Chronological
ڕۆژی کەفارەت
16 لەدوای مردنی دوو کوڕەکەی هارون، کاتێک لەبەردەم یەزدان نزیک ببوونەوە و مردبوون، یەزدان لەگەڵ موسا دوا و 2 پێی فەرموو: «بە هارونی برات بڵێ با هەموو کاتێک نەیەتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز لە پشت پەردەکەی پێش قەپاغی کەفارەتەکە[a] کە لەسەر سندوقەکەیە، نەوەک بمرێت، چونکە من لە هەوردا لەسەر قەپاغی کەفارەتەکە دەبینرێم.
3 «هارون بەم شێوەیە بچێتە ناو پیرۆزگاکە: جوانەگایەک بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن بهێنێت. 4 کراسێکی کەتان و پیرۆز لەبەر بکات و دەرپێی کەتانی لەبەربێت و بە کەمەربەندی کەتان پشتی ببەستێت و مێزەری کەتانی لەسەر بێت، ئەوە جلوبەرگێکی پیرۆزە، خۆی بە ئاو بشوات و جلەکان لەبەر بکات. 5 لە کۆمەڵی ئیسرائیلیش دوو گیسکی نێرینە[b] ببات بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن.
6 «هارون جوانەگاکە پێشکەش بکات بۆ قوربانی گوناهی خۆی و کەفارەت بۆ خۆی و بۆ ماڵەکەی بکات، 7 ئینجا دوو گیسکە نێرینەکەش ببات و لەبەردەم یەزدان لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن ڕایانبگرێت. 8 هارون تیروپشک بۆ دوو گیسکەکە بکات، یەکێکیان بۆ یەزدان و ئەوی دیکە بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا. 9 ئەو گیسکەی لە تیروپشک بۆ یەزدان دەرچوو، ئەوا هارون پێشکەشی بکات و بیکاتە قوربانی گوناه. 10 بەڵام ئەو گیسکەی بە تیروپشک بۆ لابردنی گوناه لەسەر کۆمەڵگا دەرچوو، ئەوا بە زیندوویی لەبەردەم یەزدان ڕایبگرێت بۆ کەفارەتکردن لەسەری، بۆ ئەوەی بۆ عەزازێلی[c] بنێرێتە چۆڵەوانی[d].
11 «پێویستە هارون جوانەگاکەی قوربانی گوناه بهێنێت و سەری ببڕێت، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی بکات. 12 هارون بە پڕی بخووردانەکە پشکۆی ئاگر لەسەر قوربانگاکە لەبەردەم یەزدان ببات، بە پڕی دەستەکانیشی بخووری بۆنخۆشی باش کوتراوە ببات و بیانباتە پشت پەردەکە. 13 ئەو لەبەردەم یەزدان بخوورەکە بەسەر ئاگرەکەدا بکات، هەروەها دووکەڵی بخوورەکە قەپاغەکەی کەفارەت داپۆشێت کە لەسەر سندوقی پەیمانە، ئیتر نامرێت. 14 ئینجا لە خوێنی جوانەگاکە ببات و بە پەنجەی بەسەر ڕووی قەپاغەکەی کەفارەت، بەلای ڕۆژهەڵات بیپرژێنێت، لەلای پێشەوەی قەپاغەکەی کەفارەتیش، حەوت جار بە پەنجەی خوێنەکە بیپرژێنێت.
15 «ئینجا گیسکەکەی قوربانی گوناه کە بۆ گەل سەری ببڕێت و بە خوێنەکەیەوە بچێتە پشت پەردەکە، چی بە خوێنی جوانەگاکە کرد، ئاواش بە خوێنەکەی ئەم بکات و بەسەر قەپاغەکەی کەفارەت و لای پێشەوەی بیپرژێنێت. 16 بەم شێوەیە کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز بکات لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل و لە یاخیبوون و هەموو گوناهەکانیان. بۆ چادری چاوپێکەوتنیش کە لەنێویانە ئاوا بکات، لەناوەندی گڵاوییەکانیان. 17 نابێت هیچ کەسێکیش لە چادری چاوپێکەوتن بێت، لە کاتی چوونە ژوورەوەی هارون بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز هەتا کاتی هاتنە دەرەوەی، کەفارەت بۆ خۆی و ماڵەکەی و هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بکات.
18 «ئینجا بچێتە دەرەوە بۆ لای قوربانگاکەی بەردەم یەزدان و کەفارەتی بۆ بکات، لە خوێنی جوانەگاکە و خوێنی گیسکەکە ببات و بەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەیدا بکات. 19 بە پەنجەی حەوت جار لە خوێنەکە بەسەریدا بپرژێنێت و لە گڵاوییەکانی نەوەی ئیسرائیل پاکی بکاتەوە و تەرخانی بکات.
20 «کاتێک هارون لە کەفارەتکردن بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە تەواو بوو، گیسکە زیندووەکە پێشکەش بکات. 21 هارون هەردوو دەستی لەسەر سەری گیسکە زیندووەکە دابنێت و لەسەری دان بە هەموو تاوان و هەموو یاخیبوونەکان و هەموو گوناهەکانی نەوەی ئیسرائیلدا بنێت، بەمە گوناهەکان دەخاتە سەر گیسکەکە. هارون لەژێر چاودێری ئەو کەسەی هەڵبژێردراوە بۆ ئەم ئیشە گیسکەکە بنێرێتە چۆڵەوانی. 22 گیسکەکە هەموو تاوانەکانیان هەڵدەگرێت بۆ خاکێکی چۆڵ، ئینجا کەسەکە گیسکەکە لە چۆڵەوانی بەڕەڵا بکات.
23 «ئینجا هارون بچێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و جلە کەتانەکانی دابکەنێت کە لە چوونە ژوورەوەی بۆ شوێنی هەرەپیرۆز لەبەری کردبوو، لەوێ دایبنێت. 24 لە شوێنێکی پیرۆز بە ئاو خۆی بشوات. ئینجا جلەکانی لەبەر بکات و بچێتە دەرەوە و قوربانی سووتاندن بۆ خۆی و قوربانی سووتاندن بۆ گەل بکات، کەفارەت بۆ خۆی و بۆ گەل بکات. 25 پیوی قوربانییەکەی گوناهیش لەسەر قوربانگاکە بسووتێنێت.
26 «ئەو کەسەی گیسکەکەشی بەرەو عەزازێل بەڕەڵا کرد، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە. 27 جوانەگاکەی قوربانی گوناه و گیسکەکەی قوربانی گوناهیش، ئەوانەی خوێنەکەیان بردرا بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی هەرەپیرۆز، ئەوا بیانباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و پێست و کەلەش و ڕیخەکەیان بە ئاگر بسووتێنن. 28 ئەوەی دەشیانسووتێنێت، جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات، پاشان بچێتە ناو ئۆردوگاکە.
29 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان، کە ئێوە لە دەی مانگی حەوت گیانی خۆتان زەلیل[e] دەکەن و هیچ کارێک ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتانە، 30 چونکە لەم ڕۆژەدا کەفارەتتان بۆ دەکرێت بۆ پاکبوونەوەتان، لە هەموو گوناهەکانتان لەبەردەم یەزدان پاک دەبنەوە. 31 ئەمە شەممەیە، پشوودانە بۆتان، فەرزێکی هەتاهەتاییشە کە گیانی خۆتان زەلیل بکەن. 32 ئەو کاهینەش کە بە زەیت دەستنیشان دەکرێت و ئەرکی پێ دەسپێردرێت بۆ ئەوەی لە جیاتی باوکی ببێتە سەرۆک کاهین کەفارەت بکات، جلە کەتانەکان لەبەر بکات، جلە پیرۆزەکان، 33 کەفارەت بۆ شوێنی هەرەپیرۆز و چادری چاوپێکەوتن و قوربانگاکە بکات. هەروەها کەفارەت بۆ کاهینەکان و هەموو کۆمەڵی گەل بکات.
34 «ئەمەش دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆتان بۆ کەفارەتکردن بۆ نەوەی ئیسرائیل لە هەموو گوناهەکانیان، ساڵی جارێک.»
ئیتر ئاوا کرا، وەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.
قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو
17 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت، 3 هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و 4 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات، ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن، خوێنی ڕشتووە، جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی ببڕدرێتەوە. 5 ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن، وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن. 6 کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت. 7 پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە[f] دروستکراون کە بەدوایاندا لەشفرۆشی[g] دەکەن. ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“
8 «هەروەها پێیان دەڵێیت: ”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و 9 نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات، ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە.
خواردنی خوێن قەدەغەیە
10 «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، ئەگەر خوێن بخوات، ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم، 11 چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان، چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات، 12 بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم: ’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘
13 «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان، کە نێچیرێکی ڕاوکرد، ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن، خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت، 14 چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت: ’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە، چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی، هەرکەسێک بیخوات دەبڕدرێتەوە.‘
15 «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک[h] بخوات، هاوڵاتی بێت یان نامۆ، دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە بەپێی ڕێوڕەسم گڵاو دەبێت، ئینجا پاک دەبێتەوە. 16 بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات، تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»
جووتبوونە نادروستەکان
18 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”من یەزدانی پەروەردگارتانم. 3 وەک نەریتی خاکی میسر مەکەن کە تێیدا نیشتەجێ بوون و وەک نەریتی خاکی کەنعان مەکەن کە ئێوە دەهێنم بۆی و نەریتەکانیان بەجێمەهێنن. 4 پێویستە ملکەچی یاساکانی من بن و فەرزەکانم بەجێبهێنن بۆ ئەوەی پەیڕەویان بکەن، من یەزدانی پەروەردگارتانم. 5 فەرز و یاساکانم پەیڕەو بکەن، چونکە ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت، من یەزدانم.
6 «”هیچ کەسێک لە کەسوکاری خۆی نزیک نەبێتەوە، بۆ جووت بوون لەگەڵی، من یەزدانم.
7 «”ناموسی باوکت مەبە و ناموسی دایکت مەبە، لەگەڵ دایکت جووت مەبە، چونکە دایکتە.
8 «”لەگەڵ باوەژنت[i] جووت مەبە، ئەوە ناموسی باوکتە.
9 «”لەگەڵ خوشکت، کچی باوکت یان کچی دایکت جووت مەبە، ئەگەر لە ماڵتان لەدایک بووبێت یان لە دەرەوە.
10 «”لەگەڵ کچی کوڕەکەت یان کچی کچەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی تۆیە.
11 «”لەگەڵ کچی ژنی باوکت کە لە باوکتەوە بووە، جووت مەبە، چونکە خوشکتە.
12 «”لەگەڵ خوشکی باوکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
13 «”لەگەڵ خوشکی دایکت جووت مەبە، چونکە پوورتە.
14 «”ناموسی مامت مەبە، لە ژنەکەی نزیک مەکەوە و لەگەڵی جووت مەبە، چونکە مامۆژنتە.
15 «”لەگەڵ بووکەکەت جووت مەبە، ژنی کوڕتە، لەگەڵی جووت مەبە.
16 «”لەگەڵ براژنەکەت جووت مەبە، ئەوە ناموسی براتە.
17 «”لەگەڵ ژنێک و کچەکەی جووت مەبە، لەگەڵ کچی کوڕەکەی یان کچی کچەکەی جووت مەبە، ئەوان نزیکی ژنەکەن و ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
18 «”هیچ ژنێکیش بەسەر خوشکەکەی مەخوازە هەتا ببێت بە هەوێی، هەتا لەگەڵی جووت بیت، کاتێک ژنەکەت لە ژیاندایە.
19 «”لە هیچ ژنێکیش نزیک مەکەوە لە ماوەی گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی بۆ ئەوەی لەگەڵی جووت بیت.
20 «”لەگەڵ ژنی کەسێکی دیکە جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت.
21 «”منداڵەکانت وەک قوربانی مەسووتێنە بۆ ’مۆلەخ‘[j]، نەوەک ناوی خودای خۆت بزڕێنیت، من یەزدانم.
22 «”لەگەڵ نێرێک جووت مەبە وەک جووتبوونت لەگەڵ ژن، ئەوە قێزەونە.
23 «”لەگەڵ هیچ ئاژەڵێکیش جووت مەبە، پێی گڵاو دەبیت، هیچ ئافرەتێک لەبەردەم ئاژەڵ ئامادە نەبێت بۆ جووتبوون، ئەوە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییە.
24 «”بە هیچ یەکێک لەو ڕەفتارانە خۆتان گڵاو مەکەن، چونکە ئەو نەتەوانەی وا من ڕاویان دەنێم لەبەردەمتان بە هەموو ئەمانە گڵاو بوون. 25 تەنانەت خاکەکە گڵاو بوو، منیش سزای تاوانەکەی دەدەم و خاکەکەش دانیشتووانەکەی دەڕشێنێتەوە. 26 بەڵام ئێوە فەرزەکان بەجێدەهێنن و یاساکانم پەیڕەو دەکەن. هیچ کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ناکەن، نە هاوڵاتی و نە ئەو نامۆیەی لەنێوتاندایە. 27 پێش ئێوە خەڵکی خاکەکە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانەیان کردووە، هەر بۆیە خاکەکە گڵاو بوو. 28 ئەگەر خاکەکە گڵاو بکەن، ئەوا ئێوەش دەڕشێنێتەوە، وەک چۆن ئەو نەتەوانەی پێش ئێوەی ڕشاندەوە.
29 «”بەڵکو هەرکەسێک کارێک لە هەموو ئەو کردەوە قێزەونانە ئەنجام بدات، ئەو کەسەی ئەوە دەکات لە گەلەکەی دەبڕدرێتەوە. 30 جا فەرزەکانم بەجێبهێنن هەتا هیچ لەو نەریتە قێزەونانە نەکەن و پێی گڵاو نەبن کە پێش ئێوە کراون، من یەزدانی پەروەردگارتانم.“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.