Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لێڤییەکان 22-23

22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «بە هارون و کوڕەکانی بڵێ: ”با ئاگاداری خۆیان بن لە قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل و ناوی پیرۆزی من نەزڕێنن، ئەوانەی بۆ منی تەرخان دەکەن، من یەزدانم.“

«پێیان بڵێ: ”لە نەوەکانتان هەرکەسێک لە هەموو وەچەکانتان ئەگەر بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو بێت و لە قوربانییە پیرۆزەکان نزیک بووەوە کە نەوەی ئیسرائیل بۆ یەزدانی تەرخان دەکەن، ئەوا ئەو کەسە لەبەردەمم دەبڕدرێتەوە. من یەزدانم.

«”هەرکەسێک لە نەوەی هارون کە نەخۆشی گواستراوەی پێست یان لێچوونی هەبێت، هەتا پاک دەبێتەوە لە قوربانییە پیرۆزەکان نەخوات. هەر یەکێکیش دەست لە شتێکی گڵاوی مردووێک بدات، یان کەسێک تۆوی لێچووبوو، یان دەستی لە خشۆکێک دابێت کە پێی گڵاو بێت، یان لە مرۆڤێک کە پێی گڵاو بێت لەبەر هەر گڵاوییەک کە هەیەتی، ئەوەی دەست لە هەریەک لەو شتانە بدات ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت و نابێت لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات هەتا خۆی بە ئاو نەشوات. کاتێک خۆر ئاوا دەبێت، پاک دەبێتەوە و پاشان لە قوربانییە پیرۆزەکان بخوات، چونکە خۆراکی ئەوە. نابێت ئاژەڵی مردار و نێچیر بخوات، چونکە پێی گڵاو دەبێت. من یەزدانم.

«”کاهینەکان دەبێت خواستەکانم بپارێزن، نەوەک گوناهێک هەڵبگرن کە پێی بمرن، ئەگەر بە سووکی ڕەفتاری لەگەڵ بکەن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.

10 «”نابێت کەس لە قوربانی پیرۆزکراو بخوات جگە لە کەسوکاری کاهینەکە. میوان و کرێگرتەی کاهینیش نابێت لە قوربانی پیرۆزکراو بخۆن، 11 بەڵام ئەگەر کاهین کۆیلەیەکی بە زیو کڕی، یان کۆیلەیەک لە ماڵەکەی لە دایک بێت، ئەوا ئەو کۆیلەیە دەتوانێت لێی بخوات، ئەوان لە خۆراکەکەی دەخۆن. 12 ئەگەر کچی کاهین شووی بە پیاوێکی جگە لە کاهین کرد، ئەوا نابێت لە بەخشینە پیرۆزەکان بخوات. 13 بەڵام ئەگەر کچی کاهین بوو بە بێوەژن یان تەڵاق درا و هیچ وەچەی نەبوو و هاتەوە ماڵی باوکی، وەک کاتی کچێنی، ئەوا دەتوانێت لە خۆراکی باوکی بخوات. بەڵام نابێت کەسێکی دیکە لێی بخوات، جگە لە کەسوکاری کاهینەکە.

14 «”ئەگەر کەسێک بە هەڵە قوربانییەکی پێشکەشکراوی خوارد، ئەوا دەبێت پێنجیەکی زیاد بخاتە سەر و قوربانییە پیرۆزەکە بداتە کاهینەکە. 15 کاهینەکان نابێت قوربانییە پیرۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل گڵاو بکەن کە لەبەردەم یەزدان دایدەنێن، 16 ئەگەر ڕێیان پێبدەن قوربانییە پیرۆزەکانیان بخۆن ئەوا گوناهیان دەخەنە ئەستۆ، چونکە من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم.“»

قوربانی قبوڵ نەکراو

17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 18 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەگەر هەر یەکێکتان، ئیسرائیلی بێت یان بیانییەک کە لە ئیسرائیل نیشتەجێیە، بەخشینێک پێشکەش بە یەزدان بکات وەک قوربانی سووتاندن بۆ ئەنجامدانی نەزر یان بەخشینێک کە بە خواستی خۆی بێت، 19 بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، دەبێت نێرێکی ساغ بێت، لە گاگەل یان ماڵات. 20 هەرچییەک کەموکوڕی تێدابێت پێشکەشی مەکەن، چونکە لێتان وەرناگیرێت. 21 ئەگەر کەسێک قوربانی هاوبەشی پێشکەشی یەزدان کرد، بۆ بەجێهێنانی نەزرێکی تایبەت یان بەخشینێکی بە خواستی خۆی، لە گاگەل یان لە مێگەل، دەبێت ساغ بێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت. نابێت هیچ کەموکوڕییەکی تێدابێت. 22 کوێر و بریندار و پەلشکاو و بالوکەدار و گەڕ و زامداری بەردەوام، ئەمانە پێشکەش بە یەزدان مەکەن و لێیان مەکەن بە قوربانی بە ئاگر لەسەر قوربانگاکەی یەزدان. 23 بەڵام گا[a] و بەرانی شێوە تێکچوو و کورتەباڵا دەتوانیت بکەیت بە بەخشینێک بە خواستی خۆت، بەڵام بۆ تەواوبوونی نەزر قبوڵ نابێت. 24 پێویستە ئاژەڵێک نەکەنە قوربانی بۆ یەزدان کە گونی قۆڕ بێت یان خەسابێت یان گونی لێکرابێتەوە یانیش بڕا بێت، لە خاکەکەشتان مەیکەن. 25 لە هەموو ئەمانەش پێویست ناکات بە هەر ئاژەڵێکی دەستی بیانی ڕازی ببن و پێشکەشیان بکەن وەک خواردنی خوداتان. لێتان وەرناگیرێت چونکە ئەو ئاژەڵانە ناتەواون و کەموکوڕییان تێدایە.“»

26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «کاتێک گوێرەکەیەک یان بەرخێک یان گیسکێک لەدایک دەبێت، ئەوا حەوت ڕۆژ لەژێر دایکی دەبێت و لە ڕۆژی هەشتەم بەدواوە، وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان قبوڵ دەبێت. 28 مانگا و مەڕیش لە یەک ڕۆژدا لەگەڵ بەچکەکەی سەرمەبڕن.

29 «کاتێک قوربانی سوپاسگوزاریتان بۆ یەزدان سەربڕی، بە شێوەیەک سەری ببڕن کە لێتان وەربگیرێت، 30 دەبێت لەو ڕۆژەدا بخورێت، بۆ بەیانی لێی مەهێڵنەوە، من یەزدانم.

31 «”فەرمانەکانم بپارێزن و جێبەجێیان بکەن، من یەزدانم. 32 ناوی پیرۆزیشم مەزڕێنن، دەبێت نەوەی ئیسرائیل دان بە پیرۆزی مندا بنێن. من یەزدانم کە پیرۆزیان دەکەم، 33 ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنان، تاکو ببێتە خوداتان، من یەزدانم.“»

23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمانە جەژنەکانی منن، جەژنەکانی یەزدان کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون[b] دەکەن.

شەممە

«”شەش ڕۆژ کار بکەن بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە، پشوودانە و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێک مەکەن، لە هەموو نشینگەکانتان شەممەیە بۆ یەزدان.

جەژنی پەسخە و جەژنی فەتیرە

«”ئەمانە جەژنەکانی یەزدانن، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونەکان کە دەبێت لە کاتی خۆیدا بانگەوازی بۆ بکەن. لە ئێوارەوە لە چواردەی مانگی یەک، جەژنی پەسخە بۆ یەزدان دەستپێدەکات. لە ڕۆژی پازدەی ئەم مانگەدا جەژنی فەتیرە بۆ یەزدان دەستپێدەکات، دەبێت حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە[c] بخۆن. لە ڕۆژی یەکەم کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن. حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، لە ڕۆژی حەوتەمیشدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.“»

یەکەمین بەرهەم

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 10 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک هاتنە ئەو خاکەی من پێتانی دەدەم و دەغڵتان دورییەوە، ئەوا یەکەم مەلوی[d] دروێنەتان بۆ کاهین بهێنن. 11 ئەویش دەبێت مەلوەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە، بۆ ئەوەی لێتان وەربگیرێت، ڕۆژی پاش شەممە کاهین دەبێت بەرزی بکاتەوە. 12 لە ڕۆژی بەرزکردنەوەی مەلوەکە، بەرخێکی ساغی یەک ساڵە بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان، 13 پێشکەشکراوی دانەوێڵەشی دوو دەیەکی ئێفەیەک[e] لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو بکە بە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، شەرابە پێشکەشکراوەکەشی، چارەکە هەینێک[f] شەرابە. 14 نان و قەرەخەرمان و گەنمی تازە مەخۆن، هەتا ئەو ڕۆژەی قوربانییەکەی خوداتان دەهێنن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانی ئێوە لە هەموو نشینگەکانتان.

جەژنی هەفتەکان[g]

15 «”ئینجا لە ڕۆژی دوای شەممەوە، لەو ڕۆژەوەی کە مەلوەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە دەهێنن، حەوت هەفتەی تەواو بژمێرن، 16 هەتا ڕۆژی دوای شەممەی حەوتەم بژمێرن کە پەنجا ڕۆژە، ئینجا پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی نوێ بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. 17 لە نشینگەکانتانەوە دوو نانی وەک قوربانی بەرزکردنەوە بهێنن، لە دوو دەیەکی ئێفەیەک لە باشترین ئارد بێت و بە هەویرترشەوە کرابنە نان، یەکەمین بەرهەمە بۆ یەزدان. 18 لەگەڵ نانەکان حەوت بەرخی نێری یەک ساڵەی ساغ و جوانەگایەک[h] و دوو بەران بکەنە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان. لەگەڵ پێشکەشکراوە دانەوێڵەکەیان و شەرابە پێشکەشکراوەکەیان، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 19 گیسکێکی نێرینەش بکەنە قوربانی گوناه و دوو بەرخی یەک ساڵەش بکەنە قوربانی هاوبەشی. 20 جا کاهینەکە دەبێت دوو بەرخەکە لەگەڵ نانی یەکەمین بەرهەمەکە لەبەردەم یەزدان بەرز بکاتەوە. ئەمانە پێشکەشکراوێکی پیرۆزن بۆ یەزدان، جا دەبێت بۆ کاهینەکە بن. 21 لە هەمان ئەو ڕۆژەدا بانگەواز بکەن و کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە بۆتان، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە هەموو نشینگەکانتان لە نەوەکانتان.

22 «”کاتێک دروێنەی زەوییەکانتان دەکەن، لێوارەکانی کێڵگەکەت مەدورەوە، ئەوەی لە دروێنەکە دەکەوێت، هەڵیمەگرەوە، بۆ هەژار و نامۆ بەجێی بهێڵە، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

ڕۆژی دەنگی کەڕەنا

23 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 24 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”یەکەم ڕۆژی مانگی حەوت دەبێت پشوو بێت بۆتان، یادی دەنگی کەڕەنایە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە. 25 هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، بەڵام قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.“»

ڕۆژی کەفارەت

26 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 27 «بەڵام ڕۆژی دەیەمی ئەم مانگی حەوتە، ڕۆژی کەفارەتە، کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن، گیانی خۆتان زەلیل[i] بکەن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. 28 لەو ڕۆژەدا هیچ کارێک مەکەن، چونکە ڕۆژی کەفارەتە بۆ کەفارەتکردن بۆتان لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان. 29 هەرکەسێک لەم ڕۆژەدا خۆی زەلیل نەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە، 30 هەرکەسێکیش لەم ڕۆژەدا هەر کارێک بکات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەی لەناودەبەم. 31 هیچ کارێک مەکەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان لە هەموو نشینگەکانتان. 32 شەممەیە، پشووە بۆتان، دەبێت گیانی خۆتان زەلیل بکەن. دەبێت لە کاتی ئێوارەی نۆی مانگدا هەتا ئێوارەی دواتر پشوودانی شەممەتان بێت.»

جەژنی کەپرەشینە

33 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 34 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”لە ڕۆژی پازدەیەمی ئەم مانگی حەوتە، حەوت ڕۆژ جەژنی کەپرەشینەیە بۆ یەزدان. 35 لە ڕۆژی یەکەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوونە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن، 36 حەوت ڕۆژ قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن. لە ڕۆژی هەشتەمدا کۆبوونەوەی پیرۆزبوون ببەستن و قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش بکەن، ئاهەنگی کۆتایی پێهێنانە، هیچ کارێکی ئاسایی مەکەن.

37 «”دەبێت لە جەژنەکانتان ئەمانە پێشکەشی یەزدان بکەن کە تێیدا بانگەوازی کۆبوونەوەی پیرۆزبوون دەکەن، بۆ پێشکەشکردنی قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان، قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی سەربڕاو و شەرابی پێشکەشکراو، هەر ڕۆژەو هی خۆی. 38 جیا لە شەممەکانی یەزدان و جیا لە دیارییەکانتان و هەموو نەزرەکانتان و هەموو بەخشینە ئازادەکانتان کە بە یەزدانی دەدەن.

39 «”ڕۆژی پازدەی مانگی حەوت، پاش ئەوەی بەروبوومی زەوییەکەتان کۆکردەوە، حەوت ڕۆژ جەژن بۆ یەزدان بگێڕن، لە ڕۆژی یەکەمدا شەممەیە و لە ڕۆژی هەشتەمیشدا شەممەیە. 40 لە ڕۆژی یەکەمدا بەروبوومی دارەکانی میوە و پەلکی دار خورما و لقەداری پڕ گەڵا و شۆڕەبی ناو چەمەکان بۆ خۆتان ببەن و حەوت ڕۆژ لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان خۆشی بگێڕن. 41 حەوت ڕۆژ لە ساڵێکدا بۆ یەزدان بکەن بە جەژن، فەرزێکی هەتاهەتاییە لە نەوەکانتان، لە مانگی حەوت بیکەن بە جەژن. 42 حەوت ڕۆژ لە کەپردا نیشتەجێ بن، هەموو هاوڵاتییەکانی ئیسرائیل دەبێت لە کەپردا نیشتەجێ بن، 43 بۆ ئەوەی نەوەکانتان بزانن کە من نەوەی ئیسرائیلم لە کەپردا نیشتەجێ کرد، کاتێک لە خاکی میسرم دەرهێنان، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»

44 جا موسا سەبارەت بە جەژنەکانی یەزدان بە نەوەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.