Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 14-16

خواردنی پاک و گڵاو

14 ئێوە ڕۆڵەی یەزدانی پەروەردگارتانن، لەشی خۆتان بریندار مەکەن و ناوچەوانتان مەتاشن لەبەر مردوو، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان و یەزدانیش ئێوەی هەڵبژارد بۆ ئەوەی ببنە گەنجینەیەکی تایبەت بۆ ئەو لە سەرووی هەموو ئەو گەلانەی لەسەر ڕووی زەویدان.

هیچ شتێکی قێزەون مەخۆن. ئەمە ئەو ئاژەڵانەن کە دەیخۆن، گا و مەڕ و بزن، ئاسک و مامز و ئاسکە سوورە و بزنەکێوی و کەڵەکێوی و ئاسکەکێوی و مەڕەکێوی، هەر ئاژەڵێک کە سمی دوو کەرت بێت و کاوێژ بکات، ئەوە دەخۆن، تەنها ئەمانە ناخۆن لەوانەی کاوێژ دەکەن و سمیان دوو کەرتە، وشتر و کەروێشک و گۆڕهەڵکەنە، چونکە کاوێژ دەکەن، بەڵام سمیان کەرت نییە، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە. هەروەها بەرازیش، چونکە سمی کەرت کراوە، بەڵام کاوێژ ناکات، لەبەر ئەوە بەپێی ڕێوڕەسمی ئایینی بۆتان گڵاوە، نە گۆشتیان بخۆن و نە دەست لە کەلاکیان[a] بدەن.

لە هەموو ئەوانەی لەناو ئاوەکانیشن ئەمانە دەخۆن، هەموو ئەوانەی باڵ و پوولەکەیان هەبێت دەیخۆن، 10 بەڵام هەموو ئەوەی باڵ و پوولەکەی نەبێت نەیخۆن، بۆ ئێوە گڵاوە.

11 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن، 12 بەڵام ئەمانەیان لێ ناخۆن، هەڵۆ و سیسارکە کەچەڵ و داڵاش، 13 واشەی سوور و واشەی ڕەش، هەموو جۆرەکانی شاهین و شمقاڕ، 14 هەموو جۆرەکانی قەلەڕەش، 15 کوندەپەپووی شاخدار و بایەقووش، مەلی دەریا، هەموو جۆرەکانی باز، 16 کوندەپەپووی بچووک و کوندەپەپووی گەورە و کوندەپەپووی سپی و 17 کوندەپەپووی بیابان، واشەی ماسیگر، مەلی ماسیگرە، 18 لەقلەق و هەموو جۆرەکانی شاهۆ و پەپوولەسڵێمانکە و شەمشەمەکوێرە.

19 هەموو مێرووێکی باڵدار بۆ ئێوە گڵاوە و ناخورێت. 20 هەموو باڵندەیەکی پاک دەخۆن.

21 هیچ ئاژەڵێکی مرداربووەوە مەخۆن، بیدەن بەو نامۆیانەی لە هەر شارۆچکەیەکتان دەژیێن، ئەوان دەیخۆن، یان بیفرۆشنە بیانییەکان، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان.

هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

دەیەکەکان

22 هەموو بەروبوومی کشتوکاڵتان کە ساڵ بە ساڵ لە کێڵگەکانتان وەبەردێت، بە تەواوی دەیەکی لێ دەخەنەلاوە. 23 لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان لەو شوێنەی هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت، دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان و نۆبەرەکانی مانگا و مەڕەکانتان دەخۆن، تاکو فێر بن هەردەم لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن[b]. 24 بەڵام ئەگەر ڕێگاکە بۆتان دوور بوو و یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردبوون و نەتانتوانی دەیەکەکەتان بهێنن، چونکە ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت لێتان دوور بوو، 25 ئەوا بە زیو بیفرۆشن و زیوەکە بپێچنەوە لە دەستتان و بڕۆن بۆ ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت. 26 جا زیوەکە خەرج بکەن لە هەموو ئەوەی حەزتان بۆی دەچێت، لە مانگا و مەڕ و شەراب و مەی و هەموو ئەوەی گیانتان لێتان داوا دەکات و لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان بیخۆن و ئێوە و ماڵەکانتان دڵخۆش بن. 27 ئەو لێڤییانەش کە لە شارۆچکەکانتانن بەجێیان مەهێڵن، چونکە بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە.

28 لە کۆتایی هەر سێ ساڵێکدا هەموو دەیەکی بەروبوومی ئەو ساڵەتان دەربهێنن و لەناو شارۆچکەکانتان دایبنێن، 29 لێڤییەکانیش کە هیچ بەش و میراتیان لەگەڵ ئێوەدا نییە، لەگەڵ ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لە شارۆچکەکانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کردارێکی دەستتان کە دەیکەن بەرەکەتدارتان بکات.

ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان

15 لە کۆتایی حەوت ساڵیش ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە. ئەمەش چۆنیەتی بەتاڵکردنەوەیە، هەموو خاوەن قەرزەکان پێویستە لەو قەرزەی بە نزیکەکەی داوە بەتاڵی بکاتەوە. لە نزیکەکەی یان براکەی داوا ناکاتەوە، چونکە کاتی یەزدان بۆ بەتاڵکردنەوەی قەرزەکان بانگەواز کراوە. لە بیانی داوا دەکرێت، بەڵام ئەو قەرزەی لەلای براکەت هەتبوو، ئەوا پێویستە بەتاڵی بکەیتەوە. هەرچەندە پێویستە لەنێوتان کەس هەژار نەبێت، چونکە یەزدان بەرەکەتدارتان دەکات لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات هەتا وەک میرات دەستی بەسەردا بگرن، ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، هەتا هەموو ئەو فەرمانانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بپارێزن و کاریان پێ بکەن. یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات وەک بەڵێنی پێدان، جا قەرز بە زۆربەی نەتەوەکان دەدەن و ئێوە قەرز ناکەن، بەسەر زۆربەی نەتەوەکاندا دەسەڵاتتان دەبێت و ئەوان بەسەرتانەوە دەسەڵاتدار نابن.

ئەگەر هەژارێک لەنێوتان بوو، یەکێک لە برایانتان لە شارۆچکەیەکی خاکەکەتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات، ئەوا دڵتان ڕەق مەکەن و لە ئاست برا هەژارەکانتان دەستتان دامەخەن، بەڵکو دەستتانی بۆ بکەنەوە و ئەوەی پێویستییەتی بە قەرز بیدەنێ. ئاگاداربن لەوەی بیرێکی خراپتان لە دڵدا بێت و بڵێن، «ئەوا ساڵی حەوتەم نزیک بووەتەوە، ساڵی بەتاڵکردنەوەی قەرزەکانە،» ئیتر بە خراپی ڕەفتار لەگەڵ هەژار بکەن و نەیدەنێ، جا ئەویش بۆ یەزدان هاوار دەکات سەبارەت بە ئێوە و دەبێتە گوناه بەسەرتانەوە. 10 بە دڵفراوانییەوە پێی ببەخشن و با بە نابەدڵی نەبێت کاتێک دەیدەنێ، چونکە بەهۆی ئەم شتەوە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو کارەکانتان و لە هەموو ئەوەی دەستی بۆ دەبەن. 11 لەبەر ئەوەی هەژار لە خاکەکەدا کۆتایی نایەت، بۆیە من فەرمانتان پێدەدەم و دەڵێم: «دەستی یارمەتیتان بکەنەوە بۆ برای نەدارتان و بۆ هەژاران لە خاکەکەتان.»

ئازادکردنی خزمەتکار

12 ئەگەر برایەک یان خوشکێکی عیبرانیت پێ فرۆشرا و شەش ساڵ خزمەتی کردیت، ئەوا لە ساڵی حەوتەم لەلای خۆت ئازادی دەکەیت. 13 کاتێک ئازادیشی دەکەیت، بە دەستبەتاڵی ئازادی ناکەیت. 14 بەڵکو بە دڵفراوانییەوە لە مێگەلەکەت و جۆخینەکەت[c] و گوشەرەکەتی[d] پێدەدەیت، بەو شێوەیەی یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتداری کردوویت، پێی دەدەیت. 15 لە یادت بێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت، جا یەزدانی پەروەردگارت تۆی کڕییەوە، بۆیە من ئەمڕۆ فەرمانی ئەمەت پێ دەکەم.

16 بەڵام ئەگەر گوتی، «واز لە تۆ ناهێنم،» چونکە خۆت و ماڵەکەتی خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی لەلای تۆ لە خۆشیدا بووە، 17 ئەوا درێشە ببە و لەلای دەرگاکە گوێی کون بکە، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە کۆیلەت، ئاواش بۆ کارەکەرەکەت دەکەیت.

18 بە لاتەوە گران نەبێت خزمەتکارەکەت ئازاد بکەیت، چونکە شەش ساڵ خزمەتی کردوویت، دوو هێندەی کرێگرتەیەک، جا یەزدانی پەروەردگارت بەرەکەتدارت دەکات لە هەموو ئەوەی کە دەیکەیت.

نۆبەرە ئاژەڵەکان

19 هەموو نۆبەرەیەکی نێرینەی مانگا و مەڕەکانت بۆ یەزدانی پەروەردگارت تەرخان دەکەیت، کار بە نۆبەرەی مانگاکەت مەکە و خوری نۆبەرەی مەڕەکانت مەبڕەوە. 20 ساڵ بە ساڵ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارت دەیخۆیت لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، خۆت و ماڵەکەت. 21 بەڵام ئەگەر ئاژەڵێک کەموکوڕییەکی تێدابێت، وەک شەلی یان کوێری، هەر کەموکوڕییەکی خراپ، ئەوا بۆ یەزدانی پەروەردگارت سەری مەبڕە، 22 لە شارۆچکەی خۆتدا دەیخۆیت، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک، وەک چۆن مامز و ئاسک دەخۆن. 23 بەڵام خوێنەکەی نەخۆیت، وەک ئاو دەیڕێژیتە سەر زەوی.

جەژنی پەسخە

16 مانگی ئاڤیڤ بپارێزن و جەژنی پەسخە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بکەن، چونکە لە مانگی ئاڤیڤدا یەزدانی پەروەردگارتان بە شەو لە میسر دەریهێنان. جا لە جەژنی پەسخە مانگا و مەڕ بۆ یەزدانی پەروەردگارتان سەردەبڕن، لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت بۆ ئەوەی ناوی لەوێ بێت. هیچ نانێکی بە هەویرترشی[e] لەگەڵ نەخۆن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن، نانی تەنگانە، چونکە بە پەلە لە خاکی میسر هاتنە دەرەوە، هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانتان، ڕۆژی هاتنەدەرەوەتان لە خاکی میسر لە یاد بێت. لە هەموو سنوورەکانتان نابێت هەویرترش ببینرێت بۆ حەوت ڕۆژ و نابێت هیچ لەو گۆشتەی ئێوارە کە ڕۆژی یەکەم سەری دەبڕن بۆ بەیانی بمێنێتەوە.

بۆتان نییە قوربانی جەژنی پەسخە لە یەکێک لە شارۆچکەکانتان سەرببڕن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ، بەڵکو لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، لەوێ قوربانی پەسخە سەردەبڕن لە ئێوارە، دەمەو خۆر ئاوابوون، لە کاتی یادکردنەوەی ساڵانەی هاتنەدەرەوەتان لە میسر. لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، لێی دەنێن و دەیخۆن و ئینجا بۆ بەیانی دەگەڕێنەوە چادرەکانتان. شەش ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و ڕۆژی حەوتەمیش ئاهەنگی کۆتایی دەگێڕن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێکی تێدا ناکەن.

جەژنی هەفتەکان

حەوت هەفتە دەژمێرن بۆ خۆتان، لە دەستپێکردنی دروێنەی دەغڵ دەستپێدەکەیت. 10 جەژنی هەفتەکان[f] بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەگێڕن، بەگوێرەی ئەوەی لە دەستتان دێتەدەر بەخشینێکی ئازاد دەبەخشن، وەک ئەوەندەی یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردوون. 11 جا خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەی کە لە شارۆچکەکانتانن و ئەو نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی کە لەنێوتانن لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت. 12 لە یادتان بێت ئێوەش لە میسر کۆیلە بوون، بۆیە ئەو فەرزانە بەجێدەهێنن و پەیڕەویان دەکەن.

جەژنی کەپرەشینە

13 حەوت ڕۆژان جەژنی کەپرەشینە بۆ خۆتان دەکەن، کاتێک بەرهەم لە جۆخین و گوشەرەکەتان[g] کۆدەکەنەوە. 14 جا بە جەژنەکەتان خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤی و نامۆ و هەتیو و بێوەژنانەی لە شارۆچکەکانتاندان دڵخۆش دەبن. 15 حەوت ڕۆژان بۆ یەزدانی پەروەردگارتان جەژن دەگێڕن لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتدارتان دەکات لە هەموو بەروبوومێک و لە هەموو کردارێکی دەستتان، جا بێگومان دڵخۆش دەبن.

16 سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئامادە دەبن، لەو شوێنەی کە خۆی هەڵیدەبژێرێت: لە جەژنی فەتیرە و جەژنی هەفتەکان و جەژنی کەپرەشینە. نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەم یەزدان ئامادە بن، 17 بەپێی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارت پێت دەبەخشێت، هەریەکە بەگوێرەی ئەوەی لە دەستی دێتەدەر.

دادوەران

18 دادوەران و کوێخاکان بۆ خۆتان دادەنێن لە هەموو شارۆچکەکانتان کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات بەگوێرەی هۆزەکانتان، جا ئەوانیش دادوەرییەکی ڕاستودروست بۆ گەل دەکەن. 19 دادوەری خوار مەکەنەوە و لایەنگری کەس مەکەن و بەرتیل وەرمەگرن، چونکە بەرتیل چاوی داناکان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات. 20 دادوەری پەیڕەو دەکەن و تەنها دادوەری، هەتا بژین و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێتانی دەدات.

پەرستنی خودایەکی دیکە

21 هیچ ستوونە ئەشێرایەک لە هیچ دارێک بۆ خۆتان ناچێنن لەتەنیشت قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە بۆ خۆتان دروستی دەکەن، 22 هیچ بەردێکی تەرخانکراو بۆ خۆتان ڕامەگرن، ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان ڕقی لێیەتی.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.