Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Chronological

Read the Bible in the chronological order in which its stories and events occurred.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 19-21

لە شاخی سینا

19 لە مانگی سێیەم لەدوای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل میسریان بەجێهێشت، لەو ڕۆژەدا هاتنە چۆڵەوانی سینا. لە ڕەفیدیمەوە کۆچیان کرد و هاتنە چۆڵەوانی سینا، لە چۆڵەوانی لایاندا، ئیسرائیلییەکان لەوێ بەرامبەر کێوەکە لایاندا.

موساش سەرکەوت بۆ لای خودا، یەزدان لە کێوەکەوە بانگی کرد و فەرمووی: «ئاوا بە بنەماڵەی یاقوب دەڵێیت و ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل ڕادەگەیەنیت: ”خۆتان ئەوەتان بینی کە بە میسرییەکانم کرد، ئێوەشم لەسەر باڵی هەڵۆکان هەڵگرت و ئێوەم بۆ لای خۆم هێنا. ئێستاش ئەگەر ئێوە بە تەواوی گوێم لێ بگرن و پەیمانەکەم بپارێزن، ئەوا گەنجینەیەکی تایبەت دەبن بۆ من لەنێو هەموو گەلان. هەرچەندە هەموو زەوی هی منە، بەڵام ئێوە بۆم دەبنە پاشایەتی کاهینان و نەتەوەیەکی پیرۆز.“ ئەمانە ئەو وشانەن کە بە نەوەی ئیسرائیلی دەڵێیت.»

موساش هات و هەموو پیرانی گەلی بانگکرد و هەموو ئەو وشانەی لەبەردەمیان دانا کە یەزدان فەرمانی پێ کردبوو. هەموو گەلیش پێکەوە وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «هەموو ئەوەی یەزدان فەرموویەتی دەیکەین.» موساش قسەکانی گەلی بۆ یەزدان گێڕایەوە.

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «من لە چڕی هەوردا دێمە لات، بۆ ئەوەی گەل گوێی لێبێت کاتێک لەگەڵت دەدوێم و هەتاهەتایە باوەڕت پێ بکەن.» موساش وتەکانی گەلی بە یەزدان ڕاگەیاند.

10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرمووی: «بڕۆ لای گەل و ئەمڕۆ و بەیانی تەرخانیان بکە. با جلەکانیان بشۆن و 11 ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، چونکە لە ڕۆژی سێیەم یەزدان لەبەرچاوی هەموو گەل دێتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا. 12 بە چواردەوری کێوەکەدا سنوور بۆ گەل دادەنێیت و دەڵێیت: ”ئاگاداری خۆتان بن، بەسەر کێوەکە مەکەون و دەست لە لێوارەکەی مەدەن، چونکە هەرکەسێک دەست لە کێوەکە بدات دەبێت بکوژرێت. 13 ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، نابێت بژیێت، دەبێت بەردباران یان تیرباران بکرێت، بەبێ ئەوەی کەس دەستی پێی بکەوێت.“ بەڵام لە کاتی فووکردنێکی بەهێز بە کەڕەنادا[a]، ئەوان لە کێوەکە نزیک دەبنەوە.»

14 موساش لە کێوەکە هاتە خوارەوە بۆ لای گەل و تەرخانی کردن، ئەوانیش جلەکانیان شوشت. 15 بە گەلی گوت: «ئامادە بن بۆ ڕۆژی سێیەم، لە ئافرەت نزیک مەکەونەوە.»

16 ئەوە بوو سەر لە بەیانی ڕۆژی سێیەم، بووە هەورەتریشقە و بروسک و تەمێکی چڕ لەسەر کێوەکە، دەنگی کەڕەنا زۆر بەرزبووەوە، هەموو گەل ئەوانەی لە ئۆردوگاکە بوون کەوتنە لەرزین. 17 ئینجا موسا گەلی لە ئۆردوگاکەوە دەرهێنا بۆ دیداری خودا، جا لە خوارەوەی کێوەکە وەستان. 18 هەموو شاخی سیناش دووکەڵی دەکرد لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگرەوە هاتە خوارەوە بۆ سەری و دووکەڵیش وەک دووکەڵی کوورە بەرزبووەوە و هەموو کێوەکەش بە توندی لەرزی. 19 دەنگی کەڕەناش جار لەدوای جار بەرزتر دەبوو. موسا دەدوا و خوداش بە دەنگ وەڵامی دەدایەوە.

20 یەزدان هاتە خوارەوە بۆ سەر شاخی سینا و موسای بۆ سەری کێوەکە بانگکرد. موساش سەرکەوت. 21 یەزدان بە موسای فەرموو: «بڕۆ خوارەوە و گەل ئاگادار بکەرەوە، نەوەک پێشێلی بکەن بۆ بینینی یەزدان و زۆریان لەناوبچن. 22 هەروەها ئەو کاهینانەش کە لە یەزدان نزیک دەبنەوە، با خۆیان تەرخان بکەن، نەوەک یەزدان بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

23 موساش بە یەزدانی گوت: «گەل ناتوانێت بۆ شاخی سینا سەربکەوێت، چونکە تۆ ئاگادارت کردینەوە و فەرمووت: ”سنوور بۆ کێو دابنێ و تەرخانی بکە.“»

24 یەزدانیش پێی فەرموو: «بڕۆ خوارەوە، پاشان لەگەڵ هارون سەربکەوە، بەڵام کاهینەکان و گەل با پێشێلی نەکەن بۆ سەرکەوتن بۆ لای یەزدان، نەوەک بە ڕوویاندا هەڵبشاخێت.»

25 ئیتر موسا بۆ لای گەل چووە خوارەوە و پێی گوتن.

دە ڕاسپاردەکە

20 خودا هەموو ئەم فەرمایشتانەی بە گەل فەرموو:

«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

«پەیکەر[b] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم[c]، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

«ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن[d]، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

«ڕۆژی شەممەتان[e] لە یاد بێت، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن. شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 10 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن. خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و ئاژەڵەکانتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، 11 چونکە یەزدان لە شەش ڕۆژدا ئاسمان و زەوی و دەریا و هەموو ئەو شتانەی تێیاندایە دروستی کردن، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم پشووی دا، لەبەر ئەمە یەزدان ڕۆژی شەممەی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد.

12 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

13 «مەکوژن[f].

14 «داوێنپیسی مەکەن.

15 «دزی مەکەن.

16 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

17 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

18 کاتێک هەموو گەل بروسک و کێوەکەیان بینی دووکەڵی دەکرد، گوێیان لە هەورەتریشقە و دەنگی کەڕەنا بوو، لەرزین و لە دوورەوە وەستان. 19 بە موساشیان گوت: «تۆ لەگەڵمان بدوێ و گوێ دەگرین. با خودا لەگەڵمان نەدوێت، نەوەک بمرین.»

20 موساش بە گەلی گوت: «مەترسن، چونکە خودا هاتووە بۆ ئەوەی تاقیتان بکاتەوە، تاکو ترسی ئەوتان لەبەرچاو بێت و گوناه نەکەن.»

21 گەل لە دوورەوە وەستان و موساش لە تەمە چڕەکە نزیک بووەوە، ئەوەی خودا لەوێ بوو.

پەیکەر و قوربانگا

22 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئاوا بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێیت: ”ئێوە بینیتان کە لە ئاسمانەوە لەگەڵتان دوام. 23 هیچ خوداوەندێک دروستمەکەن لەتەنیشت من بێت، بتی زیو و بتی زێڕ بۆ خۆتان دروستمەکەن.

24 «”بە خۆڵ قوربانگام بۆ دروستدەکەیت و قوربانی سووتاندنەکان و قوربانییەکانی هاوبەشیت[g] لە مەڕ و بزن و گاگەلەکەت لەسەری سەردەبڕیت، لە هەموو ئەو شوێنانە وا دەکەم ناوم بێتەوە یاد، دێمە لات و بەرەکەتدارت دەکەم. 25 ئەگەر بە بەرد قوربانگات بۆ دروستکردم، با بەردەکان تاشراو نەبن، چونکە هەر قەڵەم و چەکوشێکی بخەیتە سەر ئەوا گڵاوی دەکەیت. 26 بە پەیژە سەرمەکەوە سەر قوربانگاکەم نەوەک ڕووتیت لەسەری دەربکەوێت.“

21 «ئەمانەش ئەو یاسایانەیە کە لەبەردەمیان دایدەنێیت:

کۆیلەی عیبرانی

«ئەگەر کۆیلەیەکی عیبرانیتان کڕی ئەوا شەش ساڵ خزمەت دەکات و ساڵی حەوتەم بەخۆڕایی ئازاد دەبێت. ئەگەر بە تەنها هاتبوو ئەوا بە تەنها ئازاد دەبێت، بەڵام ئەگەر مێردی ژنێک بوو ئەوا ژنەکەشی لەگەڵی ئازاد دەبێت. ئەگەر گەورەکەی ژنێکی پێدابێت و ژنەکە کوڕ یان کچی بۆی بووبێت، ئەوا ژن و منداڵەکان بۆ گەورەکەی دەبن و ئەو بە تەنها ئازاد دەبێت.

«بەڵام ئەگەر کۆیلەکە بە ڕاستی بڵێت: ”گەورەکەم و ژنەکەم و منداڵەکانم خۆشدەوێت و ئازاد نابم،“ ئەوا گەورەکەی پێویستە بیباتە پێش خودا. ئینجا نزیکی دەکاتەوە لە دەرگاکە یان لەلایەکی چوارچێوەی دەرگاکە، گەورەکەی بە درێشە[h] گوێی کون دەکات، ئەویش هەتاهەتایە خزمەتی دەکات.

«ئەگەر پیاوێک کچەکەی خۆی فرۆشت وەک کۆیلە، ئەوا وەک پیاوێکی کۆیلە ئازاد نابێت. ئەگەر کچەکە نەبێتە جێی ڕەزامەندی گەورەکەی، کە نیشانی کردووە بۆ خۆی، ئەوا دەبێت ڕێ بە کچەکە بدات بکڕدرێتەوە. ئیتر مافی فرۆشتنی نییە بە خەڵکێکی بێگانە، چونکە لەگەڵ کچەکە بێوەفا بووە. ئەگەر کچەکەی نیشان کرد بۆ کوڕەکەی ئەوا پێویستە وەک کچی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکات. 10 ئەگەر ژنێکی دیکەی هێنا، ئەوا پێویستە خواردن و بەرگ و جووتبوونی لەگەڵ ئەو کەم نەکاتەوە. 11 ئەگەر یەکێک لەو سێیانەی بۆ نەکرد، ئەوا کەنیزەکە بەخۆڕایی ئازاد دەبێت.

12 «ئەوەی لە کەسێک بدات و بیمرێنێت ئەوا دەبێت بکوژرێت. 13 بەڵام ئەوەی مەبەستی نەبوو، بەڵکو خودا هێشتی ڕوو بدات، ئەوا من شوێنێکت بۆ دیاری دەکەم هەتا هەڵبێت بۆ ئەوێ. 14 بەڵام ئەگەر یەکێک فێڵ لە برادەرەکەی بکات و بیکوژێت، ئەوا لەلای قوربانگاکەمەوە دەیبەیت بۆ کوشتن.

15 «ئەوەی لە دایک و باوکی بدات، ئەوا دەبێت بکوژرێت.

16 «ئەوەی کەسێک بڕفێنێت و بیفرۆشێت یان لەلای بیبیننەوە، ئەوا دەبێت بکوژرێت.

17 «ئەوەی نەفرەت لە باوکی یان دایکی بکات، دەبێت بکوژرێت.

18 «کاتێک دوو پیاو ناکۆکییان دەبێت و یەکێکیان بە بەرد یان بە مست لە برادەرەکەی بدات و نەمرد بەڵکو لە جێگا کەوت، 19 ئەگەر هەستایەوە و لە دەرەوە بە گۆچانەکەی ڕۆیشت، ئەوا ئەوەی لێیداوە بێتاوان دەبێت، تەنها قەرەبووی ئەو کاتەی بۆ بکاتەوە و خەرجی چارەسەرییەکەی بدات، هەتا بە تەواوی چاک دەبێتەوە.

20 «کاتێک یەکێک لە کۆیلەکەی یان لە کارەکەرەکەی بدات بە دار و لەژێر دەستی مرد، ئەوا سزا دەدرێت، 21 بەڵام ئەگەر لەدوای ڕۆژێک یان دووان چاک بووەوە ئەوا سزا نادرێت، چونکە ماڵی خۆیەتی.

22 «ئەگەر چەند پیاوێک شەڕیان کرد و بە ڕێککەوت لە ژنێکی سکپڕیان دا و بەهۆیەوە منداڵەکەی پێش کاتی خۆی لەدایک بوو، بەڵام زیانی کوشندەی نەبوو، ئەوا بێگومان بەگوێرەی دادگا سزای ماددی دەدرێت، بەپێی ئەوەی مێردی ژنەکە لەسەری دادەنێت. 23 بەڵام ئەگەر زیانی کوشندەی هەبێت، ئەوا گیان لە جێی گیان دەبێت، 24 چاو بە چاو، ددان بە ددان، دەست بە دەست، پێ بە پێ، 25 سووتان لە جێی سووتان، برین لە جێی برین و لێدان لە جێی لێدان.

26 «کاتێک یەکێک لە چاوی کۆیلەکەی یان چاوی کارەکەرەکەی دا و کوێری کرد، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی چاوی. 27 ئەگەر ددانی کۆیلەکەی یان کارەکەرەکەی کەوت، ئەوا ئازادی دەکات لە جیاتی ددانی.

28 «ئەگەر گایەک قۆچی لە پیاوێک یان لە ژنێک دا و مرد، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و گۆشتەکەشی ناخورێت. بەڵام خاوەنی گایەکە بێتاوان دەبێت. 29 بەڵام ئەگەر گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بێت، خاوەنەکەی ئاگادار کرابێتەوە بەڵام لە پشتیرەکە[i] بەندی نەکردبێت، پیاوێک یان ژنێکی کوشت، ئەوا گایەکە بەردباران دەکرێت و خاوەنەکەشی دەکوژرێت. 30 ئەگەر نرخ بخرێتە سەری، ئەوا بۆ کڕینەوەی ژیانی خۆی هەرچی بکەوێتە سەر دەبێت بیدات. 31 یان قۆچ لە کوڕێک یان لە کچێک بدات، ئەوا ئەم حوکمەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت. 32 ئەگەر گایەکە قۆچ لە کۆیلەیەک یان کارەکەرێک بدات، ئەوا گەورەکەی سی شاقل[j] زیو دەدات و گایەکەش بەردباران دەکرێت.

33 «کاتێک کەسێک سەری بیرێک دەکاتەوە یان بیرێک لێدەدات و سەرەکەی دانەپۆشێت، گایەک یان گوێدرێژێک بکەوێتە ناوی، 34 ئەوا خاوەن بیرەکە قەرەبوو دەداتەوە و زیو دەداتە خاوەنەکەی، ئاژەڵە مردارەوەبووەکەش یان تۆپیوەکە بۆ ئەو دەبێت.

35 «ئەگەر گای کەسێک لە گای برادەرەکەی دا و کوشتی، ئەوا گایە زیندووەکە دەفرۆشن و نرخەکەی بەش دەکەن، هەروەها گایە مردارەوەبووەکەش دابەش دەکەن. 36 ئەگەر زانراش کە گایەکە پێشتر قۆچوەشێن بووە و خاوەنەکەی لە پشتیرەکە بەندی نەکردووە، ئەوا خاوەن گا قۆچوەشێنەکە دەبێت گایەک لە جێی گایەک بدات و تەنها گایە مردارەوەبووەکەش وەربگرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.