Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 22-24

پاراستنی موڵک

22 «کاتێک کەسێک گایەک یان بەرخێک دەدزێت، سەری بڕی یان فرۆشتی، ئەوا پێنج مانگا لە جێی گایەکە و چوار مەڕیش لە جێی بەرخەکە دادەتەوە.

«ئەگەر دزەکە بە شەو بینرا خەریکی بڕین بوو و لێی درا و مرد، ئەوا مافی خوێنی نییە، بەڵام ئەگەر دوای خۆر هەڵاتن بوو ئەوا مافی خوێنی هەیە.

«دزێک دەبێت قەرەبوو بداتەوە، ئەگەر نەبوونیش بوو ئەوا دەفرۆشرێت.

«ئەگەر ئاژەڵە دزراوەکەی لە دەست گیرا لە گایەکەوە هەتا گوێدرێژێک و هەتا بەرخێک و زیندوو بن، ئەوا دووان لە جێیان دەداتەوە.

«کاتێک یەکێک کێڵگەیەک یان ڕەزە مێوێک بکات و ماڵاتی خۆی بەردا و لەناو کێڵگەی یەکێکی دیکە لەوەڕین، ئەوا لە باشترینی بەری کێڵگەکەی و لە باشترینی بەری ڕەزەمێوەکەی قەرەبوو دەداتەوە.

«کاتێک ئاگر دەرپەڕێت و دەوەن بگرێتەوە و خەرمانکراو یان دەغڵ یان کێڵگە بسووتێنێت، ئەوا ئەوەی ئاگرەکەی کردووەتەوە دەبێت قەرەبوو بدات.

«کاتێک یەکێک زیو یان شتومەک لەلای کەسێک دادەنێت بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت و لە ماڵی ئەو کەسە دزرا کە ئاماناتەکەی لەلایە، ئەگەر دزەکە گیرا ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو دەداتەوە. بەڵام ئەگەر دزەکە نەگیرا ئەوا خاوەن ماڵ دەهێنرێتە بەردەم دادوەرەکان، هەتا بزانرێت ئاخۆ دەستی بۆ موڵکی برادەرەکەی درێژ نەکردووە. لە هەموو داوایەکی تاوان لەسەر گا، گوێدرێژ، بەرخ، جلوبەرگ یان هەر شتێکی ونبوو کە بگوترێت: ”ئەمە هی منە،“ ئەوا داوای هەردووکیان دەهێنرێتە لای دادوەرەکان، ئەوەی دادوەر تاوانباری بکات، ئەوا دوو ئەوەندە قەرەبوو بۆ نزیکەکەی دەداتەوە.

10 «کاتێک یەکێک گوێدرێژێک یان گایەک یان بەرخێک یان هەر ئاژەڵێکی بداتە دراوسێکەی بۆ ئەوەی چاوی لێی بێت، مردار بووەوە یان بریندار بوو یان تاڵان کرا و کەس نەیبینی، 11 ئەوا سوێندخواردن بە یەزدان لەنێوانیان دەبێت، ئاخۆ دراوسێکە دەستی بۆ ماڵی کەسەکەی دیکە درێژ نەکردووە، خاوەنەکەشی دەبێت ڕازی بێت، ئیتر قەرەبوو نادات. 12 بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە لەلای دراوسێکەی دزرا، ئەوا قەرەبووی خاوەنەکەی دەداتەوە. 13 ئەگەر بووە نێچیری ئاژەڵ وەک شایەتی دەیهێنێتەوە، ئیتر قەرەبووی نێچیر ناداتەوە.

14 «کاتێک کەسێک ئاژەڵێک لە دراوسێکەی داوا بکات، لەلای بریندار بێت یان بمرێت و خاوەنەکەی لەگەڵی نەبێت، ئەوا دەبێت قەرەبوو بداتەوە، 15 بەڵام ئەگەر خاوەنەکەی لەگەڵی بوو، ئەوا قەرەبوو ناداتەوە، ئەگەر بە کرێ بووبێت ئەوا کرێیەکەی دەدات.

بەرپرسیاریێتی کۆمەڵایەتی

16 «کاتێک پیاوێک کچێکی نیشان نەکراو هەڵبخەڵەتێنێت و لەگەڵی جووت بێت، ئەوا بۆ خۆی مارەی دەکات و مارەییش دەدات. 17 ئەگەر باوکیشی ڕازی نەبوو بیداتێ، ئەوا زیوی بۆ دەکێشێت وەک مارەیی کچ.

18 «ناهێڵیت جادووگەری ئافرەت بژیێت.

19 «ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت بێت دەبێت بکوژرێت.

20 «ئەوەی قوربانی بۆ هەر خودایەکی جیا لە یەزدان سەرببڕێت، ئەوا پێویستە قڕ[a] بکرێت.

21 «ستەم لە نامۆ مەکە و مەیچەوسێنەوە، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.

22 «هیچ بێوەژن و هەتیوێک زەلیل مەکە. 23 ئەگەر بە هەر شێوەیەک زەلیلت کردن و ئەگەر تەنها هاوارێکم بۆ بکەن، ئەوا بێگومان گوێ لە هاواریان دەگرم. 24 تووڕەییم هەڵدەستێت و بە شمشێر دەتانکوژم و ژنەکانتان دەبنە بێوەژن و منداڵەکانتان دەبنە هەتیو.

25 «ئەگەر پارەت بە قەرز دا بە هەر هەژارێک لە گەلەکەم ئەوانەی لەلاتن، بۆی مەبە بە سووخۆر، سوودی مەخەرە سەر. 26 ئەگەر کەوای دراوسێکەت بە بارمتە گرت، هەتا ئاوابوونی خۆر، بۆی دەگەڕێنیتەوە، 27 چونکە ئەوە تاکە پۆشاکە کە دراوسێکەت هەیەتی. چی دیکەی هەیە بۆ نوستن؟ ئیتر کاتێک هاوارم بۆ دەکات، گوێدەگرم، چونکە من میهرەبانم.

28 «سووکایەتی بە خودا مەکە و نەفرەت لە هیچ سەرکردەیەکی گەلەکەت مەکە.

29 «پێشکەشکردنی پڕی خەرمانەکەت و دڵۆپی گوشەرەکەت دوا مەخە. نۆبەرەی کوڕەکانت دەدەیتە من. 30 هەمان شت دەکەیت بە گا و بەرخەکانت، حەوت ڕۆژ لەگەڵ دایکی دەبێت، بەڵام لە ڕۆژی هەشتەم دەیدەیتە من.

31 «ئێوە دەبنە گەلێکی پیرۆز بۆ من، بۆیە گۆشتێک لە دەشتودەر بووبێت بە نێچیر مەیخۆن، بۆ سەگی فڕێبدەن.

یاسای دادوەری و بەزەیی

23 «هەواڵی درۆ بڵاو مەکەرەوە، دەست لەگەڵ بەدکار تێکەڵ مەکە بۆ ئەوەی ببیتە شایەتی زۆرداری.

«دوای کۆمەڵ مەکەوە بۆ کاری خراپ و لە سکاڵاکردندا بە خواری شایەتی مەدە. لایەنگری بۆ هەژار دەرمەخە لە سکاڵاکەی.

«ئەگەر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنەکەت بووی کە بەڕەڵا بووبێت، بۆی بگەڕێنەرەوە. ئەگەر گوێدرێژی ناحەزەکەتت بینی لەژێر بارەکەیدا کەوتووە، بەجێی مەهێڵە، بەڵکو پەلە بکە بۆ یارمەتیدانی.

«مافی هەژار ڕەت مەکەرەوە لە سکاڵاکەی. لە قسەی درۆ دوور بکەوە. بێتاوان و ڕاستودروست مەکوژە، چونکە تاوانبار بێتاوان ناکەم.

«بەرتیل وەرمەگرە، چونکە بەرتیل چاوساغان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.

«نامۆ مەچەوسێنەوە، دەروونی نامۆ دەناسن، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.

یاسای شەممە

10 «شەش ساڵ زەوییەکەت دەچێنیت و بەرەکەی هەڵدەگریتەوە، 11 بەڵام لە حەوتەمیندا دەیحەسێنیتەوە و لێی دەگەڕێیت، هەژارانی گەلەکەت لێی دەخۆن و بەرماوەکەشیان ئاژەڵی کێوی دەیخوات. هەمان شت دەکەیت لە ڕەزە مێوەکەت و لە زەیتوونەکەت.

12 «شەش ڕۆژ کارەکەت دەکەیت، بەڵام ڕۆژی حەوتەم پشوو دەدەیت بۆ ئەوەی گا و گوێدرێژەکەشت بحەسێنەوە و کوڕی کارەکەرەکەت و ئەوەی لەلاشت نامۆیە هەناسەیەک بدەن.

13 «ئاگاداربن لەوەی ڕێک ئەوە بکەن کە پێم فەرموون و ناوی خودایەکی دیکە مەهێنن، لە دەمتانەوە نەبیسترێت.

سێ جەژنی ساڵانە

14 «سێ جار لە ساڵێکدا جەژنم بۆ دەگێڕیت.

15 «هەروەک فەرمانم پێکردن جەژنی فەتیرە بگێڕن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. ئەم جەژنە لە کاتی خۆیدا بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ، چونکە ئێوە لەو مانگەدا لە میسر هاتنە دەرەوە.

«نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەمم ئامادە بن.

16 «هەروەها جەژنی دروێنە، یەکەمین بەرهەمی ڕەنجتان، ئەوەی لە کێڵگە دەیچێنن.

«هەروەها جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵدا کاتێک ڕەنجەکەتان لە کێڵگە کۆدەکەنەوە.

17 «سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەست ئامادە دەبن.

18 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن.

«پیوی[b] قوربانی جەژنم هەتا بەیانی نەمێنێتەوە.

19 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.

ئامادەکردنی ڕێگاکە لەلایەن فریشتەی خودا

20 «ببینن، من فریشتەیەک لەپێشتانەوە دەنێرم بۆ ئەوەی لە ڕێگا بتانپارێزێت و بتانهێنێتە ئەو شوێنەی ئامادەم کردووە. 21 لێی ئاگاداربن و گوێ لە فەرمایشتی بگرن و تووڕەی مەکەن، چونکە لە یاخیبوونتان نابوورێت، لەبەر ئەوەی ناوی منی تێدایە. 22 بەڵام ئەگەر گوێتان لە فەرمایشتی گرت و هەموو ئەوانەی دەیڵێم جێبەجێی بکەن، ئەوا دژایەتی دوژمنەکانتان دەکەم و تەنگ هەڵدەچنم بە تەنگ پێهەڵچنانتان. 23 فریشتەکەم لەپێشتانەوە دەڕوات و دەتانباتە خاکی ئەموری و حیتی و پریزی و کەنعانی و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەوان لەناودەبەم. 24 کڕنۆش بۆ خوداوەندەکانیان مەبەن و مەیانپەرستن و وەک نەریتەکانی ئەوان مەکەن، بەڵکو بە تەواوی وردوخاشیان بکەن و بەردە تەرخانکراوەکانیان[c] بە تەواوی بشکێنن. 25 یەزدانی پەروەردگارتان دەپەرستن، ئەویش نان و ئاوتان بەرەکەتدار دەکات. دەرد لەنێوتان ناهێڵم. 26 لەبارچوو و نەزۆک نابێت، لە خاکەکەتان جوانەمەرگتان ناکەم.

27 «سامناکی خۆم لەپێشتانەوە دەنێرم و هەموو ئەو نەتەوانەی دەچنە سەریان، سەریان لێ دەشێوێنم و وا دەکەم هەموو دوژمنەکانتان هەڵبێن. 28 زەردەواڵەش[d] لەپێشتانەوە دەنێرم و حیڤی و کەنعانی و حیتییەکان لەپێشتان ڕابماڵن. 29 بەڵام لە ماوەی یەک ساڵ لەپێشتان ڕایانناماڵم، نەوەک خاکەکە وێران بێت و ئاژەڵی کێوی لەسەرتان زیاد بکات. 30 هێواش هێواش لەپێشتان ڕایاندەماڵم، هەتا ئەوەی بەردار دەبن و دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن.

31 «سنوورەکەشتان دادەنێم، لە دەریای سوورەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست[e] و لە چۆڵەوانییەوە هەتا ڕووباری فورات، چونکە دانیشتووانی خاکەکە دەدەمە دەستتان و ئێوەش لەپێش خۆتان ڕایاندەماڵن. 32 نە لەگەڵ ئەوان نە لەگەڵ خوداوەندەکانیان پەیمان مەبەستن. 33 با لە خاکەکەتاندا نیشتەجێ نەبن، نەوەک واتان لێ بکەن گوناه سەبارەت بە من بکەن، چونکە ئەگەر خوداوەندی ئەوان بپەرستن ئەوا دەبێتە تەڵە بۆتان.»

دووپاتکردنەوەی پەیمانەکە

24 ئینجا بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لای یەزدان، خۆت و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل، لە دوورەوە کڕنۆشی بۆ ببەن. بەڵام تەنها موسا لە یەزدان نزیک دەبێتەوە و ئەوانی دیکە نزیک ناکەونەوە، خەڵکەکەش لەگەڵی سەر ناکەون.»

موساش هات و هەموو وشەکانی یەزدان و هەموو یاساکانی بۆ خەڵکەکە گێڕایەوە، هەموو گەلیش بە یەک دەنگ وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەو وشانەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش هەموو وشەکانی یەزدانی نووسی.

بەیانی زوو هەستا و قوربانگایەکی لەبن کێوەکە بنیاد نا لەگەڵ دوازدە ستوون بۆ دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل. لاوانی نەوەی ئیسرائیلیشی نارد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان لە جوانەگاکان[f] بۆ یەزدان پێشکەش کرد. موسا نیوەی خوێنەکەی لەناو جامێک کرد و نیوەکەی دیکەشی بەسەر قوربانگاکەدا پرژاند. ئینجا پەڕتووکی پەیمانەکەی هەڵگرت و بۆ گەلی خوێندەوە، ئەوانیش گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین و گوێی لێ دەگرین.»

ئینجا موسا خوێنەکەی هەڵگرت و بەسەر گەلدا پرژاندی و گوتی: «ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە[g] کە یەزدان لەگەڵتانی بەستووە بەگوێرەی ئەم وشانە.»

دواتر موسا و هارون و ناداب و ئەبیهو و حەفتا لە پیرانی ئیسرائیل سەرکەوتن و 10 خودای ئیسرائیلیان بینی، لەژێر پێیەکانی شتێکی وەک بەردڕێژکراویان بینی بە بەردی یاقووتی شین[h] و وەک ئاسمانی ساماڵ لە بێگەردی. 11 بەڵام دەستی بۆ پیاوماقوڵانی نەوەی ئیسرائیل درێژ نەکرد. خودایان بینی، ئینجا خواردیان و خواردیانەوە.

12 یەزدان بە موسای فەرموو: «سەربکەوە بۆ لام بۆ کێوەکە و لەوێ بە، دوو تەختە بەردت دەدەمێ، فێکردنەکان و فەرمانەکانی تێدایە کە بۆ فێرکردنیان نووسیومە.»

13 ئینجا موسا و یەشوعی یاریدەدەری هەستان، موسا بۆ کێوی خودا سەرکەوت. 14 بە پیرانیشی گوت: «لێرە چاوەڕێمان بکەن هەتا دەگەڕێینەوە لاتان، ئەوەتا هارون و حووریش لەگەڵتانن، ئەگەر یەکێک داواکاری یاخود ناکۆکی هەبوو با بچێتە لایان.»

15 ئیتر موسا بەسەر کێوەکە کەوت و هەور کێوەکەی داپۆشی. 16 شکۆمەندی یەزدانیش لەسەر شاخی سینا نیشتەوە. بۆ ماوەی شەش ڕۆژ هەور کێوەکەی داپۆشی، لە ڕۆژی حەوتەم لەنێو هەورەوە موسای بانگکرد. 17 دیمەنی شکۆمەندی یەزدانیش وەک ئاگرێکی بێ ئامان بوو لەسەر کێو، لەبەرچاوی نەوەی ئیسرائیل. 18 ئینجا موسا هاتە ناو هەورەکەوە و بۆ سەر کێوەکە سەرکەوت. موسا چل شەو و چل ڕۆژی پێچوو لە کێوەکە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.