Chronological
مەنەشە و ئەفرایم
48 ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش هەردوو کوڕەکەی خۆی مەنەشە و ئەفرایمی لەگەڵ خۆی برد. 2 بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت دێتە لای تۆ.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و هەر لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت.
3 ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بە توانام لە لوز لە خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم. 4 پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم، دەتکەمە چەندین نەتەوە، ئەم زەوییەش لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت، بە موڵکی هەتاهەتایی.“
5 «ئێستاش دوو کوڕەکەی خۆت کە لە خاکی میسر بۆت لەدایک بوون پێش ئەوەی من لە میسر بێمە لات ئەوا بۆ منن، ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم. 6 بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمان لەدایک دەبن بۆت ئەوا دەبنە هی تۆ، لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت. 7 خۆشم لە هاتنم لە پەدانەوە ڕاحێل لەلام مرد، لە خاکی کەنعان لە ڕێگا کە ماوەیەکی کەمی مابوو بگەمە ئەفرات. هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» کە بێتلەحمە.
8 ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟»
9 یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.»
ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.»
10 هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن.
11 ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.»
12 یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 13 ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل، لێ نزیک خستنەوە. 14 بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو.
15 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی:
«ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی[a] کرد،
ئیبراهیم و ئیسحاق،
ئەو خودایەی کە شوانایەتی[b] کردووم
لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ،
16 ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە،
ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات.
با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم
ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن،
با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.»
17 کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت هەتا لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. 18 یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.»
19 بەڵام باوکی ڕازی نەبوو، گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» 20 ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی:
«بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات:
”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“»
جا ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە.
21 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. 22 منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمورییەکان وەرمگرت.»
یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات
49 ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە هەتا پێتان ڕابگەیەنم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.
2 «ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،
گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.
3 «ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،
هێزی منیت و یەکەم توانامیت،
سەری شانازی و سەری هێزی.
4 هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،
چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،
گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.
5 «شیمۆن و لێڤی بران،
بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.[c]
6 من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،
سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،
چونکە لە تووڕەبوونیان مرۆڤیان کوشت و
لە ئارەزوومەندییان گایان لەپێ خست.
7 نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،
لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.
لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و
لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.
8 «یەهودا[d]، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،
دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،
کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.
9 بەچکە شێرە یەهودا،
لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.
خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،
وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟
10 داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،
گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێو قاچەکانی،
هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،[e]
گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.
11 نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و
ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.
جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و
پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.
12 چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و
ددانەکانی لە شیر سپیترن.
13 «زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،
دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،
سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.
14 «یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و
لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.
15 بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و
زەوییەکەی دڵگیرە،
شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و
دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.
16 «دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،
وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.
17 دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،
مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،
بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و
سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.
18 «ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.
19 «چەتە پەلاماری گاد دەدەن،
بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.
20 «لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،
ئەو خۆشی دەداتە پاشایان.
21 «نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و
بەچکەی جوانی دەبێت.
22 «یوسف مێوێکی بەردارە،
مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،
چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.
23 تیرئەندازان بە جۆش پەلاماریان دا و
ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.
24 بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،
بازووەکانی دەستی لێزان بوون،
بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،
بە ناوی شوانی بەردەکەی ئیسرائیل[f]،
25 بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،
بەهۆی هەرە بە تواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،
بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و
بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،
بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.
26 بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن
لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،
لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.
با بەسەر سەری یوسفەوە بن،
بەسەر تەپڵی سەری جیاکراوە لە براکانی.
27 «بنیامین گورگێکی دڕندەیە،
بەیانییان نێچیر دەخوات و
ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»
28 هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.
مردنی یاقوب
29 ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، 30 لەو ئەشکەوتەی لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە کە ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی. 31 ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. 32 کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی لەناوی بوو لە حیتییەکان کڕدرا بوون.»
33 کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.
50 یوسف خۆی دا بەسەر ڕووی باوکیدا و بەسەریدا گریا و ماچی کرد. 2 ئینجا یوسف فەرمانی دا بە خزمەتکارە پزیشکەکانی کە باوکی مۆمیا بکەن. پزیشکەکانیش ئیسرائیلیان مۆمیا کرد، 3 چل ڕۆژی پێچوو، چونکە بەوەندە ڕۆژە کاری مۆمیاکاران تەواو دەبوو. میسرییەکانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان.
4 کە ڕۆژانی گریان بەسەرچوو، یوسف لەگەڵ ماڵی فیرعەون قسەی کرد و گوتی: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتانم، ئەوا قسە لەگەڵ فیرعەون بکەن و پێی بڵێن، 5 کە باوکم سوێندی داوم و گوتوویەتی: ”وا من دەمرم، لەو گۆڕەدا بمنێژن کە لە خاکی کەنعان بۆ خۆمم هەڵکەندووە.“ ئێستاش با بچم بۆ ئەوەی باوکم بنێژم و دەگەڕێمەوە.»
6 فیرعەونیش پێی گوت: «بڕۆ و باوکت بنێژە، وەک چۆن سوێندی داویت.»
7 ئیتر یوسف بۆ ناشتنی باوکی چوو. لەگەڵی هەموو خزمەتکارانی فیرعەون، پیرانی ماڵەکەی و هەموو پیرانی خاکی میسر چوون، 8 لەگەڵ تێکڕای ماڵی یوسف و براکانی و ماڵی باوکی. تەنها منداڵەکان و ڕانە مەڕ و گاگەلیان لە خاکی گۆشەن بەجێهێشت. 9 هەر لەگەڵیان گالیسکە و ئەسپ سوار چوون. کۆمەڵێکی زۆر گەورە بوو.
10 ئینجا هاتنە سەر جۆخینەکەی[g] ئاتاد، ئەوەی لەوبەری ڕووباری ئوردونە، لەوێ شیوەنێکی زۆر گەورە و توندیان گێڕا، حەوت ڕۆژ یوسف ماتەمی بۆ باوکی دانا. 11 کاتێک کەنعانییەکانی دانیشتووی ئەو خاکە ئەم ماتەمەیان لەسەر جۆخینەکەی ئاتاد بینی، گوتیان: «ئەمە ماتەمێکی گەورەی میسرییەکانە.» لەبەر ئەوە ناونرا ئابێل میسرایم[h] کە لەوبەری ڕووباری ئوردونە.
12 کوڕەکانی یاقوبیش چۆنی ڕاسپاردبوون ئاوایان بۆ کرد. 13 جا کوڕەکانی هەڵیانگرت بۆ خاکی کەنعان و لە ئەشکەوتەکەی ئەو کێڵگەیەی لە مەخپێلە ناشتیان، کە ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکە لە عەفرۆنی حیتی کڕی هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکی، ئەوەی ڕووەو مەمرێیە. 14 ئیتر دوای ناشتنی باوکی، یوسف گەڕایەوە بۆ میسر، خۆی و براکانی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بۆ ناشتنی باوکی چوون.
دڵنەواییکردنی یوسف لە براکانی
15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» 16 ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی، 17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.
18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»
19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ 20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. 21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.
مردنی یوسف
22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا، 23 منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.
24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» 25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»
26 دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.