Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 11-13

خۆشویستن و پاراستنی فەرمانەکانی یەزدان

11 یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و خواست و فەرز و یاسا و فەرمانەکانی هەمیشە بەجێبهێنن. بزانن کە پەیامەکەم بۆ ئێوەیە، نەک بۆ منداڵەکانتان کە ئەزموونی تەمبێکردنی یەزدانی پەروەردگاریان نییە. ئێوە کە مەزنێتی و دەستی پۆڵایین و بازووە بەهێزەکەی ئەوتان بینیوە؛ نیشانە و کارەکانی کە لە میسر بە فیرعەونی پاشای میسر و بە هەموو خاکەکەی کرد، ئەوەی بە ئەسپ و گالیسکەکانی سوپای میسری کرد کاتێک بەدواتان کەوتن، بە شەپۆلەکانی دەریای سووری پێچایەوە و بە تەواوی لەناوی بردن. هەروەها منداڵەکانی ئێوە نەبوون، بەڵکو ئێوە بوون کە بە چاوی خۆتان ئەوەتان بینی کە لە دەشتودەر بۆی کردن هەتا هاتنە ئەم شوێنە و ئەوەی بە داتان و ئەبیرامی کرد، دوو کوڕەکەی ئەلیابی ڕەئوبێنی، کاتێک لەناوەندی هەموو ئیسرائیلدا زەوی دەمی کردەوە و بە ماڵەکانیان و چادرەکانیان و هەموو ئەو شتە زیندووانەی هی ئەوان بوون هەڵیلووشی. ئێوە بە چاوی خۆتان هەموو کردارە مەزنەکانی یەزدانتان بینی کە کردی.

هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، بۆ ئەوەی بەهێز بن و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن کە ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا ببنە خاوەنی، هەروەها بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەسەر ئەو زەوییەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بیانداتێ، بۆ خۆیان و نەوەکانیان، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت. 10 ئەو خاکەی کە ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، وەک خاکی میسر نییە کەوا بەجێتان هێشت، ئەو شوێنەی تۆوتان لێ دەچاند و بە پێیەکانتان ئاوتان دەدا[a] وەک باخی سەوزەوات. 11 بەڵکو ئەو خاکەی ئێوە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، خاکی چیا و دۆڵە، لە بارانی ئاسمان ئاو دەخواتەوە. 12 خاکێک یەزدانی پەروەردگارتان بایەخی پێدەدات؛ چاوەکانی یەزدانی پەروەردگارتان لە سەرەتای ساڵ هەتا کۆتایی بە بەردەوامی لەسەریەتی. 13 جا ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانم بوون کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم هەتا یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت، پڕ بە دڵ و لە ناخەوە بیپەرستن، 14 ئەوا بارانی زەوییەکەتان، پاییزە باران و بەهارە باران لە کاتی وەرزی خۆیدا دەدەم، تۆش دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەت کۆدەکەیتەوە. 15 گیا دەدەمە ئاژەڵەکانت لە کێڵگەکەت، تۆش دەیخۆیت و تێر دەبیت.

16 بۆیە ئاگاداربن نەوەک دڵتان بخەڵەتێت و لابدەن و خودای دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن. 17 جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و ئاسمان دادەخرێت و باران نابارێت و زەوی بەروبووم نادات، ئێوەش بە خێرایی لەو خاکە چاکەی یەزدان پێتانی دەدات لەناودەچن.

18 جا ئەم وشانەم لەسەر دڵ و گیانتان دابنێن و وەک نیشانە لەسەر دەستتانی ببەستن و با گوڵنگ بن بە ناوچەوانتانەوە. 19 منداڵەکانیشتان فێر بکەن و پێی بدوێن کاتێک لە ماڵەکانتان دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، 20 لەسەر چوارچێوەی دەرگاکانی ماڵەکەت و لەسەر دەرگاکانی حەوشەکەت بینووسە، 21 بۆ ئەوەی ڕۆژانی خۆت و منداڵەکانت زیاد بکات لەسەر ئەو زەوییەی یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانت خوارد بیانداتێ هەروەک بەردەوامی ئاسمان بەسەر ڕووی زەویدا.

22 ئەگەر هۆشیار بوون و هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من فەرمانتان پێ دەکەم هەتا بیکەن، بۆ ئەوەی یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و دەستی پێوە بگرن، 23 ئەوا یەزدان هەموو ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات و ئێوە دەبنە میراتگری گەلانی لە خۆتان گەورەتر و بەهێزتر. 24 هەر شوێنێک لەپی پێتان لێ دانا دەبێتە هی ئێوە، سنوورتان لە دەشتودەر و لوبنانەوە، لە ڕووبارەکەوە، ڕووباری فورات هەتا دەریای ڕۆژئاوا دەبێت. 25 هیچ کەس ناتوانێت لە دژتان بوەستێت، یەزدانی پەروەردگارتان ترس و سامتان دەخاتە سەر هەموو ئەو زەوییەی پێی لێ دەنێن، هەروەک بەڵێنی پێدان.

26 بڕوانە، من ئەمڕۆ بەرەکەت و نەفرەت لەبەردەمتان دادەنێم، 27 بەرەکەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، 28 نەفرەتە، ئەگەر گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان نەبن و لەو ڕێگایەی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لاتان دا هەتا بەدوای خودای دیکە بکەون کە نەتانناسیوە. 29 جا کاتێک یەزدانی پەروەردگارت تۆی هێنایە ئەو خاکەی کە تۆ دەچیتە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگریت، ئەوا بەرەکەتەکان لەسەر کێوی گەریزیم ڕابگەیەنە و نەفرەتەکانیش لەسەر کێوی عێبال. 30 وەک دەزانن ئەم کێوانە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوەن، لە ڕۆژئاوای ڕێگاکە بەرەو خۆرئاوابوون، لە خاکی کەنعانییەکانی کە لە عەراڤادا نیشتەجێن، بەرامبەر گلگال لەتەنیشت دار بەڕووەکانی مۆرە، 31 چونکە ئێوە خەریکن لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات و دەستی بەسەردا بگرن. کاتێک دەستتان بەسەردا گرت و تێیدا نیشتەجێ بوون، 32 ملکەچی هەموو ئەو فەرز و یاسایانە بن کە من ئەمڕۆ لەبەردەمتانی دادەنێم هەتا بیکەن.

تەنها لە شوێنی هەڵبژێردراو خودا بپەرستن

12 ئەمە ئەو فەرز و یاسایانەیە کە بەجێی دەهێنن هەتا لەو خاکەدا بیکەن کە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان پێیداون هەتا دەستی بەسەردا بگرن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر زەوی. هەموو ئەو شوێنانە بە تەواوی تێکدەدەن، کە تێیدا ئەو نەتەوانەی ئێوە دەریاندەکەن، خوداوەندەکانیان دەپەرست لەسەر چیا سەرکەشەکان و لەسەر گردەکان و لەژێر هەموو دارێکی سەوز، قوربانگاکانیشیان تێکدەدەن، بەردە تەرخانکراوەکانیان دەشکێنن، ستوونە ئەشێراکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، پەیکەرەکانی خوداوەندەکانیان دەبڕنەوە و لەو شوێنانەدا ناویان دەسڕنەوە.

بەو شێوەیەی ئەوان یەزدانی پەروەردگارتان ناپەرستن، بەڵکو ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت لەنێو هەموو هۆزەکانتان هەتا ناوی خۆی تێدا دابنێت بۆ نیشتەجێبوونی[b]، ڕووتان لەو شوێنە دەکەن و بۆ ئەوێ دەچن. بۆ ئەوێ قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و نەزر[c] و بەخشینی ئازاد[d] و نۆبەرەی مانگا و مەڕەکانتان پێشکەش دەکەن. لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان ئێوە و خێزانەکانتان دەخۆن و دڵخۆش دەبن بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات، وەک یەزدانی پەروەردگارتان بەرەکەتداری کردن.

ئێوە ئاوا مەکەن، وەک ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ لێرە دەیکەین، کە هەرکەسە بەو شێوەیەی خۆی دەکات کە ڕاستە لەپێش چاوی، چونکە هێشتا نەچوونەتە ناو شوێنی حەسانەوە و میرات کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ. 10 بەڵام لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە و لەو خاکە نیشتەجێ دەبن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەتانداتێ بە میرات و ئێوە دەحەسێنێتەوە لە هەموو دوژمنەکانتان کە لە دەوروبەرتانن و ئینجا بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبن، 11 ئەوا ئەو شوێنەی خوداتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی لەوێ بێت، بۆ ئەوێ هەموو ئەو شتانە هەڵدەگرن کە من فەرمانتان پێ دەکەم، قوربانی سووتاندن و سەربڕاو و دەیەکەکان و بەخشینی بەرزکراوە و هەموو هەڵبژێردراوی نەزرەکانتان کە بۆ یەزدانی دەکەن. 12 لەوێ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش دەبن، ئێوە و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها ئەو لێڤییانەش کە لە دەروازەی شارۆچکەکانتانن، چونکە نە بەش و نە میراتیان لەگەڵتاندا نییە. 13 ئاگاداربن قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش مەکەن لە هەر شوێنێک کە دەیبینن، 14 بەڵکو لەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت لە یەکێک لە هۆزەکانتان، لەوێ قوربانی سووتاندنەکانتان پێشکەش دەکەن و لەوێ هەموو ئەوانە دەکەن کە من فەرمانتان پێدەدەم.

15 بەڵام لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی دەچێت سەردەبڕن و گۆشت دەخۆن لە هەموو شارۆچکەکانتان بەگوێرەی ئەو بەرەکەتەی یەزدانی پەروەردگارتان کە پێیداون، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخۆن وەک مامز و ئاسک. 16 بەڵام خوێن ناخۆن، وەک ئاو دەیڕێژنە سەر زەوی. 17 بۆتان نییە لە شارۆچکەکانتاندا دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتەکەتان بخۆن، هەروەها لە نۆبەرەی مانگا و مەڕتان و نە هیچ شتێک لە نەزرەکانتان کە نەزریان دەکەن و لە بەخشینە ئازاد و بەرزکراوەکانتان، 18 بەڵکو لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دەیخۆن لەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەرەکانتان، هەروەها لێڤییەکانی شارۆچکەکانتان، لەبەردەم یەزدانی پەروەردگاریشتان بە هەموو ئەوانەی دەستتان پێی دەگات دڵخۆش دەبن. 19 ئاگاداربن لەوەی لێڤی پشت گوێ بخەن بە درێژایی ڕۆژانی ژیانتان لەسەر خاکەکەتان.

20 کاتێک یەزدانی پەروەردگاری خۆتان سنووری فراوان کردن وەک لەگەڵتاندا دوا و ئێوەش گوتتان «گۆشت دەخۆین،» چونکە حەزتان بۆ گۆشت خواردن چوو، ئەوا چەند حەزتان بۆی دەچێت لە گۆشت دەخۆن. 21 ئەگەر ئەو شوێنەی یەزدانی پەروەردگارتان هەڵیدەبژێرێت هەتا ناوی خۆی لێ دابنێت لێتانەوە دوور بوو، ئەوە لەو مانگا و مەڕانەی یەزدان پێتانی داوە سەری ببڕن وەک فەرمانم پێکردن و لە شارۆچکەکانتاندا لە هەموو ئەوانەی حەزتان بۆی چوو بخۆن. 22 وەک چۆن مامز و ئاسک دەخورێت ئاوا دەیخۆن، کەسی گڵاو و پاک بەپێی ڕێوڕەسم وەک یەک لێی دەخۆن، 23 بەڵام ئاگاداربن خوێن نەخۆن، چونکە خوێن ژیانەکەیە، جا ژیانەکە لەگەڵ گۆشتەکە مەخۆن، 24 نایخۆن، وەک ئاو لەسەر زەوی دەیڕێژن، 25 نایخۆن هەتا چاکە بێتە ڕێی خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان، چونکە ئەوەی لەبەرچاوی یەزدان ڕاستە، ئەوە دەکەن.

26 بەڵام شتە تەرخانکراوەکانتان کە هی ئێوەن و نەزرەکانتان هەڵدەگرن و دەچنە ئەو شوێنەی یەزدان هەڵیدەبژێرێت، 27 جا قوربانی سووتاندنەکانتان، گۆشتەکە و خوێنەکە لەسەر قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەکەن، بەڵام قوربانییە سەربڕدراوەکانتان، خوێنەکەی لەتەنیشتی قوربانگای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕژێنرێن و گۆشتەکەش دەخۆن، 28 هۆشیار بن هەموو ئەو وشانەی من فەرمانتان پێدەدەم گوێڕایەڵی بن، هەتا بۆ خۆتان و منداڵەکانتان لەدوای خۆتان چاکە بێتە ڕێتان هەتاهەتایە، کاتێک ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان چاکە و ڕاستە دەیکەن.

29 یەزدانی پەروەردگارتان لەبەردەمتاندا ئەو نەتەوانەی لەناو دەبات کە ئێوە خەریکن بۆیان دەچن هەتا دەریانبکەن. بەڵام کاتێک ئێوە دەریاندەکەن و لە خاکەکەیان نیشتەجێ دەبن، 30 دوای ئەوەی لەبەردەمتان لەناودەبردرێن، ئاگاداربن لەوەی نەکەونە داوەوە و سەبارەت بە خوداوەندەکانیان پرسیار مەکەن: «ئەو نەتەوانە چۆن خوداوەندەکانیان دەپەرست؟ ئێمەش ئاوا دەکەین.» 31 بۆ یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا مەکەن، چونکە ئەوان هەموو ئەو شتانەی قێزەونە لەلای یەزدان لەوەی ڕقی لێیەتی بۆ خوداوەندەکانیان کردووە، چونکە تەنانەت کوڕان و کچانی خۆشیان بە ئاگر سووتاندووە بۆ خوداوەندەکانیان.

32 هەموو ئەو قسانەی کە فەرمانم پێکردن، ئاگاداربن بیکەن، نە بۆی زیاد بکەن و نە لێی کەم بکەنەوە.

پەرستنی خودای دیکە

13 ئەگەر لەنێوتاندا پێغەمبەرێک یان خەونبینێک کە خەونێکی بینیبێت دەرکەوت و نیشانەیەک یان پەرجووێکی پێدان، جا ئەگەر ئەو نیشانەیە یان ئەو پەرجووە کە بۆ ئێوەی باسکرد ڕوویدا و گوتی، «با بەدوای خودای دیکە بکەوین و بیانپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیوە، ئەوا گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرە یان ئەو خەونبینە مەگرە کە ئەو خەونەی بینیوە، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان تاقیتان دەکاتەوە تاکو بزانێت ئایا ئێوە پڕ بە دڵ و لە ناخەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشدەوێت یان نا. بەدوای یەزدانی پەروەردگارتان دەڕۆن و لەو دەترسن و فەرمانەکانی دەپارێزن و گوێڕایەڵی دەبن و ئەو دەپەرستن و دەستی پێوە دەگرن. ئەو پێغەمبەرەش یان ئەو خەونبینەی ئەو خەونەی بینیوە دەکوژرێت، چونکە بە چەواشەکاری قسەی کرد لە دژی یەزدانی پەروەردگارتانەوە کە لە خاکی میسرەوە دەریهێنان و لە ماڵی کۆیلەیی کڕینیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگایە لات بدات کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردوون لەسەری بڕۆن. جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.

ئەگەر براکەت، کوڕی دایکت، یان کوڕەکەت یان کچەکەت، یان ژنەکەی باوەشت، یان هاوڕێکەت کە وەک خۆتە بە نهێنی لەبن گوێت خوێندی و گوتی، «دەڕۆین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نە تۆ و نە باوباپیرانت نەیانناسیوە، لە خوداوەندەکانی ئەو گەلانەی دەوروبەرت، ئەوانەی لێتەوە نزیکن یاخود دوورن لەوپەڕی زەوی هەتا ئەوپەڕی، لەگەڵی ڕەزامەند مەبە و گوێی لێ مەگرە. دڵت پێی نەسووتێت و دەستی لێ مەپارێزە و بۆی دامەپۆشە، بەڵکو بە دڵنیاییەوە بیکوژە، یەکەم جار دەستی تۆ لەسەری بێت بۆ کوشتنی ئینجا لە کۆتاییدا دەستی هەموو گەل. 10 بەردبارانی دەکەیت هەتا دەمرێت، چونکە ویستی لە یەزدانی پەروەردگارت تۆ لابدات کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنایت. 11 ئەوسا هەموو ئیسرائیل دەیبیستن و دەترسن و جارێکی دیکە هیچ کەسێک لەنێوتان وەک ئەم بەدکارییە ئەنجام نادات.

12 ئەگەر سەبارەت بە یەکێک لەو شارۆچکانەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات هەتا تێیدا نیشتەجێ بن وتەیەکتان بیست، 13 کە خەڵکانێکی بەدکار لەنێوتاندا سەریان هەڵداوە و دانیشتووانی شارۆچکەیان گومڕا کردووە و دەڵێن، «دەچین و خودای دیکە دەپەرستین،» ئەو خوداوەندانەی کە نەتانناسیون، 14 ئێوە لێی بکۆڵنەوە و بگەڕێن و باش پرسیار بکەن. ئەگەر زانیتان بابەتەکە ڕاستە و بێگومانە کە ئەو کارە قێزەونە لەنێوتاندا کراوە، 15 ئەوا بە شمشێر تەواوی دانیشتووانی ئەو شارۆچکەیە بکوژن و قڕیان بکەن،[e] بە هەموو ئەو شتانەوەش کە تێیدایە و بە ئاژەڵە ماڵییەکانیشییەوە. 16 هەموو شتومەکەکانی لە گۆڕەپانی شارۆچکەکەدا کۆدەکەنەوە و هەموو شارۆچکەکە و شتومەکەکانی وەک قوربانی سووتاندنێکی تەواو بۆ یەزدانی پەروەردگارتان دەسووتێنن، جا بۆ هەتاهەتایە دەبێتە گردێکی وێران و جارێکی دیکە بنیاد نانرێتەوە. 17 نابێت هیچ شتێکی تەرخانکراو بۆ قڕکردن لەلای ئێوە ببینرێتەوە، هەتا گڕی تووڕەییەکەی یەزدان دابمرکێتەوە، بەزەیی پێتان دێتەوە و لەگەڵتان میهرەبان دەبێت و زۆرتان دەکات هەروەک سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 18 ئەگەر گوێڕایەڵی دەنگی یەزدانی پەروەردگارتان بوون بۆ پاراستنی هەموو فەرمانەکانی کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم هەتا ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان ڕاستە بیکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.