Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لێڤییەکان 5-7

«”کاتێک کەسێک گوێی لە بانگەوازی ئاشکرا دەبێت بۆ شایەتیدان کە شایەتی بدات، بێدەنگ بوو لەوەی بینیبووی یان زانیبووی، ئەوا ئەو کەسە گوناهی کردووە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

«”یان ئەگەر یەکێک بەر شتێکی گڵاو کەوت، وەک کەلاکی[a] ئاژەڵێکی کێوی گڵاو یان کەلاکی ئاژەڵێکی ماڵی گڵاو یان کەلاکی خشۆکێکی گڵاو، ئەگەر ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

«”یان ئەگەر دەستی لە شتە گڵاوەکانی کەسێک دا لە هەموو گڵاوییەکانی کە پێی گڵاو دەبێت، ئاگای لێ نەبوو و پاشان زانی، ئەوا تاوانبارە.

«”یان یەکێک هەڵەشە بوو لە سوێندخواردن، بۆ خراپە یان چاکە، لە هەموو ئەوەی مرۆڤ لە کاتی سوێندخواردن پەلەی لێ دەکات، بێ ئەوەی بزانێت و پاشان زانی، ئەوا ئەو کەسە لەو شتە تاوانبارە.

«”ئەگەر یەکێک تاوانبار بوو بە شکاندنی بڕگەیەکی ئەو یاسایانەی کە ئاماژەی پێکرا، ئەوا دان بە گوناهەکەی دەنێت و بە قوربانییەکەیەوە کە مێ بێت، بەرخ یان گیسک، بۆ تاوانەکەی دێتە لای یەزدان لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناه، کاهینەکەش کەفارەت بۆ گوناهەکەی دەکات.

«”ئەگەر دەستکورت بوو بۆ بەرخێک، با دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر وەک قوربانی بۆ یەزدان بهێنێت لەبەر تاوانەکەی کە گوناهی پێکردووە، یەکێکیان قوربانی گوناهە و ئەوەی دیکە قوربانی سووتاندن. دەیانهێنێت بۆ کاهینەکە و ئەویش یەکەم جار ئەوەی بۆ گوناهە پێشکەشی دەکات، سەری لەلای پشتەوە دەقرتێنێت بەڵام بە تەواوی لێی ناکاتەوە. لە خوێنی قوربانی گوناهەکە بە لاتەنیشتی قوربانگاکەدا دەکات، ئەوەشی لە خوێنەکە دەمێنێتەوە، دەگوشرێتە بنکەی قوربانگاکە، ئەوە قوربانی گوناهە. 10 ئەوەی دیکە بەپێی ڕێوڕەسم دەکاتە قوربانی سووتاندن، ئینجا کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

11 «”ئەگەر دەستکورت بوو دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر بهێنێت، قوربانییەکەی لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی دەیەکی ئێفەیەک[b] لە باشترین ئارد دەبێتە قوربانی گوناه. زەیتی بەسەردا ناکات و بخووری سادەی لەسەر دانانێت، چونکە قوربانی گوناهە. 12 دەیهێنێتە لای کاهینەکە و ئەویش پڕ بە مستی لێی دەبات، بەشی یادەوەرییەکەی و لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت، ئەوە قوربانی گوناهە. 13 بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی لە هەر یەکێک لەوانە و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت، ئەوەی دەشمێنێتەوە بۆ کاهینەکە دەبێت، وەک چۆن پاشماوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە بە کاهینەکە دەدرێت.“»

قوربانیدان بۆ تاوان

14 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 15 «ئەگەر یەکێک سەرپێچییەکی کرد و سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکانی یەزدان[c] بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، دەبێت لەبەر تاوانەکەی قوربانییەک بۆ یەزدان بهێنێت، بەرانێکی ساغی مێگەل بێت و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت بە شاقلی زیو بەپێی شاقلی پیرۆزگا[d]، ئەوە قوربانی تاوانە. 16 هەروەها قەرەبووی ئەو گوناهەش دەکاتەوە کە سەبارەت بە شتە پیرۆزکراوەکان کردوویەتی و پێنج یەکیشی لەسەر دادەنێت و دەیداتە کاهینەکە. کاهینەکە بە بەرانەکەی قوربانی تاوان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

17 «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێن و نەیزانی، ئەوا تاوانبارە و تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت. 18 بە بەرانێکی ساغی مێگەل و بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، بە قوربانی تاوانەوە بۆ لای کاهینەکە دێت، کاهینەکەش لەو هەڵەیەی کە بەبێ ئەنقەست کردوویەتی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت. 19 ئەوە قوربانی تاوانە، چونکە تاوانێکی سەبارەت بە یەزدان کردووە.»

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەگەر یەکێک گوناهی کرد و ناپاکی لە یەزدان کرد، بەوەی فێڵی لە کەسێک کرد، لە شتێک کە لەلای دانرابێت یان ئەمانەتێک یان دزینێک یان دەست بەسەرداگرتنی شتێکی نزیکەکەی، یان شتێکی بزربووی دۆزییەوە و سەبارەت بەوە نکۆڵی کرد، یان بە درۆ سوێندی لەسەر ئەمانە خوارد یان هەر شتێک کە مرۆڤ گوناهی تێدا بکات، ئەگەر گوناهی کرد و تاوانبار بوو، پێویستە شتەکان بگەڕێنێتەوە، ئەوا ئەوەی دزیویەتی یان ئەوەی دەستی بەسەردا گرتووە یان ئەوەی لەلای دانراوە یان ئەوەی بزر ببوو و دۆزییەوە، یان هەر شتێک کە بە درۆ سوێندی لەسەر خواردبێت. سەر بەسەر قەرەبووی دەکاتەوە و پێنج یەکیشی بۆ زیاد دەکات. لە ڕۆژی قوربانی تاوانەکەی دەیداتەوە دەست خاوەنەکەی. لەبری تاوانەکە دەبێت قوربانییەک بۆ کاهین بهێنێت، ئەمە بۆ یەزدانە، قوربانی تاوانەکە بەرانێکی ساغی مێگەل بێت، بەو نرخەی بۆی دادەنێیت، کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت لە هەر شتێک کە کردوویەتی و پێی تاوانبارە.»

قوربانی سووتاندن

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەم فەرمانە بە هارون و کوڕەکانی ڕابگەیەنە: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی سووتاندن. قوربانی سووتاندن دەبێت بە درێژایی شەو هەتا بەیانی لەسەر ئاگردانەکە بێت لەسەر قوربانگاکە. پێویستە ئاگری قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە. 10 کاهینەکە جلەکانی و دەرپێکەی کە لە کەتانن لەبەر دەکات و خۆڵەمێشی ئەو قوربانی سووتاندنەی کە ئاگرەکە هەڵیلووشی هەڵدەگرێت و لەتەنیشت قوربانگاکە دایدەنێت. 11 ئینجا جلەکانی دادەکەنێت و جلی دیکە لەبەر دەکات و خۆڵەمێشەکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێک بەپێی ڕێوڕەسم پاک بێت. 12 پێویستە ئاگری سەر قوربانگاکەش بە داگرساوی بمێنێتەوە و نەکوژێتەوە. کاهینەکەش هەموو بەیانییەک داری لەسەر دەسووتێنێت و قوربانی سووتاندنی لەسەر ڕێک دەخات و پیوی قوربانییەکانی هاوبەشی لەسەر دەسووتێنێت. 13 ئاگرێکی بەردەوامە لەسەر قوربانگاکە کراوەتەوە و ناکوژێتەوە.

پێشکەشکراوی دانەوێڵە

14 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە، کوڕانی هارون لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکەن بۆ پێش قوربانگاکە. 15 بە مستی هەندێک ئاردی پێشکەشکراوی دانەوێڵەکە و زەیتەکەی و هەموو بخوورە سادەکەی کە لەسەر پێشکەشکراوە خۆراکەکەیە لێ دەبات و بەشی یادەوەرییەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، ئەمەش وەک بۆنی خۆشییە بۆ یەزدان. 16 ئەوەی لێشی دەمێنێتەوە هارون و کوڕانی دەیخۆن. بەڵام بەبێ هەویرترش لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت. لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن دەیخۆن. 17 بە هەویرترش ناکرێت بە نان. کردوومە بە بەشی ئەوان لە قوربانییە بە ئاگرەکانم، ئەوە هەرەپیرۆزە وەک قوربانی گوناه و قوربانی تاوان. 18 هەموو نێرینەیەک لە نەوەی هارون لێی دەخوات، بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەکانتان لە قوربانییە بە ئاگرەکان بۆ یەزدان، هەر شتێکی بەر بکەوێت پیرۆز دەبێت.“»

19 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 20 «ئەمە قوربانی هارون و کوڕەکانییەتی کە لە ڕۆژی دەستنیشانکردن بۆ یەزدانی دەهێنن: دەیەکی ئێفەیەک[e] لە باشترین ئارد لە پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بە بەردەوامی نیوەی لە بەیانییان و نیوەی لە ئێواران. 21 لەسەر ساج دروستکراو و بە زەیت شێلراو ساز دەکەیت و دەیهێنیت، بە پارچەپارچەکراوی پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە پێشکەش دەکەیت، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 22 ئەو کوڕەی جێگەی دەگرێتەوە وەک کاهینی دەستنیشانکراو هەڵدەستێت بەو کارە، بەشێکی چەسپاوە بۆ یەزدان، بە تەواوی دەسووتێنرێ. 23 هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی کاهین بە تەواوی دەسووتێنرێت و ناخورێت.»

قوربانی گوناه

24 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 25 «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی بدوێ و بڵێ: ”ئەمانە ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی گوناه، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت لەوێش قوربانی گوناه لەبەردەم یەزدان سەردەبڕیت، ئەوە هەرەپیرۆزە. 26 ئەو کاهینەی قوربانییەکە بۆ کەفارەتی گوناه دەکات لێی دەخوات، لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، لە حەوشەی چادری چاوپێکەوتن. 27 هەر شتێک بەر کەلەشەکە بکەوێت ئەوا پیرۆز دەبێت، ئەگەر پرژەیەک لە خوێنەکە بەر جلێک کەوت، ئەوا پێویستە جلەکە لە شوێنێکی پیرۆز بشۆیت. 28 بەڵام ئەو مەنجەڵە گڵینەی تێیدا لێنراوە، ئەوا دەشکێنرێت، ئەگەر لە مەنجەڵێکی بڕۆنز لێنرا، ئەوا سپی دەکرێتەوە و ئاوی پێدا دەکرێت. 29 هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، ئەوە هەرەپیرۆزە. 30 بەڵام هەموو قوربانییەکی گوناه لە خوێنەکەی دەبردرێتە ناو چادری چاوپێکەوتن و بۆ کەفارەتکردن لە شوێنی پیرۆز، ناخورێت بەڵکو بە ئاگر دەسووتێنرێ.

قوربانیدان بۆ تاوان

«”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان[f]. ئەمە هەرەپیرۆزە. لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت. خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت. هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت، دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە، لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان، ئەمە قوربانی تاوانە. هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات، بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت، ئەمە هەرەپیرۆزە.

«”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە، یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان، ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت، ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات، ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت. هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات، 10 هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک، بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت، هەریەکە وەک براکەی.

قوربانی هاوبەشی

11 «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی[g]، ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.

12 «”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای، ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی[h] فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو، کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو. 13 لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش، قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات. 14 لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت، وەک بەخشینێک بۆ یەزدان، بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت. 15 گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت، هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.

16 «”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر[i] بوو یان بە خواستی خۆی بوو، ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت. 17 بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ. 18 ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا، ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە، ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت، چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە. ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.

19 «”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت، بە ئاگر دەسووتێنرێت. گۆشتەکە هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم لێی دەخوات، 20 بەڵام ئەو کەسەی گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان دەخوات، لە کاتێکدا پیسی بە خۆیەوە بوو، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 21 ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت، گڵاوی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو[j] یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو، ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات، ئەوا ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»

خواردنی پیو و خوێن قەدەغەکراون

22 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 23 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن. 24 پیوی ئاژەڵی مرداربووەوە و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت، بەڵام ناخورێت. 25 هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە. 26 هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان، ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ. 27 هەرکەسێک خوێن بخوات، ئەو کەسە لەنێو گەلەکەیدا دەبڕدرێتەوە.“»

28 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 29 «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات، لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت. 30 کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت. پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت. لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە[k] بەرز دەکاتەوە. 31 کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت، بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت. 32 ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە. 33 ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون، ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو، 34 چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە، بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە. بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»

35 ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان، ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن، 36 لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران[l] یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ، وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.

37 ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناه و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی، 38 کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا، بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.