە لافاو، بەڵام لە کاتی هاتنی هەڵگرانی سندوقەکە بۆ ناو ڕووباری ئوردون و نوقومبوونی پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقەکە لەناو ئاوی کەنارەکە، 16 ئەو ئاوەی لە سەرەوە دەهاتە خوارەوە لە ڕۆیشتن وەستا. لە دوورییەکی زۆرەوە لە شارۆچکەی ئادام لە بەربەستێک پەنگی خواردەوە، ئەو شارۆچکەیەی کە لەتەنیشت چەرەتانە، هەروەها ئەو ئاوەی کە دەڕژایە ناو دەریای عەراڤا واتە دەریای مردوو[i] بە تەواوی بڕا و گەل بەرەو ئەریحا پەڕینەوە. 17 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی یەزدان لەسەر وشکانی لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردون بە جێگیری وەستان و هەموو ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا پەڕینەوە، هەتا هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە.

کاتێک هەموو نەتەوەکە لە ڕووباری ئوردون تەواو پەڕینەوە، یەزدان بە یەشوعی فەرموو: «دوازدە پیاو لە گەل بۆ خۆتان هەڵبژێرن، لە هەر هۆزە و پیاوێک، فەرمانیان پێ بکەن و پێیان بڵێن: ”لێرە لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، لە شوێن پێی کاهینەکان کە تێیدا جێگیر بوون، دوازدە بەرد هەڵبگرن و لەگەڵ خۆتان بیانپەڕێننەوە و لەو شوێنەدا دایانبنێن کە ئەمشەو تێیدا دەمێننەوە.“»

ئینجا یەشوع ئەو دوازدە پیاوەی بانگکرد کە لە نەوەی ئیسرائیل هەڵیبژاردبوون، لە هەر هۆزە و پیاوێک، یەشوع پێی گوتن: «لەبەردەم سندوقی یەزدانی پەروەردگارتانەوە تێپەڕ بن بۆ ناوەڕاستی ڕووباری ئوردون و بەگوێرەی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل هەریەک لە ئێوە بەردێک بەرز بکاتەوە بۆ سەر شانی، بۆ ئەوەی ئەمە ببێتە نیشانەیەک لەنێوتان. ئەگەر سبەینێ منداڵەکانتان لێتان بپرسن: ”ئەم بەردانە چ واتایەکی هەیە؟“ ئێوەش پێیان دەڵێن: ”ئاوی ڕووباری ئوردون لەبەردەم سندوقی پەیمانی یەزدان وەستا. کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئاوی ئوردون ڕاوەستا، جا ئەم بەردانە دەبنە یادگاری بۆ نەوەی ئیسرائیل بۆ هەتاهەتایە.“»

نەوەی ئیسرائیلیش ئاوایان کرد، هەروەک یەشوع فەرمانی پێ کردن، دوازدە بەردیان لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە هەڵگرت، هەروەک یەزدان بە یەشوعی فەرموو، بەپێی ژمارەی هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و لەگەڵ خۆیاندا پەڕاندیانەوە بۆ ئەو شوێنەی چادریان تێیدا هەڵدا و لەوێ دایاننان. یەشوعیش دوازدە بەردەکەی ناو ڕووباری ئوردون کە لە شوێن پێی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمان بوون ڕاگیری کرد و هەتا ئەمڕۆش لەو شوێنەدان.

10 کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقەکە لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردوندا وەستان هەتا هەموو ئەو شتانەی یەزدان فەرمانی بە یەشوع کردبوو بە گەلی بڵێت بەگوێرەی هەموو ئەوەی موسا فەرمانی بە یەشوع کردبوو تەواو بوو. گەل پەلەیان کرد و پەڕینەوە. 11 کاتێک هەموو گەل تەواو پەڕینەوە، سندوقی یەزدان و کاهینەکانیش بە بەردەم گەلدا پەڕینەوە. 12 نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشەش بە چەکەوە لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل پەڕینەوە، هەروەک موسا پێی گوتبوون[j]. 13 نزیکەی چل هەزار چەکدار بۆ شەڕکردن لەبەردەم یەزدان پەڕینەوە بۆ جەنگ بەرەو دەشتەکانی ئەریحا.

14 لەو ڕۆژە یەزدان لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل یەشوعی بەرز ڕاگرت، ئەوانیش بە درێژایی ژیانی یەشوع ڕێزێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، هەروەک چۆن ڕێزیان لە موسا گرتبوو.

15 هەروەها یەزدان بە یەشوعی فەرموو: 16 «فەرمان بە کاهینەکانی هەڵگرانی سندوقی پەیمانی بکە با لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

17 یەشوعیش فەرمانی بە کاهینەکان کرد و گوتی: «لە ڕووباری ئوردونەوە سەربکەون.»

18 ئەوە بوو لەگەڵ سەرکەوتنی کاهینەکانی هەڵگری سندوقی پەیمانی یەزدان لەناوەڕاستی ڕووباری ئوردونەوە، بن پێی کاهینەکان کەوتە سەر وشکانی، ئاوی ڕووباری ئوردون گەڕایەوە شوێنی خۆی و وەک پێشتر بووەوە بە لافاو.

19 گەلیش لە دەیەم ڕۆژی مانگی یەکدا لە ڕووباری ئوردونەوە سەرکەوتن و لە گلگال لە سنووری ڕۆژهەڵاتی ئەریحا چادریان هەڵدا. 20 ئەو دوازدە بەردەش کە لە ڕووباری ئوردونەوە هێنابوویان، یەشوع لە گلگال کەڵەکەی کردن و 21 بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: «ئەگەر سبەینێ نەوەکانتان لە باوباپیرانی خۆیانیان پرسی: ”ئەم بەردانە چین؟“ 22 پێیان بناسێنن و پێیان بڵێن: ”نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانی لەم ڕووباری ئوردونە پەڕینەوە.“ 23 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان ئاوی ڕووباری ئوردونی لەبەردەمیاندا وشک کرد هەتا پەڕینەوە، هەروەک ئەوەی بە دەریای سووری کرد کە لەبەردەمماندا وشکی کرد هەتا ئێمە پەڕینەوە. 24 ئەمەی کرد هەتا هەموو گەلانی خاکەکە بزانن کە دەستی یەزدان بەهێزە، تاوەکو هەتاهەتایە لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.