Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دواوتار 5-7

دە ڕاسپاردەکە

موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن. یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین، ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین. یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا، لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە، فەرمووی:

«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

«پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 10 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

11 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

12 «ڕۆژی شەممە[b] بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن. 13 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 14 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگ و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە. 15 لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.

16 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

17 «مەکوژن[c].

18 «داوێنپیسی مەکەن.

19 «دزی مەکەن.

20 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

21 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

22 یەزدان بەم ڕاسپاردانە لەگەڵ هەموو کۆمەڵەکەتاندا دوا، لە کێوەکە لەناو ئاگر و هەور و تاریکی چڕ و دەنگێکی بەزر، هیچی زیاد نەکرد و لەسەر دوو تەختەی بەرد نووسی و پێیدام.

23 کاتێک گوێتان لە دەنگەکە بوو لەناو تاریکییەوە و کێوەکە بە ئاگر گڕی گرتبوو، هەموو سەرۆک هۆزەکانتان و پیرەکانتان هاتن بۆ لام. لێم هاتنە پێش و 24 گوتتان، «ئەوەتا یەزدانی پەروەردگارمان شکۆمەندی و مەزنی خۆی پیشان داین و گوێمان لە دەنگی بوو لەناو ئاگرەوە، ئەمڕۆ بینیمان خودا لەگەڵ مرۆڤ دەدوێت و مرۆڤەکەش دەژیێت، 25 بەڵام ئێستا بۆچی بمرین؟ چونکە ئەو ئاگرە مەزنە دەمانخوات. ئەگەر لەوە زیاتر گوێمان لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارمان بوو ئەوا دەمرین، 26 چونکە کێ وەک ئێمە لە هەموو ئادەمیزاد گوێی لە دەنگی خودای زیندوو بووە لەناو ئاگرەوە بدوێت و ژیابێت؟ 27 تۆ بڕۆ پێشەوە و گوێ لە هەموو ئەوە بگرە کە یەزدانی پەروەردگارمان دەیڵێت و هەموو ئەوەی یەزدانی پەروەردگارمان پێت دەڵێت، پێمانی بڵێ، جا گوێ دەگرین و کاری پێدەکەین.»

28 یەزدانیش گوێی لە قسەکانتان بوو کاتێک قسەتان لەگەڵ کردم و یەزدان پێی فەرمووم، «گوێم لە دەنگی قسەی ئەم گەلە بوو کە لەگەڵتدا دوان. لە هەموو ئەوەی گوتیان باش بوو، 29 خۆزگە هەمیشە دڵیان ئاوا دەبوو هەتا لێم بترسن و هەموو فەرمانەکانم بپارێزن، هەتاوەکو بۆ هەتاهەتایە چاکە بێتە سەر ڕێگای خۆیان و کوڕەکانیان.

30 «بڕۆ پێیان بڵێ: ”بگەڕێنەوە چادرەکانی خۆتان،“ 31 بەڵام تۆ لێرە لەگەڵم بوەستە، باسی هەموو فەرمان و فەرز و یاساکانت بۆ دەکەم کە فێریان دەکەیت و ئەوان لەو خاکەدا پەیڕەوی دەکەن کە من پێیان دەدەم هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»

32 ئیتر ئاگاداربن بۆ ئەوەی هەموو ئەوە بکەن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بەلای ڕاست و چەپدا لامەدەن، 33 هەموو ئەو ڕێگایەی یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن دەیگرنەبەر، هەتا بژین و چاکە بێتە ڕێگاتان و درێژە بە ڕۆژانتان بدەن لەو خاکەی دەستی بەسەردا دەگرن.

یەزدانی پەروەردگارت خۆشبوێت

ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم، هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن، هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان، هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت. جا ئەی ئیسرائیل، گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن، هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.

ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن، یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە، جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ. با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن، وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.

10 کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ، بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە، 11 ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە، بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە، مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە، کە کاتێک خواردتان تێر بوون، 12 جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.

13 لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن. 14 بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن، لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن، 15 چونکە یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارە لەنێوتان، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات. 16 یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە. 17 بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون. 18 ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن، هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد، 19 کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت، وەک یەزدان فەرمووی.

20 ئەگەر لە داهاتوودا منداڵەکانتان لێیان پرسین، گوتیان، «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟» 21 بە منداڵەکانتان دەڵێن: «لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و 22 یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و 23 لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو. 24 جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین، هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ، 25 ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین، هەروەک فەرمانی پێ کردین.»

دەرکردنی نەتەوەکان

کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنایە ئەو خاکەی کە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن و گەلانی زۆری لەبەردەمتان دەرکرد، حیتی و گرگاشی و ئەموری و کەنعانی و پریزی و حیڤی و یەبوسییەکان، حەوت گەلی لە خۆتان مەزنتر و بەهێزتر، کاتێک یەزدانی پەروەردگارتان ئەوانی دایە دەستتان و ئێوەش لێتان دان، بە تەواوی قڕیان دەکەن[d]، پەیمانیان لەگەڵ نابەستن و بەزەییتان پێیان نایەتەوە. ژن و ژنخوازییان لەگەڵ ناکەن، کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیان بۆ کوڕتان مەهێنن، چونکە کوڕەکانتان لە من هەڵدەگێڕنەوە و خودای دیکە دەپەرستن، جا تووڕەیی یەزدان لێتان دەجۆشێت و خێرا لەناوتان دەبات. بەڵام دەبێت ئاوایان پێ بکەن، قوربانگاکانیان بڕووخێنن و بەردە تەرخانکراوەکانیان[e] بشکێنن و ستوونە ئەشێراکانیان[f] ببڕنەوە و بتەکانیان بە ئاگر بسووتێنن، چونکە ئێوە گەلێکی پیرۆزن بۆ یەزدانی پەروەردگارتان. لەنێو هەموو گەلانی سەر ڕووی زەوی یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هەڵبژارد تاکو بۆی ببن بە گەلی ئەو، ببنە گەنجینەیەکی تایبەت.

یەزدان دڵی پێتانەوە بەند بوو و هەڵیبژاردن، نەک لەبەر ئەوەی لە هەموو گەلان زۆرترن لە ڕاستیدا ئێوە لە هەموو گەلان کەمترن. بەڵام لە خۆشەویستی یەزدان بوو بۆتان و پاراستنی ئەو سوێندەی بۆ باوباپیرانی ئێوەی خوارد، یەزدان بە دەستێکی بەهێز دەریهێنان و ئێوەی لە خاکی کۆیلایەتی کڕییەوە، لە دەستی فیرعەونی پاشای میسر. جا بزانن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆی خودایە، خودای وەفادارییە، ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەی هەتا هەزار نەوە دەباتەسەر، بۆ ئەوانەی خۆشیان دەوێت و فەرمانەکانی دەپارێزن.

10 بەڵام سزای ئەوانە دەدات کە ڕقیان لێی دەبێتەوە و دەستبەجێ لەناویان دەبات،
    ئەوەی ڕقی لێی بێتەوە لەسەری ناوەستێت و تۆڵەی لێ دەکاتەوە.

11 جا فەرمان و فەرز و یاساکان بەجێبهێنن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێدەدەم بۆ ئەوەی جێبەجێی بکەن.

12 ئەگەر ئێوە گوێ لەو یاسایانە بگرن و بیپارێزن و جێبەجێ بکەن، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان پەیمانی خۆشەویستییەکەی بۆ ئێوە دەباتەسەر، وەک چۆن سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد. 13 ئێوەی خۆشدەوێت، بەرەکەتدارتان دەکات و زۆرتان دەکات و بەروبوومی سکتان و بەروبوومی زەوییەکەتان، دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان، بەروبوومی گوێرەکەی گاگەلەکەتان و مەڕ و بزنەکانتان بەرەکەتدار دەکات لەسەر ئەو زەوییەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد کە بە ئێوەی دەدات. 14 ئێوە بەرەکەتدار دەبن لە سەرووی هەموو گەلان، وەجاخکوێر و نەزۆک نە لە ئێوە و نە لەناو ئاژەڵە ماڵییەکانتاندا نابێت، 15 یەزدان هەموو نەخۆشییەکتان لێ دوور دەخاتەوە و هەموو دەردە خراپەکانی میسر کە ئێوە زانیتان نایخاتە سەرتان، بەڵکو دەیخاتە سەر هەموو ناحەزانتان، 16 هەموو ئەو گەلانەش لەناودەبەن کە یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەستتان، بەزەییتان پێیان نایەتەوە و خوداوەندەکەیان ناپەرستن، چونکە ئەوە تەڵەیە بۆ ئێوە.

17 ئەگەر لە دڵی خۆتاندا گوتتان، «ئەو گەلانە لە ئێمە بەهێزترن، چۆن دەتوانین دەریانبکەین؟» 18 لێیان مەترسن، ئەوەتان بەبیر بێتەوە یەزدانی پەروەردگارتان چی بە فیرعەون و بە هەموو میسرییەکان کرد، 19 ئەو ئەزموونە مەزنانەی چاوەکانتان بینییان و ئەو نیشانە و پەرجووانە، هەروەها ئەو دەستە پۆڵایین و بازووە بەهێزەی کە یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی پێ دەرهێنا. یەزدانی پەروەردگارتان ئاوا لە هەموو ئەو گەلانە دەکات کە ئێوە لێیان دەترسن. 20 هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان زەردەواڵە دەنێرێتە سەر ئەو گەلانە تاوەکو تەنانەت ئەو بەجێماوانەش لەناو ببات کە خۆیان لە ئێوە شاردووەتەوە. 21 لێیان مەترسن، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لەنێوتانە و خودایەکی مەزن و سامناکە. 22 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان کەمە کەمە ئەو گەلانە لەبەردەمتان دەردەکات، ناتوانن دەستبەجێ لەناویان ببەن نەوەک دڕندەی کێویتان بەسەرەوە زۆر بێت. 23 بەڵام یەزدانی پەروەردگارتان دەیانداتە دەست و سەرلێشێوانێکی مەزنیان دەکەوێتە ناو، هەتا لەناودەچن. 24 پاشاکانیشیان دەخاتە ناو دەستتان، جا لەژێر ئاسمان ناویان دەسڕنەوە، کەس نابێت بتوانێت لە دژتان بوەستێت هەتا لەناویان دەبەن. 25 وێنەی خوداوەندەکانیان بە ئاگر دەسووتێنن، چاو مەبڕنە ئەو زێڕ و زیوەی کە لەسەریانە هەتا بۆ خۆتانی ببەن، نەوەک پێی بکەونە داوەوە، چونکە لەلای یەزدانی پەروەردگارتان قێزەونە. 26 هیچ قێزەونێکیش مەهێننە ناو ماڵەکانتانەوە نەوەک ئێوەش وەک ئەو بۆ قڕکردن تەرخان بکرێن، بەڵکو وەکو شتێکی قێزەون تەماشای بکەن و ڕقتان لێ ببێتەوە، چونکە بۆ قڕکردن تەرخان کراوە[g].

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.