Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
لێڤییەکان 1-4

قوربانی سووتاندن

یەزدان موسای بانگکرد و لە چادری چاوپێکەوتن قسەی لەگەڵ کرد و فەرمووی: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ: ”کاتێک یەکێک لە ئێوە قوربانییەکی لە ئاژەڵ بۆ یەزدان پێشکەش کرد، لە گاگەل و لە مێگەل قوربانییەکانتان پێشکەش بکەن.

«”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی سووتاندن[a] لە گاگەل بێت، ئەوا نێری ساغ پێشکەش دەکات و دەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن، بۆ ئەوەی مایەی ڕەزامەندی یەزدان بێت، دەستی لەسەر سەری قوربانی سووتاندنەکە دادەنێت و بۆ کەفارەتی[b] لێی وەردەگیرێت. جوانەگاکەش[c] لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت، نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکە دەهێنن و بەسەر هەموو لایەکی ئەو قوربانگایەدا دەیپرژێنن کە لەلای دەروازەکەی چادری چاوپێکەوتنە. قوربانی سووتاندنەکە کەوڵ دەکات و پارچەپارچەی دەکات، نەوەی هارونی کاهین ئاگرێک لەسەر قوربانگاکە دەکەنەوە و دار لەسەر ئاگرەکە ڕێک دەخەن. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن پارچەکانی لەگەڵ سەرەکەی و ئەو پیوەی[d] لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکەیە ڕێکی دەخەن. هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشۆن و کاهینەکە هەموویان لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت. قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.[e]

10 «”ئەگەر قوربانییەکەی لە ماڵات بوو، بەران یان گیسک، قوربانی سووتاندن بوو، ئەوا نێر و ساغ پێشکەش دەکات. 11 لەلای قوربانگاکە ئەوەی بەلای باکوورە لەبەردەم یەزدان سەری دەبڕێت. نەوەی هارونیش کە کاهینەکانن خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. 12 پارچەپارچەی دەکات و لەگەڵ سەرەکەی و پیوەکەی، کاهینەکەش لەسەر دارەکانی سەر ئاگری سەر قوربانگاکە ڕێکی دەخات. 13 هەناو و قاچەکانی بە ئاو دەشوات و کاهینەکە هەموویان پێشکەش دەکات و لەسەر قوربانگاکە ئاگریان تێبەردەدات. ئەوەش قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

14 «”ئەگەر قوربانییەکەشی بۆ یەزدان لە باڵندە بێت و قوربانی سووتاندن بێت، ئەوا قوربانییەکەی لە کوکوختی یان لە بێچووە کۆتر پێشکەش دەکات. 15 کاهینەکەش بۆ قوربانگاکەی دەهێنێت و سەری دەقرتێنێت، لەسەر قوربانگاکە ئاگر دەکاتەوە، خوێنەکەی لەسەر لێواری قوربانگاکە دەگوشێت. 16 چیکڵدانەکەی[f] بەوەش کە لەناویەتی لێیدەکاتەوە و فڕێیدەداتە لای ڕۆژهەڵاتی قوربانگاکە بۆ شوێنی خۆڵەمێشەکە. 17 لەنێوان باڵەکانیەوە کەرتی دەکات، تەواو لێکی ناکاتەوە، ئینجا کاهینەکە لەسەر قوربانگا لەسەر ئەو دارانەی لەسەر ئاگرەکەیە دەیسووتێنێت، قوربانی سووتاندنە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

پێشکەشکردنی دانەوێڵە

«”ئەگەر یەکێک پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بۆ یەزدان هێنا، دەبێت پێشکەشکراوەکەی لە باشترین ئارد بێت و زەیتی بەسەردا دەکات و بخووری سادەشی دەخاتە سەر و بۆ نەوەی هارون دەیهێنێت کە کاهینەکانن. کاهینەکەش پڕ بە مستی خۆی مستێک لە ئاردەکە و زەیتەکەی لەگەڵ هەموو بخوورەکەی دەبات. کاهینەکە وەک یادەوەری لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە، ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

«”ئەگەر پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە تەنوور برژاوت هێنا، دەبێت کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی[g] فەتیرەی بە زەیت چەورکراو بێت. ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی سەر ساج بێت، دەبێت لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراوی فەتیرە بێت، پارچەپارچەی دەکەیت و زەیتی بەسەردا دەکەیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. ئەگەر پێشکەشکراوەکەت دانەوێڵەی ناو تاوە بێت، لە باشترین ئاردی بە زەیت شێلراو دەیکەیت. پێشکەشکراوی دانەوێڵەکەت لەمانە دروستدەکرێت و بۆ یەزدان دەیهێنیت، دەیدەیتە کاهینەکە و ئەویش بۆ لای قوربانگاکەی دەهێنێت. کاهینەکەش لە پێشکەشکراوە دانەوێڵەکە بەشی یادەوەرییەکەی دەبات و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. 10 ئەوەی لە دانەوێڵەکەش دەمێنێتەوە بۆ هارون و کوڕەکانییەتی، ئەوە بەشی هەرەپیرۆزە لە قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

11 «”هەموو ئەو دانەوێڵە پێشکەشکراوانەی بۆ یەزدانی دەبەن، نابێت بە هەویرترش[h] بێت، چونکە هیچ شتێکی بە هەویرترش و هیچ هەنگوینێک وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان نابێت بسووتێنن. 12 دەتوانن وەک یەکەمین بەرهەمتان پێشکەش بە یەزدانی بکەن، بەڵام لەسەر قوربانگاکە پێشکەش ناکرێت وەک بۆنی خۆشی. 13 هەموو پێشکەشکراوەکانت لە دانەوێڵە بە خوێ سوێری دەکەیت و با هیچ دانەوێڵەیەکت بەبێ خوێی [i] پەیمانی خودات نەبێت. بۆ هەموو قوربانییەکانت خوێی پێوە دەکەیت.

14 «”ئەگەر دانەوێڵەت بۆ یەزدان پێشکەش کرد، دانەوێڵەی یەکەمین بەرهەمەکانت پێشکەش دەکەیت، دەبێت گوڵەکەی بێت و برژا بێت، کوتراوە و پاککراوە بێت. 15 زەیتی بەسەردا دەکەیت و بخووری سادەی لەسەر دادەنێیت، ئەوە پێشکەشکراوی دانەوێڵەیە. 16 کاهینیش بەشی یادەوەرییەکەی لە کوتراوەکەی و زەیتەکەی و هەموو بخوورەکەی دەسووتێنێت وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان.

قوربانی بۆ پێکەوە ژیان

«”ئەگەر قوربانییەکەی قوربانی هاوبەشی[j] بوو، لە گاگەل پێشکەشی کرد، نێر یان مێ دەبێت ساغ بێت و بیهێنێتە بەردەم یەزدان. دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون کە کاهینەکانن، خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. لە قوربانی هاوبەشیش قوربانی بە ئاگر پێشکەشی یەزدان دەکرێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناو و دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەرەکەیە و دوو گورچیلەکە لێ دەکاتەوە. نەوەی هارونیش لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنن، لەسەر ئەو قوربانی سووتاندنەی لەسەر دارەکانی سەر ئاگرەکەیە، قوربانی بە ئاگرە، ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە.

«”ئەگەر قوربانییەکەی لە مەڕوماڵات بوو، قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان، نێر یان مێی ساغ پێشکەش دەکات. ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات. دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت و نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن. لە قوربانی هاوبەشییەکەش پیوەکەی وەک قوربانی بە ئاگر بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. دوگەکەی[k] بە تەواوی لەلای دوا بڕبڕەی پشتەوە لێ دەکاتەوە لەگەڵ ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی بەسەر هەناویەوەیە، 10 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 11 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت، قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان.

12 «”ئەگەر قوربانییەکەشی گیسک بوو، نێر یان مێ، لەبەردەم یەزدان پێشکەشی دەکات، 13 دەستی لەسەر سەری دادەنێت و لەبەردەم چادری چاوپێکەوتن سەری دەبڕێت. نەوەی هارون خوێنەکەی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەپرژێنن، 14 لەوەوە قوربانی بە ئاگرەکەی بۆ یەزدان پێشکەش دەکرێت. ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، 15 لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە، 16 کاهینەکەش وەک خواردن لەسەر قوربانگا دەیانسووتێنێت. قوربانی بە ئاگرە، بۆنی خۆشییە، هەموو پیوەکە هی یەزدانە.

17 «”ئەمە فەرزێکی هەتاهەتاییە نەوە دوای نەوە لە هەموو نشینگەکانتاندا، نە پیو و نە خوێن مەخۆن.“»

قوربانی بۆ لێخۆشبوونی گوناهی بێ ئەنقەست

هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ: ”ئەگەر یەکێک بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد[l] لە یەکێک لەو فەرمانانەی یەزدان کە نابێت بکرێت و یەکێکی لەوانە کرد، ئەمە دەبێت:

«”ئەگەر کاهینی دەستنیشانکراو[m] گوناهی کرد و گەلی تووشی تاوان کرد، دەبێت جوانەگایەکی ساغ بۆ یەزدان پێشکەش بکات لەبەر ئەو گوناهەی کە کردوویەتی، قوربانی گوناهە[n]. جوانەگاکە دەباتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن لەبەردەم یەزدان و دەستی لەسەر جوانەگاکە دادەنێت و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕێت. ئینجا کاهینە دەستنیشانکراوەکە لە خوێنی جوانەگاکە دەبات و دەیباتە ناو چادری چاوپێکەوتن. کاهینەکە پەنجەی دەکاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەبەردەم یەزدان لێی دەپرژێنێت لەلای پەردەی پیرۆزگا. کاهینەکە هەندێکیش لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگای بخوورە بۆنخۆشەکە دەدات، ئەوەی لە چادری چاوپێکەوتنە لەبەردەم یەزدان، پاشماوەی خوێنی جوانەگاکەش دەڕژێنێتە بنکەی قوربانگای قوربانی سووتاندن کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. هەموو پیوی جوانەگای قوربانی بۆ گوناهەکە دەردەهێنێت، ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە و هەموو ئەو پیوەی لەسەر هەناوەکەیە، لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە، ئەوەی لەسەر ناوقەدە و ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکاتەوە. 10 هەروەک ئەو پیوەی لە گا[o] قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەیانسووتێنێت. 11 بەڵام پێستی جوانەگاکە و هەموو گۆشتەکەی و سەر و قاچەکەی و هەناوی و ڕیخەکەی، 12 هەموو پاشماوەی جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە بۆ شوێنێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم، کە بۆ شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش بێت و لەسەر دار دەیانسووتێنێت، لەسەر شوێنی فڕێدانی خۆڵەمێش دەسووتێنرێ.

13 «”ئەگەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بەبێ ئەنقەست گوناهێکیان کرد و یەکێک لەو شتانەیان کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت، تەنانەت ئەگەر گوناهەکە لەبەرچاوی ئەنجومەن شاردراوە بوو، ئەوا کاتێک درکیان کرد بەو تاوان و 14 دواتر گوناهەکە زانرا کە کردوویانە، دەبێت ئەنجومەن جوانەگایەک وەک قوربانی گوناه پێشکەش بکات و دەیهێننە بەردەم چادری چاوپێکەوتن. 15 پیرانی کۆمەڵەکە لەبەردەم یەزدان دەستیان لەسەر سەری جوانەگاکە دادەنێن و جوانەگاکە لەبەردەم یەزدان سەردەبڕدرێت. 16 ئینجا کاهینی دەستنیشانکراو لە خوێنی جوانەگاکە دەباتە ناو چادری چاوپێکەوتن، 17 پەنجەی دەخاتە ناو خوێنەکە و حەوت جار لەلای پەردەکە لەبەردەم یەزدان دەیپرژێنێت. 18 هەندێک لە خوێنەکە لە قۆچەکانی قوربانگاکە دەدات کە لەبەردەم یەزدانە لە چادری چاوپێکەوتن و پاشماوەی خوێنەکەش لە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن دەڕێژێت کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتنە. 19 هەموو پیوەکەی لێ دەکاتەوە و لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. 20 چی لە جوانەگای قوربانی گوناه کرد ئاواش لەو جوانەگایە دەکات. کاهینەکە کەفارەتیان بۆ دەکات و لێخۆشبوونیان بۆ دەبێت. 21 پاشان جوانەگاکە دەباتە دەرەوەی ئۆردوگاکە و دەیسووتێنێت هەروەک جوانەگای یەکەمی سووتاند، ئەوە قوربانی گوناهی کۆمەڵە.

22 «”ئەگەر دەسەڵاتدارێک گوناهی کرد و بەبێ ئەنقەست یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدانی پەروەردگاری فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 23 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە گیسکێکی نێری ساغ بێت. 24 دەستی لەسەر سەری گیسکەکە دابنێت و سەری ببڕێت لەو شوێنەی کە قوربانی سووتاندنی لێ سەردەبڕدرێت لەبەردەم یەزدان. ئەوە قوربانی گوناهە، 25 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لە قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندن. 26 هەموو پیوەکەشی لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت وەک پیوی قوربانی هاوبەشی. کاهینەکە لە گوناهەکەی کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

27 «”ئەگەر یەکێک لە کۆمەڵگا بەبێ ئەنقەست گوناهی کرد، بەوەی یەکێک لەوانەی کرد کە یەزدان فەرمانی داوە نەکرێت و تاوانبار بوو، 28 پاشان لە گوناهەکەی ئاگادار کرایەوە کە کردوویەتی، دەبێت قوربانییەکەی بهێنێت کە بزنێکی ساغ بێت، لەبەر گوناهەکەی کە کردوویەتی. 29 لە شوێنی قوربانی سووتاندن دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و سەری دەبڕێت. 30 کاهینەکەش بە پەنجەی لە خوێنەکەی دەبات و لەسەر قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات، پاشماوەی خوێنەکەشی دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 31 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە، وەک چۆن ئەو پیوەی لە قوربانی هاوبەشی کردەوە و کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیسووتێنێت. ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە. کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

32 «”ئەگەر قوربانییەکەی بەرخ بوو بۆ قوربانی گوناه، دەبێت مێینە و ساغ بێت. 33 دەستی لەسەر سەری قوربانییەکەی گوناه دادەنێت و وەک قوربانی گوناه سەری دەبڕێت، لەو شوێنەی قوربانی سووتاندنی تێدا سەردەبڕدرێت. 34 کاهینەکە بە پەنجەی لە خوێنی قوربانییەکەی گوناه دەبات و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی قوربانی سووتاندنی دەدات و هەموو خوێنەکەش دەڕێژێتە بنکەی قوربانگاکە. 35 هەموو پیوەکەشی لێ دەکاتەوە هەروەک ئەو پیوەی لە بەرخی قوربانی هاوبەشی دەکرێتەوە، کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە لەسەر قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەیسووتێنێت. بەم شێوەیە کاهینەکە کەفارەتی بۆ دەکات لە گوناهەکەی کە کردوویەتی و لێخۆشبوونی بۆ دەبێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.