Chronological
تەرخانکردنی نۆبەرە
13 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «هەموو نێرینەیەکی نۆبەرە بۆ من تەرخان بکەن. یەکەم بەری سک لە نەوەی ئیسرائیل لە مرۆڤ و لە ئاژەڵ، ئەوە بۆ منە.»
3 موسا بە گەلی گوت: «یادی ئەم ڕۆژە بکەنەوە کە لە میسر هاتنە دەرەوە، لە خاکی کۆیلایەتی، کە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لێرە دەریهێنان، هیچ شتێکی بە هەویرترش مەخۆن. 4 ئێستا، کە مانگی ئاڤیڤە[a]، ئێوە میسر بەجێدەهێڵن. 5 کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و حیڤی و یەبوسییەکان، ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد بتانداتێ کە شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، ئەوا لەو مانگەدا ئێوە ئەو ئەرکە بەجێدەگەیەنن. 6 حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە دەخۆن و لە ڕۆژی حەوتەم جەژنە بۆ یەزدان. 7 لەو حەوت ڕۆژەدا نانی فەتیرە دەخورێت و هیچ شتێکی بە هەویرترش لەلاتان نەبینرێت، هیچ هەویرترشێک لە هەموو سنوورەکانتان نەبینرێت.
8 «لەو ڕۆژەدا بە کوڕەکەت ڕادەگەیەنیت و دەڵێیت: ”ئەمە لەبەر ئەوەیە، لەبەر ئەو کارەی کە یەزدان بۆ منی کرد کاتێک لە میسر هاتمە دەرەوە.“ 9 بۆت دەبێتە نیشانەیەک لەسەر دەستت و یادگارییەک لە نێوچەوانت، بۆ ئەوەی فێرکردنی یەزدان لە دەمت بێت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێنایت. 10 ئەو فەرزەش ساڵ لەدوای ساڵ لە کاتی خۆیدا بەجێدەهێنیت.
11 «کاتێک یەزدان دەتانهێنێتە خاکی کەنعانییەکان دەیداتە ئێوە، هەروەک سوێندی خوارد بۆ ئێوە و بۆ باوکانتان، 12 ئەوا ئێوە هەموو بەری یەکەمی سک و هەموو نۆبەرەیەکی نێرینە لە بەری ماڵاتەکەتان کە بۆتان دەبێت، دەبێت پێشکەشی یەزدانی بکەن، ئەوانە بۆ یەزدانن. 13 هەموو نۆبەرەیەکی گوێدرێژیش بە بەرخێک دەکڕنەوە، ئەگەر نەیکڕنەوە، ملی دەشکێنن. هەموو نۆبەرەیەکیش لە کوڕانتان دەکڕنەوە.
14 «لە ڕۆژانی داهاتوو کە کوڕەکەت لێت دەپرسێت و دەڵێت: ”ئەمە چییە؟“ پێی دەڵێیت: ”بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین، لە خاکی کۆیلایەتی. 15 ئەوە بوو کاتێک فیرعەون کەللەڕەق بوو لە ڕێپێدانمان بۆ ئەوەی بڕۆین، یەزدان هەموو نۆبەرەیەکی لە خاکی میسر کوشت، لە نۆبەرەی مرۆڤەوە هەتا نۆبەرەی ئاژەڵ. لەبەر ئەمەیە من هەموو نێرێکی نۆبەرەی سک بۆ یەزدان سەردەبڕم و هەر نۆبەرەیەک لە منداڵەکانم دەکڕمەوە.“ 16 ئەمەش دەبێتە نیشانە لەسەر دەستت و هێما لەسەر نێوچەوانت، چونکە بە دەستێکی بەهێز یەزدان لە میسر دەریهێناین.»
ڕۆیشتن بەناو دەریا
17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[b]، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.» 18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.
19 موساش ئێسکەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[c]
20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام لایاندا لە قەراغی چۆڵەوانی. 21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن. 22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.
14 یەزدان بە موسای فەرموو: 2 «بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”با بگەڕێنەوە و بەرامبەر پیهەحیرۆت چادر هەڵبدەن، لەنێوان مگدۆل و دەریا. لەلای دەریاوە چادر هەڵبدەن، بەرامبەر بە بەعلچیفۆن. 3 فیرعەون دەربارەی نەوەی ئیسرائیل دەڵێت: ’سەرلێشێواون لە خاکەکە، لەنێوان دەریا و چۆڵەوانی گیریان خواردووە.‘ 4 دڵی فیرعەونیش ڕەق دەکەم بۆ ئەوەی بەدوایان بکەوێت. بەڵام بۆ فیرعەون و هەموو سوپاکەی شکۆمەند دەبم، میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم.“» ئیتر بەم جۆرەیان کرد.
5 کاتێک بە پاشای میسر ڕاگەیەنرا کە گەلەکە لە دەستی هەڵاتن، دڵی فیرعەون و خزمەتکارانی سەبارەت بە گەلی ئیسرائیل گۆڕا، گوتیان «ئەمە چی بوو کردمان، کە ڕێمان دا نەوەی ئیسرائیل بڕۆن لە خزمەتکردنمان؟» 6 ئیتر گالیسکەکەی پێ ئامادەکردن و سوپایەکەشی لەگەڵ خۆی برد، 7 شەش سەد گالیسکەی هەڵبژێردراو و هەموو گالیسکەکانی میسر و هەموو ئەفسەرە سواربووەکانیانی برد. 8 یەزدان دڵی فیرعەونی پاشای میسری ڕەقکرد، ئیتر بەدوای نەوەی ئیسرائیل کەوت، نەوەی ئیسرائیلیش ئازایانە بەرەو پێش دەچوون. 9 میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پیهەحیرۆت بەرامبەر بەعلچیفۆن.
10 کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، زۆر ترسان و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. 11 بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە بۆ مردن وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی؟ ئەمە چی بوو پێت کردین هەتا وامان لێ بکەیت لە میسر بێنە دەرەوە؟ 12 ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»
13 موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە وەک ئەوەی ئەمڕۆ میسرییەکانتان بینی، ئیتر هەتاهەتایە نایانبیننەوە. 14 یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»
15 یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. 16 تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، ئیتر نەوەی ئیسرائیل دەچنە ناوەڕاستی دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی. 17 ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. 18 میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»
19 ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. 20 هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.
21 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو. 22 ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.
23 میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە. 24 ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند. 25 چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»
26 یەزدان بە موسای فەرموو: «دەستت بۆ سەر دەریا درێژ بکە و ئاوەکە بۆ سەر میسرییەکان و گالیسکە و سوارەکان دەگەڕێتەوە.» 27 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد و دەمەو بەیان دەریاکە گەڕایەوە باری جاران، میسرییەکانیش لێی هەڵدەهاتن، یەزدان میسرییەکانی داتەکاندە ناو دەریاکە. 28 ئیتر ئاوەکە گەڕایەوە سەر گالیسکە و سوارەکانی و هەموو سوپاکەی فیرعەون و دایپۆشین. ئەوانەی بەدوایاندا هاتبوونە ناو دەریاکە، کەسیان لێ نەما.
29 بەڵام نەوەی ئیسرائیلیش بەسەر وشکانیدا ڕۆیشتن بەناو دەریاکەدا و ئاویش دیوار بوو بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە. 30 یەزدان لەو ڕۆژەدا ئیسرائیلی لە دەستی میسرییەکان ڕزگار کرد، ئیسرائیلیش میسرییەکانیان بینی لە کەناری دەریاکە مردوون. 31 ئیسرائیل ئەو کارە مەزنەی بینی کە یەزدان لە دژی میسرییەکان بەکاریهێنا، ئیتر گەل لە یەزدان ترسان و باوەڕیان بە یەزدان و بە موسای بەندەی هێنا.
سروودی موسا و مریەم
15 ئینجا موسا و نەوەی ئیسرائیل ئەم سروودەیان بۆ یەزدان گوت:
«سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکەی
فڕێدایە ناو دەریا.
2 «هێز و سروودم یەزدانە،
بووە بە ڕزگاری بۆم.
ئەمە خودامە و شکۆداری دەکەم،
خودای باوکمە و بە گەورەی دەزانم.
3 یەزدان پیاوی جەنگە،
ناوی یەزدانە.
4 گالیسکەکانی فیرعەون و سوپاکەی
فڕێدایە ناو دەریا،
هەڵبژاردەی ئەفسەرەکانی
لە دەریای سوور نوقوم بوون،
5 قووڵایی دایپۆشین،
کەوتنە بنەوە وەک بەرد.
6 دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
بەتوانایە بۆ شکۆمەندیت.
دەستی ڕاستت، ئەی یەزدان،
دوژمن تێکدەشکێنێت.
7 «بە مەزنی و پایەبەرزیت
بەرهەڵستەکانت پێشێل دەکەیت،
جۆشی تووڕەییت دەبارێنیت
وەک پووش دەیانخوات.
8 بە بای لووتت
ئاوەکان گرد بوونەوە،
ئاوەڕۆکان وەک گرد وەستان،
قووڵاییەکان لەناو دەریا بەستیان.
9 دوژمن گوتی:
”دوایان دەکەوم، پێیان دەگەم،
تاڵان دابەش دەکەم،
گیانم لێیان تێر دەبێت،
شمشێرەکەم ڕادەکێشم،
دەستم لەناویان دەبات.“
10 بەڵام بە بای خۆت فووت کرد،
دەریا دایپۆشین،
ڕۆچوون وەک قورقوشم،
لە ئاوێکی مەزن.
11 ئەی یەزدان، کێ لەنێو خوداوەندەکان وەک تۆیە؟
کێ وەک تۆ
پایەبەرزە لە پیرۆزی،
سامناک لە شکۆمەندی،
دروستکەری کاری سەرسوڕهێنەر؟
12 «دەستی ڕاستت درێژکرد،
زەوی قووتی دان.
13 ئەو گەلەی کڕیتەوە،
بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت ڕابەرایەتی دەکەیت،
بە هێزی خۆت ڕێنمایی دەکەیت،
بۆ نشینگەی پیرۆزت.
14 گەلان گوێیان لێ دەبێت و دەلەرزن،
دانیشتووانی فەلەستیە ژان دەیانگرێت.
15 سەرکردەکانی ئەدۆم سەرسام دەبن،
ڕابەرەکانی مۆئاب لەرز دەیانگرێت،
هەموو دانیشتووانی کەنعان دەتوێنەوە.
16 سامناکی و تۆقین دێتە سەریان.
ئەی یەزدان، بە هێزی بازووت
وەک بەرد لە شوێنی خۆیان دەچەقن،
هەتا ئەوەی گەلەکەت دەپەڕێتەوە،
هەتا ئەو گەلەی کڕیوتە دەپەڕێتەوە.
17 دەیانهێنیت و دەیانچێنیت
لە کێوی میراتت،
ئەو شوێنەی بۆ نیشتەجێی خۆت دروستت کرد ئەی یەزدان،
ئەی پەروەردگار، ئەو پیرۆزگایەی کە دەستەکانت دایمەزراند.
18 «یەزدان پاشایەتی دەکات
بۆ هەتاهەتایە.»
19 کاتێک ئەسپی فیرعەون بە گالیسکە و سوارەکانیەوە بۆ ناو دەریا هات، یەزدانیش ئاوی دەریای هێنایەوە سەریان، بەڵام نەوەی ئیسرائیل بەسەر وشکانیدا بە ناوەندی دەریادا ڕۆیشتن. 20 ئینجا مریەمی پێغەمبەر کە خوشکی هارون بوو، دەستی دایە دەف و هەموو ئافرەتەکانیش بە دەف و سەماوە بەدوایەوە ڕۆیشتن. 21 مریەمیش سروودی بۆ گوتن:
«سروود بۆ یەزدان بڵێ،
چونکە شکۆمەندانە سەرکەوت،
ئەسپ و سوارەکانی
فڕێدایە ناو دەریا.»
مێرگەکانی مارا و ئێلیم
22 ئینجا موسا کۆچی بە نەوەی ئیسرائیل کرد و لە دەریای سوورەوە پەڕینەوە بۆ چۆڵەوانی شوور، سێ ڕۆژ بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتن و ئاویان نەدۆزییەوە. 23 کاتێک هاتنە مارا، نەیانتوانی ئاوەکەی ئەوێ بخۆنەوە، چونکە تاڵ بوو، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە ناونراوە مارا.[d] 24 جا گەل بۆڵەبۆڵیان لەسەر موسا کرد و گوتیان: «چی بخۆینەوە؟»
25 موساش هاواری بۆ یەزدان کرد، یەزدانیش دارێکی پیشان دا و ئەویش فڕێیدایە ناو ئاوەکە، ئیتر ئاوەکە سازگار بوو.
لەوێ یەزدان فەرز و یاسای بۆ دانان و لەوێش تاقی کردنەوە. 26 فەرمووی: «ئەگەر بە باشی گوێ لە دەنگی یەزدانی پەروەردگارت بگریت و ئەوەی ڕاستە لەبەرچاوی بیکەیت و گوێ بۆ فەرمانەکانی شل بکەیت و هەموو فەرزەکانی بەجێبهێنیت، هیچ نەخۆشییەک لەوانەی خستمە سەر میسرییەکان نایخەمە سەر تۆ، چونکە من یەزدانم، ئەوەی چاکت دەکاتەوە.»
27 ئینجا هاتنە ئێلیم، لەوێ دوازدە کانیاو و حەفتا دار خورمای لێبوو، ئیتر لەوێ لەلای ئاوەکان لایاندا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.